عێراق لە فەیسەڵ و نوری سەعیدەوە تا کازمی و بەرهەم ساڵح

سەرکەوت شەریف، ماستەر لە مێژووی پەیوەندییە سیاسیە نێودەوڵەتیەکانی عێراق

بەبێ خوێندنەوەیەکی قوڵی مێژوویی و نەبوونی مەعریفەیەکی تەواو لەسەر دەوڵەتی عێراق و چونێتی دروستبوونی و دەستێوەردانی بەریتانیاو کێشمەکێشی نێوان شیعەو سوننە، قورسە سەرپێیانە لە دۆخی ئێستای شێواوو فەوزای عێراق تێبگەی. بەندە کە ماستەرنامەکەم لەسەر ھەموو لایەنە جۆربەجۆرەکانی عێراقەو  لە دروستبوونی عێراقەوە تا ساڵی ١٩٩١ توێژینەوەم لەبارەوە کردووە قۆناغ بەقۆناغ و بەوردی چومەتە ناو ململانێی سیاسی و دینی و دەستێوەردانی دەرەکی و ئیقلیمی لە پەیکەری حکومڕانی ئەم دەوڵەتەدا.

بەریتانیا کە عێراقی داگیرکرد ١٩١٤-١٩١٨ سەرەتا ھیچ بەرنامەو روانگەیەکی روونی نەبوو بۆ ھەرسێ ویلایەتی بەغداو بەسرەو موسڵ (ویلایەتی شارەزوور- باشوری کوردستان)ی چوارسەد ساڵەی ژێر دەستی عوسمانی، بەڵام پاش ئاشکرابوونی بەندەکانی رێکەوتنامەی سایکس بیکۆ لەلایەن شۆرشگێرانی ئوکتوبەری یەکێتی سۆڤێت ١٩١٧ و گرێدانی رێکەوتنامەی (سان ریمۆی نێوان بەریتانیاو فەرەنسا ١٩٢٠) و بەرپابوونی شورشی حوزەیرانی ١٩٢٠ لە عێراق، ئەوەبوو بەریتانیا ناچاربوو لە قاھیرەی پایتەختی میسر بڕیار لە دروستکردنی دەوڵەتی عێراق بدات لە ئازاری ١٩٢١و پاشتریش لە مانگی ١٢ی ١٩٢٥ بەبڕیاری کۆمەڵەی گەلانی ئەو کاتە ویلایەتی موسڵیش خرایە سەر عێراق و دەوڵەتی عێراق بەم فۆڕمەی ئێستا دروست بوو.

لە تشرینی یەکەمی ١٩٢٠ کە حکومەتێکی کاتی بەسەرۆکایەتی عەبدورەحمان گەیلانی نەقیبی ئەشرافەکانی بەغدا دروست دەکرێ ھەتا روخانی رژێمی پاشایەتی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ بەردەوام مەلیك و سەرۆك حکومەتەکانی عێراق لە ژێر رەحمەتی فشارو دەستێوەردانەکانی بەریتانیادا بوونە، تەنانەت ساڵی ١٩٢٢ کاتێ بەریتانیا رێکەوتنێکی سەپاند بەسەر عێراقدا بەوەی بۆماوەی ٢٥ ساڵ بووە وصی بەسەر عێراقەوە بەشێوەیەك فشاری شەقامی عێراقی کاریگەری خستە سەر مەلیك فەیسەڵ کە بووە ھۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەریتانیا و گەر بێت و فەیسەڵ نەخۆش نەکەوتایە دوورنەبوو بەریتانیا لەژێر فشار ناچاری دەست لە کارکێشانەوەی بکردایە، وەگومانی زۆریش دەکرێ بەریتانیەکان دەستیان ھەبوبێ لە کوشتنی مەلیك غازی کوڕی فەیسەڵ کاتێك بەرووداوی ھاتووچۆ ساڵی ١٩٣٩ کۆچی دوایی کرد. ئەوە باسی سەرۆك وەزیرانەکان لەولاوە بوەستێ، کە تەنیا نوری سەعید ١٤ جار پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرتوە و وازی ھێناوە یا وازیان پێھێناوە.

پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق لە سەردەمی رژێمی پاشایەتی ١٩٢١-١٩٥٨ لەبەرئەوەی ھەردولایان لەژێر ھەیمەنەی بەریتانیادا بوون ئاسایی و باش بووە، بەڵام کاتێك قاسم و ھاورێکانی شوڕشی ١٤ی تەمموزیان کرد و کۆتاییان بەدەسەڵاتی پاشایەتی ھێنا پەیوەندییەکانی ھەردوولا تەواو تێکچوو، تەنانەت ساڵی ١٩٦٩-١٩٧٢ بەھۆی ھاوکاری ئێران بۆ شوڕشی ئەیلولی کورد و داگیرکردنی ھەرسێ دوورگەکەی ئیمارات لەلایەن ئێرانەوە، پاش کشانەوەی بەریتانیەکان، دوور نەبوو بگاتە پێکدادانی سەربازی، بەڵام لە٦ی ئازاری ١٩٧٥ لە جەزائیر گەیشتنە رێکەوتن و پەیوەندییەکانیان ئاسایی بوەوە، ئەوە بوو ئەم رێکەوتنە زۆری نەخایاند و ساڵی ١٩٨٠ ھەردوولا درێژترین شەڕیان لە سەدەی بیستەم ھەڵگیرساند کە ھەشت ساڵی خایاند.

کاتێکیش ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی ساڵی ٢٠٠٣ گەورەترین بەربەستی ئێران کە سەدام بوو روخاند و ساڵی ٢٠١١یش زۆرینەی سوپاکەی لە عێراق کشاندەوە، گۆڕەپانی حکومڕانی عێراق بۆ ئێران چۆڵبوو.

ساڵی ٢٠٠٥ ھەتا ئێستا جگە لە کۆتایی حکومڕانی عەبادی و کەمێکیش کازمی تەواوی سەرۆک کۆمار و سەرۆك وەزیرانەکانی عێراق دۆست و ھاوپەیمانی ئیران بوونەو دژە ئێران عێراقیان ئاراستە نەکردووەو، بەجۆرێك لەجۆرەکانیش ئەمریکایان قەڵس کردووە.

پاش ئەم پاشخانە زانیارییانە ئیتر گرنگە تۆی خوێنەر ئەوەت لاروونبوبێتەوە دەستێوەردانی ئیقلیمی و دەرەکی لە عێراقدا لەگەڵ لەدایكبوونی ئەم دەوڵەتەدا لەدایك بووەو گەورە بووە ھەروا بەسانایی لە جەستەی پڕ برینی عێراق نابێتەوە.

ئێستا کە لە کۆتاییەکانی سەردەمی ترەپمیزم نزیک دەبینەوە، ھاوکات چەند رۆژێکی تریش ساڵرۆژی کوشتنی سولێمانی و موھەندیس و ھاورێکانیانە ھەردولایەنی ئەمریکی و ئێرانی بەرووکەش و کاریگەری کەمیش بێ لەبەر شەقام و دۆستەکانی خۆیان دەیانەوێ گورز لەیەکتری بدەن، تاکە مەیدانی ئەم لێدانەش کە بۆ ھەردوولایان مەیسەربووە تەنیاو تەنیا گۆڕەپانی عێراقە. رەنگە لە دیرۆکی عێراقی نوێدا ھیچ کاتێ ھێندەی ئەم چەند رۆژە ئاسۆو ئاییندەی عێراقیەکان لە بەردەم پێشھاتی تاریکدا نەبێ بەتایبەتییش بۆ کازمی سەرۆک وەزیران و بەرھەم ساڵحی سەرۆک کۆمار.

پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لە دوای وەفاتی تاڵەبانی و ھاتنی فواد مەعسومەوە ھیچ کاریگەری و قورساییەکی نەمابوو، بەڵام دکتۆر بەرھەم بەحوکمی پەیوەندییە شەخسیە عێراقی و بیانیەکانی باشتر لە فواد مەعسوم قورسایی بۆ پۆستەکە گەڕاندۆتەوە، ئەم چەند رۆژەی دادێ هەڵوێستی هیچیان لەویتر باشترنابێ لەنێوان بەرداشی ئەمریکی و ئێرانیەکان، ئایا کازمی و ساڵح بەچەشنی فەیسەڵ موعجىزەیەك فریایان دەکەوێ قوتاریان بکات یا ژیانی حکومڕانیان کۆتایی پێدێ !؟

Check Also

ئەگەر لە بازنەیەکی سەرووی خۆمانەوە لە جیهان بڕوانین/ بەشی یەکەم

د.مەدیحە سۆفی گۆی زەوی لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی سەختی کێشەی جۆراوجۆردایە، کە ئیدی دەستی مرۆڤ ناتوانێت بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *