پێنج شه‌ممه‌, ئازار 28, 2024
frku

سەفسەتگەری و پەیوەندی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی

ئەزهار نامق ئەحمەد


سۆفستاییەکان لە سەدەی چوارسەدی پێش زایین کۆمەڵەیەک پەیدابوون کە ئاراستەی فەلسەفەیان لە لێکۆڵینەوە لە بنچینەی بوون و گەردوون گۆڕی بۆ لێکۆڵینەوە لە مڕۆڤ و تواناکانی و چۆنێتی زانین. ئەوان ئایینیان بەتەواوی بەلاوەنا و خوداوەندەکانیان ڕەتکردەوە. سەفسەتەگەری بەواتایی دوو شتی جیاوازی تێکچنراو دێت، لە یونانی دێریندا سەفستەگەراکان یان سۆفیستەکان یاخود سۆفستاییەکان، دەستەیەک بوون لە مامۆستایانی شارەزا لە بەکارهێنانی ئامرازەکانی فەلسەفە و ڕەوانبێژی بۆ فێرکردنی فەزیلەت. لە پێناسەی نوێدا بەدیدی “ئەفلاتون” سەفسەتە: ”بریتییە لە بیانویەکی خەڵەتێنەری بەکارهێنراو بۆ خەڵەتاندنی کەسێک…” پڕۆتاگۆڕاس یەکەم کەس بووە بەخۆی وتووە سۆفیست (سۆفیست: وشەیەکی یۆنانییە واتا مامۆستا، هونەرمەند) کە سەفەریان بەملاولادا دەکرد و وانەی ئاکار و ڕەوانبێژییان دەگوتەوە، ناوی سۆفیست لەوکاتەوە زانرا کە سوکرات و ئەفلاتون وێنەی سۆفیستیان لە فەلسەفەکەیاندا بەکاردەهێنا، لەوێدا وەک مڕۆڤی وەڕسکەر و کەللەڕەق وەسفیان دەکەن، ئارەزووی گێژاوی زمانبازی (مراوەغە) دەکەن، بۆیەش لایان ئاسایە کە فرتوفێڵ بکەن. ئەوان توانیان گرنگی بە دەوڵەت بدەن و لەڕێگای دیموکراسیەتەوە پێشی بخەن، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێکی فێڵبازبوون لەڕێگای یاریکردن بە وشە خەڵکیان هەڵدەخەڵەتاند، هەر بۆیە ناویشیان بەخراپ ڕۆیشتووە، ئەگەر قسەی پڕوپوچ و بێ مانا بکرێت، دەوترێت سەفسەتە. وشەی “سۆفستایی” لە زمانی گرێکی دێرین sophistikos و بە زمانی ئینگلیزی بەمانای دانا “حکیم” دێت، بەڵام بەرابەر بەوە، وشەی “فەیلەسوف” بە مانای ”ئەو کەسەی دانایی خۆش دەوێت” دێت. هەر لەبەر ئەمەش ئەفلاتون توانی سیفەتی لەخۆبایی بوون بە سۆفستەکان بدات، چونکە خۆیان بە دانا ناوزەند کردبوو. بەڵام بەپێی هەندێ گێڕانەوەی تر پڕۆتاگۆراس کە بەناوبانگترین سۆفیست بوو، شارەزا بوو لە بواری یاسادا، مرۆڤێکی ئێجگار زیرەک و بەڕێز بووە، لە ناواخنی فەلسەفەکەیدا باس لە بیرۆکەیەکی ڕێژەیی دەکات، لەم ڕێگەیەوە ئەرکی دۆزینەوەی پێوانەیەک بۆ بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی مرۆڤ دەخاتەسەر شانی خۆی. پرۆتاگۆراس توانی لەڕێگەی فەلسەفەوە بیسەلمێنێت کە خۆر خودا نییە، بەڵکو هەر ئەستێرەیەکە و تەنێکی گڕگرتووە و گەورەیە، هەر لەبەر ئەمەش کتێبەکانی قەدەغە کران! لەگەڵ ئەوەدا ئەوان پێیان وابووە ڕاستییەکی پەتی و ڕەها بوونی نییە. ڕاست و هەڵەی هەرشتێک دەوەستێتە سەر مرۆڤ خۆی، مرۆڤیش لەڕێگەی هەستەکانەوە شتەکان دەبینێت و دەزانێت هەستی هەر کەسێک جیاوازە، بۆیە ڕوانینی هەمووان جیاوازە و هەر بۆیەش جۆرەها ڕاو و تێڕوانین بوونی هەیە. هەروەها پێیان وابووە باشەو خراپە بوونی نییە، ئەوەی بۆ من خراپە لەوانەیە بۆ تۆ باش بێت و ئەوەشی بۆ تۆ باشە لەوانەیە بۆ من خراپ بێت. پرۆتاگۆراسی سۆفیست دەیگوت، ”لە زۆربەی کاتدا مرۆڤ پێوانەی هەموو شتێکە.”. پرۆتاگۆراس بەیەکەم سۆفیستیش دادەنرێت. هەروەها چەن سۆفستێکی تریش لە دوای ئەو هاتن، بەناوبانگترینیان، کە مێژوو ناویانی تۆمار کردووە: (گۆڕگیاس) کە وەستای ڕیتۆریک بوو؛ (پرۆدیکۆس) یەکێک بوو لە یەکەم کەسەکان کە زمان و ڕێزمانی دەخوێندەوە و بە تایبەتی خۆی بە دیاردەکانی فرە واتاییەوە گرێدا، پێداگریی لەسەر بەکارهێنانی وشەکان بە مانایەکی ورد و بێ دوودڵی دەکرد؛ (ئەنتیفۆن) یەکێک بوو لە کەمترین سۆفیستەکانی ئەسینا؛ (هیپیاس ئێلیس) ئەقڵێکی ئینسیکلۆپیدی هەبوو کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد هەموو شتێک دەزانێت. بێجگە لە زۆر کەسی دیکەش هەبوون، لەنێویاندا هەندێک تەڵەکەبازێش، کە کێبڕکێیان لە مشتومڕەکاندا دەکرد لەسەر شتە بێ بایەخەکان و ئامانجیان سنووردار بوو بە سەرکەوتنی بەهانەکانیان لە دژی نەیارەکەیان. بۆ نموونە، تراسیماکۆس بانگەشەی دەکرد کە، ”بە سروشت لاوازەکان هیچ مافێکیان بەسەر بەهێزەکاندا نییە”؛ هەروەها کالیکلێس، کە بوونی ڕاستەقینەی مشتومڕاوییە، ئەویش هەروەها نمونەیەکی ئەو مەیلەیە. ئەمانە هەموویان سۆفستایی میانڕەو بوون و پێداگرنەبوون لەسەر ڕاکانیان. بەڵام ڕاو بۆچونی کەسیشیان بەتەواو دانەدەنا، دەیانگوت: لە ڕوانگەی هەر کەسێک هەر شتێک ڕاستە.

گۆڕگیاس (483-376) پێش زاین ژیاوە، پێی وابوو مرۆڤ ئەگەر بشتوانێت ڕاستییەکان بزانێت ئاوا ناتوانێت بیگەیەنێت بەبەرامبەر، بەهۆی کەم و کورتی هەستەکان و زمان لە توانای ڕوونکردنەوە و دەربڕیندا. بۆیە پێی وابووە توانایی زانینی ڕاستیمان نییە و هەشبێت توانای دەربڕینیمان نییە. لە ئاقاری ئەو فەیلەسوفانەدا هەندێ بیریار دەرکەوتن. ئەم بیریارانە لەو فەیلەسوفانە نزیکتربوون، لە لۆژیکی ژیانی واقعییەوە. ئەمانە لە دیرۆکی فەلسەفەدا بە “سۆفستاتیەکان” ناوبانگیان دەرکردووە. ئەمان پێیان وایە هەقیقەتی ڕەها بوونی نییە، بەڵکو هەقیقەتی ڕێژەیی لەگۆڕێدایە، ئەو ڕاستیەیی هەندێ بەهەقی دەبینن و هەندێکی تر بەلایانەوە پووچە. کەواتە لە دیدی ئەماندا مرۆڤ پێوەری ڕاستییە، لەبەر ئەوەش وا چاوەڕوان دەکرا فیکری کۆمەڵایەتی لەسەر دەستی ئەماندا زیاتر گەشەبکات، وەک لەسەر دەستی فەیلەسوفەکاندا. وەلێ شکستیان هێناو فەیلەسوفەکان سەرکەوتنێکی مەزنیان بەسەریاندا تۆمارکرد. لە کۆتاییدا وایلێهات ناوی “سەفسەتە” بۆیە نازناوی بۆ سەرکۆنەکردن و مەبەست لەبەکارهێنانی تەعبیر بوو، لە هەڵەکاری و بیرکردنەوەی خواروخێچ. ئەمڕۆ، لە یۆنان کەسێک شتێک بڵێت پێی دەڵێن: ”چییە سەفسەتە لێدەدەیت؟!” واتە ئێستە کاتی سەفسەتە لێدان نییە. وادیارە بۆیە فەیلەسوفەکان توانیویانە ئەوسەرکەوتنە یەکلاکەرەوە بەسەر سەفسەتدا بەدەست بێنن، چونکە ئەمان گەورە پیاو و خاوەن دەسەڵات و پلەوپایەی بەرزبوون لە کۆمەڵگەدا، لەبەرامبەر سۆفستاییەکان، چەند فێرکارێکی غەوارە بوون، لە ڕێگەی فێرکردنەوە بژێوی خۆیان پەیدا دەکرد. چونکە سەدەیەکیش دواتر سەرکەوتن هەر لەسەر دەستی فەیلەسوفەکاندا مایەوە. بە گوتەی “کریس ماکدۆناڵد” کە دەڵێت، ”بیری ڕەخنەیی کرۆکی فەلسەفەیە، فەلسەفەش تێگەیشتنێکە دەربارەی گەڕان بەدوای قوڵترین وەڵامەکاندا و ڕەتکردنی قەناعەتکردنە بەڕواڵەت و بیری ڕەخنەیش کلیلی ئەم ئالیەتەیە.” ئەوجا لێرەوەیش لەسەر دیدی د.عیرفان موستەفا کە دەڵێت: ”سۆفیست ئەوانەن توشی وەهمی زانین بوون لەبارەی هەموو شتێکەوە قسە دەکەن، بەڵام لەڕاستیدا زانینێکی ساختەی ڕووکەش دەزانن، سۆفیست ئەمەیە کە دەڵێ من هیچ هونەرێک نازانم و هەمووشیان دەزانم. ئەوەشیان هیچیان نازانێت و هەمووی دەزانێت، بێگوومان نەزانە. زانینێکی ڕواڵەتییە کە هیچیان نازانێت بە ڕاستەقینە و هەمووشی دەزانێت بە ساختە… بەڵام ئەوەی کە کەسی پسپۆرە لە بوارەکەی خۆی بەڕاستەقینە دەزانێت و ئەوانی تریش نازانێت هەر بەناڕاستەقینە، بەڵام سۆفیست وانیە.” بەم گوتەی د. عیرفان بێت، کە زێدەتر سەفسەتەی ڕوونکردۆتەوە، دەردەکەوێت کە هاودژییەک هەیە. ئەوەی خاوەنی بیرکەرەوەی ڕەخنەییە کە بە هۆی فکری خۆییەوە توانای سەرنجڕاکێشانی ئەوانی تری هەیە و نەک خۆی بەدانا دابنێت، مامەڵەیەکی بازرگانی بەزانینیەوە بکات.

* ئەزهار نامق ئەحمەد: خوێندکاری قۆناغی چوارەمی بەشی پەروەردە و دەروونناسی، زانکۆی گەرمیان.

سەرچاوەکان:

٭ ”جیهانی سۆفیا و فەرهەنگی سۆفیا”، یۆستاین گاردنەر و ئۆته‌ بیوهمه، وەرگێڕی کوردی: بەهرۆز حەسەن. چاپخانەی ئەندێشە، سلێمانی، ٢٠٢١.

٭ ”لۆژیکی ئیبن خالدوون” د.عەلی وەردی،  وەرگێڕانی بۆ کوردی : مەشخەڵ کەوڵۆسی. چاپخانەی کەنج. ٢٠١١.

٭ ”گاڵتەجاری عەقڵی مرۆڤ”، د. عەلی وەردی، وەرگێرانی بۆ کوردی: فەیسەل خەلیل. چاپکراوەکانی ناوەندی ئاوێر. چاپخانەی ڕۆژهەڵات.٢٠١٢.

٭ https://en.wikipedia.org/wiki/Sophist

Images:

  • Salvator_Rosa_-_Démocrite_et_Protagoras
  • Th G.

https://pixabay.com/fr/

Check Also

كتێبە زۆر خراپەكان

– فردریك نیتشەی نەفرەتی، مارتن هایدیگەری درۆزن، میشێل فوكۆی دێوانە – شوان ئەحمەد بەرایی: وەك …