د. مەدیحە سۆفی
لە دوا سەردانی سکرتێری گشتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان (گوتێرێس) بۆ جەمسەری سەهۆڵبەندانی باکوور، سێ ڕۆژ پێش دەستێپکی کۆنفڕانسی کەشەهەوا لە دوبەی، گوتێرێس هۆشداری خۆی ڕاگەیاند کە توانەوەی بەستەڵەکی جەمسەرەکان بە هۆکاری بەکارهێنانی وزەی بەردینە (خەڵوز، نەوت، گاز) و سەرجەم سەرۆک و سیاسەکانی جیهانی ئاگادارکردەوە، کە مرۆڤایەتی و ئارامیی ژیان لەسەر گۆی زەوی بۆ هەموو زیندەوەر و ئیکۆسیستیمەکان لە مەترسیدایە.
لە ڕۆژی 30.11.2023 و بۆ ماوە دوو هەفتە، کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی ساڵانەی کەشوهەوا COP28 لە دوبەی دەستپێدەکات، گرنگترین بابەتەکانی بریتیە لە چۆنیەتی گرتنەبەری ئەو ڕێکارانەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەشوهەوا لە ئارادان؛ هەروەها جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێککەوتنی کۆنفڕانسی پاریسیش یەکێکە لە تەوەرە گرنگەکانی، لەم کۆنفڕانسەدا 198 دەوڵەت بەشدار دەبن (197 دەوڵەت و یەکێتی ئەوروپا)
لە کۆنفڕانسی ژینگە و گەشەپێدان لە ڕیۆ دی جانیرۆ ساڵی 1992دا، بڕیار لەسەر سازکردنی کۆنفڕانسێکی ساڵانە بۆ کەشوهەوا درا، لەو کۆنفڕانسەدا 154 دەوڵەت، بۆ کەمکردنەوەی گازە گەرمکەرەوەکان لە هەوادا، ڕێککەوتن و گرنگترین کۆنفڕانسیش ئەوەی ساڵی 1997 بوو لە ژاپۆنCOP3 ، تیایدا سەرجەم دەوڵەتەکان لە چوارچێوەی ڕێککەتنێکدا بەناوی ریککەوتنی کۆیۆتۆ ڕەزامەندیان بۆ هەنگاونان بەرەو چارەسەرێك خستە ئاراوە.
کێشەی گۆڕانی کەشوهەوا، کێشەی بەکارهێنانی وزەی بەردینە (خەڵوز، نەوت، گاز)، پارێزەرانی ژینگە و ڕێکخراوەکانی ئەو بوارە، هەوڵ و کۆششی زۆر دەدەن و فشاری زۆر بۆ حکومەتەکان دەهێنن، بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئەو جۆرە وزەیە. لە کۆنفڕانسی گلاسکۆ COP26 لە ساڵی 2021دا بۆ یەکەمجار نەوت و گاز بە هۆکاری سەرەکی قەتیسبوونی گەرمی لە ئەتمۆسفێری گۆی زەوی تۆمار کرا، بەڵام لەژێر فشاری چین و هیندستان نەتوانرا لە پرۆتۆکۆلەکەدا بەکارهێنانی خەڵوز قەدەغە بکرێن، بەڵکو تەنها جەخت لەسەر کەمکردنەوەی بەکارهێنانەکەی کرا.
کۆنفڕانسی پاریس لە ساڵی 2015دا یەکێک بوو لە کۆنفڕانسە سەرکەوتووەکان، چونکە بە ڕاشکاوی ئەو مەرجانە پەسەند کران؛ کە قەتیسبوونی گەرمی ئەتمۆسفێری گۆی زەوی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بۆ خوار دوو پلە ڕابگرێت بە بەراورد بە پلەی گەرمی سەردەمی پێش سەرهەڵدانی پیشەسازی؛ بەڵام لە ئێستادا شارەزا و پسپۆڕەکان زۆر بەگومانەوە دەڕواننە ئەو پابەندبوونە و لەو بڕوایەدان کە ناتوانرت پلەی گەرمی ئەتمۆسفێر لە خوار دوو پلە سیلیوز ڕابگیرێت.
