سێشەممە, تشرینی یه‌كه‌م 14, 2025
frku

مرداربوونەوە لە سایەی ‘گووتاری مانەوە’دا

بیرکردنەوەیەک لەگەڵ بەختیار عەلی

“هەمیشە بەلەمەکان لە کەناراودا سەلامەتن، بەڵام دروستنەکراون بۆ ئەوەی لەوێدا لەنگەبگرن”.

“زۆنی ئاسوودەیی، بەهەشتێکە تائەو کاتەی تێدەگەی کە هیچ رووەکێکی تیادا گەشەناکات”.

نەوزاد جەمال


سەرەتا

 لەم بەشەی نووسینەکەدا گوتاری مانەوە شرۆڤەدەکەم و هەوڵیش ئەدەم لەگەڵ بۆچوونەکانی بەختیار عەلی سەبارەت بە ”گوتاری مانەوە”[i] بیربکەمەوە و بەدیاریکراوی لەسەر بەشیی یەکەمی مشتومڕێکی لێ سازبکەم.

لەگەڵ ئەوەی، چەند دەیەک بەسەر گووتاری مانەوە و ماوەیەکیش بەسەر بۆچوونەکانی بەختیاردا تێپەڕیوە، بەڵام ئێستا بە شایەنی تێهەڵچوونەوە و رەخنەکردنی ئەو گووتارە دەزانم[ii]. بەتایبەت دوای پەتای کۆرنا، جەنگەکان ئاسۆی جیهانی تەنییەوە و گۆڕانکاری جیاواز کەوتە سەر ڕێ، پرسی مانەوە وەک گووتارێکی نەتەوەیی- حزبی- دەستیکردەوە بە بانگەشەکردن. هەروەها لەبەرئەوەی نووسەر یەکێکە لەو روناکبیرانەی کە لە وروژاندن و ئاکامی ئەو ‘گووتارە’ دا دەستپێشخەربووە، پێویستە لەگەڵیدا بکەوینە بیرکردنەوە.

سەرباری خراپبوونی دۆخی هەرێم، داتەپنینی دامەزراوەیی (پەکخستنی پەرلەمان و پێکنەهینانی، بەسەرچوونی کابینەی حکومەت و هتد. و کولتووریی و سیاسی و ئابووری، لەرووی هزرییەوە قسەوباسێکی ئەوتۆ لەسەر پرسی گۆڕانکاریی دۆخەکە ناکرێت[iii]. مشتومڕ لەبارەی گۆڕانکاریی، بەزۆریی خۆی لە گۆڕینی رووخساری دەسەڵاتدا کورتبووەتەوە، لە کاتێکدا ئامادەییەکی ئەوتۆ بۆ گۆڕانکاری کولتووریی و کۆمەڵایەتی سەرباری باڵادەستی تەکنۆلۆجیای زانیاریی لە ئاسۆدا نابینرێت!

  • مانەوەخوازیی گوتاری دەسەڵاتخوازییە

 بەسادەیی ‘گووتاری مانەوە’ بریتییە لەو گووتارە گشتییە-دەستەجەمعی/ نەتەوییە کە ویستی مانەوە-کورد- و ژیان بە ئامانجی سەرەکی ‘بوون’ی خۆی دادەنێت. واتە، هەرچییەک لە پیناوی مانەوەی و پاراستنی خۆیدا بێت، دەبێتە پێوەرێکی پەسەندکراو. هەرچییەکیش لەوە بترازێت، بەلادان، خیانەت- جاشێتی-، هەڕەشە و بەکرێگراویی یان زڕاندنی تر دادەنرێت.

جگەلەوەش، لەم گووتارەدا ،کۆمەڵێ میکانیزمی پیادەکردنی هێز و خۆسەپاندن هەیە: هەموو شت لە پێناو مانەوەدا رەوایە، تەنانەت پەڕاویزخستن و بێدەنگردن و سەرکوتکردنیش هەیە. بۆیە، بەدیوێکیشدا گووتارەکە دەمامکی شاردنەوەی رووی راستی دەسەڵاتی سیاسییە. لێرەوە، گووتاری مانەوە دەگۆڕێت بە گووتاری رەوایەتی مانەوەی دەسەڵات وەکخۆی وەک دوائامانجی بوون.

لەم سۆنگەوە، دەسەڵاتی هەرێم (ئێراقیش[iv])، هێندەی خەریکی  تەوزیفکردنی گوتاری مانەوەیە بە ناوی کوردبوونەوە، ئەوەندەش هەژموونی خۆی و پاوانکردنی کایەکانی ژیانی پێ درێژکردووەتەوە. ئیدی، دروشمی نەمان و لەناوچوونی کورد  بەجۆرێک بەبوونی خۆیەوە بەستووەتەوە!

