و. فەرزانە عەلى
یەکێک لە دوانیوەڕۆەکانى مانگى جەنیوەرى (١٩٦٠) لە ماڵەکەى سارتەر بەتەنیا بووم، دەنگى تەلەفۆنەکە هات (لانزمێن) بوو، هەواڵى مەرگى کامۆ کە بە هۆى ڕووداوى ئوتۆمبێلەوە بوو پێی دام. کە لە کاتى گەڕانەوەى لەگەڵ هاوڕێیەکى لە باشوورەوە ئوتۆمبێلەکەى بە دارچنارێکدا دەکێشێت و کامۆ دەستبەجێ گیان لەدەست دەدات.
تەلەفۆنەکەم داخستەوە، قوڕگم نووسابوو، لێوەکانم دەلەرزین، بە خۆمم دەوت، ناگریم، ئەو ئیتر بۆ من هیچ نییە.
بە پێیەوە لەتەنیشت پەنجەرەکەوە ڕامابووم و سەیرى تاریکیى شەوم دەکرد، کە باڵى بە سەر (سەن زرمن دپرە)دا کێشابوو. بێدەسەڵاتتر بووم لەوەى بتوانم خۆم ئارام بکەمەوە، هەرەوەها لەوەش بێتواناتر بووم، کە بەقووڵى خەمبار بم. سارتەریش خەم دایگرتبوو و بەدرێژاییى ئەو شەوە لەگەڵ (بۆست) باسى کامۆمان دەکرد. پێش خەوتن، حەبى (بلادونال)م خوارد، لەوەتەى سارتەر چاک ببووەوە ئەو دەرمانەم بەکار نەهێنابوو. ئەبووایە بخەوتمایە، بەڵام چاوەکانم نەدەچوونە خەو، هەستامەوە، جلم لەبەر کرد و بەو نیوەشەوە چوومەدەرەوە بۆ پیاسەکردن. خەمم بۆ پیاوێکى پەنجا ساڵە نەدەخوارد، خەمى ئەو ڕاستگۆ و چاکەخوازە نادادپەروەرەم نەبوو، کە لووتبەرزییەکى تێکەڵ بە بەدگومانى شاراوە لەپشت دەمامکەوە، کە ڕازیبوونى لە تاوانەکانى فەرەنسا لە دڵمى دەر کردبوو، نەبوو.
غەمبارى هاوڕێى ساڵەکانى ئومێدم بووم، کە ڕووخسارە بێ دەمامکەکەى هێندە جوان دەخەنیەوە و زەردەخەنەى دەکرد. غەمبارى نووسەرێکى گەنج و لەخۆبایى بووم، کە شێتى ژیان بوو، شێتی چێژەکانى، سەرکەوتنەکانى، هاوڕێیەتى، دۆستى، خۆشەویستى و بەختەوەرى بوو. لاى ئەو، دوێنى لە پێرێ زیاتر ڕاستەقینە نەبوو، کامۆ بەو شێوەیەى کە خۆشم دەویست، لەم شەوەزەنگەدا دەر ئەکەوت. لە لەحزەیەکدا بینیمەوە و دیسانەوە لەپڕ ون بوو. هەمیشە کاتێک کە پیاوێک دەمرێ، منداڵى و نەوجەوانى و گەنجیەتیشى دەمرێ. هەرکەسە بۆ ئازیزەکەى خۆى دەگرى.
هەوا ساردە و بارانێکى ورد دەبارێ. لەپەناى درگاکانەوە، گەڕاڵە خەمۆکەکان لەتاو سەرما خۆیانیان گرمۆڵە کردبوو، خەویان لێ کەوتبوو. هەموو ئەو شتانە دڵمیان پارچەپارچە دەکرد، ئەم بێدەرەتانییە، ئەم بەدبەختییە و ئەم شارە، دونیاى ژیان و مردن.
کاتێک لەخەو ڕابووم، وام ئەزانی ئیتر ئەم بەیانییە نابینێتەوە. یەکەم جار نەبوو ئەمەم بە خۆم دەگوت، بەڵام هەموو جارێک، یەکەم جار بوو. کایات هات و لەبیرمە، سەبارەت بە سیناریۆ قسەمان کرد. ئەم گفتوگۆیە تەنها لە گفتوگۆ ئەچوو. کامۆ لەباتی ئەوەی دونیا بەجێ بهێڵێت، لە کاریگەریی ئەو ڕووداوەی بەسەری هاتبوو، ببووە ناوەندی جیهان و من تەنها بە چاوی داخراوەوە ئەوەم دەبینی. ڕام کرد بەرەو لای ئەو شوێنەی هیچ شتێکی تێیدا نییە. من بە گەمژەیی و غەمبارییەوە دانم بەو شتانەدا دەنا، کە هێشتا بوونیان هەبوو، بەڵام من خۆم، لەناو ئەواندا، شتێک نەبووم. تێکڕای ڕۆژەکە لەنێو ئەزموونێکی نامومکیندا گینگڵم دەدا. هەستم بەوپەڕی نەبوونی و فەنابوونی خۆم دەکرد. ئەو شەوە لە بەرنامەمدا بوو بۆ سەیرى (هاوشارى کین) برۆم. پێش وەخت گەیشتمە سینەما و لە کافێیەکەى بەرامبەریەوە، واتە لە شەقامى ئۆپرا، دانیشتم. خەڵکەکە بەبێ ئەوەى مانشێتە زەقەکەى پەڕەى یەکەم و ئەو وێنەیەى کە کوێرى دەکردم هیچ گرنگ نەبوو بەلایانەوە، ڕۆژنامەکەیان دەخوێندەوە. بیرم لەو ژنە دەکردەوە کە کامۆى خۆش دەویست.
ئەو کەڕەنایانەی کە نائومێدیی مرۆڤیان پەخش دەکردەوە، تا ئەوپەڕی، ڕووکەشیانە و دەستکرد بوون. (میشل گالیمار)یش بەخەستی بریندار بوو. ئەو لە جەژنەکانی ١٩٤٤ و ١٩٤٥ی ئێمەدا، بەشدار بوو. میشلیش مرد. ویان و کامۆ و میشل. زنجیرەی مەرگەکان دەستی پێ کردبوو و تا مردنی خودی من، کە دەرنگ یان زوو، یەخەی دەگرتم.
سەرچاوە:
لە کتێبى “یادداشتەکانى سیمۆن دو بۆڤوار” وەرگیڕاوە