پێنج شه‌ممه‌, نیسان 25, 2024
frku

سیناریۆ لە دەرەوەی فیلمساز

زێوار رۆژ

“دەرهێنەرێكی‌ باش بە سیناریۆیەكی‌ باش دەتوانێت شاكارێك خەلق بكات، بە هەمان سیناریۆ دەرهێنەرێكی‌ مامناوەند فیلمێكی‌ مامناوەند دروست دەكات. بەڵام بە سیناریۆیەكی‌ خراپ، دەرهێنەرێكی‌ باشیش ناتوانێت فیلمێكی‌ باش دروست بكات”. ئاکیرا کۆرۆساوا

یەکێک لە سەختییەکانی سینەما ئەوەیە لە یەک کاتدا چەند هونەرێکی لە خۆی گرتووە، بەڵام لەوەش سەختتر ئەوەیە کە هیچ کامێک لەو هونەرانەی کە لە نێو سینەمادا کۆئەبنەوە لە توانایاندا نییە فریای ئەو هونەرەی دی بکەون. بە واتای ئەوەی دەرهێنان نابێت بە فریادڕەسی چیرۆک، میوزیکێکی باش ناتوانێت فریای نواندنێکی خراپ بکەوێت. هەر ئەمەشە وا ئەکات کاتێک ئێمە شاکارێک دێتە بەردەسمان لە هەر گۆشەنیگاییەکەوە فیلمەکە تەماشا بکەین شتێکی پێیە بۆ ووتن.بەڵام لە ناو هەموو ئەمانەشدا یەکێک لەو شتانە زۆربەی فیلمسازەکان پێیان وایە قورسترینیان بێت لە نێوان هەموویاندا سیناریۆ بێت یاخود ئەوەی ئایا ئەمان ئەیانەوێت چ چیرۆکێک بگێڕنەوە؟

میشێل هانکە لە چاوپێکەوتنێکدا دەربارەی سیناریۆ دەڵێت: ئەوەی لە سەروو هەموو شتێکەوە فێری نووسینی سیناریۆی کردم، خوێندنەوەی سیناریۆی خراپ بوو. بۆ ماوەی دوو ساڵ لەو سێ ساڵەی لەوێ کارم کرد(وێستگەی تەلەفزیۆنی بەیدن بەیدن)، هەموو ڕۆژێک ڕیزێک دەستنووسی نەخوازراو چاوەڕێی من بوون. خراپەکان ئەوانەبوون کە هەموو زانیارییەکیان تیابوو. لە خوێندنەوەی سیناریۆی خراپدا، سەرەتا درک بەوە دەکەیت کە شتێک لە جێی خۆی نییە، پاشان لە خۆت دەپرسیت دەکرێت ئەو شتە چی بێت کە وا لەم سیناریۆیە دەکات خراپ بێت؟ خوێندنەوەی سیناریۆی خراپ فێڵە گەورەکانت لێ ئاشکرا دەکەن. بەڵام سیناریۆ باشەکان هێندە سەرسامت دەکەن کە بیرت بچێتەوە کەشفی ئەوە بکەیت بۆچی ئەم نووسینانە باشن.

لەدوای ئەم دوو ڕۆژەی کە کۆمەڵێک فیلم نیشان دران کە گوایە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی سینەماوەیە، کە (سەرجەم فیلمسازەکانیان کوردن). لە دوای کۆتایی هاتنی هەموو فیلمەکان یەکێک لەو شتانەی کە زۆرترین سەرنجیان ئەبرد چیرۆکی نێو فیلمەکان بوو. هەستت بە شتێک ئەکرد کە ونبیت لە چیرۆکی ئەم فیلمانەدا شتێک لە بۆشایی بوونی هەبوو لە نیو چیرۆکەکاندا، بۆشاییەک کە تا ڕادەیەکی زۆر ئاڵۆزە بۆ تێگەیشتن لێی بە تەواوەتی. لەم کاتەدا پرسیارەکەی هانکە ئەبیت بە باشترین پرسیار کە لە خۆتی بکەیت، ئەم شتە چییە کە وا لەم چیرۆکە یاخود ئەم سینارۆییە ئەکات کە خراپ بێت؟ یاخود چیی وا دەکات بەتاڵی لەم سینارۆییەدا هەبێت؟ بێگومان بۆ ئەم پرسیارەی سەرەوە ناتوانین وەڵامێکمان پێ بێت کە هەمان قورسایی پرسیارەکەی هەبێت. بەڵام لێرەشدا هەندێک خاڵ هەن کە دیارن و بە ئاسانی بەرچاومان دەکەون کە بۆ سیناریۆی فیلمەکان ئەم بۆشییەیان تێدایە؟

