هەڵکشانی پڕوپوچی -عەرەب و ئیسلام و خۆرئاوا –

د. هاشم ساڵح

شوان ئەحمەد کردوویەتی بە کوردی


كۆرنیلۆس كاستۆریادیسی بە ڕەگەز یۆنانی و هەڵگری ڕەگەزنامەی فەرەنسی، یەكێكە لەو دەنگە گرنگانەی لە كایەی ڕۆشنبیری فەرەنسی و تەنانەت نێودەوڵەتیشدا گوێی لێدەگیرێت. ڕاستە ئەو زۆر لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەكانەوە دەرناكەوێت و تەنانەت خۆشی دەشارێتەوە، بەڵام لە ڕێگەی لێكچەر و سیمینار و بڵاوكراوەكانەوە، قسەی خۆی دەكات و كاریگەری لەسەر هاوسەردەمەكانی جێدەهێڵێت. دواین كتێبی(هەڵکشانی پڕوپوچی) كە لە پاریس چاپبووە، پێشوازیەكی گەرمی لێكرا. تێیدا ڕق و توڕەیی خۆی بەسەر بارودۆخی ئێستای دونیادا دەڕێژێت و خۆرئاوای هاوچەرخ بە توندی ئیدانە دەكات، بەڵام ئەوانی دیكەش (بە تایبەت عەرەب و موسڵمانان) نابوێرێت و سەركۆنەیان دەكات. ئەو ئەگەر چی نە خۆرهەڵاتناسە و نە پسپۆڕە لە كاروباری عەرەبی و ئیسلامیدا، بەڵام بە حوكمی ئەو ڕۆشنبیرییە زۆر فراوانەی هەیەتی، دەزانێت چۆن قسە لەو مەسەلانە دەكات.

وەكو لە سەرەتادا ئاماژەمان پێدا، كاستۆریادیس بە ڕەگەز یۆنانییەو ساڵی 1922 لە توركیا هاتۆتە دونیاوە. بەم پێیە بە چاكی ئاگاداری كاروباری دەوڵەتی عوسمانی و توركیایە. خاڵێكی ئەرێنی ئەوەیە كە ڕاستگۆ و قسەلەڕووە و ترسی ئەوەی نییە ئەوانەی دەیڵێت، چ پەرچەكردارێكی لێدەكەوێتەوە. هەندێجار بە هۆی پەڕگیری و بڕیارە زبرەكانیەوە كە لەسەر مەسەلەیەك دەیدات، هەندێ كەس توشی شۆك دەكات و برینداریان دەكات.

ئەو بۆ خۆی نوسەرێكە لە هەلومەرجی ئەمڕۆی دونیا زۆر توڕەیە. بۆیە لەم كتێبەدا ئێجگار نێگەتیڤانە لەدوا گۆڕانكارییەكانی خۆرئاوا و سیستەمە جیهانییە نوێیەكەی دەڕوانێت، بەڵام ئەم ڕەخنە نێگەتیڤ‌ و زبرانەی نایگەیەننە ئاستی ڕەشبینی و ملكەچكردن بۆ واقیع، بەڵكو ئەو پێیوایە لە هەركاتێكدا بێت ئەگەری ئەوە هەیە شتێك بێتەئارا، تا ئاڕاستەی ڕووداوەكان بگۆڕێت.

لە لایەكی ترەوە ئەو ڕەخنانەی كاستۆریادیس لە جیهانی ئیسلامی دەگرێت، هیچی لەوانە كەمتر نییە كە ئاڕاستەی خۆرئاوای دەكات و بگرە بە پێچەوانەوە زۆر توندترە، چونكە خۆرئاوا سەرەڕای هەموو پڕوپوچیەكی (وەكو وتمان كتێبەكە بە ناوی: هەڵکشانی پڕوپوچی)ە وەیە، هەر سەنتەری بزاوتی ئەفراندن و ڕەخنەیە لە سەرتاسەری جیهاندا.

دیدگای گشتی ئەو بەمجۆرەیە: (مرۆڤایەتی بە درێژایی مێژوی خۆی، دوو بزاوتی ئازادیخوازی سەرەكی بە خۆیەوە بینیووە: یەكەمیان چركەساتی یۆنانی كۆنە كە بۆ یەكەمجار هەریەك لە دیموكراسی و فەلسەفە هاتنەئارا. دووەمیشیان چركەساتی خۆرئاوای مۆدێرنە كە ڕۆشنگەری فیكری و پلورالیزمی ئایدیۆلۆژی و سیاسی و دیموكراسی نوێنەرایەتیكردنی، لەگەڵ خۆیدا هێنا. بێگومان چركەساتی دووەم درێژكراوەی یەكەمەو لە چاخی ڕێنیسانسەوە خۆرئاوای مۆدێرن، یۆنانی كۆن بە سەرچاوە و ئیلهام بەخشی خۆی دەزانێت).

