پێنج شه‌ممه‌, نیسان 25, 2024
frku

٨ ی مارس  لە نێوان بوون و نەبووندا

کنێر عەبدوڵڵا


ئەوەی ئاشکرایە چەسپاندنی رۆژێکە بەناوی  ٨ی مارس کە لەسەرتاسەری جیهاندا ساڵانە یاد دەکرێتەوە. گرنگی ئەو رۆژە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە هەڵقوڵاوی کۆشش و خەباتی راستەقینەی خودی ژنانە. بوونی بزوتنەوەیەکی فمینیزمی سەرتاسەرییە، کە بەخەباتی نادادەپەروەری، نایەکسانی، ستەمکاری و جیاکاری لە دژی عەقڵیەتێکی سەرمایەداریی و پیاوسالاری ورەگەزپەرستیی، ناوزەند دەکرێت.

مێژووی سەرهەڵەدانی ئەم رۆژە باسی زۆری لێوە کراوە، بۆیە نامەوێت بچمە نێو ئەو باسەوە، بەقەد ئەوەی دەمەوێت جەخت لە هەقیقەتێک بکەمەوە، کە بریتییە لە سووربوون و یەکگرتوویی و خەباتی ژنان و کەسانی ئازادیخواز، کە بەشداربوون بۆ هێنانەدی دەستکەوتەکانی خۆپیشاندەران کە بریتی بوو لە یەکسانی و دادپەروەریی لە سەعاتی کارکردن و وەکیەکی لە مووچەدا؛ کاتێک بەهۆی ستەمکاری و عەقڵیەتی سەرمایەدارییەوە دەرهەق بە ژنان دەکرا لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا.

گرنگی گەیشتن بە ئامانجی خۆپیشاندەران لەو کاتەدا، تەنانەت لەئێستایشدا، بگرە لە سەرتاسەری دونیادا، گرێدراوی دوو لایەنە، کە گرێدراوی داواکارو داوالێکراوە؛ واتە یەکەمیان، خودی یاخیبووان و ناڕەزایان و خۆپیشاندەرانە. دووەمیان، سیستەمی حوکمڕانی وڵات، کە دەرئەنجام پێمان دەڵێت: پێداگیری هەر لایەنێک لە چین و توێژە ستەملێکراوەکانی هەر کۆمەڵگەیەک لەسەر داوا و مافەکانیان لە لایەک و کۆدەنگی و یەکگرتوویی و بەردەوامبوونیان لە گرتنەبەری شێوازی جیاجیا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان لایەنێکی گرنگی مەسەلەکەیە؛ هەرچی لایەنی دووەمە، ئەمەیان پەیوەندیدارە بە بوونی سیستەمێکی حوکـمڕانی دروست، کە بزانێت چۆن و بۆ مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیانیدا دەکات و هەتا چەند پەیوەستە بە بنەماکانی مافی مرۆڤ ودیموکراسی بۆ چەسپاندنی حوکمڕانی و سیستەمێک کە لە بەرژەوەندی گشتدا بێت. بوونی ئەو واقعە لە رابردوو و مێژوودا ئەمرۆی هێنایە کایەوە.

هەرێمی کوردستان وەک هەموو شوێنێکی دیکە بەدەر نییە لە یادکردنەوەی ئەم بۆنەیە، تەنانەت گەر خوێندنەوەیەکیش بۆ واقعی کوردستان بکەین خەبات و هەوڵی ژنان و رێکخراوەکانی ژنان و کەسانی ئازادیخواز بەردەوامن لە هەوڵدا؛ لەرێی هۆشیارکردنەوەی تاک، گۆڕین و هەموارکردنەوە و جێبەجێکردنی یاساکان، دەربڕینی نارەزایەتییەکان، و فشارخستنە سەر دەسەڵات هتد. دەرئەنجام، زۆر ماوە بکرێت و زۆریش کراوە، لەوانە: چەسپاندنی سیستەمی کۆتا لە پەرلەمان و پارتە سیاسییەکان، یاسای توندوتیژی خێزانی، بڕیاری ٥٩ و ٦٢ و هتد. بەڵام، لەبەرامبەر هەوڵەکاندا دەستکەوت و دەرئەنجامەکان کەمن و لەئاست بەرزخوازی مرۆڤەکاندا نییە، پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە بۆ و هۆکار چییە؟

پێوارو کەمتەرخەمی لایەنی دووەم، کە گرێدراوی لایەنی یەکەمە، رۆڵی کاریگەرو بنەڕەتی هەیە لە تەواوکاری و گەیشتن بە ئامانجەکانی کۆمەڵ، بۆیە  لاوازیی سستمی پەیڕەوکراو، باوەڕنەبوونی ڕاستەقینە و کارنەکردنی عەقڵیەتی حوکمڕانی دەزگاکانی هەرێمی کوردستان، بە بنەماکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و ژنان، وایکردووە کۆی جومگەکانی کۆمەڵ لە پاشەکشەدا بێت و لێکەوتەکانیشی تەنها خودی هاوڵاتییان لێی زەرەرمەند بن. بێگومان لە دەرئەنجامدا داواکاریی و داخوازییەکان بەردەوامن، بەڵام نەبوونی سەرچاوەیەکی راستەقینە کە لە ئاستی خەمی ئەو داخوازییەنەدا بێت و لە بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵدا ئاڕاستەی خۆی بنوێنێت پێمان دەڵێت: هەوڵەکان لە بازنەیەکی داخراودا قەتیسبووە و خۆی دووبارە دەکاتەوە، دەرئەنجام، نابێت تەنها لەباسکردنی بازنەی هۆکارەکاندا بسوڕێینەوە، بەڵکو گرنگ هەنگاونانە بۆ قۆناغی تر، بۆیە لایەنی یەکەم دەبێت بەشێوەو میکانیزمێکی دیکە خۆی کۆبکاتەوە و لە هەوڵی بزوتنەوەیەکی سەرتاسەری راستەقینەی فیکری و کۆمەڵایەتیدا بێت و بتوانێت هەنگاوەکانی خۆی رێکبخاتەوە لەپێناو هێنانەدی ئامانجەکان.

وێنە:

people-Gerd Altmann de Pixabay

Check Also

هەڵکشانی پڕوپوچی -عەرەب و ئیسلام و خۆرئاوا –

د. هاشم ساڵح شوان ئەحمەد کردوویەتی بە کوردی كۆرنیلۆس كاستۆریادیسی بە ڕەگەز یۆنانی و هەڵگری …