دەزگای کەشوهەوای ئەمریکی NOAA هەواڵێکی بڵاوکردووەتەوە، کە بە ئەگەری 99 لەسەدا ساڵی 2023 بەگەرمترین ساڵ ئەژمار دەکرێت، کە تا ئێستا تۆمار کرابێت[[1]]، بەواتای ئەوەی هیچ گۆڕانێکی سەرەکی لە کەمکردنەوەی ڕێژەی دەردانی گازە سەرەکییە زیانبەخشەکان نەکراوە. لێرەدا پرسیارێک زۆربەی شارەزا و پسپۆرەکانی سەرقاڵ کردووە، ئەویش ئەوەیە؛ کاتێک هۆکاری سەرەکی گۆڕانی کەشوهەوا بەکارهێنانی وزەی بەردین بێت، چۆن بەڕێوەبەری ئەم کۆنفڕانسە (سوڵتان الجابر) کە خۆی بەڕێوەبەری سەرجەم کۆمپانیاکانی وزەیە لە ئیمارات، دەتوانێت دژ بە کەمکردنەوە و بەکارهێنانی وزەی بەردین بڕیار بدات؟
کاردانەوە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، کە خۆی لە وشکەساڵی، بەبیابان بوون، کەمبوونەوەی ئاو، لافاو، توانەوەی بەستەڵەک و دواجار کورتهێنانی بەروبوومی کشتوکاڵی و خۆراک دەبینێتەوە، کاریگەری زیاتر لەسەر نیوەی خوارەوەی گۆی زەوی و بەتایبەتی وڵاتە هەژارەکان دەبێت، بۆ نمونە سۆماڵ چەندەها ساڵە بەدەست وشکەساڵی و برسێتییەوە دەناڵێنێ، یا بەنگلادیش و فیلیپین بە هۆکاری لافاو قوربانی گیانی و ماڵی لێدەکەوێتەوە.
فراوانکردنی بواری بەرهەمهێنانی وزەی سەوز (وزەی دوبارە لە ئاو، خۆر، با، گەرمی ژێر زەوی) باشترین چارەسەرە لەجیاتی وزەی بەردین، چین لەم بوارەدا زۆر پێشکەوتووە، لە هەمان کاتدا بە ڕێژەیەکی زۆر خەڵوز بۆ بەرهەمهێنان بەکاردێنێت، لە ئێستادا وڵاتی چین هۆکاری نزیکەی 30 لەسەدای گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنە، پاش ئەو ئەمریکا بەڕێژەی نزیکەی 14 لەسەدا دێت، واتە بەهەردووکیان بەشدارن لە نزیکەی 45 لەسەدای ئەو گازە زانبەخشانە، ئەمەش خۆی لە خۆیدا ڕێگا چارەسەرەکان ئاراستە دەکات.
ڕێکخراوی IPCC لە دوا ڕاپۆڕتیدا جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە دەکاتەوە؛ کە پلەی گەرمی گلۆبال لە نێوان ساڵانی 2011- 2020 واتە تەنها لە ماوەی دەساڵدا زیاتر لە یەک پلە سیلسیوز زیادی کردووە، ئەویش بەبەراورد لەگەڵ سەدەمی پێش پیشەسازی[[2]] لە کاتێکدا ئەم ڕێژەیە پێشتر هەزارەها ساڵی پێویست بوو بۆ ئەم گۆڕانە.
جیهان بە گشتی و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی ڕوبەڕووی کێشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بووەتەوە، لە هاوینی ساڵی 2023 پلەی گەرما لە وڵاتانی کەندا و عیڕاق زیاتر لە پەنجا پلە بووە، بە پێی توێژینەوکانی ناوەندی ماکس پلانک ئەو ناوچانە دوو ئەوەندەی ناوچەکانی دیکە گەرمتر دەبن و ئیکۆسیستیمەکان خێراتر لەناودەچن. چارەسەرەکان خۆیان لە بەکارهێنانی تەکنیکی نوێ و پەیڕەوکردنی سیستەمی زانستی نوێ دەبینێتەوە، بۆ نمونە بۆ بواری کشتوکاڵ و بەکارهێنانی ئاو، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جگە لە کێشەکانی ژینگە وەکو وشکەساڵی، قەیرانی ئاو، کۆچڕەوی و بەبیابان بوو، شەڕیش بووەتە یەکێك لەو کێشانەی بەرەو تێکچوونی ئاسایشی دەیبات، هەروەکو چۆن نائارامی کۆمەڵایەتی و وشکەساڵی ڕۆڵی هەبوو لە شەڕی ناوخۆی سوریا لە ساڵ 2011دا. کوردستانیش دوور نییە لەو گۆڕانە نەرێنیانەی ئەو دەڤەرە، بۆیە پلان و ڕێوشوێنی حەکیمانە، هەندێک دوورتری دەکاتەوە لە ماکەکان گۆڕانی کەشەوهەوا و کێشەکانی ژینگە، کە نیشانەکانی لە ئیستادا هەست پێدەکرێن. جگە لەوەی زۆربوونی دانیشتوان بەتایبەتی لە عیڕاقدا، کێشەکە بەرەو قۆناغێکی هەراسانتر دەگوازێتەوە.
سەرچاوەکان
- https://www.spiegel.de/wissenschaft/natur/klimakrise-2023-wird-wohl-waermstes-jahr-seit-aufzeichnungsbeginn-a-8e12bd0a-9ed4-4cc0-9840-4dfca017b3a3
- https://www.ipcc.ch/report/ar6/syr/downloads/report/IPCC_AR6_SYR_SPM.pdf
[1] https://www.spiegel.de/wissenschaft/natur/klimakrise-2023-wird-wohl-waermstes-jahr-seit-aufzeichnungsbeginn-a-8e12bd0a-9ed4-4cc0-9840-4dfca017b3a3
[2] https://www.ipcc.ch/report/ar6/syr/downloads/report/IPCC_AR6_SYR_SPM.pdf
Images: https://pixabay.com/fr/