بەڵام لێرانەدا پێویستە بڵێین پرۆژەی ئازادكردنی مرۆڤ لە كۆیلایەتی و چەوسانەوە، هەمیشە شێوێنراوە و بەلاڕێدابراوە. لە پای ئەمەشدا بەردەوام بیریارانی ئازادیخوازی تازە پەیدابوون و بەگژ ئەو شێواندن و بە لاڕێبردنەدا چونەتەوە. تایبەتمەندێتی پرۆژەی رۆشنبیری خۆرئاواش لەوەدایە كە بەردەوام سەرقاڵی ڕەخنە لەخۆگرتنە. ئەمەش پرۆسەیەكە پرۆژە ڕۆشنبیریەكانی دیكەی وەك: (هندی و بودایی و ژاپۆنی و ئیسلامی)، بڕوایان پێی نییە و تەرێزی لێدەكەن.

كەواتە ڕەخنە لە خۆگرتن تایبەتمەندی خۆرئاوایە و هەرئەوەشە وایكردووە بۆڕی نەتەوەكانی تر بداتەوە و شارستانیەتی مۆدێرنیش دروست بكات. خۆرئاوا لە سەردەمی یۆنانەوە تا ئەمڕۆ، تاكە شارستانیەتەكە وێرابێتی ڕەخنە لە كەلەپووری ئایینی خۆی بگرێت و لە دەست كۆتوبەندەكانی رزگاری بێت. هاوكات بوونی خۆشی بەپێی ئەو یاسا خودی و ئەقڵانیانە ڕێكبخات كە خۆی فۆرمەلایكردون. ئەو یاسایانەش شیاوی ئەوەن دەسكاری بكرێن یان چاكتربكرێن، یاخود تەنانەت ئەگەر پێویستی كرد لاببرێن و كاریان پێنەكرێت.

كەواتە خۆرئاوا وەكو میللەتانی دیكە یاساگەلێكی سەرمەدی و هەتاهەتایی نییە بەردەوام پابەندبێت پێیانەوە و كاریان پێبكات، بەڵكو هەمیشە لە هەوڵی گۆڕاندایە و ئەمەش وایلێكرد، كۆتوبەندەكان بپچڕێنێت و دیموكراسی و فەلسەفە و دیالۆگی ئەقڵانی بێنێتەئارا. ئەمە لە كاتێكدا میللەتانی دی تا ئێستاش، گیرۆدەی دەستی كەلەپووری پیرۆزی خۆیانن و نازانن چۆنچۆنی خۆیان لە دەستی قوتار بکەن.

دەتوانین لە ناو ئەوانەدا ژاپۆن بە نمونە بهێنینەوە. ژاپۆن یەكێكە لەو میللەتانەی تەنها هێزی ئابوری و تەكنۆلۆژی لە پرۆژەی خۆرئاوا وەرگرتووە، بەڵام لە بەرامبەردا دەستبەرداری كەلەپووری دێرینی خۆی نەبووە و ئەو كەلەپوورەی نەداوەتە بەر ڕەخنە و گومان، كارێك كە ئەوروپاییەكان لە سەردەمی ڕۆشنگەرییەوە پێیەوە خەریكن. بەم پێیە ناكرێت باس لە پرۆژەی ئازادیخوازی ژاپۆنی بكەین، سەرەڕای هەبوونی ئەو هێز و توانا ئابوری و تەكنۆلۆژیەی.

