(حسێن عارف)ی مرۆڤ ، (حسێن عارف)ی چیرۆکنووس

پاڵێوراوی پێنجەمین خەڵاتی کارۆ ٢٠٢٣

شوان ئەحمەد


دوانزە ساڵ کارکردن لە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، دەرفەتێک بوو بۆ ناسینی هەندێ مرۆڤی سەنگین و داهێنەر،

مامۆستا حسێن عارف نمونەی هەرە دیاریان بوو.

بەرلەوەی بیبینم و لە نزیکەوە بیناسم، زۆرێک لە نووسینەکانیم خوێندبووەوە:(توێشووی سەفەرێکی سەخت، چای شیرین، گەلەگورگ، هێلانە، شار و ئەندێشەی مرۆڤێک). ئەوانەم لە قۆناغی ئامادەیی و زانکۆدا خوێندەوە. دواتریش خوێنەری (ڕوانگە و یاران و نەیارانی بووم و بابەتێکیشم لەسەر نووسی). هەروەها لەسەر شاشەی سینەما سیروان و هۆڵی ئامادەیی سلێمانی کوڕان(گەلەگورگ و شار)م، بە فیلم و شانۆگەری بینی.

ئەوانە سەرەتای پەیوەندی من بوون بەحسێن عارفی نووسەر و داهێنەرەوە(وەک چیرۆکنووس و ڕۆماننووس)، بەڵام لە(سەردەم) وەک مرۆڤێک زیاتر ناسیم و لە نزیکەوە بە کارەکتەری ئاشنابووم. پیاوێکی خاکی و جدی و پاک و بەڕێز و سەر ڕاست.
وەختێکیش لەسەردەم هاتمەدەر و لەسەر سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنەکەی هاتمە دەنگ و لەسەرم نووسین، تاکە کەسێک کە بە ڕێز و حورمەتەوە ناوم هێنا، مامۆستا حسێن عارف بوو. ئێستاش لە بیرمە یەکێک لە سەرباسی ئەو نووسینەم ئەمەبوو:(لە کەس نا، بڕۆن لە حسێن عارف بپرسن). ئاخر نەمدەتوانی لە سەر خراپەکاری و گەندەڵیی، خراپەکار و گەندەڵەکان بنووسم و پاک و بێگەردی و بەڕێزیی، مرۆڤە سەنگین و بە شکۆکانیش وێڵ بکەم.

دەست خۆش بۆ کاکە عەتای برا و هاوڕێ، کە هەموو جار لە سەنگ و بەهای خەڵاتەکەی بەرزتر دەکاتەوەو مرۆڤە شایستە و بەڕێز و ماندووەکانی کایەی ڕۆشنبیریی کوردی بەسەر دەکاتەوە. بەوەش دڵی ئەوان و ئێمەی خوێنەرانیان خۆش دەکات.
دەستنیشانکردنی مامۆستا حسێن عارف بۆ خەڵاتی ئەمجارە، پێویست و لە جێی خۆیدابوو. چ وەک مرۆڤێکی خانەدان و چ وەک نووسەر و ڕۆشنبیر و یاساناس و چیرۆکنووس و ڕۆمانووسێک.

پیرۆزبایی گەرم لە مامۆستای بەڕێز دەکەم و لەگەڵیشیدا، دووبارە سوپاس و دەستخۆشیم بۆ کاکە عەتا و برایانی ئازیزی چاپخانەی کارۆ.

Check Also

کەسایەتی دارتینیان لە نێوان خەیاڵ و ڕاستیدا

بەیان سەلمان زۆرن ئەوانەی ڕۆمانی ”سێ موسکیتێر”ی Les Trois Mousquetaires ئەلکسەندەر دومایان خوێندۆتەوە. هەمیشە گومانێکمان …