سێشەممە, تشرینی یه‌كه‌م 14, 2025
frku

زمانی شیرینی کوردی بە هیچ کەسێک قەدەغە ناکرێت

د. سارا زه‌ید


ئەوانەی هەوڵی قەدەغەکردنی زمان دەدەن، دەیانەوێت ڕەگی مێژوومان وشک بکەن، دەیانەوێت یادەوەرییەکانمان بسڕنەوە و لە مێژوودا بمانخنکێنن. ئەوان دەیانەوێت ئەو دەنگە کپ بکەن کە سەدان ساڵە لەناو دڵماندا دەزرنگێتەوە و بە شانازییەوە دەڵێت: “من زمانم کوردیە! “

بەڵام ئەوان ناتوانن، چونکە زمانی کوردی تەنها لەناو دەفتەر و کتێبەکاندا هەڵنەگیراوە، بەڵکوو لەناو دڵی هەموو کوردێکدا چێندراوە. ئەو زمانە لەناو ئاوازی گۆرانییەکانماندا دەژێت، لەناو چیرۆک و بەیتە فۆلکلۆرییەکانماندا هەناسە دەدات، لەناو نزای دایکانماندا دەدرەوشێتەوە.

ئەرکی ئێمەیە کە ئەم زمانە بپارێزین و گەشەی پێ بدەین، نەک تەنها بۆ ئەوەی قسەی پێ بکەین، بەڵکوو بۆ ئەوەی بیر بکەینەوە، بنووسین، داهێنان بکەین و خۆمانی پێ دەرببڕین. با زمانی کوردی ببێتە چرایەک کە ڕێگای نەوەکانی داهاتوومان ڕووناک بکاتەوە، با ببێتە پردێک کە ڕابردوومان بە ئایندەمانەوە ببەستێتەوە.

هەموومان بەیەک دەنگ وتەکانی( هەژاری موکریانی)ی شاعیر بڵێینەوە:

کوردم و لەڕێی کوردو کوردستان   

سەر لەپێناوم گیان لەسەر دەستان

بەکوردی دەژیم بەکوردی دەمرم

بەکوردی دەیدەم وەرامی قەبرم

بەکوردی دیسان زیندوو دەبمەوە

لەو دنیاش بە کوردی تێهەڵدەچمەوە

( بۆ کوردستان، ١٩٩١، هەژار: ١٨)

دکتۆر سارە زەید

سەرۆک بەشی زمانی عەرەبی

پسپۆڕی بواری رەخنەی ئەدەبی نوێ

Check Also

چرکەساتێک لە ژیانی گەنجێکی ڕۆژهەڵاتی

؟ ماوەیەک لەمەوبەر، لە شاری مێژوویی و جوانی هەولێر، بەشداریم کرد لە دانیشتنی پێشکەشکردنی کتێبەکەی …