هێزی سروشت و هێزی زانست

د. مەدیحە سۆفی


زانا و شارەزایانی بواری جیۆلۆژی دەمێکە گەیشتوونەتە ئەو ڕاستییەی، کە گۆی زەوی بە گشتی بریتی نییە لە یەک پارچە، بەڵکۆ چەند پارچەیەکی جیاوازن پێیان دەگوترێ (پلێتی تێکتۆنی)، بەریەککەوتنی کۆتایی ئەو پارچانە و لێخشاندنیان لەگەڵ یەکتردا وزەیەک دروست دەکات؛ ئەو وزەیە بەشێوەی ماتەوزە لە چینەکاندا کۆدەبتەوە و دەمێنێتەوە[[1]] هەر کاتێک ئەو ماتەوزەیە زیاتر بوو لەوەی بتوانێ خۆی لە نێو بەردەکاندا عەمبار بکات، دەتەقێتەوە و لە شێوەی بوومەلەرزە بەرەو دەرەوەی گۆی زەوی ماتەوزەکەی خۆی بەتاڵ دەکاتەوە.

مەڵاسدانی ئەم ماتەوزەیەش لە نێو توێکڵی زەویدا هێدی هێدی هاوسەنگی زەوی تێکدەدات و نائارامییەکی پێدەبەخشێ؛ لە پاش ڕوودانی ومەلەرزەکەش تا ماوەیەک و تا تەواوبوونی پاشەلەرزەکان ئینجا دۆخەکە ئارام دەبێتەوە. چەند ماوەی لێخشاندن و بەریەککەوتنی ئەو پلێتە تێکتۆنییانە زۆرتر بێت و بڕی عەمبارکردنی ئەو ماتەوزەیە زیاتر بێت، هێزی بومەلەرزەکە زیاتر دەبێت، ڕادەی زیان و قوربانییەکانیش دەکەوتە سەر چۆنییەتی و توندوتۆڵی ژێرخانی ئەو وڵاتە و ڕەچاوکردنی ڕێنماییەکانی بومەلەرزە لەکاتی دروستکردنی خانو و باڵەخانەکاندا، ئەو وێرانکارییەی تورکیاش بەڵگەی وابەستەنەبوونە بە ڕێنماییەکانی بیناسازی بەرامبەر بە بومەلەرزە، لەکاتێکدا شوێنە جوگرافیاکەی ئەگەری تووشبوونی بەو کارەساتە هەیە.

شارەزا و زاناکانی بواری جیۆلۆجی لەسەر ئەوە کۆکن، کە دەتوانرێت شوێنی ڕوودانی بومەلەرزەکان بخەمڵێنرێت، بەڵام ناتوانرێ پێشبینی ئەوە بکرێت کەی ڕوودەدات. هێشتا زانست نەگەشتووەتە ئەو ئاستەی، بۆ پاراستنی ژیانی خەڵک و ژێرخانی دەوڵەت، پێشبینیەکانی خۆی بخاتە ئاراوە.

زۆربەی شارەزاکانی ئەم بوارە، چالاکییەکانی مرۆڤیش بە یەکێک لە هۆکارەکانی بومەلەرزە دادەنێن، بە ڕای پرۆفیسۆر مارکۆ بانهۆڤ، لە ناوەندی توێژینەوەی جیۆلۆجی لە ئەڵمانیا و بەپێی ئەو توێژینەوانەی کە ئەو لەو ناوەندەدا سەرقاڵییەتی[[2]] چالاکییەکانی مرۆڤ بۆ نمونە دەرهێنانی کان و کانزا، بەنداوەکان و دەرهێنانی گازی نێو بەرد، دەبنە پاڵنەری بومەلەرزەی دەستکرد. دەرهێنانی خەڵوزی بەرد و نەوت و کانزا دەتوانن بۆشایی دروست بکەن و ناهاوسەنگی ژێر زەوی لەنگ بکەن. هەروەها بە بۆچوونی ئەم پرۆفیسۆرە، دەتوانرێ ئەم هۆکارە دەستکردە بە پاڵنەرێک دابنرێ بۆ تەقینەوە و بەتاڵکردنەوەی ماتەوزەکەی ژێر زەوی، نەک هۆکاری سەرەکی بومەلەرزەکە.

بە ئاوڕدانەوەیەک بەرەو ڕابوردووی دوور و نزیک، لەبارەی ڕوودانی بومەلەرزەوە، چەندەها کارەساتی سەخت و نالەبار ڕوویانداوە، کە قوربانییەکی زۆر و زیانێکی زۆری بۆ بواری ئابووری، کۆمەڵایەتی و لە هەمووی ناخۆشتر بۆ باری دەروونی مرۆڤ هەبووە.

لە ڕابوردووی نزیکدا و لە ساڵی 2004دا، بومەلەرزەک کەنارەکانی زومەترا لە ئیندۆنیزیا، بە پلەی 9,1ی پێوانە ڕێختەر ڕاچڵەکاند، لە دەرئەنجامی ئەو شەپۆلە بەهێزانەوە، تەوژمی ئاو زۆر شوێنی لەگەڵ خۆیدا ڕاماڵی، نزیکەی 225 هەزار کەس بوونە قوربانی، گەشتیارێکی زۆریش لە نێو قوربانییەکاندا بوون.

لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2010دا، بومەلەرزەیەک بە هێزی 7,0 پایتەخی هاییتی هەژاند، بە پێی داتاکانی دەوڵەت، 300 هەزار کەس بوونە قوربانی و زۆربەیان بە گۆڕی بەکۆمەڵ نێژران.

لە مانگی نیسانی ساڵی 2015دا، بومەلەرزەیەک بە پلەی ٧،٨ پێوانەی ڕیختەر لە پایتەختی شاری نیپالی دا، نزیکەی نۆ هەزار کەس بوونە قوربانی، لەبەر سەختی ناوچەکە، کە بناری هیمالایای دەگرتەوە، تیمی فریاگوزاری بە زەحمەت دەگەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە.

لە مانگی ئازاری ساڵی 2011 دا، تسونامییەک بە هێزی 9,0 پلەی ڕختەر باکووری ڕۆژهەڵاتی ژاپۆنی گرتەوە و 22 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا، ئەم تسونامییە زیانی بەو ویستگە ئەتۆمییەی بەرهەمهێنانی کارەباش گەیاند، کە لە فوکوشیما بوو.

لە سەدەی بیست و یەکدا، نزیکەی هەشت سەد بومەلەرزە گۆی زەوی هەژاندووە، ئەم بوومەلەرزەیەی تورکیا و سوریا بە پلەی 7,8، یەکێکە لە بومەلەرزە هەرە سەختەکان کە هێشتا ژمارەی قوربانییەکان بە تەواوەتی نەزانراوە، تا ئێستا زیاتر لە سی هەزار کەس قوربانی هەیە.

هەموو ئەو بومەلەرزانەی لە ڕابوردووی نزیکدا ڕوویدا، بومەلەرزەی کاریگەر بوون بەڵام لە هەمووی کاریگەرتر ئەوەی لیشبونەی پایتەختی پورتوگال بوو، کە سەرلەبەیانی یەکی تشرینی دووەمی ساڵی 1755دا بە بومەلەرزەیەکی بەهێز شار خاپوور بوو و  لەگەڵ زەوی تەخت بوو، کارەساتێکی گەورە قەوما و قوربانی زۆری لێکەوتەوە، لەو ڕۆژەدا، ڕۆژی یەکی تشرینی دووەم، بۆنەیەکی ئاینی کاتۆلیکییەکان بوو، هەزارەها کەسی باوەڕدار، کە لەو بەیانییەدا لە کلێسەکاندا یادی ئەو بۆنەیەیان دەکردەوە و لە خودا دەپاڕانەوە کە پارێزراویان بکات و لە گوناهەکانیان خۆش بێت، کەوتنە ژێر داروپەردووی کلێسەکانەوە، هەزارەهای دیکەش لەگەڵ خۆڵ و بەرددا تێکەڵ بەیەک بوون، پاشان جگە لە بومەلەرزەکە، لە ئوقیانوسی ئەتڵەنتیکەوە تسونامییەک ڕوویدا و شارەکەی لەگەڵ خۆیدا ڕاماڵی.

لەو شارەدا چەندەها کلێسەی گەورە و تەلاری بۆنە ئاینییەکانی تێدا دروست کرابوو، بەهۆ بازرگانی و هەناردەی کۆیلە بەرەو ئەمریکای لاتین بۆ کارکردن ببووە شارێکی دەوڵەمەند و پڕ لە جوڵەی ئاڵوگۆڕ، دەسەڵاتدارانی کلێسە لەو وڵاتانەی کۆڵۆنی پورتوگال بوون، بۆ نمونە بەڕازیل، بە ڕەنجی کۆیلەکانی ئەفریقا، زێر و ئەڵماس و بەردی گرانبەهایان دەهێنا و لە بیناکردنی باڵەخانە ئاینییەکاندا خەرجیان دەکرد. کلێسە دەسەڵاتێکی ڕەهای هەبوو و خەڵکی بەوە ترساندبوو، کە خودا سزای بێ باوەڕ و گوناهباران دەدات، تەنها خوداپەرستی و کڕنوشبردن بۆ کلێسە و پیاوە ئانییەکان خۆشبەختی و ژیانی شایستە دەبەخشی.

ئەو سەردەمە گەرمەی سەردەمی ڕۆشنگەری بوو، فەیلەسوفەکانی ئەو سەردەمە لە هەوڵی ئەوەدا بوون، کە پرسیار بوروژێنن و خەڵک بەئاگا بهێننەوە بۆ برکردنەوە و هوشیاری، وەرچەرخانێک بهێننەکایەوە، کە دەسەڵاتی ئاین و کلێسە سەرچاوەی هەموو دەسەڵاتێک نەبن، نابێ خەڵک هەمیشە هەست بە گوناهباری بکات و بە کڕنووش بردن بۆ کلێسە لە گوناهەکانی پاک ببێتەوە؛ سەرقاڵی ئەوە بوون کە هەموو نەخۆشی و ناخۆشییەک، کە تووشی مرۆڤ دێت، مەرج نییە سزای خودا بێت. لە میانەی ئەو کارەساتە گەورەیەی لیشبونە، کە هەزارەها خەڵکی تێدا تیاچوو و تەواوی ئەو بڕوادارانەی، کە لەو ڕۆژە پیرۆزەدا لە کلێسەکاندا سەرقاڵی نوێژ و خواپەرستی بوون هەموو کەوتنە ژێر کلێسە ڕوخاوەکانەوە، ئەم پێشهاتە وای لە فەیلەسوفەکانی سەردەمی ڕۆشنگەری کرد؛ کە بتوانن درزێکی گەورەیان بخەنە نێوان دەسەڵاتی کلێسە و بڕوابوونی خەڵک بەوەی، کە خودا سزای گوناهبار و خراپەکارەکان دەدات.

لەناوچوونی ئەو خەڵکە لە ناو کەنیسەکاندا بووە ئەو پرسیارەی؛ کە فەیلەسوفەکانی ئەو دەمە وروژاندیان ” چۆن خودا ئەم هەموو بڕوادارانەی لەنێو ماڵی خۆی بە مردن سزا دا؟!” پاشتر کەوتنە بنکۆڵی ئەوەی؛ ئایا ئەگەری بوونی هێز و هۆکارێکی سروشتی نییە بۆ ئەم کارەساتانە؟

بۆ سەدەی هەژدەهەم، کاتێ زانست ئەوەندە پێشکەوتوو نەبوو و نەیدەتوانی هۆکار و پاڵنەری ئەو ڕووداوانە وەکو فاکت بخاتەڕوو، دەسەڵاتی کلێسەش، بە ترس و تۆقاندن، بیرکردنەوەی هەموو خەڵکی داگیرکردبوو، هەر لادانێکیش لە ئاین و بۆچوونە ئاینییەکان سزایەکی سەخت و قورسی هەبوو، تا دەگەیشتە سوتاندنی زیندوویەکی گوناهبار، ئەو کاتەی  کە شەپۆلێک لە هزری  نوێ چەکەرەی کردبوو، ئەرکی وشیارکردنەوەی خەڵک خستبووە سەر ئەستۆ و داوای دەکرد؛ کە مرۆڤ دەبێ هزری بخاتە کار، بکۆڵێتەوە، ڕابمێنێ، بیر لە ماف و ئەرکی خۆی بکاتەوە و  ئەم کرنووش بردنە ڕەهایە بۆ پیاوەکانی کلێسە بخاتە ژێر پرسیارەوە. مەودای نێوان ئەم ڕابردووە دوورە و ئێستا، زیاتر لە دوو سەدە و نیوە، کە زانست و هزر و دەرئەنجامەکانیان، جیهانیان خستووەتە سەر ڕەوڕەوەیەکی نوێ و لێکدانەوەیەکی لۆژیکی نوێ، کە نەدەبوو لە ئێستادا بوومەلەرزە بە سزای خودا هەژمار بکات.

