ئایندەی مرۆڤ و تەکنەلۆژیا لە زنجیرەی ”ئاوێنەی ڕەش”

ڕزگار کاوانی


(١)

ئەم زنجیرەیە، کە بە زمانی ئینگلیزی ناونیشانەکەی black mirror، باسی کاریگەریی تەکنەلۆژیا لەسەر مرۆڤ دەکات. بەپێی چیرۆکەکانی هەر زنجیریەکی، دەکرێت لە داهاتوودا ڕووبدات، بەشێکیش ئێستای مرۆڤایەتی لەناویدا دەژین.

دەمەوێت بە کورتی بۆچونی خۆم لەسەر یەکە یەکە لە زنجیرەکان لێرەدا بنووسم، چونکە پێم وایە سوودی دەبێت بۆ ئەوانەی بینیویانە و ئەوانەی کە لە ئایندە دەیبینن ڕەنگە قسەی تریان هەبێت، هاندانێکیش بێت بۆ ئەوەی زیاتر لە کاریگەرییە ئەرێی و نەرێنی تەکنەلۆژیا بگەین.

لە وەرزی یەکەمی زنجیرەی یەکەمی فیلمی (black mirror) ئاوێنەی ڕەش؛ باسی کەسێکی نادیار دەکات، شازادەی وڵاتی بەریتانیای دزیوە و لە بەرامبەردا داواکارە سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە کارێکی قێزەوەن و ئابڕووبەرانە بکات. ئەویش جووتبوونە لەگەل بەرازێک لەسەر پەخشی ڕاستەوخۆ، لەکاتێکدا هەموو وڵات سەیری بکات. بە پێچەوانەوە، بە نەکردنی کارەکە شازادە لە سێدارە دەدات. لە ئەنجامدا سەرۆک ئەم کارە دەکات و هەموو دانیشتوانی وڵات بەدیاریەوە دانیشتوون و بینەری ئەم نمایشە دەبن. لێرەدا چەند خالێک لە بارەیەوە دەنووسم:

ـ سەرۆک کە لەخەو هەڵدەستێت و هەواڵەکەی پێدەدەن، ئەو دەڵێ با لە چوارچێوەی ئەم ژوورە دەرنەچێت، کەچی لە وەڵامدا ئەوەی پێدەڵێن ”ببوورە سەرۆک ڤیدیۆی فراندنەکەی شازادە ملیۆنان بینەری هەبووە”.

(هیچ شتیک لە سۆشیاڵ میدیا ناشاردرێتەوە)

ـ لێرەدا تاوانبار هیچ مەرامێکی نییە لە فراندنی شازادە، داواکاریەکەی هیچ سوودی بەو ناگەیەنێت، جگە لەوەی کە هەموو وڵات بەدیار ڤیدیۆکەی ئەو دادەنیشن، زۆرترین فیو و زوومی دەکەویتە سەر، دواتر بێ ئەوەی هیچ ئازارێکی پێبگەیەنێت ئازادی دەکات.

(هەموو شتێک بۆی هەیە بکرێت، لەپێناو بینەری زیاتر)

ـ هاوڵاتیان بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێن سەرۆک ببینن کە چۆن لەگەڵ ئەم ئاژەڵە جووت دەبێت، بەدیار شاشەی موبایل و تەلەفیزیۆنەکانیان پێدەکەنن و گاڵتە دەکەن و قسەی لە بارەیەوە دەکەن، بێ ئەوەی ئاگاداری هەستی سەرۆک بن.

(بێبەزەیانە لەپشتی موبایلەکانەوە بریار دەدەین)

(٢)

لە وەرزی یەکەمی زنجیرەی دووەم؛ باس لە کۆمەڵێ گەنج دەکات، لەناو سیستەمێکی تەکنەلۆژیادا ژیان دەکەن، ئەمانە خاوەنی بەڵانسێکن وەک کارتی موبایل، کە بە لێخوڕینی پایسکلی جێگر بەدەم سەیرکردنی شاشەکانی بەردەمیان بەلانسەکەیان زیاد دەکات و دەتوانن خواردن و بلیت و ڤیدیوی تری پێبکرن، بە پیچەوانەوە کاتیک بلانسیان کەم دەکات، ناچار دەکرێن سەیری پۆرن بکەن.

لە کۆتایدا کاتێک ئەکتەری سەرەکی دەیەوێت لەم سیستەمە یاخی بێت و ناڕەزایی دەرەبڕێت، ئەم ناڕازیبوونەی دەقۆزنەوە بە سوودی سیستەمەکە و ئەویش دەکەنە بەشێک لە سیستەمەکەیان.

لێرەدا چەند خالێک لە بارەیەوە دەنووسم:

ـ کاتیک بلانسیان نامینێت ناچار دەکرێن بەدیار پۆرن و ئەم ڤیدیۆیانە دانیشن کە خۆیان نایانەوێت.

(بە هەمان شێوەی ئیستای ئێمە کە ناچار دەکرێن بەدیار ڤیدیۆ ڕێکلامییەکان دابنیشین)

ـ تەکنەلۆژیا هەموویانی خستۆتە ناو سیستەمێک کە لێی ورد دەبیتەوە ئیتر ئامێرەکان و شاشەکان مرۆڤ بەرێوە دەبەن، نەوەک مرۆڤ دروستکەری ئەوان بێت.

(خەریکە ئیمەش بەدیار موبایلەکانمان وامان لێدێت).

“Black Mirror” Season 1, Episode 2 “Fifteen Million Merits”

ـ ئەوان ناچنە ناو ستودیۆ و دیار بەرنامەکان، بەڵکوو لە ژوورەکانیان دادەنیشن و چەپلە لێدەدەن، بیتموجیەکانیان لەوێن لەبری ئەوان.

(وێنەکە بە گشتی وەها دێتە بەرچاو، وەک تازێ و ئاهەنگ و هەواڵپرسین، موبایلەکانی دەستمان نائاگایی دەیکات)

ـ لە کۆتایدا کچەکە بەو دەنگە خۆشەی دەیەوێت ببیتە گۆرانیبێژ، ناوبیژیوانەکان سەرسامی دەنگەکەی دەبن، بەڵام ڕاستەوخۆ پێی دەڵێن ببوورە بەم شێوەیە دەرناچیت و دەبێت ببیتە ئەکتەری پۆڕن.

(ئەم بەشەیان پەیامەکەی ڕوونە)

کوڕەکە بۆ ناڕازیبوون دەچیتە سەر شانۆ چەند خولەکێک بێ وەستان، بە دەمارگیری و توڕەیی و گریانەوە ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بەم سیستەمە دەرەبڕێت، هەرچی قسەی خراپە پێیان دەڵێت، کەچی ئەوان دەڵێن برافۆ دیالۆکێکی جوانت کرد و سەرکەوتوو بوویت و لە بەرنامەکە دەریدەچوێنن و دەیکەنە بەشێک لەم سیستەمە.

(سیاسەتی دەستەمۆکردنی ناڕازی بووەکان بە سوودی سیستەم دەشکێتەوە)

(۳)

لە وەرزی یەکەمی زنجیرەی سێیەم؛ ئەمەیان چیرۆکێکی ڕۆمانسی نێوان ژن و مێردێکە، بەڵام لەژێر کاریگەری تەکنەلۆژیاێک کە لە ئێستادا خەیاڵیە و ڕەنگە بەیانی ببێتە واقع، لەرێگەی جەفرەیەکی بچووکی بن گوێ مرۆڤ دەتوانێت وەک کامێرا هەموو ئەم دیمەنانەی دەیبینێت هەڵیان بگرێت و دواتر لەسەر شاشەی تەلەفزیونەکان بۆیان لێداتەوە. هەر ئەمەش دەبێتە هۆکاری لەناوچوونی پەیوەندی سۆزداری ئەم خێزانە، پاش ئەوەی مێردەکە هەست دەکات ژنەکەی ناپاکیی لێ دەکات و چەند جارێک دیمەنەکان ڕیپلەی دەکاتەوە، دواتر ژنەکەی ناچار دەکات، یادەوەریەکانی بۆ لێ بداتەوە و ئیتر ڕاستی گومانەکەی دەسەلمێنێت.

لێرەدا تەنها خالێک لە بارەیەوە دەنووسم:

ـ لایەنی باشی هەیە، بۆ نمونە ڕەنگە کەس نەتوانێت تاوان ئەنجام بدات، بەڵام خراپی ئەم تەکنەلۆژیایە هێند زۆرن لە هەژمار ناێت، ئێستا بیر بکەوە ژیان چەند سەیر دەگۆردرێت، مرۆڤ جگە لە ڕۆبۆتێک هیچی تر نابێت، هیچ شتیکیش بۆ ئازادی کەسی خۆمان نامێنیتەوە، هەمووان دەتوانن ئەوە ببینن کە من بینیومە، ڕەنگە ئەوسا بڵێین خۆزگەی گەڕانەوە بۆ زەمەنی درۆ و خیانەت و نهێنی.

(ڕەنگە پێمان وابێت ئەو ڕووداوانە دوورن لە ڕاستی، بەڵام هێندەش دوورنیین! چونکە مرۆڤ بیر لە شتێک ناکاتەوە بوونی نەبێت، لە ڕابردوو یا ئێستا و داهاتووی)

(٤)

لە وەرزی دووەمی زنجیرەی یەکەم؛ مارسا خۆشەویستەکەی دەمرێت، هاوڕێکەی پێشنیاری بۆ دەکات بەشداری بەرنامەیەک بکات کە دەتوانێت بە چات قسەی لەگەڵ بکات لەبری (ئاش)ی خۆشەویستە مردووەکەی، ئەم بەرنامەیە ئەقلێکی زیرەکە هەموو ئەم چات و ڤۆیس و وێنانەی هەڵگرتوون کە ئاش بەکاری هێناوە لە سۆشیال میدیا و ئیمێلەکانی. سەرەتا بە چات و دواتر ڤۆیس و کامێرا قسە دەکەن، بەرنامەکە هەمان ئاشە کۆنەکەیە وڵامی دەداتەوە، هەر بۆیە ڕوبۆتێک لەسەر شیوەی ئاش دەکرێت کە ئەم ئاقڵە ژیرەی تێدا چاڵاک دەکەن، بۆ دەهێننەوە ماڵەکەی و چەند ڕۆژیک هەوڵدەدات لەگەڵی بژیێت. بەڵام لەکۆتایدا مارسا وەڕز دەبێت لەوەی ئەم ئاشە نوێیە هەموو شتێک بەگوێ دەکات، توڕە نابێت هاوار ناکات، لامل نیە، سارد و سڕ، هەرچی مارسا دەیەوێت ئەوە دەکات، هەر بۆیە ئیتر کۆتایی بە پەیوەندیەکەیان دێنێت.

من لێرەدا دەڵێم:

ـ ئەمە پەیامێکە بۆ ئەوەی پێمان بڵێت تەکنەلۆژیا دەیەوێت دەست بخاتە ناو هەموو کایەکانی ژیان، تەنانەت خۆشەویستی و بوون و نەبوونی مرۆڤیش.

ـ سنووریک هەیە لێرەدا بۆ تەکنەلۆژیا، چونکە ئاش وەک خۆی دابین دەکات، توانای هەموو شتی هەیە تەنانەت سیکسیش و هەمان شێوەی ئاشە، بەڵام بۆچی دڵی مارسا ڕازی ناکات، چونکە شتگەلێکی تری دەوێت، ئەویش گەرموو گوڕی و توڕەیی و غەزرین و لاملییە کە سروشتی مرۆڤە، نەوەک ئامێر.

ئەگەر ڕاستییەکان بەم ڕادەیەش نەبێت کە لێرەدا پێشان دەدرێت و بڵێین ئەمە تەنها فیلمێکە، ڕەنگە پێمان وابێت شتەکە دوورە لە ڕاستی، بەڵام نەخێر! لەئیستادا زانستی ڕۆبۆت زۆر بایەخی پێ دەدرێت، ئەوەتا بوکەڵەی سیکسیش لە بازارەکانی دونیا هەیە و بەکارهێنەرانی هەن، دەکرێت بەرەو پێشتر بچێت و ببێتە گرفتێکی ڕاستەقینە بۆ ژیانکردنی مرۆڤایەتی.

(ڕاستییەکان بەم ڕادەیەش نەبێت، هەر دیوێکی ڕاستین)

Images: https://pixabay.com/fr/

OpenClipart-Vectors

Check Also

تابوو یێ هزر و فه‌لسه‌فێ

جوان عزەت هه‌ر ژ سه‌رده‌مێ سۆكرات بگره‌ هه‌تا دگه‌هیته‌ سه‌رده‌مێ ده‌ستهه‌لاتداریێ دیرۆكا مرۆڤاهیێ دگوت: “هزر …