کەسایەتی دارتینیان لە نێوان خەیاڵ و ڕاستیدا

بەیان سەلمان


زۆرن ئەوانەی ڕۆمانی ”سێ موسکیتێر”ی Les Trois Mousquetaires ئەلکسەندەر دومایان خوێندۆتەوە. هەمیشە گومانێکمان لەلا دروست دەبوو لە نێوان ئەوەی چەند ئەم کەسایەتیە مێژوویە لە ژیانی ڕاستی ئەو سەردەمەدا هەبوو و خەیاڵی نووسەر ئەلکسەندەر دومای وروژاندووە هەتا شاکارێکی لێ داهێنا.

لە قشڵەی ڤانسێن  Câteau De Vincennesلە پاریس، لە باڵی کۆشکی پاشا، پێشەنگایەکی تایبەتی بۆ کەسایەتی ڕاستی دارتینیان D’Artagnan لە ژێر ناونیشانی ”دارتینیان و موسکیتێرەکانی پاشا” D’Artagnan Et Les Mousquetaires Du Roi دامزراوە. وشەی موسکیتێر پلەیەکی سەربازیی ئەو سەردەمانە بوو کە لە خزمەتی پاشا بوو.

دارتینیان و موسکیتێرەکان، کە لە نێو هەموو یەکەی سەربازیەکاندا بە قەیافەیان دەناسرانەوە، جێگەیەکی تایبەتیان لە کولتووری میللیدا داگیر کردبوو. ئەوان لەسایەی بلیمەتی ئەدەبی ئەلێکساندەر دوما  Alexandre Dumas، بێجگە لە وەرگێڕانە بێشومارەکانی ئەو دەقە، بەتایبەتی بۆ سینەما، پێگەیەکی ئەفسانەی جیهانییان بەدەستهێنا.

ئەگەر سەرگەرمیەکانی ئەو موسکیتێرانە زۆر قەرزارباری خەیاڵ و پێنووسی ئەلێکسەندەر دومایە و هاوکارەکەی ئۆگست ماکێ Auguste Maquet، ئەوە کارئەکتەرەکانی دیکەی لەگەڵ دارتینیانن، ئاتۆس و پۆرتۆس و ئارامیس لە کەسایەتی مێژووییەوە ئیلهامیان وەرگرتووە و تۆمارکراوەکانی نێو ئەرشیفەکان شوێنەواریان هەڵگرتوون.

ئەم پێشەنگایە مێژووی ڕاستەقینەی دارتینیان وموسکیتەرەکانی پاشا ڕوون دەکاتەوە، لە کاتی دروستکردنیانەوە لە ساڵی ١٦٢٢ هەتاکو کاتی یەکەمجار نەمان لە ساڵی ١٧٧٥؛ پاشان بۆ نەمانی یەکلاکەرەوەیان لە ساڵی ١٨١٥، کە ئەم پێشەنگایە تەرخان کراوە.

بە پەنابردن بۆ نوێترین لێکۆڵینەوە، دەگەڕێتەوە بۆ پێشینەی شارڵ دو باتز دی کاستێلمۆر، ناسراو بە کونت دارتینیان، کە کوڕێکی گەنجی نۆبەرەیی خانەوادەیەک بوو لە شاری گاسکۆن و بوو بە پیاوی متمانەی کاردیناڵ مازارا، پاشان جێی متمانەی خودی لویسی چواردەهەم، کە لە ساڵی ١٦٧٣ لە کاتی ئابڵۆقەدانی ماستریخت کۆچی دوایی کردووە و لێرەدا یەکێک لە سەرکەوتنە سەربازییە گەورەکانی ”پاشای خۆر”[1] دەخەینە ڕوو کە ئەمساڵ یادی ٣٥٠ ساڵەی دەکرێتەوە.

پێشەنگاکە بایەخی داوە بە بڵاوکردنەوەی ئایکۆنۆگرافیایەکی دەوڵەمەند و خستنەڕووی بەڵگەنامەی ئەرشیفی و چەک و یەکپۆشی سەربازیی و چەندین ئامارازی بەکاهێنانی تر… لە تەک پەرەسەندنی فەیلەقی موسکیتێرەکانی پاشا و ئەرکەکانیان، هەروەها لە پاسەوانێتی پاشا هەتا سەرکوتکردنی ڕاپەڕینەکان یان لە پاسەوانێتی زیندانیانی سیاسیدا، کە نیکۆلا فۆکێە یەکێکە لە ناسراوترینیان.

پێشانگاکە لە پلانی یەکەمدا ڕۆشنایی خستووەتە سەر ڕۆڵی موسکیتێرەکان لە شەڕدا، بەتایبەتی لە کاتی ئابڵۆقەکاندا، لە کاتی هێرشەکاندا، کە ئەم سەربازە هەڵبژێردانە وێنە و ئامرازێکی باشی توندوتیژی شەڕی پاشای جەنگگێڕ بوون. لە کۆتاییدا سەرەتای کارەکەی ئەلێکسەندەر دوما ڕوون دەکاتەوە، کە سرۆشەکەی لە ”بیرەوەرییەکانی مۆسیۆ دارتینیان” Mémoires de Monsieur d’Artagnan وەرگرتووە، ئەمەش بەرهەمێکە سەرچاوەکەی یەکلا نەکراوەتەوە ئایا ڕاستییە یان خەیاڵییە، کە لە ساڵی ساڵی ١٧٠٠ لەلایەن ڕۆماننووس گاتیان دو کۆرتیلز دو ساندراس چاپ کراوە.

لە سایەی سینۆگرافییەک تیشک دەخاتە سەر هەمەجۆریی پارچە نمیاشکراوەکان، کە هەندێکیان بە قەرز لە مۆزەخانەی سەربازیی وەرگیراون، یان لە ئەرشیفی نیشتمانی، یاخود لە کتێبخانەی گشتی ڤێرسای، گشت ئەو پارچانە بانگهێشتمان دەکەن بۆ دووبارە چوونەوە سەر ژیانی ئەو پیاوانەی، کە ئەو مێژووەیان، بەرابەر بەو سەرگەرمییانەی پێیدا تێپەڕیون، جێی ئیرەیی نین.

دوای مردنی دارتینیان و تاکو کۆتایی سەدەی ١٧ موسکیتێرەکان لە پێکهێنانی فەیلەقی هەڵبژێردەکان بەردەوامبوون. لە سەردەمی لویسی چواردەهەمدا وەک لە سەردەمی لویسی پازدەهەمدا، ئەرکی سەرەکییان، وەک یەکەکانی تری سەربازی، مسۆگەرکردنی پاراستنی پاشا بوو. ئەرکێکی هەستیاریان پێ سپێردرابوو، وەک پاسەوانیکردنی کەسانی بە دەستەڵات و کاریگەر، هەروەها فەرمانیان پێ درابوو بە چاودێریکردن و ڕاهێنانی گەنجانی خاوەن پلەوپایە لە پیشەی بەکارهێنانی چەکدا. بوونی ئەوان لە پاریس، لە یەکەم سەربازگەی شانشینی، کە بۆ یەکە تایبەتەکان دیاری کرابوون، لە نێوان ڕێکخستن و پەشێویدا بە گەرمیی باسی لێ دەکرێت، چونکە خۆیان نیشان دەدا چەندە توانای سەرکوتکردنی ڕاپەڕینەکان و هۆکاری زێدەڕەوی و پشتگوێخستنی یاساکان و هێزەکانی پۆلیسیان هەیە.

بەڵام، بەهۆی زێەڕەویی بەکارهێنانیان، وردە وردە موسکیتێرەکان دەخرێنە ژێر بەرپرسیارەتییەوە و  لە بەرەکانی شەڕی سەدەی ١٨دا سنووردار دەکرێن. لە سەربازێکی فرە ئەرکەوە، کە توانای بڕیاردانی هەبوو، موسکیتێرەکان خۆیان وا دەبیننەوە کە لە یەکەیەکی سوارچاکی قورسدا قەتیس کراون، تەنها لەسەر ئەسپ شەڕ دەکەن. لە درەوشانەوە بەردەوام بوون، وەلێ زۆر بە سەختیی، ئەمەش لە ساڵی ١٧٧٥ بووە هۆی سڕینەوەیان. زانیارییەکان لە ڕێگەی وێنە و نەخشەی کێشراو بۆ پێشانگاکە ڕێگەمان بۆ ئاسان دەکەنەوە باشتر لەو مێژووە ئاڵۆزەی ئەم یەکە سەربازییە و ئەو پیاوانە تێ بگەین.

بۆ ماوەیەکی کورت لە ساڵی ١٨١٤ لە کاتی نۆژەنکردنەوەی یەکەمی پاداشایەتی، لەنێو یەکە سەربازیەکانی دیکەدا، وەک هێمای ڕژێمی کۆن، موسکیتەرەکان لە ”سەد ڕۆژ”[2] و گەڕانەوەی بنەماڵەی بۆربۆنەکان لە ساڵی ١٨١٥ بەشدار نەبوون. دارتینیان لە سێبەری مێژووە سەربازییەکانی سەردەمی لویسی چواردەهەمدا دەمایەوە ئەگەر ئەلێکسەندەر دوما و هاوکارەکەی ئۆگست ماکێ ژیانێکی نوێیان پێ نەدابا، کە سەرچاوەی لە میراتێکی نائاسایی لە خەیاڵی بەکۆمەڵی فەرەنسا و سەرانسەری جیهاندا جێگیر کرد.

 بڵاوکردنەوەی زنجیرەیی بۆ ئەو بەرهەمە ئەدەبییە ”سێ موسکیتێرەکە” Trois Mousquetaires لە ڕۆژنامەی ”سەدە” Le Siècle، لە نێوان ساڵانی ١٨٤٤ و ١٨٥٠، ئەوجا دوو بەدواداچوونەکەی کە دەرکەوتن: ”پاش بیست ساڵ”  Vingt ans après و ”لو ڤیکۆمت دو براژێلۆن”  Le Vicomte de Bragelonne، زۆر قەرزارباری دۆزینەوەی ئەلێکسەندەر دومایە، کە لە کتێبی ”یادەوەرییەکانی موسیۆ دارتینیان” سەرچاوەی وەرگرتووە. ئەوە بەرهەمێکە لە شێوەی بیرەوەری هەڵبەستراو، کە لە ساڵی ١٧٠٠ لەلایەن گاتیان دو کۆرتیلز دو ساندراس نووسراوە. ساندراس نووسەری چەندین بیرەوەری داهێندراوە و ژیاننامەی خەیاڵی ئەو کەسایەتییە گەورانەیە کە لە دەوروبەری لویسی چواردەهەم بوون. دوما و ماکێ کارئەکتەر و حیکایەتگەلێکیان دەدۆزیەوە کە توانای بەرجەستەکردنی دیدگای خۆیان بۆ سەدەی ١٧ هەبێت و خۆراکی سەرەکییان لە چیرۆکی سەرگەرمیی ئەو پاڵەوانە گەورانە دابین دەکرد کە ماکی بوێری و هاوڕێیەتیەکی بەتینیان پێکهێناوە. هەتا ئەو ڕادەییەی ئەفسانەیەکی گشتگیر لە کۆ بیرەوەریی دروست دەکات و دارتینیان، ئەتۆس، پۆرتۆس و ئارامیس دەبنە پاڵەوان گەلێکی جیهانی کە هەتا ئەم سەردەمەی ئێمە لەلای هەمووان ناسراون.

Images et référence : château de Vincennes

Dossier de presse : Marine GRESSIER Chargée des médias

Les commissaires :

Odile Bordaz : conservatrice du patrimoine, est historienne et docteure en histoire de l’art, elle est l’auteure d’études de référence sur d’Artagnan et les mousquetaires du roi.

Bertrand Fonck : conservateur général du patrimoine et docteur en histoire, il dirige le Centre historique des archives au Service historique de la Défense.

François Royal : conservateur du patrimoine, dirige le département des fonds d’archives du Centre historique des Archives au Service historique de la Défense.

Julien Wilmart : docteur en histoire, conseiller historique pour le cinéma et la télévision, il consacre ses recherches aux mousquetaires. Le livre tiré de sa thèse est appelé à devenir l’ouvrage de référence sur les mousquetaires du roi.

Scénographie/muséographie : WMH Project


بەراوێزەکان:

[1]  ”پاشا خۆر” Roi Soleil لەقەبێکە بۆ پاشای فەرەنسا لویسی چواردە. 

[2]  ”سەد ڕۆژ” ئەو قۆناغەیە لە مێژووی فەرەنسادا لە نێوان گەڕانەوەی ئیمپراتۆر ناپلیۆنی یەکەم بۆ فەرەنسا لە ١ی ئازاری ١٨١٥ و هەڵوەشاندنەوەی کۆمیسیۆنی ناپلیۆنی دووەم کە بەرپرسیار بوو لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن دوای دووەمجار دەستلەکارکێشانەوەی ناپلیۆنی یەکەم، ٧ی تەمموزی ١٨١٥.

Check Also

ئاڵوودەبوون بە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان

بەهیە بارام ئالودەبوون واتا خووگرتنی کەسێک بە شتێکی دیاریکراو وەک ماددە هۆشبەرەکان، یارییە ئەلیکترۆنییەکان، فیلمەکانی …