وردبوونەوەیەک دەربارەی چەند پرسێک

دژەژنبوون، دژەفیمینیزمبوون، دژەجێندەریزمبوون، فیمینیزمی لیبڕاڵ، ژنی ئیرۆتیکی

هێرۆ خوسرەوی

“شۆڕش ئاکتێکی کورتمەودا نییە، کە لەپڕێکدا شتێک ڕووبدات و ئیتر هەموو شتێک بگۆڕێت. شۆڕش پڕۆسەیەکی ئالۆز و مەودادرێژە، کە دەبێت مرۆڤ  لەوەی پێشتر هەبووە بۆ مرۆڤێکی دیکە بگۆڕێت”. ڕوودی دوچکە.[*]


ئەگەر باوەڕمان بە گۆڕانکاریی و پێکەوە ژیان و ئەڵتەرناتیڤێکی باشتر هەیە، کەواتە پێویستیشمان بەوە هەیە بیر لە کۆمەڵێک چەمک و ئایدیاش بکەینەوە، کە بتوانن لەو ڕێگەیەوە ئەو وێنایەی (یۆتۆپییەی) کە دەمانەوێت پێی پێناسە بکەین، دابڕێژین و دەرببڕین، بەهەمان شێوەش پێویستیمان بەوە هەیە دووبارە کاربکەینەوە لەسەر ئەو چەمکانەی کە هەن (کە تا ئەندازەیەک بەلاڕێدا بردراون) و بیانگەڕێنینەوە بۆ کۆنتێکستە ئەسڵییەکەی خۆیان، بۆئەوەی لە ئامانجی واقیعی ئەو چەمکانە تێبگەین و بتوانین لە تیۆرو پراکتیکی ئەمڕۆماندا لێیان سودمەندبین. “دژەژنیی” یەکێکە لەو چەمکانەی کە لە تەواوی گووتارە ڕزگاریخوازییەکان و فیمینیستییەکاندا مشت و مڕێکی زۆری لەسەرە، هەر ئەم چەمکەش پەردەی لەسەر چەندین لایەنی شاراوەی ئەم بابەتە زیندووەی نێو کۆمەڵگا مرۆییەکان هەڵداوەتەوە و بەرجەستەکردووە. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم پێشکەوتن و گۆڕانکارییە ئەرێنییانەشدا ئەم چەمکە وەک هەر چەمکێکی دیکە بە ڕێگەیەکی دیکەدا بردراوە، کە لە ڕاستیدا هاوشێوەیی خۆی لەگەڵ ڕێڕەوە سەرەکییەکەی خۆیدا نادۆزێتەوە و زۆر کات بەپێی پێناسەکەی خۆی بەکارنایەت. دژەژنیی وەک دیاردەیەکی بەردەوام و بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە بابەتێک نییە کە بتوانرێت لەڕێگەیەکی ساناوە دیاری بکرێت و هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا واقیعێکی هەستپێکراوە و بەرجەستەکراوە. بەڵام دژەژنیی چییە؟ چ پەیوەندییەکی بە جێندەر و چینەوە هەیە؟ ئەرکی ئێمەی فیمینیست بەرامبەر ئەو دیاردەیە چییە؟

چەمکەکانی دژەژنیی، سێکسیزم، دژەفیمینیستبوون و دژەجێندەربوون ئاسان نییە لەیەکتر جیابکرێنەوە، بەڵام زۆرکاتیش ناکرێت وەک هاوواتا بەکاربهێنرێن. سەرەتا پێویستە بەرلەوەی بێمە سەر باس و شیکاریی ئەم دیاردەیە پێویستە لەگەڵیدا چەند چەمکێکی دیکە باسبکرێن، بۆ ئەوەی ئەم دیاردەیە لە دیوێکی سنورداردا نەمێنێتەوە، سنوردار بەو مانایەی کە تەنیا لە باسی ژندا بخولێتەوە.

دژەژنیی (Misogyny):

دژەژنیی بەواتای هەبوونی پەیوەندییەک کە لەسەر بنەمای ڕق و دوژمنایەتیی بونیادنرابێت، کە کەسی بەرامبەر و دوژمن ژنانن لەبەرامبەر پیاواندا (لە ڕاستیدا ناکرێت بڵێین تەنها ژنان بەڵکو هەموو جێندەرەکان کە ناچنە نێو قاڵب و کاتێگۆریی پیاوەوە، بەڵام چەمکی دژەژنیی خۆی لەخۆیدا ئەوەی هەڵگرتووە کە وەسفی ئاکتێکی دژ دەکات بەرامبەر تەنیا ڕەگەزێک ئەویش ڕەگەزی ژن، بۆیە کاتێک بمانەوێت بەشێوەیەکی ئینتەرسێکشنالیتی و تا ئەندازەیەک گشتگیر لە مەسەلەکە بڕوانین، ئەوا پێویستە لەگەڵ بەکارهێنانی دژەژنیدا دژەجێندەری و دژە فیمینیستیش لەبەرچاوبگرین). ئەم ڕقە لە مەجالی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا بەرچاو دەکەوێت، لە هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگادا و لایەنە تایبەتیی و کەسێتییەکاندا. ئەوەشمان بیرنەچێت دژەژنەکان ڕقێکی گشتگرییان نییە بەرامبەر هەموو ژنان، بەڵکو ڕق و کینەی ئەوان لەو کاتەوە دەستپێدەکات، کاتێک ژن هەوڵدەدات خۆی لە ئۆبیێکتبوون (بابەتبوون) ڕزگاربکات و پشت بە چەمکە نەریتییەکانی ئەویدیکەی پیاو نەبەستن یاخود شان بە شانی پیاوان بەشداربن لە هەموو کایە سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکاندا. تاوەکو ئێستاش ئەو تاوانانەی کە پاڵنەرە سەرەکییەکەیان مەسەلەی دژەژنیی بووە، تاوانبارەکان نکوڵیان لەوە نەکردووە کە ژنانی دەوروبەر(خزم و کەسە نزیکەکان)ی خۆیانیان خۆشنەویستبێت، بەڵکو باسی ئەوەیان کردووە کە هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ ئەو ژنانەدا نەبووە، کە لەژێڕ ڕکێفی ئەواندا ماونەتەوە، بەڵام کێشەی ئەوان لەگەڵ ئەو ژنانەیە “کە هیچ بەهایەکیان بۆ ئەوی پیاو دانەناوە و زۆر ئازادانە ژیاون”.

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرچاوە مێژووییەکەی دەبینین ئەم چەمکە لە سەردەمی ئەنتیکی (دێریین) یۆناندا سەریهەڵداوە، کە بۆ شەرحی ئاڕاستەیەکی فەلسەفی کە تێیدا ژنان بێبەهاکراون. بێبەهاکردنێکی ڕاستەوخۆییانە لەڕێگەی ئەو سیفەتە نێگەتیڤانەی کە خراونەتە پاڵ ژنانەوە، بۆ نمونە: ژنان توانایان کەمترە یاخود لاوازن. یاخود لەڕێگەی دابەشکردن و کاتێگۆرییکردنی ڕەگەزەکانەوە بەشێوەیەکی ئەرێنیی کە لە کۆتاییدا دووبارە پیاوان پێگە بەرزترەکەیان بەنسیب دەبوو. هەروەها لە بوارە پزیشکی و دەروونییەکانیشدا دژەژنیی وەک نەخۆشییەک لەسەر بنچینەی ڕق لەلایەن پیاوانەوە بەرامبەر ژنان پێناسەکراوە. بەڵام لە بواری زانستە کۆمەڵایەتییەکان و سایکۆلۆژیای کۆمەڵایەتییدا دژەژنیی ڕەهەندێکی دیکە وەردەگرێت، ڕەهەندێک کە پێکهاتە و دەزگاکانی کۆمەڵگا لە تاکەکاندا چاندوویەتی. لەڕێگەی ئەو ژینگە کۆمەڵایەتییەی کە هەر تاکێک تیایدا پەروەردەدەبێت، دابەشکارییە جێندەرییەکان فێردەبێت و دووبارە بەرهەمیان دەهێنێتەوە.

دژەژنی پێشبڕیارێکی سێکسیستی و ئایدۆلۆژییە، بۆیەش بنچینەیەکی گرنگیشە بۆ تێگەیشتن لەچەوساندنەوەی ژنان لەو کۆمەڵگایانەی کە باڵادەستیی پیاوسالاریی لە لوتکەدایە. دژەژنیی بەچەندین شێوەی جۆراوجۆر خۆی دەردەخات، هەر لە تەنز و قسەو گوتارەکانی ڕۆژانەدا، کە دەڵێن: ژنان ناتوانن کەباب ببرژێنن، ژنان ناتوانن شتی قورس و سەنگین هەڵگرن، ژنان هەستیارترن، تا دەگاتە بوارەکانی کاری کۆمەڵایەتیی و سیاسەت. بەشێکی زۆری ئەم دژەژنییە ئەوەندە ڕۆچۆتە نێو مێنتالیتی (عەقڵییەت) و دووبارەبەرهەمهاتۆتەوە بووەتە بەشێک لە سیفەتی “سروشتی” کە ئیتر نەک تەنیا پیاوانن بەرامبەر ژنان دژەژنن، بەڵکو خودی ژنانیش بەرامبەر خۆیان. دژەژنیی بریتییە لە قبوڵکردنی بێبەهایی ژنان لە ڕوانگەیەکی ئۆنتۆلۆژییەوە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ سێکسیزم. (کەیت مەین) لە کتێبی “لۆژیکی دژەژنیی”[1]دا سێکسیزم بە بنەمای دژەژنیی پێناسە دەکات و وەک لایەنە تیۆرییەکەی دەبینێت، واتا لەڕێگەی نووسینی فەلسەفیی و ئەدەبیی هەر لە ئەنتیکی یۆنانەوە، دواتر لە ئایدۆلۆژییە ئایینییەکان و بانگەشەکان بۆ سوتاندنی جادووگەران (ژنان) و لێکۆڵینەوە زانستییەکاندا هەوڵدراوە ئایدیا سێکسیزمییەکان بسەپێنرێن و لەو ڕێگەیەوە (بەتیۆریزەکردنی سێکسیزمەکەیان) ڕێخۆشکەرییان کردووە بۆ سێکسیزم (باڵاکردنی ڕەگەزێک بەسەر ئەوی دیکەدا)، لەمەوە پایەی ئەم دژەژنییە بەهێزکراوە و گەیەنراوەتەوە بە پراکسیس. بە پێی (کەیت مەین) دژەژنیی بەپراکتیککردنی (یان پیادەکردنی) ئایدۆلۆژییە سێکسیزمییەکانە.

دژە فیمینیزم (Antifeminism):

Image: Gerd Altmann

دژەفیمینیزم وەک چەمکێک دژی ڕووبەڕووبوونەوەی فیمینیزم سەریهەڵداوە، واتا لەدوای دروستبوونی بزووتنەوە و ئایدیا فیمینیستییەکان، لە کۆتایی سەدەی هەژدەهەم و سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم کاتێک ژنانێکی زۆر بەشدارییەکی ڕاستەوخۆیان لە بزووتنەوەکانی ژناندا دەکرد و خۆیان وەک فیمینیست پێناسەدەکرد. چەمکی “دژەفیمینیزم” لە ساڵی ١٩٠٢ لەلایەن ژنە بەرگریکاری مافی ژنان (هێدڤیگ دۆم) هاتووەتە فەزای گشتییەوە و کەوتۆتە بەر باس، لە کتێبێکدا بەناونیشانی “دژەفیمینیستەکان”[2] ئاماژە بە بەشێک لە هۆکارەکانی ئەو دیاردەی دژەفیمینیستبوونە دەکات. هەروەک لە ناونیشانی کتێبەکەدا دیارە کتێبەکە ئاڕاستەیەکی پێچەوانە دەخاتە بەر باس، کە لەگەڵ سەرهەڵدانی بزووتنەوەکانی ژنان و هەوڵدانی ژنان بۆ داواکردنی مافەکانیان و خۆڕێکخستن و بەسیاسیبوونیان بەرەیەکی دیکە سەرهەڵدەدەن لەدژی ئەو بزووتنەوە ڕزگاری خوازانەی ژنان. ئەویش بەرەی دژەفیمینیستەکان، کە لەو بڕوایەدان ژنان لە پێست و سروشتی خۆیان هاتوونەتە دەرەوە و ئێستاش هێرش دەکەنە سەر مافەکانی ئێمەی پیاو. هۆکاری نوسینی ئەم کتێبەش هەروەک دۆم خۆی باسی دەکات “ئەم کتێبە کتێبێکە بۆ بەرگریکردن، نەک هێرش کردن”، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەرەی کۆنزێرڤاتیڤ و فاشیستەکان لە ترسی ڕزگاریی ژنان و دژەژنییان لە هەوڵی سەرکوتکردن و هێرشکردنەسەر ئەو بزووتنەوانەبوون. وەک بەرەیەکی دژەفیمینیستی دەست دەکەن بە گەڕاندنەوەی ژن بۆ ئەو جێگەو پێگەیەی کە کۆمەڵگای بۆرژوازی بە ژنی بەخشیوە. یەکەم کارکردنی جدیش کە لەسەر ژن دەیکەن، نواندنەوەی ژن وەک بوونەوەرێکی ئیستێتیکی و نەرم ونیان، کە هەر لە سروشتەوە ئەوەی پێبەخشراوە. ڕزگاربوونی ژن لەم نێوەندەدا و بەپێی بڕواکانی ئەوان ژن لەو “بوونە ژنانەییە” دەخات. دۆم مێتافۆڕێکی جوان دەهێنێتەوە و دەڵێت: دروستە ئێوە هەمیشە ڕۆڵی شێر(پاشای دارستان)تان پێبەخشراوە، بەڵام ئێمە چیتر نامانەوێت ببین بە نێچیرەکانی ئێوە و بخورێین، ئێمەش دەمانەوێت بژین، نەک ئێوە بمانخۆن و نە ئێوە بخۆین.

دژەفیمینیستەکان ئەو کەسانە دەگرێتەوە، کە باوەڕێکی دەقبەستوویان بەو شتانە هەیە کە لە کۆنەوە وابوون و لایان وایە تا سەریش دەبێت بەو شێوەیە بمێنێتەوە، بۆیەش دەیانەوێت ئەو نەریت و باوەڕانەی کە لە کۆمەڵگەدا هەبوون بپارێزن، کە دەکرێت بڵێن کۆنەخوازان. دژەفیمینیستان ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە کاراکتەرێکی لاواز و ترسنۆکیان هەیە و لەبەر ترس دەچنە بەرەی دژەژنەکانەوە، چونکە لایان وایە ئەگەر ژنان کەسانی چەوساوە و ژێردەستە نەبن، ئەی کێ ببێت؟ مادام چەند ساڵە پیاوان ژنان دەچەوسێننەوە، ئەگەر ژنان ئێستا مافەکانی خۆیان بەدەست بهێنن، ئەوا پیاوان دەچەوسێننەوە. ئەمەش بۆیە لە زەینیاندا چەسپیوە، چونکە  لە عەقڵییەتیاندا ناتوانن وێنای یەکسانیی و دادپەروەریی بکەن. لە هەمانکاتیشدا دژەفیمینیستان کەسانی دیکەش دەگرێتەوە، کە نایانەوێت دەستبەرداری ئیمتیازەکانی خۆیان بن، دەکرێت بە خۆپەرستەکان ناوزەندیان بکەین، کەسانێک کە هێشتا لەو باوەڕەدان کارەکانی خزمەتکردن، ئاگالێبوون، کارە پڕ هەست و سۆزەکان پەیوەستن بەژنەوە و بۆ ئەوەی خۆیان لەو ئەرکە بەدووربگرن حەزناکەن ژنان سەبارەت بە کاری (بێ بەهای) ناوماڵ و کارە بەسەر ژندا سەپێنراوەکان دا قسەبکەن.

گۆڕانکاریی لە پەیوەندییە ڕەگەزییەکان (١.پیاو ، ٢.ژن)، کرانەوەی یەکەکانی پەروەردەو فێرکردن بەڕووی ژناندا، زۆربوونی ڕێژەی ژنان لە شوێنەکانی کار و سیاسەتدا کاردانەوە دژەژنیی (دژەفیمینیستیی)یەکانی زیاتر و زیاتر کردووە. ئەمەش بەشێوەیەکی زۆر زەق لە کاتی پڕوپاگەندەکانی نازیزم بەرچاو دەکەوێت، ئەویش لەبەرئەوەی کە تازە بزووتنەوەکانی ژنان بە ڕابەرایەتی کلارا تسەتکین توانیبوویان مافی هەڵبژاردن و بەشداری سیاسیی بۆ ژن داوابکەن. بۆیە دروست لە ساڵی ١٩١٢ بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن “جێگەی پیاو لەنێو دەوڵەتدایە و جێگەی ژنان لەنێو خێزاندا”. هەر وەک پێشتر لەسەرەوە ئاماژەم پێداوە ئارگومێنتی سەرەکیی دژەفیمینیستەکان ئەوەیە کە فیمینیزم یاخود بزووتنەوەکانی ژنان بەرپرسن لە بەدبەختکردنی ژنان و هەموو قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان، چونکە ئەگەر ژن لەو بوونە “سروشتییەی” خۆی کە لەلایەن سیستەمی پیاوسالارییەوە پێی بەخشراوە لابدات، ئەوا ڕاستەوخۆ نەزمی هەموو سیستەمەکە تێکدەچێت. هەروەها لەو باوەڕەدان کە یەکسانیی و بەشداریی ژنان بەرەو نایەکسانییەک دەڕوات کە پیاوان دەبنە قوربانی. هەموو ئەو هەوڵانەشی بۆ یەکسانیی نێوان ژن و پیاو بەرەو ئاڕاستەی باڵادەستی ژنان دەڕۆن یاخود زاڵبوونی مەسەلەکانی دیکەی وەک جێندەریزم.

دژەجێندەریزم (Antigenderism):

دەکرێت دژەجێندەریزم وەک بزوتنەوەک دژی پرس و مەسەلەکانی جێندەر دەرکبکرێت. وەکچۆن لەگەڵ زیاتر کارکردن لەسەر پرسەکانی ژن و مافی ژنان کاریگەریی بەرچاوی لە زۆرینەی کۆمەڵگاکاندا و بەتایبەتی کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکان بینیوە، بەهەمانشێوە زەمینەیەکیشی بۆ ئەوە ڕەخساندووە پۆلێنبەندیی و ڕێکخستنی جێندەرەکانیش بخاتە ژێر پرسیارەوە. بۆیە لە ئێستادا بەبەراورد بە سەردەمەکانی پێشتر دیاردە و پرسە جێندەرییەکان باشتر هاتوونە نێو گووتارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانەوە. هەر ئەمەش وایکردووە کە بەشێک لایان وابێت بە خاڵی کۆتایی گەیشتووە و ئیتر ئەوەی ئێستا دەکرێت زیادەڕەوییەکە لەسەر ئەو پرسە. کەواتە هەوڵدەدەن لەوڕێگەیە بزووتنەوەیەک بۆ دژیجێندەریزم دروست بکەن. بۆیە دەکرێت دژەجێندەریزم وەک چەمکێکی نوێ کە دووبارە پشت دەبەستێت بە شیکاریی و تیۆرەکانی دژەژنیی و هەوڵدەدات لەو ڕێگەیەوە دژەئارگومێنت بۆ پرسەکانی جێندەر بهێنێتەوە، دەرکبکەین.

Image: Gerd Altmann

پرسی جێندەر کە پێرسپێکتیڤێکی ئەمڕۆیی و نوێخوازی لەخۆیدا هەڵدەگرێت، هەوڵدەدات بەشێوەیەکی گشتی جێندەرەکانی دیکەش کە لەلایەن کڵێشەی دوو جێندەرییەوە فەرامۆشکراون و پەراوێزخراون لەبەرچاوبگرێت. لەبەرئەوەی لەم نێوەندەدا تەنیا ژنان نین کە دەکەونە بەر هێرشی دژەژنیی لەلایەن پیاوان، بەڵکو هەر جێندەرێکی دیکە کە نەچێتە قاڵبی دابەشکاری (١.پیاو و ٢.ژن) دوو جێندەرییەوە، بەڵام لەبەر ڕێژەی کەمییان یاخود بڵێین لەبەرئەوەی تاکو ئێستا تەنیا ئەو دوو جێندەرە (ژن و پیاو) باڵادەست بووە، جێندەرەکانی دیکە شاردراونەوەتە و دەرفەتی خۆ نیشاندان و ڕێپرێزێنتکردنیان (نواندنەوە) نەبووە، ئەوا هەمیشە لە پەراوێزەکاندا ماونەتەوە و بەشێوەیەکی لاوەکیی دەربارەیان دواون.

