شایەدحاڵی چرکەیەکی مێژووی ژیانم

فریشتە

فریشتە

نازانم لەکوێوە دەست پێبکەم! گەر باس لە ساڵی لەدایک بوونم بکەم، ئەوا 31/8/1959 هاتوومەتە دنیاو دایکم بەفریشتە ناودێری کردوم. دوایی باوکم پێیخۆش بووە ناوەفەرمیەکەم بکاتە ڕێزان عومەر مستەفا.

ئەو دەمە دەرچووی ئامادەیی پیشەسازی بووم، هەر لە سەرەتای هەرزەکاریەوە ڕۆمانەکانی (مەکسیم گۆرکی) و (تۆڵستۆی) و (کازانزاکی) لەلایەک و دەریای بێ بنی شیعرەکانی (گۆران) و چیرۆکەکانی (حسەین عارف) پەلکێشی دنیا جوانەکانی ئەدەبیان کردم و بەهەڵپەو خولیایەکی شێتانە ڕۆمان و چیرۆک و شیعرم گرتە ئامێزو جارجار پەخشانی کورتم دەنووسی. چالاکی قوتابخانەکانی ئەو سەردەمە بە نێوەندی (سوعاد ساڵح زەریفی)ەوە کە مامۆستای کوردیم بوو لە قۆناغی ناوەندی، هەستیان بە بەهرە ئەدەبیەکانم کردو بوونە هاندەرم. لە دووهەمین قیستڤاڵی کوردی لەساڵی 1977 دا بە پەخشان خوێندنەوە بەشداریم کرد و لەگەڵ (یاسین قادر بەرزنجی) بووینە براوەی یەکەمی میهرەجان لە سەرئاستی عێراق.

ئەوکات زوڵم ونەهامەتیەکانی حیزبی بەعس دوای کارەساتی تێکشکانی شۆڕش لە تەوژمدا بوو، براکانم لە کاری سیاسی دژ بە ڕژێم چالاک بوون، برایەکم لە ئایاری 1976 دا گیراو دوو ساڵ حوکمدرا. چالاکیە سیاسیەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەران هاوتەریب لەگەڵ دڕندەیی حیزبی بەعس هەڵکشاوتر بوون، ماڵی ئێمەش بووە کورەی خەباتی سیاسی، (شەهید ئارام) بارگەو بنەی لە ماڵی ئێمەخست و دەیان کادری کۆمەڵە وەک پوورەهەنگ دەهاتن و دەچوون، ماڵەکە بووە بنکەیەکی حیزبی، منی هەرزەکاریش بێ ویستی خۆم بومە برغوی هەمان ماشێنی خەبات، شەوانە لەجێی وانەکانی قوتابخانە، ڕەشنووسی نووسینەکانی (کاک ئارامم) پاکنووس دەکرد. ڕۆژانە نامەم دەبرد، هەواڵم دەهێنا،
(کاک ئارام) و زۆرێک لە هاوڕێیانی چوونە شاخ، براکەی تریشم گیرا و حوکمی پێنج ساڵی بەسەرا درا. ئێمە لەژێر زەبرە هەمەلایەن و خەمە زەوەندەکاندا دەهات و کوڕ دەبووین، هەرئەم سەختیانە منیان ڕاکێشایە ناو قوڵایی دەریای بێ بەزەیی سیاسەت و لە شانەکانی ڕێکخستندا بێ پەروا هەرچی بڵێیت کاری سەخت و ترسناک بێت دەمکرد. هەتا بتوانم تۆڵەی خۆم لە نامیهرەبانی چارەنووس دەکەمەوە. بۆ دەبێت گەنجێک کە هێشتا نازانێ ژیان چیە بکەوێتە بەر زەجری ژیان؟