لە ئەزموونی وڵاتێكی وەك ژاپۆندا، جیاوازیەكی گەورە و گران هەیە لە نێوان پێشكەوتنی لە ڕادەبەدەری تەكنۆلۆژی، لەگەڵ پابەندبونێكی زۆر بە كەلەپوور و ترادسیۆنی كەونارا! خۆرئاوا سەرەڕای ئەو پرۆژە ئازادیخوازە دەگمەن و كەم وێنەیەی، كەچی دواجار هەڵخلیسكایە ناو تەونی چاوچنۆكی و خۆپەرستی و هەڵپەی كەڵەكردنی سەرمایە و بەرخۆری و شوێنكەوتنی حەز و ئارەزووە تایبەتیەكان و…. هتد. بەمجۆرە ئەو پرۆژە فەلسەفی و دیموكراسیەی خۆرئاوا لە ڕاستە رێگەی خۆی لایدا، بەڵام ئەم لادانە شتێكی كاتییە و ڕەنگە لە داهاتوودا پەرچەكرداری لە دژ دروست ببێت، وەك چۆن چەند جاری تر ئەم پرۆسەیە لە ڕابردودا ڕویداوە.

ئێستا با لێرە بەدوا بێینە سەر باسی موسڵمانان و بزانین كاستۆریادیس، هەلومەرجی ئەوان چۆن هەڵدەسەنگێنێ؟ یاخود بە چ چاوێك سەیریان دەكات؟ بێگومان زۆر دڵڕەقانە سەیریان دەكات و قسەیان لەسەر دەكات. دەتوانین ئەمەش لە دوتوێی ئەم كتێبەیدا بخوێنینەوە.

سەبارەت بە بارودۆخی گشتی وڵاتانی ئیسلامی و بەرپرسیارێتی خۆرئاوا لە دواكەوتویی عەرەب و موسڵمانان دەڵێت: (عەرەبەكان بەردەوام ڕەخنە لە كۆلۆنیالیزمی ئەوروپی دەگرن و هەموو پەتاو نەخۆشیەكانیان دەخەنە ئەستۆی ئەو، وەك: بڵاوبوونەوەی هەژاری و نەداری و نەبونی لانی كەمی دیموكراسی لە حوكمڕانیكردندا، لەگەڵ پەكخستنی گەشەكردنی ڕۆشنبیری عەرەبی و…. هتد. عەرەبەكان هەمیشە خورتە و بۆڵەیانە و گلەیی لە بەدبەختی و بێچارەیی خۆیان دەكەن، بەڵام پێویستە بزانین كە درێژترین ماوەی كۆلۆنیالیزەكردنی وڵاتێكی عەرەبی لەلایەن ئەوروپاوە لە سەد و سی ساڵێك زیاترنەبووە، ئەمەش تەنها لە جەزائیردا ڕویدا، لە كاتێكدا توركە عوسمانییەكان بۆ ماوەی چوار سەد ساڵ كۆلۆنیالیزەیانكردن و كەرامەتیان ڕوشاندن! كەچی كەس باسی ناكات. بۆچی؟ لەبەرئەوەی توركەكان موسڵمانن و بەم پێیەش وەك كۆلۆنیالیزمێك سەیرناكرێن! هەروەها پێویستە ئەوەش بزانین كە گەشەكردنی كولتووری عەرەبی لە سەدەی یازدە و دوازدەوە، واتە هەشت سەدە بەر لە كۆلۆنیالیزمی ئەوروپی، بە فیعلی وەستاو چووە دۆخی متبوونەوە. كەواتە دواكەوتویی ژیاری عەرەب، بە ماوەیەكی زۆر بەر لە قۆناغی كۆلۆنیالیزم دەست پێدەكات. سەرەڕای ئەوەش عەرەبەكان كاتێك خاوەنی هێز و توانابوون، میللەتانی دیكەیان ملكەچ پێكردووە و كۆلۆنیالیزەیان كردون، بەڵام هیچ كەس ناوێرێت ڕەخنە لەوەبگرێت و قسەی لەسەربكات. سەبارەت بە بازرگانیكردن بە كۆیلەشەوە -رەش پێستە ئەفریقاییەكان -، دەتوانین هەمان شت بڵێین. هەمووان ئەوروپیەكان سەركۆنەدەكەن، لەبەرئەوەی لە سەدەی شانزەوە بازرگانیان بە ئەفریقیاییە ڕەشپێستەكانەوە كردووە، بەڵام كەس باس لەوەناكات كە ئەم بازرگانییە عەرەبەكان لە سەدەی یانزە و دوانزەوە دایانهێناو دەستیان پێكرد. زیاد لەوە سیستەمی كۆیلایەتی تا ئێستاش، لە هەندێ وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا هەرماوە و كاری پێدەكرێت).

