پێنج شه‌ممه‌, نیسان 25, 2024
frku

بیری بەرماڵەکەی نەنکم ئەکەم

دلێر محەمەد نوری

عەیامێکە بیری ئیماندارانی حەفتاکان و هەشتاکانی گەڕەکێکی میللی کەرکووک ئەکەم. ئەو ئیمانەی بایەقوشەکەی بەعس لە سەرەتای نەوەددەکان، شتێکی بە ناوی حەملەی ئیمانییەوە داهێنا بۆ لە ناوبردنی هەستی مرۆڤ دۆستانە و ئاشتی خوازانە و پێکەوەژیان و گیانی کوردپەروەرانەی خەڵکانی شارەکەم. ئیدی لەو ڕۆژەوە زۆرێک لە ئیمادارانی ئەمڕۆی شارەکەم ناناسمەوە. ئەوانەی سەروسیما و جل و بەرگ و هەڵسوکەوتیان لە هی هەشتاکان ناچێت. کە مناڵ بووم کەسێکم نەدیت سمێڵ بتاشێ و ڕیش بهێڵێتەوە. دسداشە و شەرواڵەکان لە قوولە پێوە دەستی پێ ئەکرد نەک لە خوار ئەژنۆوە. باپیرم چوار حەجی کرد و ڕۆژێک سیواکم پێ نەبینی. کە نوێژی جەماعەتیشمان ئەخوێند لە جەماعەتی ئێستا نەدەچوو. یەکێک قاچی بڵاوە و یەکێک باڵەکانی ڕێک لە سەر سنگی لێک دەئاڵێنێ. لە نوێژی ئەوسا لە ڕیزی یەک و دەستەکانیان لە سەر ناوک دادەنا. ئەوسا سەلام کردنیش وەکو هی ئێستا نەبوو (السلام علی من اتبع الهدی). بەڵکو سەلام سەلامی خوا بوو بۆ موسڵمان و مەسیحی و کاکەیی و ئیزیدی و ئەرمەنیش وەکو یەک ئەوترا ئاشتی خودات لە سەر بێت.

تۆ تەماشا مینبەرەکانی نێو سۆشیال میدیا و یوتوب بکە، شتی وا دەبینی و دەبیستی حەفتا قۆناغ لە ئایین دوورت دەخەنەوە. بۆ ئەوانەی بە ئایینی موحیبەت گەورە بوون، زەحمەتە بچنە سەر  ئایینێک لە ڕق و کینە.

هەر بۆیەش بیری مەلا و حاجی و نوێژکەر و ئیماندارەکانی حەفتا و هەشتاکانی کەرکوکم ئەکەم. بیڕی ئیمانەکەی نەنکم ئەکەم کە لە سنووری بەرماڵ و تەسبیح و دڵ و دەروونی نەدەترازان. ئیمانێک تەنها هی خۆی، وەکوو کراسەکەی بەری. کە لە حەوشەکەدا و لە سەر بەرماڵەکەی، کاتێ هەردوو دەست و سەری بەرز دەکردەوە، لەگەڵ خودادا قسەی دەکرد. ئەودەم کە هەموو شتێکم لێ دەبوو بە ڕاست و لە ئاسمان بۆ خودا دەگەڕام. ئاخر نەنکم وەها چاوەڕێی وەڵامدانەوە بوو، وام دەزانی خودای لێیە. توومەز نەنکم لە حەشمەتی ئیماندا بووە بە بەشێک لە ئاسمان. وا دیار بوو نەنکم دەیبینێت، نەک من. بیری ئیمانداری باپیرم دەکەم کە لە دوای نوێژی جومعان لە ئێزگەی دەنگی کوردی هەشتاکانەوە، گوێی لە عەلی مەردان دەگرت و لە گەڵیا فاتیمە دوو جاوی مەستتی بۆ نەنە فاتەم دەوتەوە. ڕۆژێک نەمبیست بڵێ مۆسیقا حەرامە. تەنانەت جارێک لە حەجەوە ئامێری تۆماری (تەسجیل) بۆ مام هێنا. ماڵەکەی ئێمە هەمیشە پڕبوو لە دەنگی گۆرانی و یەک کاسێتی سوڕەتی یوسف نەبێت. باپیرم خۆی لە قورعانە گەورەکەی بەردەستی بە ئاوازێکی فارسی قورئانی بۆ دەخوێندین. ئەو هەمیشە دەیوت ”لە دوای قورئان عەلی مەردانە.”

بیری ئەو قورئانەش دەکەم کە بە پەڕۆ سەوزە تەفەڕوکەکەی، حەجی باپیرم پێچرابوویەوە و چەند جارێکیش خەتمم کرد بوو. بیری مەلا حەمەدەمین دەکەم کە جار و بار دوعای بۆ سەرکەوتنی کوڕە شوعییەکەی دەکرد و هەقی داس و چەکوشەکەی نەبوو. دەیووت ئەو دژی زاڵم چەکی هەڵگرتووە. ئەو جار و بار لەگەڵ نوێژخوێنان لە مزگەوتەوە غل دەبوونەوە بۆ باخەکەی تەپپە بۆ دامەکردن و سێ ڕسکان. ڕۆژێک نەیووت دامە و دۆمینە حەرامن. بیری مەلا هادی دەکەم کە جار جارە بە دسداشە شینە ئاسمانییەکەی و کەشیدە و کڵاوە سپێەکەی بە بەردەمی ئەو ژنانەی گەڕەکدا تێدەپەڕی بۆ مزگەوت. ئەگەر ژنێکیان مەمکی لە دەمی ساواکەشی بووایە لە کۆڵاندا هرگیز نەیدەگوت ناماقوڵی گوناهەت کرد، سنگت داپۆشە. بیری مەلا بەکر و حاجی عەلی سور و حاجی عوسمان چایچی و کاک محەمەد عیزەت دەکەم کە کچەکانیان لە سفور سفورتر بوون و خۆشیان لە ڕیزی پێشەوەی نوێژ خوێنان بوون. بەڵام بێ دەربەست بوون لە ئاست سەرڕووتی ژن و کچەکانیان. بیری ئیماندارە مەسیحییەکانی گەڕەک دەکەم، کە پارچە نانێکیان لە زەوی بدیبایە بە تەنگەتاو هەڵیان دەگرتەوە و سیانەی مەسیحییان دەخوێند (الاب و الابن و روح القدوس). بیری تەنوورە کورتەکانی خانمەکانیان دەکەم، کە نەنکم دەیناردین بۆ ماڵیان بۆ زەیتوون و لیمۆ تەکاندن و بۆ نیوەڕۆش نمەکی ئەوانمان دەکرد، بێ ئەوەی کەس بڵێ نانیان حەرامە! بیری ماڵی دایکی جەماڵ و کەماڵ دەکەم کە بەئەسڵ مەسیحی شەقڵاوەیی بوون. ئاخ لە بێگەردییا ئیمانی لێ دەباری. گەلێ جار لەگەڵ نەنکم لە جەژنەکاندا دەچووینە لای و نمەکمان دەکردن. ئەودەم هیچ موسوڵمانێک نەیدەوت نابێ بە مەسیحییەکان بڵێن (ئیدوخ پریخێ) واتا جەژنتان پیرۆز بێت. لە ئایینی ئەودەم هەموو شتێ جائیز بوو، تەنها رق و جیاخوازی و کینە نەبێ. پێم وابێ ئەوسا هەمووان بەهەشتیی بوون، بە مەشرووب خۆر و لەش فرۆشەکانیشەوە. ئەوسا ئیمان لە نێوان خودا و عەبد بوو. خودا وەکیل و پارێزەر و پۆلیسی نەبوو. ئیمان بۆ بڵاوکرنەوەی گووڵاوی موحیبەت بوو نەک تاڵاوی ڕق. وتارەکان بۆ بڵاوکردنەوەی خۆشەویستی و پێکەوژیان و ئاشتی بوو، قەد شۆڕ نەدەبووەوە بۆ قژ و پەچە و پێک و مۆسیقا و ڕەش بەڵەک و دەهۆڵ و زۆڕناکەی سەڵاح و فایەق دواودە. بیرمە گەڕەک پڕ بوو لە گەنجی مەشروب خۆر. بیرم نایەت کچێکی موحەجەبەم بینی بێت. کوڕی مەسیحی و کچە موسڵمان و پێچەوانەکەشی هاوڕێی بوون. تەنانەت مزگەوت پەیوەندی بە ئەو دوو سێ مەی فرۆشەی گەڕەک و بۆنی شەرابە فەلی ماڵە مەسیحیەکانیش نەبوو. بیرمە و بیرمە و بیرمە…بەڵام ئەوەی بیرم نەبێت لە هەشتاکان وتاری تیژی ئەم ئایینە نوێیەی ئەمڕۆیە؛ سیمای سمێڵ تاشراو و ڕیش درێژ و شەرواڵ کورتێتی. ئەوەی ڕەنگ و بۆن و دەنگی نەبوو لەو ئایینەی هەشتاکان مەرگ و خوێن و قێژە و قیڕە و کفن و دفن و گیانی ڕەگەزپەرستی بوو.

وێنەی بەرماڵ: https://ckb.wikipedia.org/wiki/%D8%A8%DB%95%D8%B1%D9%85%D8%A7%DA%B5#/media/%D9%BE%DB%95%DA%95%DA%AF%DB%95:Bermalli_Kurdi.jpg

Image: prayer-Ri Butov, Pixabay

Check Also

مرۆڤی ساختە

 عەلی حەسەن  دەموچاوەکان ئاشنانین، پێکەنینەکان، حەژمەتەکان، کەس ئاشنای کەس نییە. خێرە ئەم هەموو نائاشناییە! کەسم …