گۆتە لە پاش بومەلەرزەکەی لیشبونە، کە خەڵکێکی زۆر لە نێو کلێسەکاندا بوونە قوربانی گوتی: ”خودا خالقی ئێمە و زەوی و ئاسمانە، چۆن دەبێ باوەڕدار و بێ باوەڕی پێکەوە بکاتە قوربانی؟!”

کانت لەو کاتەدا پێشنیاری کرد، کە دەبێ بونیاتنانی خانوبەرە بەجۆرێکی تر بێت، بەرگەی ئەم پێشهاتانە بگرێت، هەروەها دەبێ مرۆڤ خۆی لەگەڵ سروشتدا ڕابهێنێت، نەک سروشت لەگەڵ خۆی[[3]]

هێزی سروشت سروشتییە، دەبێ زانست لەگەڵ کاردانەوەی ئەو هێزەدا، بونیاتێکی پتەوتری هەبێت، خۆی ئامادە بکات و بیری داهێنان بە هزری نوێ هەڵکەنێت، دوای ئەو مەودا زۆرەی نێوان بومەلەرزەی لیشبونە و تورکیا، هێشتا لە خەیاڵی ئەوەدا نەبێت؛ کە مرۆڤایەتی باجی زساکانی خۆی دەدات!

ئاشکرایە، کە تورکیا شوێنی به‌یه‌کگه‌یشتنی نێوان چه‌ند پلێتێکی تێکتۆنییه‌، که‌ بریتین له‌ پلێتی عه‌ره‌بی، ئه‌فریقی، ئۆیراسی و ئه‌ناتۆلی، بومه‌له‌رزه‌ به‌هێزه‌کان له‌ ساڵی 1939، 1957، 1967، 1999 ڕوویدا و وێرانه‌یه‌کی زۆر گه‌وره‌ و قوربانییه‌کی زۆری لێکه‌وته‌وه‌. دوا بومه‌له‌رزه‌ ئه‌وه‌ی نیوه‌شه‌وی 6.02.2023 بوو، که‌ به‌ هێزی 7,8، باکور و ڕۆژئاوای کوردستانی (باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی تورکیا و باکوری سوریا) هه‌ژاند، تا ئێستا ژماره‌ی قوربانییه‌کان له‌ 35 هه‌زار قوربانی زیاتره‌، به‌پێی ئه‌و وێرانکارییه‌ی که‌ هه‌یه‌ وا ده‌رده‌که‌وێت، که‌ بیناسازی و ژێرخانی ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌ هیچ ئاماده‌کارییه‌کی بۆ ئه‌م جۆره‌ پێشهاتانه‌ نییه‌، گه‌ر هه‌شبێت له‌ ئاستێکی زۆر نزمدایه‌، هەر لەوێش لەبەر داگیرکاری و پەلهاویشتن بەرەو هەیمەنەی دەسەڵات، بێ ئاگان لە هێزی سروشت و لە ئەرێنی زانستی سەردەم. فەرامۆشکردنی ئەو هێزە و بوونی ئەم وێرانەیە ئاوێنەی دەوڵەتدارییەکی ڕوخاوە.

پەراوێزەکان:

  1. https://www.vs.ch/de/web/seismes/lexique
  2. https://www.eskp.de/naturgefahren/menschgemachte-erdbeben-935917/?fbclid=IwAR2guHe6H4kgYJ-sIiMwIVm2u43iA0aAtc-_PF0lud4VTJNrdymM34t-E_E
  3. Kant (1756: 459)

[1] https://www.vs.ch/de/web/seismes/lexique

[2] https://www.eskp.de/naturgefahren/menschgemachte-erdbeben-935917/?fbclid=IwAR2guHe6H4kgYJ-sIiMwIVm2u43iA0aAtc-_PF0lud4VTJNrdymM34t-E_E

[3]  Kant (1756: 459)

Images: https://pixabay.com/fr/

Angelo Giordano

Check Also

ئەگەر لە بازنەیەکی سەرووی خۆمانەوە لە جیهان بڕوانین/ بەشی یەکەم

د.مەدیحە سۆفی گۆی زەوی لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی سەختی کێشەی جۆراوجۆردایە، کە ئیدی دەستی مرۆڤ ناتوانێت بە …