بەیاننامەی مافەکانی مرۆڤ و هاووڵاتی لە فەڕەنسا – ساڵی ١٧٨٩

وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە: کاروان بازیان

ئەم بەیاننامەیە لە ٢٦ و ئابی ساڵی ١٧٨٩، دوای شۆڕشی فەڕەنسی، لەلایەن ئەنجوومەنی نیشتمانیی فەڕەنسا (پەرلەمان) ەوە دەرکرا کە بەرهەمی شۆڕشەکەیە. پێکهاتووە لە دیباجەیەک و حەڤدە مادە، تێیاندا تەئکیدکراوە تەسەر: ئازادی، مافی خاوەندارێتی، ئەمن و ئاسایش، بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و زۆرداری، یەکسانیی لەبەردەم یاسا و پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان.

بڕەگەکانی ئەم بەیاننامەیە لەناو هەریەکە لە دەستوورەکانی فەڕەنسانی ساڵانی ١٨٥٢ و ١٩٤٦ و دواجاریش دەستووری ١٩٥٨، کە دوا دەستوورە و پێیدەوترێت کۆماری پێنجەم، جێگیرکراوە.

ئەمەی خوارەوە دەقی بەیاننامەکەیە:

نوێنەرانی گەلی فەڕەنسا کە بریتین لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نیشتمانی (پەرلەمان)، پێیانوایە کە نەزانین، فەرامۆشکردن و ڕێزنەگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، تاکە هۆکاری دەردەسەریی گەل و گەندەڵیی حکوومەتەکانن، بۆیە بڕیاریاندا لە بەیاننامەیەکی ڕەسمیدا، مافە سروشتی و جێگیر و پیروزەکانی مرۆڤ ڕابگەیەنن، کە تەواوی ئەندامانی کۆمەڵگا بگرێتەوە و تێیدا ماف و ئەرکەکانیان وەبیربهێنێتەوە. دواتریش هەموو کات هەریەکە لە دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن بەراوردبکرێن تاکو دامەزراوە سیاسییەکان ڕێزیانلێبگیرێت و لەمەودوا داواکاریی هاووڵاتییان، کە لەسەر بنەمایەکی سادەی جێگیر دەمەزراوە، لە چوارچێوەی پاراستنی دەستوور و خۆشی و شادیی هەموواندا دەبێت.

بۆیە دواجار، ئەنجوومەنی نیشتمانی، بە چاودێریی ئەنجوومەنی باڵا، بەیاننامەی مافەکانی مرۆڤ و هاووڵاتیی رادەگەیەنێت و دەنیپێدادەنێت.

مادەی یەکەم

مرۆڤەکان بە ئازادی لەدایکدەبن و یەکسانن لە مافدا. جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان تەنها لەو کاتەدا دەبێت هەبێت ئەگەر لە بەرژەوندیی گشتیدابێت.

مادەی دووەم

ئامانجی هەموو رێکخراوێکی سیاسی دەبێت بۆ پاراستنی مافە سرووشتییە بێ چەندوچوونەکانی مرۆڤ بێت. ئەو مافانەیش بریتیین لە: موڵکدارێتی، ئەمن و ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و زۆرداری.

مادەی سێیەم

پرەنسیپی هەموو سەروەرییەکان لە نەتەوەوە سەرچاوە دەگرێت. هیچ لایەنێک یان کەسێک بۆی نییە مومارەسەی دەسەڵاتبکات ئەگەر نەتەوەوە سەرچاوەی نەگرتبێت.

مادەی چوارەم

ئازادیی بریتییە لە ئەنجامدانی هەموو ئەوانەی کە دەتەوێت مومارەسەیان بکەی بەومەرجەی زیانی بۆ ئەوانی تر نەبێت. هەروەها مومارەسەی مافە سروشتییەکانی مرۆڤەکان سنووریان نییە بەو مەرجەی کە ئەندامانی تری کۆمەڵگا هەمان مافیان هەبێت. ئەو سنوورەیش تەنها بە یاسا دیاریدەکرێت.

مادەی پێنجەم

یاسا تەنها ڕێگری لەو هەڵسووکەوتانە دەکات کە زیانیان بۆ گۆمەڵگا هەیە. ئەوەی بە یاسا قەدەغەنەکرابێت نابێت ڕێگری لێبکرێت. نابێت کەس ناچاربکرێت بە ئەنجامدانی کردەوەیەک کە خواستی خۆی لەسەرنەبێت.

مادەی شەشەم

یاسا گوزارشتە لە خواستی گشتی. هەموو هاووڵاتیان مافی ئەوەیان هەیە وەک خۆیان یان لە ڕێگەی نوێنەرەکانیانەوە بەشداری بکەن. پێویستە یاسا بۆ هەموو کەس وەک یەک بێت لە پاراستن و سزادان. لەسایەیدا هەموو هاووڵاتیان یەکسانن، خاوەنی کەرامەت و پلەوپایەی خۆیانن، بۆ وەرگرتنی هەر کارێک تەنها توانا و لێهاتوویی لەبەرچاودەگیرێت.

مادەی حەوتەم

هیچ مرۆڤێک لەدەرەوەی یاسا و ڕێوشوێنە یاساییەکان تۆمەتبار، دەستگیر و دەستبەسەر ناکرێت. ئەوانەی کە هۆکارن یان بانگەشە یان کردەوەی توندووتیژی دەکەن، پێویستە سزابدرێن. بۆیە هەر هاووڵاتییەک کە داواکراوبێت پێویستە یەکسەر ملکەچی یاسا بێت ئەگەرنا ئەوا تاوانبارە.

مادەی هەشتەم

پێویستە دەقی یاسایی تەنها لەسەر سزای دیاریکراو و پێویست دەمەزرابێت. دەبێت کەسی تۆمەتبار بە یاسایەک سزابدرێت کە پێشتر دەرچووە و کاریپێکراوە.

مادەی نۆیەم

هەموو کەسێک بێتاوانە تا ئەوکاتەی کە تۆمەتەکەی بەسەردا ساغدەبێتەوە. ئەگەر کەسێک دەستگیرکرا و مافەکانی نەپارێزرا ئەوا بەپێی یاسا و بەشێوەیەکی جدی بەدواداچوونی بۆدەکرێت.

مادەی دەیەم

هیچ کەسێک نابێت نیگەران بێت لەسەر دەربڕینی ڕاوبۆچوونەکانی و ئایندارێتییەکەی، بەومەرجەی نەبێتە مایەی تێکدانی ئاسایشی گشتی کە یاسا دیاریدەکات.

مادەی یانزە

ئازادیی گوزارشتکردن لە بیروبۆچوون یەکێکە لە مافە هەرە گرنگەکانی مرۆڤ. هەموو هاووڵاتییان دەتوانن بە ئازادانە بدوێن، بنووسن، چاپبکەن، بەڵام ئەگەر ئەم ئازادییانە خراپبەکارهاتن ئەوا بە یاسای دیاریکراو وەڵام دەدرێنەوە.

مادەی دوانزە

زامنکردنی مافەکانی مرۆڤ و هاووڵاتییان پێویستی بە دەسەڵاتی تەواوی دامەزراوەکانی دەوڵەتە، ئەم دەسەڵاتەیش بۆ بەرژەوەندیی گشتییە نەک تایبەت.

مادەی سیانزە

لە پێناو بەرژەوەندیی گشی و خەرخیی دامەزراوە ئیدارییەکان، سەپاندنی سیستمی باجی گشتی پێویشتییەکی ژیانییە، کە پێویستە لەسەر هەموو هاووڵاتییان، بەپێی سەرچاوەی داراییان، جێبەجێبکرێت.

مادەی چواردە

هەموو هاووڵاتییان مافی ئەوەیان هەیە، خۆیان یان نوێنەرەکانیان، بەدواداچوون بۆ باج بکەن و بەشێوەیەکی ئازادانە بڕیاری لەسەر بدەن، هەروەها بەدواداچوونیش بۆ بەکارهێنانی، دیاریکردنی بڕەکەی، بنەما، بەدەستهێنان و ماوەکەی بکەین.

مادەی پانزە

هەموو هاووڵاتییەک مافی ئەوەی هەیە لێپێچینەوە لە فەرمانبەری دەوڵەت بکات لەسەر ئیشوکاری ئیداری.

مادە شانزە

هەر کۆمەڵگایەک گەرەنتی مافەکانی تێدا نەکرابێت و دەسەڵاتەکان تێیدا جیانەکرابێتەوە، ئەوا کۆمەڵگایەکی بێ دەستوورە.

مادەی حەڤدە

مافی خاوەندارێتی مافێکی بێ چەندوچوون و پیرۆزە، کەس بۆی نییە ئەو مافە وەربگرێتەوە تەنها مەگەر سوودی گشتی تێدابێت ئەویش دەبێت لەچوارچێوەیەکی یاساییدابێت، بۆ ئەوەش پێویستە قەربوویەکی عادیلانەی پێشوەختی خاوەن موڵک بکرێتەوە.

_________________________________

سەرچاوە:

https://www.elysee.fr/la-presidence/la-declaration-des-droits-de-l-homme-et-du-citoyen

Image: Archives nationales (France), 30 septembre 1789, AE/II/1129, Déclaration des droits de l’homme et du citoyen

Check Also

فێمینیزم و  زانستە مرۆڤایەتییەکان

دیالۆگ لەگەڵ خانمە فەیلەسوفی ئەمریکی مارتا نوسباوم ئەنجامدانی: فاتیمە الشملان و: هاوڕێ خالید پێشەکی پڕۆفیسۆر …