شەممە, تشرینی یەکەم 24, 2026
frku

بۆنی مردن

کورتە چیرۆک

عەبدولقادر ئەرسەلان، هەولێر


بەیانییە، سەرما هەموو شتێکی بەزاندووە، دەرۆزەکەر و مەلیک و منیشی لەخەو کردووە. پەیامێکی ترسناکی پێیە، فڕندە و چۆلەکە وردیلەکانیش ئەمڕۆ نەهاتوونەتە باخچەکەمان. بۆ نەهاتوون؟ پێویستیم پێیانە، دەنگ و نمایش و سەما، جریوەیان دڵم دەکەنەوە. لە خۆم دەپرسم ئەمڕۆ بۆ نەهاتوون؟ خواردنم بۆ هێناون، بەڵام دیارنین، ڕەنگە چووبێتنە ماڵی سمایل قۆنتەراتچی، ئەوان باخچەیەکەیان لە هی ئێمە گەورەتر و جوانترە، لەوانەیە لەوێ بن. هەموو شتێکیان لێ بردم، هیوا و خەونەکانم، هەموویان دزی، هیچ نەبێ چۆلەکەکانم مەبەن! جاری یەکەمم نییە دڵم لەم دنیایە بشکێت؛ گومان هەزار پرسیارم بۆ درووست دەکات، دڵتەنگییش نامۆیەک نییە، هاوڕێمە! خواردنەکە دەبەمەوە ژوورەوە، لەسەر مێزەکە دایدەنێم، لە پەنجەرەکەوە سەیری حەوشەکەمان دەکەم. برا بچووکەکەم لە ڕاڕەوەکەوە بینیمی، لێی پرسیم: ”چ شتێک هەراسانی کردوویت؟” پاسارییەکان، ئەمڕۆ نەهاتوون. بەپێکەنینێکی گاڵتەجاڕانەوە وتی: ”تازە هەرگیز نایەنەوە، سەرما کوشتوونی!” سەیری باخچەکەمان دەکەم، گوڵەکان نمایشی جوانی خۆیان دەکەن. خۆر خەریکە کودەتا بەسەر شەختەدا دەکات و ساردیی دەڕەوێنێتەوە. باوڕناکەم مردبن، ئەمە ڕێی تێناچێت. دوای ماوەیەک، خەریکە بەتەواوی لە هاتنیان دەتۆرێم. زستانیش وەرزێکی بکووژە! بۆنی مردن دەکەم. ڕەنگە لەسەر تەل و ئالێر و درەختەکان، باو و بۆرانەکەی دوێنێ شەو، زەفەری پێبردبن. پەنجەرەکە دادەخەم، بەڵام پەردەکە دانادەمەوە و بە ئومێدیکی گەورەوە، چاوەڕێی دەرکەوتنیان دەکەم.

Image: Shlomaster

https://pixabay.com/fr/

Check Also

تێکشکاندنی حەقیقەت لە ڕۆمانی “دەریا و خەونە شاراوەکەی مەرجان”ی بەیان سەلمان

ئارام حاجی لە وەسییەتە بەناوبانگەکەی گابرێل گاریسیا مارکیز-دا، ئەوەندە جەخت لەسەر دینامیکییەتی مرۆڤ کراوەتەوە، هێندە …