هەر لە درێژەی قسەكانیدا كاستۆریادیس دەڵێت: (مێژوی مرۆڤایەتی مێژوی ململانێی چینایەتی نییە، بەڵكو مێژوی شەڕ و كوشتار و دزێوییەكانە. ئەم مێژووەش هەموو میللەتان تێیدا بەشداربوون، هەر لە میللەتانی عەرەبەوە تا ژاپۆنی و هیندی و ئەوروپی و…. هتد. بەڵام تاكە جیاوازی نێوان ئەوروپا و میللەتانی دیكەی جیهان ئەوەیە، تۆ دەتوانیت لەناوجەرگەی پاریس و لەندەندا ئیدانەی كۆلۆنیالیزمی ئەوروپی بكەیت، بەبێ ئەوەی كەس زیندانیت بکات یاخود دەستدرێژیت بكاتەسەر، بەڵام ناتوانیت لە ژاپۆن یاخود لە وڵاتانی عەرەبیدا ئەوەبكەیت. كەواتە دەسكەوتی گەورەی خۆرئاوا ئەوەیە كە ئازادی ڕەخنە و ناڕەزای نیشاندان و ڕادەربڕین، فەراهەم دەكات و ئەم ئازادیەش سنوری بۆ نییە. ئەمەش گەورەترین دەسكەوتی مۆدێرنەی خۆرئاوایە).

ئەوەی هۆكاری پێشكەوتنی خۆرئاوا و نوێبونەوەی بەردەوامێتی، ئەو پرۆسەی خۆ ڕەخنەكردنەیە كە پیادەی دەكات. خۆرئاوا لەوە ناترسێت خۆی بخاتە ژێر باری پرسیار و گومانەوە، لەبەرئەوە بەرەوپێش دەچێت. تاكە پێودانگێك كە بە كاری دێنێت بریتییە لە دیالۆگی ئەقڵانی شەفاف و كراوە، ئەمەش تاكە ڕێگایەكە مرۆڤ دەگەیەنێتە هەقیقەت. قورسترین شتێك بەلای مرۆڤی خۆرئاواییەوە، ئەوەیە بەبێ مشتومڕی پێشوەخت ڕاوبۆچونی بەسەردا فەرزبكەیت. ئەمە شتێكە مرۆڤی خۆرئاوایی بە هیچ شێوەیەك قبوڵی ناكات، بە تایبەت دوای ئەوەی ئازادی ڕەخنەگرتنی ئەزمونكردو لە شۆڕشی فەرەنسیشەوە تا ئەمڕۆ لێی بەهرەمەندە.

كاستۆریادیس ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە پرۆژەی ئازادی لە ئەوروپا زۆر زوو دەستی پێكرد، واتە لەگەڵ دەركەوتنی سیستەمی شارەوانیەكانی بۆرژوازیدا لە سەدەی یازدەوە هاتەئاراو، پاشان لەگەڵ سەردەمی ڕێنیسانس و ڕیفۆرمی ئایینی لە سەدەی شازدەدا زیادیكرد، دواتر لەگەڵ ڕۆشنگەری لە سەدەی هەژدەدا بەردەوامبوو تا بە شۆڕشی فەرەنسی گەیشت.

پاش ئەو قۆناغە بزوتنە كرێكاری و سەندیكاییەكان لە كۆتاییەكانی سەدەی نۆزدە و سەرەتاكانی سەدەی بیستەمدا بوونە ئاڵا هەڵگری ئەو پرۆژە ئازادیخوازە، دوای ئەوەی لە چنگی بۆرژوازیەتیان دەرهێنا، چونكە بۆرژوازیەت ماندوو بوو هەروەها گۆڕا بۆ چینێكی کۆنزێرڤاتۆر. ئەمەش خەسڵەتی مێژووە.

چینی بۆرژوا لە سەرەتادا شۆڕشگێڕ و ڕادیكال بوو، بەڵام دوای ئەوەی ئامانجەكانی بە دیهێناو بوو بە خاوەنی كۆمەڵێك دەسكەوت و لە هەوڵی پاراستنی ئەو دەسكەوتانەشدابوو، ئیتر بوو بە چینێكی کۆنزێرڤاتۆر و دژە گۆڕان. واتە وەكو هەموو هێزە کۆنزێرڤاتۆرەكان ترسی لە گۆڕان پەیداكرد.

Images: https://pixabay.com/fr/

johnhain

nonbirinonko

Check Also

ڵێدان ل ناسناما ژنێ

ئەگەر ئەز وەکۆ ژن د هشمەندیا وێ چەندێ دا نەبم، کو رەگەزەکا داگیرکریمە! گرنگە ب …