بزووتنەوەی دژەجێندەریزم جوڵانەوەیەکە کە هەر لە ئەزەلەوە لەسەر بناغەی دژایەتیی ڕەگەزی بەرامبەر دامەزراوە و بەپێی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکان ئەویش بەرگەکەی بەری گۆڕیوە. لە دژەژنییەوە بۆ دژەفیمینیزم و دواتر بۆ دژەجێندەریزم، بۆیە دەکرێت دژەجێندەریزم وەک فۆڕمێکی نوێی دژەفیمینیزم و دژەژنی پێناسەبکرێت، کە ئیتر ڕاستەوخۆ ئارگومێنت دژی فیمینیزم ناهێننەوە، بەڵکو جێندەر. دژەجێندەرەکان توێژینەوە و کارکردن لەسەر پرسەکانی جێندەر وەک وەهمێک دەبینن، کە بە ئایدۆلۆژیای جێندەر بۆ بێبەهاکردنی ئەو توێژینەوانە ناویدەنێن. ئاڕاستە فکریی و ئارگومێنتەکانیان لە دوو شتدا خۆی دەبینێتەوە، ئەویش دژەدەوڵەتی و دژەزانستی. لەیەکەمیاندا وا دەردەخرێت کە فراوانبوونی پرسەکانی جێندەر بەشێوەیەک لە شێوەکان مێشک سڕینەوەیەکە لەلایەن دەوڵەتەوە. دووەمیشیان بۆ ئەوەی شەرعییەت بە توێژینەوە و ئەو کارانە نەدەن کە لەسەر پرسەکانی جێندەر کراون و دەکرێن، ئەوا هەوڵدەدەن توێژینەوە جێندەرییەکان وەک توێژینەوەی نازانستیی بخەمڵێنن، بەشێوەیەک کە لە خۆیدا زانست نییە و لەو ڕێگەیەوە تەنیا پارەی باج و سەرانە سپی دەکەنەوە. دژەجێندەریزمەکان بەم ئارگومێنتانە بەڕوونی  بزووتنەوەکانی ژنان (خەبات بۆ مافەکانی ژنان و هەموو جێندەرەکان) لەنێو سیاسەت و زانستدا ڕەتدەکەنەوە.

فیمینیزم  فیمینیزم

فیمینیزم وەک هەر هەر یەکێک لە ڕێبازە تیۆرییە سیاسییەکان چەندین لایەن و ئاڕاستەی جیاوازی هەیە، کە هەر یەکێکیان لەژێر کاریگەریی تیۆر و فەلسەفەیەکی سیاسیی دیکەدا  بەرەو شێوەگرتنێکی دیکە لە فیمینیزم و پرسی ژن ڕۆیشتوون، بەو واتایەی بەتەنیا فیمینیزم ناتوانێت ببێتە خەباتێکی گشتیی و سەرتاسەریی، بەڵکو لایەنێکی زۆر گرنگە لە خەبات بۆ ڕزگاری و دژی سیستەمی ستەم و پیاوسالاریی. بۆیە کاتێکیش باسی فیمینیزم دەکەین دەبێت لەگەڵیشیدا بتوانین ئایدیا (شاراوە)کانی پشتی ئەو ئاڕاستە فکرییە تێبگەین و بزانین باسی چ فیمینیزمێک دەکەین چونکە هەموو فیمینیزمێک یەکسانین بەیەک.

Image: Jeff Juit

لە گۆرانییە ئەمریکییەکاندا ژنانێکی زۆری هونەرمەند هەن کە بەبێ پەردە بانگەشە بۆ فیمینزم دەکەن؛ (مادۆنا) هەوڵدەدات لە زۆرێک لە گۆرانییەکانیدا باسی دەسەڵات و بەهێزی ژن بکات. بیۆنسە بەهەمانشێوە گۆرانییەکی تایبەتی بڵاوکردەوە بەناوی فیمینیزم، هەتا لە زۆرێک لە کۆنسێرتەکانیدا پشتی ستەیجەکە بە دروشمی فیمینیزم پڕدەکات. بەهەمان شێوەش (هێلی لۆڤ) لە گۆرانی (Boy Bye) هەوڵدەدات باسی بەهێزی و سەربەخۆیی ژن بکات، کە ژن ئیتر خاوەنی سەرمایەی خۆیەتی، خۆی بەڕێوبەرێکە و کۆمەڵێک پیاو خزمەتی دەکەن. هەموو ئەمانە و چەندین نمونەی دیکەی لەم چەشنە وێنایەکمان لە فیمینیزم پیشان دەدەن، کە ژنانیش دەتوانن بێنە ڕیزی کێبڕکێ بۆ دەسەڵات و سەرمایە، ئەگەر ئەوانیش وەک سەرمایەدارانی دیکە کەسانی دیکە بچەوسێننەوە، بەتایبەتیش پیاوان بچەوسێننەوە. مادۆنا، بیۆنسە و هێلی لوڤ لە ڤیدیۆ کلیپەکانیاندا ڕۆڵی ژنێکی سادۆ مازۆخی دەبینن کە لە چەوساندنەوە و ستەمکردن لەوی دیکە چێژ دەبینن، پیاوان و ژنان لەژێردەستیاندان و خزمەتیان دەکەن. بەوشێوەیە هێزو دەسەڵاتی ژنانەیی خۆیان نیشان دەدەن و لەهەمان کاتیشدا خۆیان وەک مۆدێلێک بۆ ژنی ڕزگاربوو و ئازاد دەردەخەن. لە ژیانی واقیعی خۆشیاندا خاوەنی کۆمپانیای تایبەتن و لەسەر بنەمای چەوساندنەوەی کرێکاران سەرمایە و قازانجەکانیان زیاد دەکەن. ئەم شێوە لە فیمینیزمە کە لەسەردەمی ئێستادا خۆی نمایش دەکات پێی دەوترێت فیمینیزمی لیبڕاڵ، کە لەلایەن ئایدیاکانی نیولیبڕاڵیزمەوە پشتیوانی دەکرێت و درێژەپێدەری ئابووری نیولیبڕالیزمییە. بەهیچ شێوەیەکیش هاوخوانی خۆی لەگەڵ ئەو فیمینیزمە نایەتەوە کە (کلارا تسەتکین) و هاوخەباتانی بزووتنەوەکانی ژنان بۆ ڕزگاریی ژن دایانمەزراندووە. بەپێچەوانەوە فیمینیزمی لیبڕاڵ هیچ کات پشت بە تیۆرییەکانی کەسانی وەک کلارا تسەتکین نابەستێت و هەتا هەوڵدەدات خەباتی ژنان لەو بزووتنەوە ڕگاریخوازییەکانی ژنان بسڕێتەوە، ئەویش بە لاڕێدابردنی پرسەکانی ژن لە پرسە کۆمەڵایەتیی، سیاسیی و ئابوورییەکانەوە بۆ سیاسەتی شوناس، لەمەشەوە پرسی ژن تەنیا و تەنیا لە سیاسەتی شوناسدا کورت دەکاتەوە. فیمینیزمی لیبڕاڵ پێیوایە هەموو گروپە پراوێزخراوەکانی وەک (LGBT) و ڕەشپێستەکان و هتد. دەتوانن بێنە سەر کورسیی دەسەڵات و لەنێو سیستەمی سەرمایەدارییدا بەشداربن لە چەوساندنەوەی کرێکاران، بەو واتایەی فیمینیستی لیبڕاڵ کێشەی نییە لەگەڵ ئەو سیستەمەی کە سێکسیزم، ڕاسیزم، چەوساندنەوە، پیاوسالاریی بەرهەم دەهێنێت، بەڵکو کێشەی لەسەر ئەوەیە کە پێگەی ژنانیش لەو شوێنەدا خاڵییە، دەبێت ژنان و گروپە پەراوێزخراوەکانیش بتوانن بەشداربن لەو چەوساندنەوەیە. هەروەها نایەکسانییەکانی سیستەمی سەرمایەداریی نابەستنەوە بە بنچینە و پێکهاتەی ئەو سیستەمە، وەک خاوەندارێتیی تایبەت، چەوساندنەوە، کەڵەکەکردنی سەرمایە، قازانج، زیادەبەها، جەنگ و ئیمپریالیزم، بەڵکو وەک کاردانەوە و هەستیاری تاک نیشاندەدەن. کەواتە هەوڵەکانی ئەو فیمینیستانە کە نەک هەر ناچێتە چوارچێوەی خزمەتکردن بە پرسی ژن و ڕزگاریی ژن، بەڵکو خودی خۆی یەکێکە لەو کۆڵەکانەی کە سیستەمی زوڵم و ستەم بە جێگیری دەهێڵێتەوە و دووبارە کڵێشەکانی ئەم سیستەمە لە فۆڕم و ڕوواڵەتی جیاوازدا بەرهەمدەهێنێتەوە. بۆ نمونە مەسەلەکانی ئایدیاڵی جوانیی ونەشتەرگەرییەکانی جوانکاریی بۆ ژنان؛ فیمینیزمی لیبڕاڵ لەم نێوەندەدا ژن لە پێگەیەکی دەسەڵاتدا دەبینێت و پێیوایە ژن لەڕێگەی جوانیی و سێکسوالیزەبووی جەستەیەوە دەتوانێت خۆی لە ئۆبیێکتبوون (بابەتبوون)ی ڕزگاربکات و ببێتە سوبیێکتێک (بکەرێکی کارا). چیتر ژن جەستەیەکی سادە و بێدەسەڵاتی نییە، بەڵکو لەڕێگەی زیاتر بەرجەستەکردن، ئیرۆتیککردن و سێکسوالیزەکردنی جەستەوە دەتوانێت پیاوان لەخشتە ببات. وەکئەوەی کە ئەو شتەی پێیگەیشتوون بەرهەمی ژن خۆی بێت. بەدڵنیاییەوە ژن نەیتوانیوە جەستەی خۆی ڕزگاربکات لەنێو سیستەمێکدا کە لەسەر بناغەی سێکسیزم و چەوساندنەوە وەستاوە.

ژنی ئیرۆتیکی

سیستەمی سەرمایەداریی و پێکهاتەی ئەو سیستەمە قازانج لە هەبوونی ڕۆڵە ڕەگەزییەکان دەکات، بۆ ئەوەش پێویستی بەو لایەنانە (دژەژنەکان، دژەفیمینیزمەکان، دژەجێندەریزمەکان، فیمینیزمی لیبڕاڵ) هەیە، کە پێشتر ئاماژەیان پێکراوە، بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هەمان پێکهاتە و چوارچێوەی سیستەمەکە. ئەو لایەنانەش ڕۆڵی سەرەکییان لە خزمەتکردن و هێشتنەوەی ئەو سیستەمە پیاوسالاریی و سەرمایەدارییەدا هەیە، هەروەها لە پێبەخشینی کۆمەڵێک خەسڵەتی جیاواز بە ڕەگەزەکان.

بەدڵنیاییەوە هیچ ژنێک ناتوانێت نکوڵیی لە بوونی خۆی بکات (لێرەدا مەبەست لە پرسەکانی جێندەر و لایەنەکانی سێکسوالیتە نییە)، یاخود شێواز و هەڵسوکەوتی خۆی بگۆڕێت بۆ شێوازی پیاو. ئەمە هەڵەترین تێگەیشتنە کە کاتێک ژنان دەیانەوێت خۆیان لەو نەریت و فۆڕمە سێکسیستییەی کە بۆیان دانراوە ڕزگار بکەن، دەکەونە ئەنجامدانی شتگەلێک کە سیفەتی پیاوبوونی پێوەلکێنراوە. بە مەردبوون ژن ڕزگار نابێت و هیچ هەنگاوێک ناڕواتە پێشەوە، بەڵکو زیاتر ڕەوایەتیی بە پیاوبوون و سێکسیزم دەدات.  ئەمە ئەو کێشەیەیە کە زۆرێک لەژنان دەست و پەنجەی لەگەڵ نەرم دەکەن. ژن نەبوون، بەڵکو تەنیا دوو شتبوون (یان بوكەڵەیەکی سێکسوالیزەکراو یان مەردبوون)، ئەوەی دەمەوێت ئاماژەی پێبکەم ئەوەیە ژن لەو بوونە سێکسوالیزەکراوەی کە هەیە خۆی ڕزگار بکات، خۆی بەرجەستە بکات و تەفسیری خۆی بکات، بەڵام نەک وەک بوونەوەرێک بۆ سێکس.

کڵێشەکانی ژنی ئێستێتیکی و ئێرۆتیکی (بە نازو لەنجەوە قسەکردن، ڕەفتارکردن و بەڕێگەدا ڕۆیشتن، نمایشکردنی جەستەیەکی سێکسی) ژن فریو دەدەن، بەوەی کە ژن بەبێ ئەوەی لەگەڵ ئەو ئایدیاڵە جوانیانەشدا بگونجێت، دەتوانێت دڵی پیاو بەدەست بهێنێت. ئیتر لەڕێگەی قسەکردن، جوڵە و ڕەفتار و هەرشتێکی دیکە تەنیا لەپێناو ئەوەدا بێت سەرنجی سێکسی پیاو بەرەولای خۆی ڕابکێشیت. ژن نەپرژێتە سەر هیچ شتێکی دیکە، نەتوانێت هیچ شتێکی دیکە دەرببڕێت بەرلەوەی سەرەتا نمایشی جەستە و بونییە سێکسوالیزەکراوەکەی نەکات. زۆرینەی ژنان (هەتا ئەو ژنانەشی کە بۆ مەسەلەکانی پرسی ژن چالاکن) خۆیان لەگەڵ ئەو فۆڕمە ئیرۆتیکییەدا گونجاندووە، زۆر کات ئەوەی دەیانەوێت بیگەیەنن، هەوڵدەدەن لەڕێگەی جەستەیانەوە نمایشی ناسکیی و جوانی و بەعیشوەیی بوونەکەیان بکەن.

Image: Rahul Pandit

(فریگا هاوگ) (کە یەکێکە لە نووسەرە دڵخوازەکانم) لە کتێبی “سێکسوالیزەبوونی جەستە”[3] ئاماژە بەوە دەکات کە ڕاستە شۆڕشی فیمینیستیی ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکان هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ مەسەلەی ئازادیی سێکسی و بڕیاردانی ژن لەسەر جەستەی خۆی، بەڵام دووبارە ئەو سیاسەتەکانی شوناس و کورتکردنەوەی ژن تەنیا لە جەستەدا ژنیان تەنیا لەنێو سێکسدا هێشتەوە، کە بەجۆرێک لەجیاتی ئەوەی خۆیان لە پەیوەندییەکانی دەسەڵاتی پیاوسالاریی ڕزگاربکەن، جەستەی ژنیان سێکسوالیزەکردەوە و لەمەشدا تەنیا دەسەڵات و کۆمپانیاکان سودمەندبوون. پیاوان ئاسانتر سێکس و جەستەی ژنیان دەست دەکەوت و کۆمپانیا و سەرمایەدارەکانیش لەبوارەکانی ئایدیاڵە جوانکاریی و فاشنەکاندا بەرهەمەکانی خۆیان باشتر ساغدەکەنەوە و قازانجی زیاتر دەکەن.

گۆڕینی ئاڕاستەی خەباتی ژنان لە فیمینیستی ڕادیکاڵەوە بۆ فیمینیستی لیبڕاڵ ئەمە دەرئەنجامەکەی بووە. ئەمە زۆر بەهۆشیارییەوە دەڵێم و دەمەوێت بەرگری لە فیمینیزمێکی ڕادیکاڵ بکەم، چونکە پێم وایە فیمینیستی لیبڕاڵ کەسانی وەک (هێلی لۆڤ) و نمونەکانی وەک ئەو بەرهەم دەهێنێت، کە هیچ کێشەیەکی ڕاستەقینەیان لەگەڵ پرس و کێشەکانی دەسەڵات و چەوساندنەوە و نایەکسانییەکان نییە، بەڵکو کێشەکەیان ئەوەیە ئەوان ئەو دەسەڵاتەیان نەبووە، کەواتە هەموو ئەوەشی هەوڵی بۆ دەدەن گەیشتنە بەدەسەڵات و پێگەیەک کە دووبارە ئەوی دیکە بچەوسێننەوە. فیمینیستی لیبڕال ئەو دەرفەتە دەخاتە دەست ژنان کە ئەوانیش دەتوانن پێکهاتە سێکسیستییەکانی پیاوسالاریی بەرهەم بهێنننەوە. لەوانەیە ئەمە بەشێوەیەک وەک دژەژنیی بکەوێتەوە، بەڵام پێویستە ئەوەمان بیرنەچێتەوە بەرهەمهێنانەوەی کلێشەکانی پیاوسالاریی و بەرهەمەکانی سیستەمی سەرمایەداریی خۆی دژەژنییە، کەواتە ئەگەر ژنانێکیش ئەم پەیوەندیانە بەرهەم بهێننەوە، ئەوا هیچ خزمەتێک بە ژن و مافەکانی ژن ناکەن، بەڵکو لەنێو کڵێشەکانی سەرمایەدارییدا فۆڕمەکانی چەوساندنەوە و توندوتیژی پتەوتر دەکەن.

ئەم ئایدۆلۆژییەی ئیرۆتیکبوون و ئیستێتیکیبوونە بەشێکە لەو پڕوپانگەندانەی دژەژن، دژەفیمینیست و فیمینیستە لیبڕاڵەکان، کە بەو شێوەیە هەوڵدەدەن لەو ڕێگەیەوە ژنان و خەباتی ژنان لاواز بکەن و تا ڕادەیەکیش لەڕێگەی چەند دامودەزگایەکیش کە بە ڕاستەوخۆ بێت یاخود ناڕاستەوخۆ و بە مەبەستەوە یاخود لە نەبوونی هۆشیاری ئەم کولتوورە دژەژنییە دزەی پێکراوەتە نێو کوردستانەوە. ژنانی باشووری کوردستان بەپێی ئەو نمونانەی کە کولتووری سێکسیزم پێشکەشیان دەکات خۆیان دەنوێننەوە. سیستەمی ستەم و سەرمایەداری ژنێکیان ناوێت هاوشانی پیاو لەکایە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکاندا بەشدار بێت، بەڵکو ژنێکیان دەوێت ئیرۆتیکیی بێت، تاکو ژن لە سێکسیزم و سێکسوالزەبووندا بهێڵنەوە. ئێمە پێویستیمان بە ژنانی ئیرۆتیکی نییە، سیستەمێک کە لەسەر چەوساندنەوەی ڕەگەزێک لەلایەن ڕەگەزێکی دیکەوە بونیادنرابێت پێویستی بە ژنانی ئیرۆتیکییە.

سەرچاوەکان:

– Dohm, Hedwig (1902). Die Antifeministen. ngiyaw eBooks

– Haug, Frigga (1991). Sexualisierung der Körper. Argument Sonderband


[1] Manne, Kate (2019). Down Girl. Die Logik der Misogynie. BPB. Bonn.

[2] Dohm, Hedwig (1902). Die Antifeministen. Ein Buch der Verteidigung.

[3] Haug, Frigga (1991). Sexualisierung der Körper. Argument Sonderband

[*] http://www.deutschegeschichten.de/zeitraum/themaindex.asp?KategorieID=1005&InhaltID=1646

Check Also

ئەگەر لە بازنەیەکی سەرووی خۆمانەوە لە جیهان بڕوانین/ بەشی یەکەم

د.مەدیحە سۆفی گۆی زەوی لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی سەختی کێشەی جۆراوجۆردایە، کە ئیدی دەستی مرۆڤ ناتوانێت بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *