پێنج شه‌ممه‌, ئازار 28, 2024
frku

گەڕانەوە لە دوای مردن

کورتە چیرۆک

یوسف اسماعیل عەزیز


سەیرێکی ئەو باڵندانە بکە لەئاسمانی پڕ تاواندا دەخولێنەوە، سەیرێکی ئەو ماسییانە بکە لەنێو ئاوی مەینەتدا مەلەدەکەن، گەر بێیت و سەیرێکی مرۆڤەکان بکەیت لە نێو جەرگەی شاردا بێ هۆکار دەسوڕێنەوە و لێشیان دەپرسم دەکرێت دوو خولەک قسەبکەین، لە وەڵامدا پێم دەڵێت دەبێت بڕۆم کۆمەڵێک کارم هەیە…

لە کاتی بێکاریدا لەگەڵ تەکسیەکە بەڕێکەوتم بۆ شوێنی هەمیشەیی، کە گورستانی بێ کارییە. لێم پرسی، ”برا تۆ کە خاوەنی ئەم تەکسیەیت و ڕۆژانە جۆرەها خەڵک لەگەڵتدا قسەدەکەن، پێم بڵێ کاریگەرترین چیڕۆکی ئەم خەڵکە چییە کە بۆ تۆیان گێرابێتەوە؟”

بۆساتێک بیری کردەوە و گوتی: ”نازانم لە چیەوە دەست پێبکەم، چونکە بابەتەکان ئێجگار زۆرن. مرۆڤ لە ژیانیدا تەنها ناخۆشیەکانی و کارەسەختەکانیان بۆ من باس دەکەن. جارێک کەسێکی قات پۆشی کە پێدەچوو مامۆستابێت، تەمەنی لە نێوان ٣٢ بۆ ٣٥ ساڵیک دەبوو، بەلێوە شیرینەکانی گوتی: دەزانی ئەم ژیانە زۆر خۆشە، هەڵبەتە گەر بمریت و دووبارە بێیتەوە بۆ ژیان. پێم گوت: ”تۆ باسی چی دەکەیت! گەر بمریت چۆن دەکرێت بێیتەوە بۆ ژیان؟” دووبارە بە پێکەنین گوتی: ”بۆ نابێت؟ ئەوتە من کە پاش مردن هاتمەوە بۆ ژیان و جێژ لە ژیان دەبینم.” پێم گوت: ”دەکرێت باسی بکەیت کە چۆن لە دەوی مردن هاتیتەوە بۆ ژیان؟!”

”بەڵێ با بۆتی باس بکەم. شەوێک چووم بۆ سەر گۆڕی باوکم، بەڵام لەبەر باران و بـا نەم دەتوانی بیدۆزمەوە، ئەوەنم زانی کەوتمە چاڵێکەوە، چاڵەکە ئەوەنە بچووک و تەنگ بوو نەم دەتوانی بێمە دەرەوە، بارانە بەخورەکەش چاڵەکەی تا ڕادێکی زۆر پڕکردبوو لە ئاو. ئەم شەوە تا خۆرهەڵاتن لەم چاڵە مامەوە. بەیانی خەلکەکە منیان دەرهێنا. منیش هەتا مانگێک لەژێر جێگاکەم نمتوانی هەڵبستمەوە، لەبەر ئەو شەوە زۆر بەسام بوو نازانم خەون بوو یاخوت خەیاڵ، بەڵام ئەوەنە دەزانم کە لە ناوەڕاستی شەو بووم، مردوەکان قسەیان دەکرد. هەنێک زۆر بەم بارانە دڵخۆش بوون چونکە گۆرەکەیان پڕبوو لە ئاگر کە لەناویدا دەسوتان. هەنێک دوایی دەرفەتێک دەگەڕان تاکوو بتوانن بێنە سەر ژیان و کارێکی باش ئەنجام بدەن. هەنێک پێدەکەنین و شوێنەکەیان بارانی بەرنەدەکەوت، لەنێو بەهارێکی ڕەنگیندا بوون، هەنێکیش هاوارین دەکرد. ئاوابوو کە لەدوای مردن گەڕامەوە بۆ ژیان، من وام دەزانی منیش لەگەڵ ئەوان مردووم.”

بەڵێ هاوڕێ ئەمە ئەو چیرۆکە بوو، کە ئێستاش جار جار دەگەڕێمەوە ئەو شوێنەی ئەوم لێ بینی، دەڵێم بەڵکوو جارێکی تر بیبینم. من بەم باسە ترسێکم لێنیشت و گوتم: ”بگەڕەوە بۆ ماڵەوە من نامەوێت بچم بۆ گۆرستان…

١٢/١٢/٢٠٢٢

هەولێر

Image: https://pixabay.com/fr/

Reza Sadeghi

 

Check Also

زیندان و کۆڕەو

دۆستۆیڤسكی، بەیان سەلمان   رەفیق سەعید بەراوردێك لە نێوان دوو كتێب كە جیاوازی نوسینیان سەدەیەكە …