لە ڕۆژی 30 مانگی شەشی ساڵی 1980 دوا تاقیکردنەوەی بەکەلۆریم  تەواوکردو بەدڵێکی پڕ لە هیواوە، چاوەڕوانی دەرچوون و گۆڕانکاری ژیانم دەکرد، دووی حەوت لە کارەساتێکی ڕەش وەک شەوی دەیجور  تاڵ، وەک ژەهری مار  ترسناک، وەک سامی ناو فیلمەکانی هێتشکۆک گیرام.
دوو هاوڕێی پێشمەرگە بەکارێکی ڕکخستن لە شاخ هاتبوونەوە، ڕێکخستن ئاگاداری کردم بیانبینم. چووم بۆ لایان، چەند هاوڕێیەکی تریشیان لەلابوو، سەعات چارەکی بوێ بۆ چواری دوانیۆەڕۆ، قەدەر ژیانی منی خاپور کرد. (مولازم موحسین) و مەفرەزەکەی هاتنە سەرمان، ئێمەش چەکمان لابوو، خۆمان نەدا بەدەستەوەو بەرگریمان کرد.  کە موحسین زانی ناتوانێ بێ تەقە بمانگرێت داوای هێزی کرد. ماوەی سەعات و چارەکێ دۆزەخ هاتە سەرزەوی و لە خانویەکی سەدوبیست مەتریدا سەدان کڵاشینکۆف تەقەیان لە سێ کڵاشینکۆفی ژەنگاوی و دوو دەمانچە دەکرد؛ لەو حەوشەیەدا کە پانتاییەکەی تەنها چەند مەترێک بوو دەیان لاشە لەناویدا کەوتبوو. ڕۆژێک بوو کە خوێنی دۆست و دوژمن بەهارئاسا جۆگەلەی دروست کردبوو؛ کچە هاوڕێکەم و من  شاهێدی ڕۆژگارێک بوین کە تەنها کوژراوەکانی دوژمنەکەمان حەڤدە کەس  بوون، ئێمەی سەرتاپا خوێناوی و دەموچاو سوتاو، ماندوو، کۆڕاڵی مەرگی پێنج هاوڕێ، تائیستاشی لەسەربێت، چیرۆک خوێنی مەرگەساتی ئازیزترین هاوڕێکانمانین. لاشەی ماندووی کچە هاوڕێکەم و من گوێزراینەوە بۆ ئەمنی سلەیمانی و تەواوی پێنج ڕۆژی یەکەمی زیندانیەکەمان ئاوو خوێنی هاوڕێکانمان پێکەوەنۆش کرد. شیشی ژەنگاوی زیندانەکانی سلەیمانی و هەیئەی کەرکوک شاهێدی ئەو شەش مانگەن کە ئێمە بەسەرمان برد، بە چ مەرگەساتێکی بەردەوام، بە چ خوێن بەربونێکی هەمیشەیی و بە چ جۆرە زامێک!

ئێمە کۆشکەکانی هەرزەکاریمان هەرەسی هێنابوو، زامی قوڵی ئەبەدی کەوتە جەستەی ماندوو و دڵی بریندارو ڕۆحی تێکشکاو مان و…

وای لەو ژیانەی کە دوای ئازادی دەستی پێکردەوە، وای لەو خەمە قوڵانەی دوای ڕووبەڕووبوونەوەی ژیان وەک درەوش هەموو ڕۆژێ دەچەقێیە ڕۆحمان و هیشتاش بەردەوامە.

ئێمەو ئێوە ڕەنگە ڕۆژێ لە ڕۆژان لە حیکایەتەکانی شاخدا دووبارە بەریەکتر بکەوین، ئەو چوار ساڵەی شاخیش بۆخۆی داستانێکە و بابمێنێ بۆ ڕۆژگارێکی تر! هەر بمێنن، ئێوە بەخۆشی و  بە بەسڵامەتی.

Check Also

کلارا تسیتکین و مێژووی هەشتی مارس

وەرگێڕان و ئامادەکردن: شێنێ کەمال کلارا تسیتکین، تیۆریست و چالاکوان و داکۆکیکاری مافەکانی ژنان بوو، …