چوار شه‌ممه‌, نیسان 24, 2024
frku

یەکسانى جێندەرى یاخود گەڕانەوەى پێگە بۆ ژنان

ناودار زیاد

دەکرێت هاوشان لەگەڵ بەشێک لە بیرمەندانى فێمینیزمدا ئەو بانگەشەیە بکەین کە مرۆڤ نیوەی نێر و نیوەکەی دیکەی مێیە. واتە چ ژن و چ پیاو هەر یەکێکیان بە تەنها و بە سەربەخۆیی و دوور لەوی دیکەیان کەمایەتییە و نیوە و ناتەواوە. سەربارى ئەوەى جیاوازى بایۆلۆژى لە نێوان ژن و پیاودا هەیە، کە ئەفزەڵیەت و باڵایى هیچیان بەسەر ئەوى دیکەیاندا ناسەلمێنێت چونکە ئەگەر ژن هەندێک کردە و چالاکى پێ ئەنجام نەدرێت ئەوا پیاویش ناتوانێت هەندێک چالاکى ئەنجام بدات. ئایا پیاو دەتوانێت شیر بە منداڵ بدات !؟ لە کاتێکدا ئەو جیاکاریى و نابەرانبەریى و ستەمەى بەرانبەر ژنان بوونى هەیە جێندەرییە و بەرئەنجامى هۆکارە کۆمەڵایەتى و کولتوورى و مێژووییەکانە. لەم گۆشەنیگایەوە دەکرێت بڵێین هەر هەوڵێک و بە هەر پاساوێک و بە ئەرگیومێنتی هەر بیر و باوەڕ و شیمانەیەک بە مەبەستی دابڕین و ترازان و کەلێن خستنە نێوان ڕەگەزی مێ و نێرەوە ناسروشتی و نالۆژیکی و ناژیانییە، هەر لە نموونەى جیاکردنەوەیان لە قۆناغەکانى خوێندنەوە تاکو دابەشکردنى کار و پیشە و ڕۆڵ و ئەرکەکان.

‎هەرچەندە لەم سەردەمەى ئەمڕۆدا کە باوکسالاری و پیاوسالاریى لە تڕۆپکدایە و نابەرانبەریى جێندەریى چەندین فۆڕمى وەرگرتووە و ژنان لە بەشداریکردنى بەشێک لە ڕووبەر و پانتایی و پرسە گشتییەکان دوورخراونەتەوە و لەلایەن پیاوانەوە هەژموونیان بەسەردا دەکرێت، بەڵام بەڵگەنامە مێژووییەکان و، پاشماوە و دۆزینەوە ئارکیۆلۆژییەکان ئەوە نیشان دەدەن کە لە بەرەبەیانی شارستانییەت و مێژووی مرۆڤایەتیدا ژنان پێگە و ڕۆڵیان لە پیاوان زیاتر بووە، لە پاوان و ناوەندەکانی دەسەڵاتداریەتی و بەڕێوەبردندا خاوەن بڕیار بوون، هێز و توانستیان لە پیاوان زیاتر بووە، تەنانەت بە پیرۆز تەماشاکراون و پەرستراون، وەک چۆن ڕێز لە سروشت و زەوی گیراوە بەهۆی ئەوەی سەرچاوەی بەروبووم و پیت و فەڕ و ڕزق و ڕۆزی بووە، ئاوهاش نرخ و سەنگیان بۆ ژن داناوە چونکە وەچەی خستووەتەوە، هێلانەی هەڵگرتن و داڵدەدانی کۆرپەلە بووە، باری ئازارى دووگیانى لە ئەستۆی ئەو بووە، شیری بە منداڵ داوە، چاودێری و پەروەردەی کردووە، لە کاروباری بەڕێوەبردنی ماڵ و خێزان و کێڵان و تۆوکردن و ئاژەڵداریدا لە پیاو کارامەتر و بە سەلیقەتر بووە. هاوکات جێى سەرسوڕمان و ستایشە کە سەربارى ئەم ڕۆڵ و پێگە بەهێزەى ژنان لەو قۆناغەدا کەچى هیچ ئاماژەیەکى توندوتیژ و شەڕ و بەدکاریى دژى پیاوان بەدى ناکرێت.

کارەسات لێرەوە دەست پێ دەکات کە ‎سروشتی ئەم پەیوەندییە وەکو خۆی نەماوەتەوە و گۆڕانى بەسەردا هاتووە. دوای ئەوەی پیاو هەست دەکات لە ڕووی جەستەییەوە لە ژن بەهێزترە و دەتوانێت بەسەریدا زاڵ بێت، بۆیە ئەم توانست و وزەیە لە خزمەتی خۆیدا و دژى ژن بەکاردێنێت، ژن بەرزەفت دەکات و دەیخاتە ژێر هەژموون و کۆنتڕۆڵی خۆیەوە. وردە وردە لە ململانێ و ناکۆکییەکاندا بڕیار و ئیرادەی خۆی بەسەر ژندا دەسەپێنێت، بۆ سەپاندن و جێگیرکردنی ئەم قەناعەتی خۆزاڵکردنەى پاساو و بەڵگە و هۆکاری هەمەجۆری چەوت و نالۆژیکی و ناسروشتی دەهۆنێتەوە و لە دژیان بەکاریدێنێت: ئەفسانە کۆنەکانى میللەتانى دونیا و ئایینەکان بەڵگەن لەسەر ئەمە. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە چیتر ژن ڕۆڵ و پێگەی نەماوە و کۆتایی پێ هاتووە، بۆ ئەمە ئەگەر بۆ پێویستى ئامادەییە بوونگەرایى و کۆمەڵایەتى و مرۆیى و کارگێڕییەکەشى نەگەڕێینەوە، بەڵکو تەنها ئەو گوتەیە وەربگرین کە دەڵێت “لە پشت هەر پیاوێکی سەرکردە و هەڵکەوتووەوە ژنێکی بەهێز هەیە”. ئەوا درک بەو ڕاستییە دەکەین کە ژنان فاکتەرێکی کارا و کاریگەرن بەسەر پیاوانەوە. جا ئەم کاریگەرییە چ بە پەنهانی یاخود بە ئاشکرایى جێکەوت بێت، گرنگ ئامادەیی و بەرجەستەییەتی.

Image: Selver Učanbarlić

‎ئەگەر لەو سۆنگەیەوە نموونەى ئایینى ئیسلام وەربگرین بەو پێیەى ئێمەى کوردى زۆرینە موسڵمان کاریگەرى کولتوور و فەرهەنگى ئیسلامیمان بەسەرەوەیە، دەبینین وێڕاى ئەوەى دۆخى ژن پێش هاتنى ئیسلام لە نیمچە دوورگەى عەرەب خراپ بووە، بەڵام ئەوەی کە مێژوونووسانی ئیسلام دەربارەی بارودۆخی ژن پێش هاتنی ئیسلام دەیڵێن لە قەبارەی خۆی گەورەتر کراوەتەوە و هەندێکیشیان هەڵبەستووە یاخود شێواندووە. وەک دەڵێن خێزانى عەرەب کچیان ببوایا ئەوا زیندەبەچاڵیان دەکرد. بەڵام ئەگەر بەم جۆرە بوایا ئەوا دەبووایا ڕێژەى ژن لە نیمچە دوورگەى عەرەب زۆر کەم بوایا و ئەوپەڕى ناچالاک و بێ ڕۆڵ و ناکاریگەر بونایا. بەڵام ئەگەر ژن بەو جۆرەى ئیسلام باسى دەکات بێنرخ بووبێت و سووک تەماشا کرابێت ئەدى بۆچى (لات و عوزا و مه‌نات) سێ گه‌وره‌ ژنە-خوداوه‌ندی سه‌رده‌می بتپه‌رستی نیمچه‌دوورگه‌ی عه‌ره‌بیی بوون؟ ته‌نانه‌ت (عه‌بدولموته‌لیب) باپیری حه‌زره‌تی (محه‌ممه‌د) دووان له‌ كوڕه‌كانی (عبدللات و عبدلعزی) به‌ خۆشی ئه‌م ژنه‌-خوداوه‌ندانه‌وه‌ ناوناوه‌. ئه‌مه‌ گه‌واهیده‌ری ئه‌و ڕاستیه‌یه،‌ هه‌رچه‌نده‌ عه‌ره‌به‌كان خێڵه‌كییانه‌ له‌گه‌ڵ ژندا هه‌ڵسوكه‌وتیان كردووه ‌و له ‌نه‌ریتی خێڵیشدا جیاکاریی و نابه‌رانبه‌رییه‌كی زۆر‌ له ‌نێوان نێر و مێدا هەیە، به‌جۆرێك ته‌رازووه‌كه‌ له ‌هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ به‌لای مێدا لاسه‌نگه‌، مێ كه‌وتووەته‌ په‌راوێزه‌وه‌، به‌ڵام ڕێز و مه‌قامی ژن له‌ شوێن و كاتی خۆیدا باڵا و بەرز بووه‌ و بێ ڕۆڵ و ناكاریگه‌ر نه‌بووه‌، چونکە‌ ئه‌گه‌ر سه‌نگ و پێگەى ژن لاى ئەوان كه‌م و نزم بووایا هیچ كات ئاماده‌نەدەبوون بتى ژنە-خوداوەندەکان له‌تەک نێر-خواوه‌نده‌كانیان دابنێن، كڕنۆشیان بۆ ببەن و داوای كه‌ره‌م و ڕه‌حمه‌تییان لێ بكه‌ن. ئەمە سەربارى ئەوەى پێش هاتنی ئیسلام لە پەرستگای مەککەدا ژنان مەراسیمی تەوافی کەعبەیان بە بێ جلوبەرگ و بە ڕووتی بە ئەنجام گەیاندووە و لە کۆتایی مەراسیمەکەشدا وەک نرخ و ڕێزێک لەلایەن پیاوەکانیانەوە پۆشاکى تازەیان بە دیاری پێشکەشکراوە. بەم جۆرە ئەمانە و چەندین نموونەی ژنی هەڵکەوتوو، خاوەن پێگە و ڕۆڵی بەرچاو لە کۆمەڵگەی عەرەبیدا لە نموونەى (خەدیجەى کچى خوەیلەد)ى بازرگان و (خەنسا)ى شاعیر و (حەلیمەى کچى حارث غەسانى) جەنگاوەر…هتد، گەواهیدەرى ئەوەن کە ژنان بێنرخ و پەراوێزخراو نەبوون.

لە هزرى فەلسەفیشدا تاکو سەردەمى هاوچەرخ چەندین باوەڕ و بۆچوون هەیە کە ژن لە پلەیەکى نزمدا دادەنێت: (ئەرستۆ) باوەڕى وابووە سروشت کاتێک نەیتوانى پیاو بخوڵقێنێت ئەوا ژن دروست دەکات، واتا ژن بەرئەنجامى ناتەواوییەکانى سروشتە. (ژان ژاک ڕۆسۆ) پیاوى وەک سەرچاوەى چاکە و ژنى وەک سەرچاوەى بەدکاریى بینیوە و، پێى وابووە ژن سەرەتا ملکەچ و فەرمانبەرداریى ئەویترى پیاوە، پاشان هى مێردەکەی و دواتر هى منداڵە نێرینەکەى. (لینین)یش گاڵتەى بە پێشنیارەکانى (ئەلیکساندەر کۆڵۆنتا)ى دەکرد کاتێک دەیگوت ژن لە کارى ماڵدا دەچەوسێنرێتەوە. بەڵام هەموو ئەم بۆچوونە فەلسەفییانە بە چڕوپڕى ڕووبەڕووى ڕەخنە بوونەوە و لەناو هزرى فەلسەفیدا پەردە لە رووى چەوتى و ناڕاستیان هەڵدرایەوە و بوون بە پەڵەیەک بەسەر فەلسەفەى ئەو فەیلەسوفانەوە.

لە کولتوورى کوردەواریشدا چونکە مێنتەڵێتى خێڵ و عەشیرەت بناغە و سەرچاوەى کولتوورەکەیە، بۆیە ژن نزم و پلە دوو بینراوە، هەندێکجار وەک زەوى و ماڵات و ئەسپ ئەژمار کراوە و نرخى لەسەر دانراوە. هەمیشەش ژن شەرەفى خێزان و بنەماڵە و خێڵ بووە نەک پیاو، چونکە ئەگەر پیاو پەیوەندییەکى سێکسى لە دەرەوەى داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکە لێ ئاشکرا بێت ئەوا مایەى ئابڕووچوون نییە، بەڵام بۆ ژن مایەى نەنگى و حەیاچوون و ئابڕووتکان و سەرشۆڕییە. بڕیار لەسەر ئەوە دراوە کە ژن بۆ کاروبارى ماڵەوە و پیاو بۆ کاروبارى دەرەوە. بەرزەفتکردنەکە بەو ڕادەیەیە کە ژن وەک موڵکى باوک و برا و هاوسەر و مام و ئامۆزاکانییەتى، کەچى پیاو بە پشت ئەژمار دەکرێت نەک ژن. هەروەها نێر شانازى و سەربەرزى و هێزە بۆ خێزان و خزم و خوێش نەک مێ و لە ئاستى سایکۆلۆژیدا سەرکوت و جیاکارییەکە لەو پەندە کۆنەدا جێکەوت بووە کە دەڵێت “ژنى شەرمن شارێک دێنێ و پیاوى شەرمن شانەیەک”.

هەرچەندە کۆمەڵگەى کوردى بە ڕووى دونیادا کراوەتەوە و جیهانیش بەهۆى پێشکەوتنى ئەنتەرنێت و ڕاگەیاندن و هاتووچۆوە، هەر وەک دەڵێن، بوەتە گوندێک، کەچى تاکو ئێستاش ئەم جیاکارییانە لە ڕوانین و باوەڕ و عەقڵیەت و کردەوەدا لە هەمبەر ژنان بە قووڵى و لە فۆڕمى هەمەچەشندا ئامادەییان هەیە. لە کاتێکدا هەموو بانگەشەیەکى دیموکراتى و ئازادى بەبێ داننان بە مافى یەکسانى ژناندا بە واتاى دیماگۆجییەت و دژوێژیى دێت. دژوێژیش لە ئەمڕۆى کۆمەڵگەى کوردیدا نەخۆشییەکى کوشندەیە چونکە هەمووان بە قسە و گوفتار باوەڕیان بە مافەکانى ژنان هەیە و ڕێز و نرخى خۆیان بۆ ژنان دووپات دەکەنەوە، کەچى زۆرینە لە پڕاکتیکدا پێچەوانەى گوتە و باوەڕییەکانیان ڕەفتار دەکەن.

Check Also

ئەگەر لە بازنەیەکی سەرووی خۆمانەوە لە جیهان بڕوانین/ بەشی یەکەم

د.مەدیحە سۆفی گۆی زەوی لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی سەختی کێشەی جۆراوجۆردایە، کە ئیدی دەستی مرۆڤ ناتوانێت بە …