تەڵەکەش لێرەدایە، رێگریکردن لە هەر هەوڵێکی گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری، بەوە پاساودراوەتەوە کە مانەوەمان دەخاتە ژێر پرسیارەوە. بەڵام ئەگەر مانەوە وەک پوشی ژێر مریشکە رەشەکەبێ، ئەوا مریشکەکە خۆی کردووەتە ئامانجی مانەوە.

لێرەوە پێویستە جارێکیتر بیر لە تەڵەی مانەوە ە پێستی گووتاری مانەوەدا بکەینەوە و بزانین چۆن دەکرێت بە بەردەبازی خۆهێشتنەوەی دەسەڵات. سەرەداوی ووروژاندنی ئەو گووتارە لای بەختیارە ، چونکە: “لە سەرەتای نەوەدەکانەوە لە نووسینەکانم بەکاری دەهێنم. بێئەوەی چەمکەکە خۆی بەقوڵی راڤەبکەم. تەنها وەک کەرەسەی راڤەکردن بەکارمهێناوە (بەختیار ١١). بۆیە، لەو کتێبەکەدا دەیەوێ تیوریزەکردنی قولی چەمکەکە لە گۆڕینیەوە وەک کەرەسەیەکی تێڕامان و راڤە، بۆ بابەتی تێڕامان بکات(بەختیار ١١).

ئەو بە پرسیارێکی دیالێکتیکی دەستپێدەکات: ئایا ترسی نەمان، هەوێنی سەرهەڵدانی نەتەوە/ناسیۆنالیزمە یان ناسیۆنالیزم ئەو ترسە بەرهەمدەهێنێ؟ ئایا کوردبوون خودی ئەو ترسە نییە؟ (بەختیار ١٢). بەڕای نووسەر “گووتاری مانەوە” زادەی ترسێکی مێژوویی قووڵە کە وایکردووە مرۆڤی کورد پتر لە سنووری بەرگریکردن لە مانەوە بمێنێتەوە. واتە، لە سنووری پێداگرتن لەوەی کە نەتواوەتەوە و ناتوێتەوە، ماوە و هەر دەمێنێت دا بمێنێتەوە. دواجار ئەمە وایکرد مرۆڤی کورد بە “ژیانی ڕووت”ەوە بنووسێت و نەوێرێ هەنگاوی شارستانییانەی گەورە و بوێرانە بنێت. سەرئەنجام، رازیبوون بە زیندوێتی مانەوە  وایکرد لە خەونی گەورە بە دووربین.

ترس یەكێكە لە دروستكەرە گەورەكانی مرۆڤ، گوتاری مانەوەش بەرهەمی ترسە (بەختیار ٩). بەدەبڕینێکیتر؛ ترس و مانەوە دووانەیەكی پێكەوەگرێدراون و بەدوای یەكتریدا دەردەكەون. هیچكات مانەوە نابێتە پرسێكی زۆر قوڵ و هەمیشەیی، ئەگەر ترسێك لە پشتییەوە نەبێت، پێچەوانەکەشی راستە. واتە، مانەوە و ترس دوالیزمێکن، لێکدانەبڕاوێکن کە هاوکێشەیەکی یەکترتەواوکەرییان دروستکردووە. چونکە، ‘کورد وەک نەتەوە لە سەرهەڵدانی ئیسلامەوە تا دەگاتەسەر سەدەی بیست، بەدرێژایی پتر لە چواردەسەی قڕکردن و کوشتوبڕ، گووتاری مانەوە لەو هاوكێشەی ترسەدا زقدەبیتەوە (بەختیار ١٠).

هەڵبەت، چەمکی ترس وەک پاڵنەرێکی خۆڕسکی مرۆڤ لای نووسەر بەدیوێکدا لە دیدە ‘هۆبزیە’کەی کتێبی ‘لیڤایاتان’وە نزیکە کە راڤەیەکی سایکۆ-پۆڵەتیکی دۆخی سروشتی مرۆڤ دەکات. کاتێک ترس لە تیاچوون بەسەر مرۆڤەکاندا باڵدەکێشێت لەئەنجامی “جەنگی هەموو دژ بەهەموو”، ئیتر مانەوە دەبێتە رێسایەک کە مرۆڤەکان/کۆمەڵگاکان بە پەیمانێکی کۆمەڵایەتی لەپێناو مانەوەیاندا ناچاردەکات. لێرەوە، خۆڕادەستکردن بەدەسەڵاتێکی سەرتاپاگیری رەها، دەبێتە تاکەبژاردە و مانەوە بە هێزی ئەو دەسەڵاتەوە گرێدەدرێتەوە. 

بەڵام، سەرباری ئەو ئەرکە سیاسی و بایۆسیاسییەی دەسەڵاتی مانەوە، “گووتاری مانەوە، لە هەندێک دۆخی ناوازە و دەگمەن-ئاوارتە- نەبێ، توانای ریسک و سەرکێشی و دەکوژێت. رێ بەسەرچڵی نادات، چونکە کار لەسەر بونیادیکی جێگیر نەگۆڕ دەکات کە پێیوایە نابێ هارمۆنییە ناوەکەیەکی بژاکێت. لە پشێوی دۆخی هیولایی-نەخەمڵیو  دەترسیت” (بەختیار ٢٩).

  • رۆشنگەری و ترس

نووسەر جگەلە رەهەندە سایکۆلجییەکە، دەگەڕێتەوە بۆ  تێزی ‘دیالێکیتی رۆشنگەری’ هەردوو فەیلەسوف ‘ئەدۆرنۆ & هۆرکهایمەر’. لەوێدا، ترس بە هەوێنی زانین و ئاڕاستەکردنی دادەنرێت کە دواجار زانین بۆ هێزی کۆنترۆڵکردن دەگۆڕێت. وەکچۆن ترس پاڵنەری رۆشنگەرییە، پاڵنەری هزری ئەفسانە و زانینیشە. بەڵام هەڵگەڕانەوە دەمامکدارەکە لە هاوکێشەکەدا کاتێک دێتەئاراوە کە ترس وەک تاکە پاڵنەری زانین بۆ هێز و دەسەڵات لە پێناو کۆنترۆڵکردنی ترس خۆیدا دەگوڕێت.

هەر ئەمەش وادەکات بەختیار بڵێت “ئێمە ئەوەنەی سەرگەرمی و پەرۆش و هەڵەوگیری خۆپاراستن بوون لەتیاچوون، ژیانمان لەبیرکردووە”. ئەگەرچی راستە کە ترسی پەرچەکردارێکی خۆڕسکی مرۆڤە، بەڵام سەیر لەوەدایە کە لە رۆشنگەریی، ئەقڵانییەتی مۆدیرنە و لە تەکنۆلۆجی و رژێمە سیاسییەکانیشدا خۆی بەرهەمدەهێنێتەوە و بیرکردنەوە ئاڕاستەدەکات.

 بە دۆزینەوەی رایەڵەی نێوان دووانەی ترس و زانین/دەسەڵات، دەردەکەوێت چۆن و بۆچی ئەقڵی/ئاوەزی دەستاوێژ-ئامرازەکی- پەنا بۆ ترس دەبات. لێرەوە، هەر ئەقڵی رۆشنگەریی بۆ مەیلی کۆنترۆڵکاری و  دەستبەسەراگرتنی سروشت/جیهان دەگۆڕێت. زانین/زانستیش(سروشتیەکان) بۆ رێوشوێنی دەستبەسەراگرتن و جڵەوکردنی جیهان دەگۆڕێت.

ئیدی، ئاوەزی رۆشنگەریی مۆدێرن، پێیوایە کۆنترۆڵکردنی سروشت بەشێکە لە زانین و هەڵمانینی نهێنەکانی. بەڵام، ئاکامە لێرەدا ناوەستێ، چونکە  مەیلی کۆنترۆڵکردن سەردەکات بۆ مرۆڤەکانیش. لەبەرئەوەی ئەقڵی ئامرازەکی لەژێرناوی زانین و زانستدا دەبێتە گەیەنەری زانین و دەسەڵات/هێز. کۆنترۆڵکردنی سروشت و کۆمەڵگا، لەسەر پشتی زانستە سروشی و کۆمەڵایەتییەکان دێتەدی.

ئیدی، دیالێکتیکی رۆشنگەری لەمەدایە کە ئەقڵ بەکاریگەری ترس بۆ قۆناغی سەرتایی مرۆڤی پێشمۆدێرن و پێشڕۆشنگەری دەگەڕێتەوە. مادام ترس پاڵنەرە، مانەوەش ئامانجە. پرسیارەکەش ئەوەیە: ئایا رۆشنگەریی، رۆشنبوونەوەی ئەقڵ و دەروون و جیهان لە کاریگەری تاریکی ترس و دڵەڕواکێ و لاوازیی ناخەکی و سنوورداری تواناکانی مرۆڤە یان فێڵکی تری ئەقڵە کە لەپێناو مانەوەی خۆیدا بەکاری دەهێنێت؟

لێرەوە، رۆشنگەری و گووتاری مانەوە ترسێکی دووسەرەیان هەیە: ترس لەتیاچوون، دووەم، فێڵی ئەقڵە کە بریتییە لە دۆزینەوە و ناسین و رێسا و رێگەکانی کۆنترۆلکاری(بەختیار ٢٣). بەڵام جیاوازی ئەقڵی کوردی لە خۆرئاوایی ئەوەیە ‘فێڵەکەی ئەقلی ئامرازەکی کورد بریتییە لەوەی خۆی دەخاتە خزمەتی راکردن لە کۆنترۆڵکاری-دەسەڵاتی دەەوڵەتی ئەویتر-لەناوچوون(بەختیار ٢٣).

 هەڵبەت، بێئەوەی نووسەر  باشتر روونی بکاتەوە، جیاوازییەک لە نێوان ئەقڵی رۆشنگەری و کوردییدا دەکات. ئەقڵانیەتی ترسی کورد، ئەقڵێکی ئەرێنیکار-ئاکتیڤ-کردنی ژیان نییە، بەڵکو نیشاندنی قەباڵەی مانەوە و نەمردنە. بەو واتایە، داستانی مەزنی ئێمە ژیان نییە، بەڵکو داهێنانەکە لە مانەوە، لە لەناونەچووندایە(بەختیار ٢٥). ئیدی، مرۆڤی کورد(هەرێم) ساڵانی هەفتا و هەشتاکان نەدەژیا، بەڵکو تەنیا چاوەڕوانی دەکرد (بەختیار ٣٨).

دەکرێت ئەوەش بخەینەسەری کە ئەقڵی کورد لەجیاتی کۆنترۆڵکردنی سروشت و جیهان و مرۆڤەکانی تر، خەریکی خۆسانسۆرکردن، خۆ لە قۆزاخەنان بووە. واتە، لەڕێی دروستکردنی دیواری مانەوە، لەپێناو بەرگری لە دەورپشتی خۆی، واوەتر نەڕۆیشتووە. ئەقڵە ئامرازەکییەکەی مەیلی کۆنترۆڵکردنی ئەویتر نەبووە، پتر خۆکۆنترۆڵکردن بووە.

لێرەوە، کورد بەواتاکەی “ئەدۆرنۆ/هۆکهایمەرییە”کە، ئەقڵی وەک ئامرازی دەسەڵات سەپاندن وکۆنترۆڵکردنی ئەویتر—جیهان، مرۆڤەکان- بەکارنەهێناوە. بەڵکو، لەگێرانی ئاهەنگی نەفەوتان و خۆاگریی خۆیدا مەستبووە. ئەگەر هەڵپەرکێی کوردی بەنموونە وەرگرین،  پانتاییەکە کە جەستە تێدا بەوجۆرە تێیدا زەقدەبێتەوە کە جەخت لە رۆحی ‘ماوین، هەین و لە ناونەچووین’ بکاتەوە.

  • مانەوە وەڵامێک بەرامبەر پرۆژەی تواندنەوە مۆدێرنە نەتەوەسەردەستەکان[v]

پرۆژەی دەوڵەت-نەتەوە مۆدێلێکی سیستماتیکی ئەسیمیلاسیۆن-تواندنەوە-ی نەتەوە و کەمینەکانە لە بۆتەی هاویەکی و یەکجۆرەکییدا لەرێی مۆدێرنیزاسیۆنی کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە. ئەو پرۆژەیە یەکەم لێدانی رێکخراوەییە لە بوون و مانەوەی کورد. بۆیە، سەرەداوێکی ” گوتاری مانەوە، وەڵامی ئەو دۆخەیە… بەوەدا هەموو کوردێک پرۆژەی مردنێکی گەورەیە” لەخۆیدا (بەختیار ٥١).

وەکچۆن پرۆژەی ‘ئەویتر’ی باڵادەست، تواندنەوەیە، بۆ کوردیش ‘کوردبوون/کوردمانەوە’ واتە نا-ئەرەببوون، نا-فارسبوون، نا-تورکبوون. بەڵام، دواجار ‘کورد’ بەخۆی بزانێ یان نا، پرۆژەکەی ئەویتر-دەوڵەتنەتەوە-  هەڵدەگرێت و لە ئامێزی دەگرێت و بەجۆرێکیش، دەبێتە هاریکار و جەمسەری تەواوکاری پرۆژەکە. چونکە، لە ‘گەمەی سڕینەوە’دا بەشدار ئەبێت، کاتێ هەر پێداگیری لە خۆی دەکات وەک دوائامانجی دەکات.

 مەترسییەکەس لێرەوەیە کە گووتاری مانەوە دەببێت بە یاسا و رێسای سەرەکی مانەوە. بۆیە، “هەر مانەوە” دیالێکتییانە پێشمەگەرش و “جاشیش” بەرهەمدەهێنێت و بە بارمتەگرتنی ژیان، گوزەران، ئازادی و بیرکردنەوە لە پێناوییدا دەبێت بە هۆکاری چەقبەستن!

 فۆبیای لەناوچوون، بەبۆچوونی بەختیار، وایکردووە کورد بۆ رۆحێ بگەڕێت تا لەئامێزی بگرێت. رۆحێک کە لە سیاسەتدا سەرکردەی خۆسەپێن، لە بیناسازییدا دروشمی رەسەنایەتی، لە کولتور و هونەر و ئەدەبدا ئەوینی کلاسیکیزم، لە رووی دەروونیەوە ئایینداری و هتد بەرهەمهێناوە.

 ئاخۆ ئەو ترسە ژێرخانی ئەقڵ و رۆحی ناسیۆنالیزمە؟ ئایا دەکرێ کوردبوون لە ترسی نەمان جیابکرێتەوە یان نا؟ بەڕای بەختیار ‘ناسیۆنالیزمی کوردی’ بەردەوام وەک مشەخۆرێک لەسەر تۆخکردنەوە و جوینەوەی “رۆحی تێکڕایی” دەژی (بەختیار ٢١).

هەر بۆیە، گووتاری ‘یەکگرتن و یەکێتی’ی، خۆراک لەو رۆحە وەردەگرێت. سەیرنییە کە ئەوەی کۆماندەکاتەوە، هەڕەشە و مەترسی دەرەکییە. ئەوەشی چارەنووسی هاوبەشمان پێدەدات، هەر مەترسی دەرەکییە. لێرەوە، وابەستەبوون بە ‘دەرەوە’، یان هەڕەشەی ‘ئەویترەکان’، پاڵنەری نزیکبوونەوە و خاڵی هاوبەشیین، نەک بیرکردنەوەیەکی هاوبەش و نێوکۆیی. ئیدی، ترسی تیاچوون کە دەبێتە هاوبەشێتی نێکۆییمان، کارتێکە لە دەستی خۆماندا نییە و بەئاسانی دژمان بەکاردەهێنرێ.

گووتاری مانەوە بۆ نموونە  زمان و نووسین، باوەڕ و نەریتی کۆمەڵایەتی دەگۆڕن بە ‘سەنگەری بەرگریکردن’ لێی. لە راگەیاندنەکاندا دەیان بەناوی زمانزان، زمانناسس وەک پاسەوانی مانەوەی زمان، سەرگەرمی رەتکردنەوەی هەر شێوازێکن کە لەگەڵ باوەڕی خۆیاندا نەیەتەوە. هەمان پاساو لەلایەن ئەوانەی خۆیان بە گووتاری ئایینپەروەرییدا هەڵواسیووە، لەشکرێکیان لە نێو تۆڕەکاندا  بەگەڕخستووە.

  •  نووسینەکەی بەختیار لە سەرنجداندا

پێش خوێندنەوەی کتێبەکەی، پێموابوو نووسەر دەیەوێ پێمان بڵێت ‘گوتاری مانەوە’ بنبەست، رێگر و کۆسپێکی ئۆنتۆلیجی/سایکۆلۆجی بەرامبەر گۆڕانکاریی و پەرەسەندنە. چونکە، پتر جەخت لەسەر مانەوە، نەگۆڕان دەکات. ئەگەرچی ترس بە فاکتەرێکی نەرێنی وەسفدەکات، بەڵام، پێدراوێکی هاوبەشە لەنێو گەلانی تر و  تەنانەت ئاژەڵەکانیشدا.

ئەگەر ناوی کتێبەکە ”گوتاری بەرهەڵستی” بایە گونجاوتر نەدەبوو؟ من جۆرێک پارادۆکس لە ناوەکە و هەڵبژاردن و شرۆڤەکردنیی بابەتەکەدا دەبینم. بێئەوەی ئەوە مەبەستی بێت یان نا، ستراتیجیەتی بیرکردنەوەی کورد لەرێی هەڵدانەوە و شرۆڤەکردن و هەڵتەکاندنی گووتاری مانەوەدا دەکات. چەقبەستوویی کۆمەڵایەتی و کولتوری و سیاسی کۆمەڵگا لە زالبوونی گوتاری مانەوەخوازییدا دەبینێتەوە.

گووتاری مانەوە تەنها لەسەر “ژیانی رووت” کەبێ کواڵیتی و بێ پێوەری ژیانێکی شیاو و شکۆمەندانە مکوڕە. بە زیندوومانەوە، بە پێوەمانەوە لە دەرگای مێژوودا، بەبێ پەرەسەندن، دەستخەڕۆکردنی ژیان خۆیەتی. لەبەرئەوەی، ژیان تەنها لە فۆرمە نەرێکارەکە[vi]یدا ئەزموون دەکرێت و تەنها بەرامبەر بە مردن/ نەمان دادەنرێت نەک بەدیووە ئەرێکار-پۆزەتیڤ- کە  داهێنان و پەرەسەندنە و گۆڕانکارییە.

بەو پێییە ئەو ترس وەک پەرچەکردار نەک ئاکت-چالاکی- باسدەکات. ئیتر، گووتاری مانەوە نەک ئاکتێک نییە بەڵکو تەنها ووتنی “نا”یەکە بەڕووی ئەوانیتردا. ئەمەش جیاکردنەوەی قۆناغی بەرگری و بەرهەڵستییە لە قۆناغی بەرەپێشچوون و ژیانکردندا. هێشتا کورد لەدۆخی بەرگریکردندا قەتیسە و لە چاوەڕوانییدا ژیانی دەگوزەرێنێ و مانەوە لەپێناو هاتنی فریاڕەسێکدا هەڵبژێرێت.

 بۆیە، چاوەڕوانی و رۆحی بەرهەڵستی و شۆڕش یان رزگاریخوازی سستدەکات و ئەقڵیەتێکی دۆگمای پێدەدات: “مادام توانیم بە پێوەبووەستم، بەرەوڕووی ئەهریمەنی داگیرکەر ببمەوە” تەواو. بەمەش ئامانجی مێژوو کۆتایی دێت؛ مادام رزگاربوون لە تیاچوون، ئامانجەکەیە!

ئاخۆ، چیتر لەو دیوو رزگاربوونەوە شایەنی ململانێ بۆ کردنە؟ لە هەرێمدا، سیاسەت لە بنەبەست و چەقیندایە، هەموو ویستێکی ململانێی سیاسی، جیاوازی بیروڕا، رکابەریی و نوێخوازی تێدا رەتدەکرێتەوە. بەهانە باوەکەش، گووتاری مانەوەیە. خۆهەڵواسین بە مانەوە و تیانەچوون، زڕەئاگاییەکی دروستکردووە کە خۆڕاگرتن بەرامبەر بە هەڕەشەی لەناوچوون، بریتییە لە هێشتنەوەی دۆخەکە وەکخۆی.

ئیتر، کەنەفتی خواستی گۆڕانکاری و پێشکەوتن لە ناوەوەڕا بەقازانجی دەستەبژێری دەسەڵاتپەرست چەکەرەدکات. ئەو دەستەبژێرە، گووتاری ‘مانەوەخوازی’ لەژێر دروشمی ‘یەکێتی نەتەوە”، یەکبیریی و یەک زمانی دەربڕینی هەست و جیهانیبینی کورد پەرەپێدەدات. یەک باوەڕ، یەکخوا، یەک ئایین، یەک حزب یەک، یەک، یەک… واتە، هەموو شتێک لە یەکایەتییدا کورتدەکرێتەوە.

 ئەمەش هاوشێوەی باڵادەستی ‘مۆناتایزم’ی-تاکباوەڕ/یەکخواییە کە لە مێژووی ئایینەکاندا  پەرەیسەندووە. گواستەوە لە باوەڕ بە’فرەخوایی’ەوە بەرەو یەکخوایی، هاوتای پەرەسەندنی تاکڕەوی دەسەڵات و ستەمکارییە. چونکە، یەکباوەڕیی، دژ بە جیاوازبیرکردنەوە و تێگەیشتنە. هەر بۆچوون و دیدگایەکە کە لەگەڵ یەکایەتییدا یەکنەگرێتەوە، رەتدەکرێتەوە.

باوەڕجیاکان بە دەستنێژ، بکەری دەرەکی دادەنرێن. هەر وەک ئەو فۆرمە خێڵایەتییە باوە؛ “هەموو خزمین، هەریەکێ جیاوازتر بیری کردەوە، بیانیە،   بێگانەیە پێمان! کەواتە، گووتاری مانەوە لەسەرێکیترەوە خێڵباوەڕییە، ئەگەر نەووتراوێکیش بێت. مادام “هەموو” یەکسانە بە”یەک”-قەوارەی خێڵ، یەکێکیتری جیاواز یەکسانی نییە بە “ئێمە”.

لێرەوە، بە بنبەستگەیشتن دۆخەکە و نەگۆڕانی، خەسڵەتی رۆحی ئەم گووتارە خۆ-پارێزەرە، خۆهێڵەرەوە دەردەخات کە بەردەوام مەیینی هزریی بەرهەمدەهێنێتەوە.  بەڵام، کاتێک ‘هەموو’ وەک یەکتر بیردەکەینەوە، جگەلە یەکترکۆپیکردنەوە نوێکارییەک نایەتە ئاراوە. بە دەربڕێنێکی ‘بایۆلۆجیانە’؛ بریتییە لە کلۆنکردنی هزریی کە مێشکمان لەبەر یەکتر گیرابێتەوە! بۆیە، جیاوازی، بەئاسانی ململانێ و لێکترازان دەهێنێت.

 گووتاری مانەوە دوو راستی و دوو قۆناغ تێکەڵ بەیەکدەکات؛ ‘مرۆڤ لەپێناو دڵنیایی، سڵ لە ناکۆکی و پارادۆکس ناکاتەوە(بەختیار ٢٠). دەبوو نووسەر بیووتایە؛ لەگەڵ ئەویتردا. چونکە، لەگەڵ خۆی، سڵ لە ناکۆکی دەکاتەوە دۆگما ئەوەیە تەبایی تەبابوون لەتەک یەکتر نییە، بەڵکو فۆرمێکی تری “من” کە “ئێمە”ی دەستەجەمعەیەکە هیچتر نییە!

وەک زۆربەی نووسەرەکانی تر کە لەسەر هەمان مۆدێل دەنووسن، گەمە بە زاراوە و چەمکە فەلسەفییە ترنجێراوەکان دەکات. لەپاڵیدا، وتەی فەیلەسوف و بیرمەندی جیاواز بە خزمەتی بۆچوونەکانی راگواستوون. لە سۆنگەی رەفتاری سیاسی حزب و سەرکردە یان رەوتێکەوە، دیاردەکە دەگشتێنێت و بە زاراوە و چەمکی فەلسەفی و سایکۆلۆجی و سیاسیی وێنادەکات کە لە کۆنتێکسی ‘کوردی’یەوە هەڵنەقوڵاون.

ئەگەرچی لە خۆیدا ئەوە گرفتەکە نییە، بە ئەندازەی ئەوەی نەتوانێ لە کێشە و دیاردەیەک، بێ گەڕانەوە بۆ هزرمەنەدێکی ئەوروپی لێکبداتەوە و رەخنەبکات. ئایا ئەو پەنابردنە، جۆرێک نییە لە دەمەزەردکردنەوەی گووتاری مانەوە کە لە رۆحی نووسەرەکانماندایە؟

خواستنی چەمک و زاراوەی کۆمەڵناسی، فەیلەسوفێک لە کۆنتێکستی کوردییدا، هەندێکجار لە گەمەیەکی زمانی ماروپەیژە ئاسا دەچێت. باشتر بڵێن، وەک ئەوەیە کەسێک لە پێخەوی ماڵەکەییدا خەونێ ببینێت، بەڵام بۆ راڤەکردنی پەنا بۆ ‘خەوننامەی ئبین سیرین’ ببات!

ئەنجام

دەستگرتن بە مانەوە، لە بەرگریکردن لە ژیان، بەرەو کۆیلایەتی دەگۆڕێت. پەیوەستبوون بەوەی کە ‘هەیە’، دەبێتە چوارچێوەیەکی داخراو، و قەفەسێ کە دواجار کەسێتییەکی خۆگونجێنەر-کۆمفرۆمیست- پەرەپێدەدات.

 پەیوەستیی کورد بە چیاوە، کە میتافۆری خۆڕاگری و سەختی و بەرگەگرتنە، تۆخکردنەوەی نەگۆڕانە.باشە بۆ کورد هێندە بەرامبەر مردن ئازایە، بەڵام بەهەمان ئاست بەرامبە ژیان بوێرنییە؟ رەنگە، لەبەرئەوەی ئەوەی کە مرداری دەکاتەوە ژیانە نەک مەرگ.

 زۆنی مانەوە، ئاسوودەیی و زیندوویەتی و لەناونەچوون مسۆگەردەکات. بەڵام، دواجار دەبێتە زۆنی تیاچوون بەبێئەوەی ‘بمرین’. لێرەدا زیندوویەتی و ژیان جیادەبنەوە. وەکچۆن هەموو زیندووبوونێ، ژینکردنێکی شکۆمەندانە نییە، ئاوەهاش هەموو ژێنکردنێک بەبێ زیندوومان نابێت.

ئەگەر بەپاساوی زیندوومانەوە، گۆڕانکاریی و پەرەسەندن و بەرەوپێشچوون سڕکبرێت یان بۆ وەختێکی نادیار هەڵبگیرێ، ئەوا گووتاری مانەوە جگەلە  لەخۆداکوتین لە’بوون’دا شتێکیتر نییە. ئەگەر پرسێکی ئۆنتۆلۆجی نەگۆڕێ بە پرسی پەرەسەندن، دەبێت بە پرۆژەی تیاچوون.

 هێشتا مرۆڤی ئێمە لە خولیای مانەوە و خۆڕاگرییدا بوونی چڕدەکاتەوە. تەنها ووتنی “نا هەین” بەڕووی دژبەرەکانییدا. مانەوەی مسۆگەرناکات. گووتاری مانەوە، بە هەڵگرتنی درووشمەکانی ‘یەکدەنگی، یەکڕەنگی و یەکخوایی، یەکحزبی و یەکباوەڕی هتد. دەژی. گووتارێکە کە تەنها چاوێکی هەیە: هەر دوژمن ئەبینێت و لەو سۆنگەوەیەوە هەموو یەکێک پێناسەدەکات.

ئەمەش ناودەنێم کورتبوونەوەی ئۆنتۆلۆجیی. واتە، مرۆڤی کورد هۆشیاری درککردنی بە خۆی وەک پێدراوێکی هەمەکیی- لەوێنەگەورەکەدا- بەدینەهێناوە. چاوەکانی تەنها بەرپێی خۆی نەک ئاسۆ و رەهەندەکانیتری بوونی دەبینێت.

دەبێت گۆڕانکاریی  لە هەناوی مانەوەدا بێتەدی. بەڵام، لەبەرئەوەی کورد ترسی لە دەستدانی هەیە، گۆڕانکاری پێهەرسناکرێت. وەکچۆن هەر گۆڕانێک، لە دەستدانێکە، ئاوەهاش دەستکەوتێکیتر و دەرکەوتنێکیترە. بەڵام وەک گرامشی دەڵێت ‘گرفتەکە ئەوەیە کۆنەکە دەمرێ و تازەکە لەدایک نابێت’. بەپیچەوانەوە گرفتەکە لای ئێمە زیندووهێشتنەوەی مردووەکەیە. ئەگەر کۆنەکە بشمرێت، هێشتا تازەکە ناتوانێ لەدایبکێت.


[i] سلێمانی دەزگای پەخش ناوەندی ڕۆشنبیری ڕەهەند ساڵی چاپ: 2021 ژمارەی چاپ: یەکەم

[ii]  بەتایبەت پاش ئەو گەمە ترسناکەی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی مووچە، دەرخەری ئەوەیە لەژێر پێستی گووتاری کوردایەتی و ناوەندگەریی ئێراقدا مافێکی ەسەرەتایی هاوڵاتیانی هەرێم دیزەبەدەرخۆنە بکرێت.

[iii] بەناونیشانی بۆچی گۆڕانکاری روونادات وەک بەشی یەکەمی ئەم ووتارە لە ترانسکولتوردا بڵاوکردووەتەوە و بەشی سێش لەرێدایە.

[iv] بەپێی ‘ئیندێکسی  دەستەبژێر’ی ساڵی ٢٠٢٥ رانکی ئیراق ١٤٥، خراوەتەژێر کۆدی دەستەبژێری خاویلکە/سست(lagging Elite). واتە، دەستەبژێرێک کەخۆی هیچی لەباردا نییە، بەڵام هەموو سەرچاوە دارایی و جومگەکانی هێزی لەپێناو سەپاندنی دەسەڵاتییدا پاوانکردووە:Elite Quality Index 2025. p.71

[v] مانگەکانی رابووردوو و کە دێتیش، شایەتحاڵی رووداوگەلێکن کە بکەرێکی سیاسی لە باکوری کوردستان، دەیەوێت لە “دیلێتی” گوتاری مانەوە بۆ نزیکە نیوسەدە بەرەو رێگەیەکیتر بڕوات لە کوردبوون. ئالێنگارییەکی ئاڵۆز و سەختە، بەڵام ریسکێکی پاساودراویشە.

[vi] Negation

Images: https://pixabay.com/fr/

  • Mike_68
  • felix_w
  • geralt
  • purpleivy

د. نەوزاد جەمال

دکتۆرا لە فەلسەفەی رەخنەگەرایی کانت

Check Also

 ستەمکاریی، دیوێکی تری گووتاری مانەوە

د. نەوزاد جەمال *“ستەمکاری جۆرێکە لە کوفر” **“شۆڕش ناکرێ تا بە ئاگانەیەن، بە ئاگاش نایەین …