روژی جیهانی سینەما

یەکێک لەو خاڵە زۆر ساددە و دیارانە ئەوەیە سیناریۆیی فیلمەکان شتانێکیان تێدا نەبوو کە لە دەرەوەی ویستی بینەر بێت. وەکو هەموو جارەکانی دیکە چیرۆکەکان پشتیان بە کەرەستەی زۆر ساددە دەبەست بۆ تەواو کردنی خۆیان، لە نموونەی ئەمەش بە دروستکردنی شۆک لە کۆتایی چیرۆکەکەدا، بۆ ئەوەی بینەر هەست بەوە نەکات کە ئەم هیچ شتێکی لەم فیلمە دەستنەکەوتووە. هەندێک لە فیلمەکان ئەم دێڕەیان لە خۆیاندا هەڵگرتبوو: ئەها من شۆکم کردیت! تۆ چاوەڕێی ئەمەت نەدەکرد ئیتر چیترت ئەوێت بەس نییە ئەوەنەی کە شۆک بوویت؟ یاخود وەکو تەواوی جارەکانی پێشوو دروست کردنی کۆتاییەکی تراژیدی بۆ بە دەستگرتن بەسەر هەست و سۆزی بینەردا. دێڕی پشتی ئەم جۆرەشیان:ئەها ئاو بە چاوتا دێتە خوارەوە، ئەها گەرووت پڕە لە گریان ئیتر چیترت دەوێت؟ لە ڕاستیشدا زۆربەی کات چیرۆکەکە بە تەنها خۆی لە توانایدا نەبووە کۆتاییەکی تراژیدی بخوڵقێنێت بۆیە بە بەکارهێنانی میوزیکگەڵێک ئەم کارەیان ئەنجامداوە، کە لە ڕاستیدا میوزیکەکە ئەکرا خۆی بە تەنها و بەبێ یارمەتی وێنە هەمان تراژیدیا دروست بکا.

یەکێکی دی لەو خاڵانەی زۆر دیار و زەق بوو لە زۆربەی چیرۆکی فیلمەکاندا ئەوە بوو هەستت بە چیرۆکێک نەدەکرد کە لەناو خودی ژیانی ئێمەوە هاتبێت یاخود لانی کەم لە هەناوی نووسەرەکانیانەوە دەرهاتبێت هەمیشە هەست ئەکەی لە جێگەیەکی دیکەوە ئەم چیرۆکانە سەرچاوەیان گرتووە، گۆشەنیگایی زۆربەی فیلماسازەکان بینینێک بوو کە مۆرکی خۆیانی پێوە نەبوو. زۆرینەی چیرۆکەکان چیرۆکی تریان بە بیر ئەهێناینەوە بە هەمان گێڕانەوەی پێشووتر. زۆر لە فیلمەکان ئەو هەستەیان پێدەبەخشیت کە فیلمسازەکانیان لە ڕێگەی فیلمی دیکەوە ژیان و هەموو شت ئەبینن. تەنانەت فیلمەکانیان بە فیلمی دیکە دروست ئەکەن، کەم هەبوو کە فیلمەکەی بە گشتی و چیرۆکەکەی بە تایبەتی مۆرکی بینینێکی تایبەتی خۆی پێوە دیار بێت، بە شێوەیەکی دیکە بیڵێم هیچ کات هەستت بەوە نەدەکرد کە هیچ کام لەم چیرۆکانە لە جێگایەکی ناوەوەی فیلمسازەکەوە هاتبێت، هەستت نەدەکرد ئەم فیلسازانە ئەم شتانەی فیلمی لەبارەوە دروست ئەکەن ئایا لە کوێی ژیانیاندا پێشتر وجوودی هەبووە. چەند شتێکی بچووک و ساددە کە ئەتوانم وەکو پاڵپشتییەک بۆ ئەمە دایبنێم ئەوەیە، سەرەتا کارەکتەری نێو چیرۆکەکان، کارەکتەرێک هەیە گرێیەکی دەروونی هەیە بەهەمان شێوەی کارەکتەرەکانی نێو فیلمە هۆلیوودییەکان کە گرێی دەروونیان هەیە یاخود کارەکتەرێک کە زهایمەری هەیە بەهەمان شێوە، یاخود شەڕکردنی نێوان دوو سەرباز لە دوو بەرەی جیای جەنگدان کە گوایە لە شەڕی ناوخۆدایە بە هەمان شێوە شەڕی نێوان دوو سەربازی ئەمریکی و ڤێتنامیمان بیردەخاتەوە بە هەمان گێڕانەوەی فیلمە جەنگییەکانی دیکە. یاخود شێوازی دروستکردنەوەی زیندانێک یان هۆتێلێک کە هەموو ئەم شتانەی سەرەوە پێشتر بینراون لە فیلمی دیکەدا. لێرەدا مەبەست لەم نووسینە ئەوەنییە کە ئەم فیلمسازانە ناتوانن فیلمێکی ڕەسەن دروست بکەن مەبەست زیاتر ئەوەیە ئەمان تەنها ئەتوانن لە چاویلکەی فیلمەوە فیلم دروست بکەن. ئەمان تەنها لە چاوی فیلمسازی دیکەوە فیلمەکانی خۆیان ئەبینن. ئەمان خاوەنی گۆشەنیگاییەکی جیاواز نین کە خۆیان خوێندنەوەی تایبەتیان هەبێت بۆ ڕووداوەکان.ئەشێت ئەوە بێت کە ئەمان ئەزموونەکانی خۆیان بە شایستەی گێڕانەوە نەزانن و ئەشێت ئەمان خوازیاری ئەوە بن چیرۆکی گەورەتر بگێڕنەوە.

ئەمانەی سەرەوە کۆمەڵێک نموونەی ساددەن کە ئەمانگەیەننە ئەو بیرکردنەوەیە کە ئەم فیلمسازانە چیرۆکەکانی کە دەیگێڕنەوە هیچی لە ئەزموونی خۆیانەوە سەوز نەبووە. عەباسی کیاڕۆستەمی لە ستایشی ئەزموودا ئەڵێت لە هەموو شت زیاتر سوودم لە ئەزموونەکانی ژیانی خۆم بینیوە بۆ دروستکردنی فیلمەکانم. بەڵام لێرەدا تا ڕادەییەک پێچەوانەیە ئەمان لە پەیوەندییەکی قووڵدا نین لەگەڵ چیرۆکەکانی کە دەیگێڕنەوە. چیرۆک و سیناریۆ و فیلمەکانیان کە دروستی دەکەن شتانێکن لە دەرەوەی خۆیان ڕوودەدەن، لەگەڵ فیلمسازەکانیان ڕوونادەن. ئەشێت فیلمەکانییان هەر لە هۆڵەکان دەست پێ بکەن و هەر لەوێش تەواو ببن.

Check Also

ئەگەر لە بازنەیەکی سەرووی خۆمانەوە لە جیهان بڕوانین/ بەشی یەکەم

د.مەدیحە سۆفی گۆی زەوی لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی سەختی کێشەی جۆراوجۆردایە، کە ئیدی دەستی مرۆڤ ناتوانێت بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *