دەروونشیکاری كاڕڵ گۆستاڤ یۆنگ دەربارەی ئایین

پێشڕەو عەبدوڵا


1

تێگەیشتنی دەروونشیکاری کارڵ گۆستاڤ یۆنگی(1875-1961) قوتابخانەی دەروونی زووریخ، لەمەڕ ئایین پرسێکی ورد و زانستی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە ڕۆڵی ئایین لە داڕێژرانی کەسێتی مرۆڤ، بەڵام شڕۆڤە و تێگەیشتن لەم پرسە هەروا ئاسان نییە، چونکە یۆنگ لەڕێگەی کۆمەڵێک گوتەزای قوڵەوە بیر و ڕاکانی خۆی دەربڕیوە، ئەم گوتەزایانەش پێویستی بە شەرح و قوڵبوونەوەی وردە بۆ تێگەیشتن لە چییەتی ئایین و ڕۆڵی لە جیهانبینی مرۆڤدا.

یۆنگ لەباسی ئاییندا دەنووسێت: “ئایین کۆنترین و گشتیترین دەرکەوتەکانی ڕۆحی مرۆڤە، بەجۆرێک هەر دەروونناسێک کە پێوەندی بە بینای دەروونی کەسێتی مرۆڤەوە هەبێت، ناتوانێ حاشا لەم ڕاستییە بکات، کە ئایین تەنیا دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و مێژووییە، بەڵکو بۆ زۆربەی مرۆڤایەتی پرسێکی تاکەکەسی گرنگ و بە بەهایە”١

یۆنگ ئایین بەیەکێک لەدەرکەوتەکانی ڕۆحی مرۆڤ پێناسە دەکات، ئەمەش بەو مانایەی، کە ئایین شتێک نییە لەدەرەوەی مرۆڤەوە هاتبێت و مرۆڤ وەک وەرگر و گەێنەرێک ئەم پەیامەی وەرگرتبێت، بەڵکو پێی وایە خودی ئایین وەک حاڵەتێکی ویژدانی تاکەکەسی هەر لەناو مرۆڤدا، هەڵقوڵاوە و لە ڕێگەیەوە پەیڕەوی لە گۆڕانێکی ڕۆحی کردووە، هەر لەبەر ئەمەشە ئایین بە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و مێژوویی ڕووت نازانێت، بەڵکو هێزێکە لەناو مرۆڤدا و هەمیشە هەم وەک چتێکی تاکەکەسی لەگەڵیدایە، هەم لە ئێستای خوێدا حزوری هەیە. واتە ئەگەر ڕوداوێک بێتە پێشەوە، ئایین داببڕێت لە مرۆڤ و کۆمەڵگەیەکی وا وێنا بکرێت کە نەهێڵرێت دەربارەی مێژووی ئایین هیچ بزانن و کەلتورێکیش ساز بکرێت، کە پاک کرابێتەوە لە تەرزە ئایینییەکان، ئەمە بەو مانایە نییە کە ئیتر ئایین بوونی نامێنێ، چونکە ئایین شتێکی تاکەکەسی و پرسێکی گرنگە بۆ ویژدانی مرۆڤ، جارێکی تر و لە فۆڕمی تر و شێوازی تردا، سەر هەڵدەداتەوە. واتە هەتا مرۆڤ بمێنێت، ئایین دەمێنێت، چونکە ئایین چتێکی ناوەکی و شەخسییە نەک زەروورەتێکی کۆمەڵایەتی و مێژوویی بێت و بۆ زەمەن و پرسێکی تایبەت گرنگ بێت و دوایی بەها و ئەرزشی نەمێنێت، بەهاو ئەرزشەکەی پەیوەستە بە بەها و ئەرزشی ڕۆحی مرۆڤەوە و وەک پنتێکی ڕۆحی خۆڕسک لە مرۆڤدا هەڵدەقوڵێت و بەردەوام پارێزگاری لە مانەوە و تازەبوونەوەی خۆی دەکات.

کاتێکیش یۆنگ ئایین بە کۆنترین دەرکەوتەی ڕۆح دەزانێت، ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت، کە ئایین ئاگایی و مەعریفەی منداڵی مرۆڤایەتییە، واتە چەمکی کۆنترین، ئاماژەیە بۆ منداڵێتی کۆمەڵگە، بەو مانایەی تا کۆمەڵگە بەرەو پێش بچێت، دەرکەوتەی ڕۆحیی، مەرج نییە بەڕێگەی ئایین گوزارشت لەخۆی بکات. دەکرێت وەک یاسا و دەستور و هونەر و مۆسیقا و هەموو چالاکییە ڕۆحییەکانی تری مرۆڤ، یان ئەو ڕێکخستنەی کە پێویستە بۆ ژیانی مرۆڤایەتی هەبێت، دەکرێت لەڕێگەی ترەوە ئەمە ئەنجام بدرێت.

هەر لەو گوتەزایەی سەرەوەدا، دژەوانەیەک لەقسەکەی یۆنگدا بوونی هەیە، ئەویش ئەگەر کۆنترین دەرکەوتەی ڕۆح ئایین بێت، کە ئەمەی بەمانای منداڵی کۆمەڵگە وتوە، چۆن لەگەڵ مرۆڤێکی نوێدا، کە لەناو جیهانێکی تازەدا دەژیت، هێشتا ئایین حەوجێی ڕۆحی مرۆڤی نوێشە.

کەواتە مەسەلەی ئایین زۆر لەوە قوڵترە کە وەک مێژوو یان وەک بەشێک لەکەلتوور یان وەک بیرێکی سەرەتایی ڕۆحی مرۆڤ وێنای بکەین، مادام ئایین پرسێکی ویژدانی تاکەکەسییە، کەواتە ئایین دەکەوێتە دەرەوەی کەلتوور و مێژوو و منداڵێتی کۆمەڵگەوە و پرسێکە وابەستەی ئێستای ڕۆحی مرۆڤە.

2

یۆنگ لەپێناسەی ئاییندا دەنووسێت: “هێزێکی بزوێنەرە کە نا کرێت هۆکارەکەی لە ئیرادەی تاکدا بدۆزرێتەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەم هێزە یان کاریگەرییە ئەو تاکە دەبەزێنێ”٢

ئەوەی یۆنگ دەیڵێت بریتییە لە هێرشی هێزێکی دەرەکی، بەڵام نەک بەو مانایەی کە لەدەرەوەی مرۆڤەکەوە هاتووە، بەڵکو هێزێکە لەدەرەوەی خودئاگاییەوە هاتوە، ئەویش هەمان ناخودئاگای خۆییەتی.

پەیوەندی نێوان خودئاگا و ناخودئاگا، پەیوەندییەکی ئاڵۆز و تەم و مژاوییە، هەتا ئەو پەیوەندییە ڕێک بخرێت، مرۆڤ لە هێزی نادیار و شەیتان و خودا و فریشتە و …تاد دوور دەکەوێتەوە، هەتا ئەو دوو کەناڵەش لەپچڕانی پەیوەندیدا بن، هێزە غەیبییەکانی نەست هێرش دەکەن و ئیرادەی تاکەکە سڕ دەکەن، تەنانەت کەسی تووش بوو، بە جنۆکە و شەیتان، کەسێکە کە خودئاگای دابڕاوە لەناخودئاگای خۆی، بەمەش ترس، نەزانین، تەسلیم بوون، دێتە ئاراوە.

واتە مرۆڤەکە دەکەوێتە نێو دوورگەیەکی ترسناکەوە، کە ئەویش نەستی خۆیەتی، هەتا نەست شاراوە و داپۆشراو بێت، هێزەکەی زیاد دەکات. بۆیە کاتێک ئایین وەک پرسێکی کۆمەڵایەتی ڕووبەڕووی خودئاگا و عەقڵ دەبێتەوە، کێشەی گەورە سەر هەڵدەدات، چونکە یەکەمین بناغەی ئایین بریتییە لە ملکەچکردن بۆ هێزیکی غەیبی و نادیار، هەموو هەوڵێکی دەروونشیکاریش بریتییە لە هێنانەوەی ئەوە بەشە تاریکە بۆ ژێر ڕۆشنایی خودئاگا، واتە شەڕی نێوان دەروونشیکار و ئایین شەڕێکی سەخت و دژوارە.

بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە بۆ دەروونشیکار ئەو بارگۆڕینەی کەسی تەسلیم بووە بە ناخودئاگای خۆیەوە، چونکە کاتێک کەسەکە تەواو تەسلیمی ئەو جیهانە شاراوەییە دەبێت، هێزێکی نورانی و بان مرۆیی دەست بەدەرکەوتن دەکات (ئەمە بۆ حاڵەتی گەیشتن بە لوتکەی ڕۆحانی مرۆڤ، وەگەرنا ناخودئاگا لەگەڵ ئەوەی جێگەی خودایە بەڵام شەیتانیش هەر لەوێیە) و پاشان بەسەر خودئاگادا زاڵ دەبێت. نەک هەر ئەمە بەڵکو کەسەکە ڕووبەڕووی سۆزێکی نورانی دەبێتەوە کە نەرم دەبێتەوە و ئامادەیە دەست لە زۆر شتی خۆی بەربدات، هەموو سروتە ئایینییەکانیش بریتیین لە گەورەکردن و ڕاکێشانی ئەو پانتاییەی ناوی نەستە، تا بەسەر خودئاگادا زاڵ ببێت و بەپێی ئیحا نەستییەکان بجوڵێتەوە، نەک بە پێی سەردەم و داخوازی واقیعەکە.

“لەزۆربەی خەڵکدا سەبارەت بەناوەڕۆکی شیمانەیی ناخی ناخودئاگا جۆرێک لەترس و خۆفی تایبەت بەمرۆڤی بەرایی هەیە”٣

ئەمەش هەمان ئەو ترسەیە کە مرۆڤ لە شتی نەزانراوی هەیە و پرسی ئایینییش هەمیشە شوێنێکی نەزانراوی هێشتۆتەوە، کە مرۆڤ نەک هەر تێیناگات، بەڵکو ناچارە وەک شتێکی شاراوە بەردەوام حسابی بۆ بکات.

بۆیە مرۆڤ قەت ئازایەتی ئەوە لەخۆیدا نانوێنێت کە ڕووبەڕووی ناخودئاگای خۆی ببێتەوە، چونکە هەموو چەکە ئاگاییەکانی دەستی لەکاردەکەون و هێزی تەفسیرکردن لەدەست دەدات.

بۆیە مرۆڤ پێویستی بەهێزێکی گەورە و بەدەسەڵات هەیە، کە هەموو ئەو هێزە نادیار و سەیر و سەمەرانەی وەک جنۆکە و تارمایی و دێو و درنج و…تاد بخاتە ئەستۆی ئەو هێزە و لانی کەم بۆ ئەوەی بتوانێت هاوسەنگی خۆی بپارێزێت و ساتێکی بێ ترس بۆخۆی دروست بکات.

3

یۆنگ لەدرێژەی شڕۆڤەکانی بۆ سروتە ئایینیە دەستە جەمعی و تاکەکەسییەکان دەنووسێت: “تەنانەت نەریتەکانی ئێمەش هێشتا ڕەچاوکردنی ئایینی پێوەدیارە کەلە ترسی ئەگەری ڕوودانی مەترسییە ڕۆحییەکان سەرچاوە دەگرێ”٤

ئایین لای یۆنگ هەر بۆ ڕەوینەوەی ترس و بیم نییە بەڵکو بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو هێزە تاریکەی نێو ناخودئاگاشە، کە ئەگەر بێت و بەڕەڵا ببێت و بەری لێ نەگیرێت، کاولکاری گەورە دەخاتەوە، واتە ئایین کە کۆمەڵێک سروت و ئیحایی زاتییە بەردەوام فشاری ئەو هێزە تاریکانەی ناخودئاگا هێور دەکاتەوە و ڕامیان دەکات، واتە مەسەلە تەنها ترس لە ڕوداوە سروشتییەکان و زاتی خالق نییە، بەڵکو ترسی لەکۆنتڕۆڵ دەرچوونی هێزە تاریکەکانی ناخودئاگاشە.

چونکە یۆنگ ئەوە بەڕاست دەزانێت کە مرۆڤ لە جیهانی ناخودئاگای خۆی بترسێت و وەک بۆمبێکی تەوقیتکراو حسابی بۆ بکات.

“لەڕاستیدا مرۆڤ مافی خۆیەتی لەم هێزە ناکەسەکییە شاراوانەی ناخودئاگای بترسێ. ئێمە بەخەیاڵێکی ئەرخەیان لەبوونی ئەم هێزانە بێئاگاین، چونکە لەباری ئاساییدا هیچ کات ئەم هێزانە دەرناکەون”٥

واتە کاتێک ئەم هێزانە دەردەکەون کە بواریان بۆ بڕەخسێت و بوروژێنرێن. ئەوکات دەکەوینە بەردەم وێنەی سەیر و سەمەرەی مرۆڤ، کە چۆن لەو کەسە بەڕێزەوە باردەگۆڕێت بۆ کەسێکی وێرانکەر و ترسناک. بۆیە ئایین لەئاستە کۆمەڵایەتییەکەشدا هێزێکی ڕامکەر و مایەی ئاشتییەکی دەستەجەمعییە بۆ نەگۆڕانی مرۆڤ بۆ کائینێکی ڕوخێنەر و ترسناک.

“ئەگەر تاکەکان یەک بگرن و کۆمەڵێک پێک بهێنن، لەوحاڵەتەدا هێزی مرۆیی بەکۆمەڵ سەربزێوانە دەردەکەوێت، دەڵێی ئاژەڵانی دڕندە یان شەیتان لەقوڵایی بوونی هەرتاکێکدا خۆی حەشارداوە”٦

بەمەش ئایین ئەو دەستەجەمعە ڕام دەکات و هێوری دەکاتەوە واتە ناهێڵێت شەیتانەکانی ناو ناخودئاگا وەخەبەربێن و وێرانی بخەنەوە، بۆیە زۆر جار دەسەڵات لە سودی ئەم لایەنەی ئایین بێ ئاگا نییە و لەژێرەوە پاڵپشتی بۆ جۆرێک لە ئایین دەردەبڕێت، کە مرۆڤ خاودەکاتەوە و ناهێڵێت توڕەبێت و ناخودئاگای بەڕەڵا بکات و بەرژەوەندی دەسەڵات لە بەین ببات. لێرەوەبوو مارکس گوتی، ئایین تلیاکی گەلانە، چونکە ناهێڵێت شۆڕشی کرێکاران بەرپاببێت، ئەگەر کوردستانی خۆمان بە نموونە وەربگرین، دەبینین لەناو ڕەوتە ئایینییەکانی کۆمەڵگەی کوردیدا، تازە بەتازە دەسەڵاتی کوردی، زەمینە بۆ تەکییە و تەریقەت خۆش دەکات، چونکە ترسی لە تەقینەوەی هێزی ناخودئاگای خەڵک هەیە و ئەم جۆرە لە ئایینە، سەرخۆشکەرێکی باشە بۆ هێورکردنەوە و ڕامکردنی ئەو کۆنەستەی وەک بۆمبێکی تەوقیتکراو خۆی حەشارداوە، ئەگەر هەر قەرارە بتەقێتەوە، با لەفۆڕمی خۆشەویستی بۆ شێخەکەی یان لە هەڵبەز و دابەزی زیکرێکی شەوانەدا بەتاڵ ببێتەوە.

4

کێشەکە ئەوەیە پرسی ئایین کاتێک دەست بۆ تەفسیرکردنی دنیا دەبات یان دەیەوێت لەبابەتێک کە مەیدانی زانست و واقیعە، جیهانبینی خۆی مانیفێست بکات، دەکەوێتە بەردەم دوو تەحەدای گەورەوە یەکەمیان باوەڕی خەڵک دووەم دانپیانانی بیرە زانستییەکانە بەو تەفسیرکردنەی ئایین.

بەڵام کاتێک کێشەکە دەکەوێتە نێوان زانست کە بنەماییەکی عەقڵی و ئەزموونی هەیە و ئایین کە بنەماییەکی خەیاڵی و ڕۆحی هەیە هەمیشە ئایین هەم ڕەگی خۆی دادەکوتێ هەم دەسەڵاتی ڕەهای خۆی بەسەر زانستدا دەسەپێنێ. کەواتە ئەو هێزە شاراوەی ئایین چییە کە زانست دەخاتە پەراوێزی خۆیەوە.

یۆنگ ورد لەم پرسە ڕادەمێنێ و دەنووسێت: “دەرکەوتنی ناخودئاگا بەم چەشنە کەرەستەیەکی بەرگری پێک دەهێنێ کە لە بەرانبەر ئەزموونە ڕاستەوخۆکاندا کاریگەرێتییەکەی زۆر زیاترە لە تێورێکی زانستی. تیۆری زانستی لەلایەنە سۆزدارانەکانی ئەزموون بێوەرییە کەچی باوەڕی ئایینی بەدرێژایی سەدەکان وەک خۆی دەمێنیتەوە. بۆ نموونە باوەڕ بەهەبوونی مرۆڤێک کە خوداشە و دەشکوژرێت، لانیکەم پێنج هەزار ساڵە بوونی هەیە”٧

کەواتە ئەو هێزە چییە کە چیرۆکە خەیاڵییەکانی ئایین زاڵ دەکات بەسەر حەقیقەتە زانستییەکاندا؟

یۆنگ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە زۆر ئاشکراو ڕوون ئەوە دەڵێت کە ئایین لەبەر ئەوەی دەکەوێتە ناو ناوچەی ناخودئاگاوە و ڕەنگدانەوەی ناخودئاگایە.

هەرچی زانستە دەکەوێتە ناوچەی خودئاگاوە، هەر شتێکیش بکەوێتە ناو خودئاگاوە ڕووبەڕووی هەستەکان دەبێتەوە و وەک شتێکی مادی و بەرهەست دەتوانین هەم تێی بگەین هەم خۆمانی لێ ڕزگار بکەیین، هەر کاتێکیش لە شتێک تێ بگەین و وەک مەعریفەیەک بۆمان ئاشکرا ببێت، ئەمە بۆخۆی جۆرێکە لەهەڵمژین و زاڵبوون بەسەر ئەو شتەدا.

بەڵام کاتێک ئایین دەکەوێتە ناو ناوچەی ناخودئاگاوە تا ئەو کاتەی کە ناکەوێتەوە ناو خودئاگا، مرۆڤ ناچارە تەسلیمی ببێت و ئەو زاڵبوونە قبوڵ بکات، ئەمەشە وادەکات مەسیحییەک بەدرێژایی هەزاران ساڵ مەسیح کە گۆشت و خوێنە بەخودی خودا بزانێت و دوایش بشکوژرێت.

چونکە عەقڵی مەسیحی تا ئەو ساتە تەفسیرێکی یەکلاکەرەوەی بۆ ئەو دیاردە نییە، ئەمە بەشێکی هێزەکەیە، بەشێکی تریشی ئەوەیە لەناخودئاگادا بوونی هەیە، مرۆڤیش لەنێوان خودئاگا و ناخودئاگادا هەمیشە ناخودئاگا زاڵ دەبێت بەسەریدا. بۆیە ئایین هەم پارێزگاری لەنەگۆڕانی خۆی دەکات هەم دەسەڵاتی خۆی بەسەر زانستدا دەسەپێنێ.

بەڵام زانست ڕۆژانە دەگۆڕێت و خودئاگای ئێمە تێردەکات. بۆ ئایینیش ناکرێت هەر ڕۆژە بگۆڕێت و ببێتە چتێکی دی، چونکە سروشتی هەستەکان وایە کە بەگۆڕانی فەزاکانی خۆی خۆشتر و باشتر چالاک دەبێت، بەڵام ڕۆح پێویستی بە پەناگەیەکی ئارام و نەگۆڕ هەیە بۆ ئەوەی تیاییدا بسرەوێت.

ناکرێت ئەمڕۆ بەوشێوازە نوێژبکرێت و بە بەیانی شێوە و ماناکەی بگۆڕێت، چونکە ئەو کات مرۆڤ هەر لە پەشێویی و بێ ماڵیدا دەمێنێتەوە. بەڵام بۆ خودئاگا، گۆڕان و گەشەکردن دەبێتە خۆراک و چاوەی لەزەت بۆ ژیان.

کەواتە مرۆڤ دەکەوێتە نێوان دوو ماکینەی گەورەوە یەکەمیان خودئاگاییەتی کە ڕاستەوخۆ بەو واقیعەوە گرێدراوە و بەردەوام داوای گۆڕان و نوێنبوونەوە و گەشەدەکات، کە بیری زانستی تێیدا چالاکە و دنیاکان ڕەنگاو ڕەنگ دەکات. لەو لاشەوە لایەنی ڕۆحی و ناخودئاگا کە مۆڵگەی بیری ئایینییە، پێویستی بە نەجوڵان و ئارامی و نەگۆڕان هەیە. بۆیە خودا وەک چەمکێک، نابێت بگۆڕێت، نابێت گەشەبکات و هەر ڕۆژە لە شوێنێنکی تر بێت. مرۆڤ دەتوانێت بێ جیهانی زانست بژیت و درێژە بە ژیانی خۆی بدات، بەڵام بێ پەناگەیەکی ڕۆحی ناتوانێت، لەگەڵ ژیانا هەڵبکات.

هێزی ناخودئاگاو ناعەقڵانی ئایین، لێرەوەیە زاڵ دەبێت بەسەر هێزی واقیعی و عەقڵانی زانستدا.

5

باوەڕی ئایینی و مەسەلەی خودا، دەبێت هەر زوو لە هەرچی مەسەلەی تاکەکەسییە دابماڵرێت، بەو مانایەی کە ئێمە لەدەرەوەری مرۆڤ و کێماسییەکانی وێنای شتێکی دیکە دەکەین، چونکە ئەگەر ئەم پڕۆسەیە نەکرێت و کەسەکان و وێناکان لەنێو خودی کەسەکانەوە دروست بکرێن، ئیتر ئەو بیرە هێزی گشتاندنی خۆی لەدەست دەدات.

لەبەر ئەوەی ئەو کەسە هەر چییەک بێت و هەر کەسێک بێت، بە خودی پێغەمبەرەکانیشەوە، شایانی ئەوەن کە بکەونە نێو هەڵەوە و لەشوێنێکی بڕیار یان تەفسیرکردنی دیاردەیەک نەیپێکن. بۆیە ئایین ئەو دەستە جەمعییەی خۆی لەدەست دەدات و هەر کەسە و ئازاد دەبێت لەوەی سروشت و تێڕوانینی خۆی وەک ئایین تەوزیف بکات، بۆ ڕێگرتن لەم فرە ئایینییە و ئەو شڵەژانەی تووشی مرۆڤ دێت، پێویستە، هەر چی بنەما ئایینییەکانە لە ڕەوشتە کەسی و شەخسییەکان پاکبکرێتەوە، چونکە ئەگەر وانەبێت خوداش وەک هەر بوویەکی تر کەم و کوڕی تێدەکەوێت.

هەر وەک بە خودا زانینی عیسا لەلایەن مەسیحییەتەوە کە یەکێکە لەخەوشەکانی ئەو بیرە، چۆن خودایەک هێزی ڕزگارکردنی خۆی نییە و دەشبێتە فریاد ڕەسی خەڵکی.

“باوەڕێکی ئایینی هەمیشە بەرەنجام و بەرهەمی بیری زۆرێک لەبیرمەندان و گۆڕانکاریی چەندین سەدەیە کەلە کەم و کوڕی و ناڕێکی و شپرزەیی ئەزموونی تاکەکەسی داماڵراوە”٨

تەنانەت بۆ وێناکردنی کەسە ئایینییەکانیش، کاتێک کە چاو لەوە دەپۆشرێت ئەویش وەک ئێمە گۆشت و خوێنە و پێویستی بە سێکس و بەخواردن و هەموو ئەو چالاکییە بایەلۆژییەکان هەیە، لەوێشدا کەسەکە وەک ڕۆحێکی پەتی و موجەڕەد وێنادەکرێت، ئەمەش ڕاستەوخۆ لەدوای مردن یان غایب بوونی کەسەکەوە دەست پێدەکات.

چونکە ئەم تەسپیتکردن و کۆنکرێتکردنەوەی کەسێتی پیرۆزکراو، خزمەت بە ڕەوشی دەروونی پەیڕەوکراوەکان دەکات و جارێکی دیکە دەبێتەوە سەرچاوەی ڕوناکی و مایەی ئەوەی وەک پاڵپشتێک بۆ ڕۆحی کەسەکە مانا ببەخشێت. هەربۆیە مردوو هێزی ڕۆحی بەهێزترە لە کەسێکی زیندوو.

لەپەیوەندی نێوان شەمس و مەولانادا، ئەمە زۆر بەڕوونی دەردەکەوێت، شەمس بۆ مەولانا کاتێک پیرۆز دەبێت، کە ئیتر شەمس لەمەولانا دادەبڕێت، چونکە شەمسی دوور، هەمان شەمسی نزیک نییە، شەمسی دوورخراوە شەمسێکە کە پاککراوەتەوە لە خەسڵەتە مرۆییەکان و وەک ڕۆحێکی پەتی لە دەروونی مەولانادا دادەگیرسێت، بەڵام ئەو کاتەی شەمس و مەولانا پێکەوەبوون، شەمس مرۆڤێکی واقیعییە و گۆشت و خوێنە.

ئەم بنەما سایکولۆژییە زۆرجار لەلایەن سەرکردەکانەوە بەکار دەهێنرێت بۆ ئەوەی وەک ڕۆحێکی پەتی و کەسێتییەکی گەورە وێنابکرێت، بەمەش لە ڕێگەی دەست و پێوەندییەکانییەوە هەزاران پرسگە دادەنێت بۆ ئەوەی نەبینرێت و خەڵک نزیک نەبێتەوە، تا سیحری بەگەورەبوونی بەتاڵ نەبێتەوە، ئەگەر کوردستانی خۆمان بە نموونە وەربگرین، دەبینین، کادری وا هەیە، پەنجا ساڵە دەیەوێت سەرۆکی حیزبەکەی خۆی ببینێت، بەڵام ناهێڵن بیبینێت.

ئەم تاکتیکە تاکتێکی سایکولۆژییە بۆ ڕاکردن لەوەی کە کەسە بە پیرۆزکراوەکە پارێزگاری لە پیرۆزی خۆی بکات. ئەمە نەک بۆ سەرکردە و سیاسییەکانی کورد، تەنانەت بۆ بەشێک لە ڕۆشنبیرەکانیش، بۆ نموونە ڕۆشنبیرێکی وەک بەختیار عەلی بەردەوام لە هەوڵی شاردنەوەی کەسێتی واقیعیی خۆیەتی لە خوێنەر و ڕەخنەگر و …تاد چونکە ئەو باش دەزانێت بە نزیک بوونەوە و تێکەڵ بوون، ئەو سحرە گەورەیەی کە ئەنجامی داوە و بۆتە باوکی ڕۆشنبیری کوردی، هەر زوو لێی دەڕەوێتەوە. ئاخر ناکرێت بۆ هەر پڕۆژەییەکی فەلسەفی و دەروونی و مەعریفی و جێدەری و …تاد پرس بەو بکرێت و ڕای ئەو بە گرنگ بزانرێت، ئەمە کێشە نییە، چونکە لەم بارەدا گروپەکان مامەڵە لەگەڵ تارمایی بەختیار دەکەن و لەگەڵ پیرۆزی ئەو قسەدەکەن، بەڵام لەوێدا کێشەیە، کە بەختیار ڕازی دەبێت، لەهەموو ئەو کایە جیاوازانەدا، وەک سەرتۆپ و لوتکە وەڵام دەداتەوە. واتە ڕازییە بەوەی ئەو ببێتە بت و موقەدەسی نێو هەموو کایە مەعریفییەکانی نێو ڕۆشنبیری کوردی.

بۆیە نابێت ئەو وەک جەستەیەکی بایەلۆژی لەناو فیسبووک و ژیانی نەتەوەکەیدا بێت، تەنها وەک تارماییەک بەناو خوێنەرەکانیدا دێت و دەڕوات. واتە ئەگەر بێت و لەم ڕوانگەیە سەیری هەر یەک لە بەختیار عەلی و کاک مەسعود بارزانی بکەین، ناتوانیین هیچ جیاوازییەک بەدی بکەیین.

لە فیلمی 3 هەزار ساڵ پێش زایندا کاتێک ڕم بەدەستە دەشتەکییەکە خوای میسرییەکان دەکوژێت، کابرای بەخوابوو، کەسێکی گەڕە و لەژێر پەردەیەکەوە شاردراوەتەوە، چونکە ئەگەر گەلەکەی وەک جەستەیەکی بایەلۆژی بیبینن، ئیتر لەخوایەتی خۆی دەکەوێت و سحرەکەی بەتاڵ دەبێتەوە.

بۆیە ئەم تاکتیکە سایکۆلۆژییە، وایکردووە موقەدەس لەدایک ببێت، ڕۆشنبیری پیرۆز و سیاسی پیرۆز و …تاد

یۆنگ زۆر ورد ئەم میکانیزمە دەروونییە ئاشکرا دەکات و بە داهێنانێکی وردی ناخودئاگای مرۆڤی دەزانێت.

6

خودای خودئاگا، خودای ناخودئاگا:

مەسەلەی خودا وەک چەمکێکی پەتی و ڕووت، هەر بەتەنها بابەتی فەلەسەف و عیرفان نییە، بەڵکو دەروونشیکاری لایەکی دیکەی لەسەر ئەم باسە کردەوە.

ئەگەر فەلسەفە بەشوێن چییەتی خوداوەبێت و عیرفانیش بەشوێن ئەوەوە بێت کە شعور بە خودا پەیدابکات، ئەوا دەروونشیکاری بەشوێن سەرچاوەی بوونی خودایا دەگەڕێت، بەوماناییەی ئەوە لای ئەو کێشەیە ئایا خودا، دەکەوێتە خۆێی مرۆڤەوە و لەکوێدا پەیدا دەبێت و لەکوێد بزر دەبێت.

لەبەشی پێشوو ئەوەمان گووت بۆ ئەوەی خودا نەکەوێتە ناو هەڵەو کەم و کوڕییەوە دەبێت لەشوێنێکی دەست لێ نەدراو و هەست پێ نەکراودا هەڵبگیرێت، ناکرێت خودا وەک بوویەکی ماددی ڕۆژانە بەری بکەوین، دەبێت هەمیشە لەدووری ئێمەوە بدرەوشێتەوە.

بەڵام وەنەبێ، مرۆڤ لەناو جیهانی ماددەدا بەشوێن خودایا نەگەڕابێت، بەڵکو یەکەمیین دەرکەوتنەکانی خودا دەرکەوتێکی ماددی بەرهەست بووە، دوایی لەگەڵ گەشەکردنی بیری مرۆڤدا خوداش گەشەی کردووە. واتە یۆنگ چەمکی خودا بە بیری مرۆڤەوە گرێدەدات و پێی وایە خوداش چەمکێکی گەشەسەندووە و هەموو ڕۆژ دەچێتە شوێنێکی تاریکی واوە کە مرۆڤ نەیبینێت.

بۆیە لەگەڕان بەشوێن خودایا دوو جۆر خودا جیادەکاتەوە، یەکەمییان خودای خودئاگا و ئەویتر خودای ناخودئاگایە.

“جارێک دەبێ بەوە ڕازی بین کە لە بەر ئەوەی وێناکردنی خودا یەکسەر لەدەرەوەی زەینی خودئاگای مرۆڤی ئەم سەردەمەدایە، لەناخی ناخوئاگایدا ئاشکرا دەبێت و شێوەیەک لەخۆ دەگرێت کەمرۆڤی سێ یان چوار سەدە پێش ئێستا بەشێوەی خودئاگا وەریگرتبوو”٩

واتە خودای سەردەمانی زوو خودایەکی خودئاگیانەبووە و لەجیهانی بەرهەستی مرۆڤدا بوونی هەبووە، بەڵام ئەم جۆرە لەخودا کێشەی کەم توانایی و بێ دەسەڵاتی ڕووبەڕوو بۆتەوە. چونکە مرۆڤ خودایەکی کەم توانا و گۆڕاو و بێ دەسەڵاتی ناوێت.

هەروەک لەچیرۆکی ئیبراهیم پێغەمبەردا، کاتێک بێ هیوا دەبێت لە خودای خودئاگا وەک مانگ و ئەستێرە و ڕۆژ، شاگوتەزاکەی خۆی دەڵێت و بەدڵ دەڵێت: “لا احب الافلين”١٠ واتە خودا بەسەرچووەکانم خۆش ناوێت.

واتە مرۆڤ تەنانەت لەناو خودای خودئاگاشدا هەر بەشوێن خودای ناخودئاگادا گەڕاوە، بەڵام بەپێی ئیدراک و گەشەی بیرکردنەوەی وردە وردە خودای پاککردۆتەوە لەهەرچی سیفاتی ماددەیە و لەشتێکی گۆڕاو و بەرهەستەوە، کردوویە چتێکی نەگۆڕ و نابەرهەست (بانهەستی).

تەنانەت لەلای فەیلەسوفانی پێش سوکرات کاتێک باسی خودایان کردووە بە بازنە چواندوویانە، چونکەبازنە گوزارشتە لە چتێکی نەگۆڕ، هەر بۆیە گەردوون و زەوی و ڕۆژ و…تاد هەموو شتەکانی دیکەش شکڵی بازنەیان هەیە.

واتە لەناو ماددەشدا بەشوێن شتێکی نەگۆڕدا گەڕاون بۆ دەستخستنی خودا.

بەڵام بۆ مرۆڤی نوێ کەبەرهەمی بیری نوێیە، خودای خودئاگا تووشی کێشەی دەکاتەوە، بۆیە دەبێت خودا خوداییەک بێت لەناخودئاگای خۆیدا بەرجەستەببێت و بیپارێزێت لە گۆڕان و دەرکەوتن.

سەرەکیترین هەوڵی پێغەمبەرانیش ئەوەبووە خودای خودئاگا ڕەت بکەنەوە، کە فەیلەسوفەکان بەعەقڵ و بیرکردنەوە ئەم کارەیان کردووە. یەکێک لەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی سوکرات کرا ئەوەبوو فرە خودایی ڕەتکردووە و پێی وابوو خوداکانی یۆنان کۆمەڵەخوداییەکن کە بەرهەستن و لەخودئاگادا بوونیان هەیە.

هەرچی پێغەمبەرانە، بەوەحی و وەک نوێنەری خودا ئەوەیان بەگوێی مرۆڤایەتییدا داوە، کە نابێت مرۆڤ و سروشت و حیزب و شێخ و …تاد ببێتە خودا.

7

دەروونشیکارییانەی فەلسەفەی ئیشراق:

لەڕاستییدا ئەوەی دەروونشیکاری تووشی شۆک دەکات لەبەرانبەر ئاییندا ئەو حاڵە نورانییە ناوەکییە کە سەرچاوەکەی ناکەوێتە ناو سایکۆی مرۆڤەوە. یۆنگ زۆر باش ئاگاداری ئەم لایەنە ڕۆحی و ویژدانییەی ئایینە، بۆیە ناتوانێت پایەماڵی بکات و چاوی لێ بپۆشت، چونکە هەم بۆ یۆنگ و هەم بۆ دەروونشیکارەکان ئیشراق چتێکی سەیر و سەمەرەیە و کەرەستە سایکولوژییەکان ناتوانن ڕووبەڕووی ببنەوە. واتە زانینیان بۆی نییە، بەمەش خودی ناخودئاگای یۆنگ و دەروونشکارییەکان دەکەوێتەوە کار و خودئاگایان بزر دەبێت، واتە ئایین و تایبەت حاڵەتی ئیشراق لێرەش زاڵ دەبێت بەسەر زانستی دەروونناسییدا و خۆی پەرش دەکاتەوە. هەربۆیە یۆنگ دەڵێت: “ئیشراق لە قۆناغی یەکەمدا بریتییە لە لابردنی حیجاب و پەردە لەسەر قوڵایەکانی نەفسی مرۆڤ و دەرخستنی نهێنییەکان. کەوایە لەبنەمادا حاڵەتێکی دەروونیناسانەیە، ئەگەرچی ڕەنگە شتێکی دیکەش بێت و هەر چۆنێک بێت لەدەرەوەی ژینگەی جیهانە.” ١١

ئەگەر دیقەت لەم گوتەیەی یۆنگ بدەین، لەکۆتایید کە دەڵێت ڕەنگە چتێکی دیکە بێت یان هەرچۆنێک بێت، لێرە ئاماژەیە بۆ دەستەو وەستانی سایکۆلۆژیا لەهەمبەر ئەو هێزە ڕوناککەرەوەی حاڵەتی ئیشراق.

کە دەشڵێت لەدەرەوەی ژینگەی جیهانە، ئەم قسەیە ڕێک پێچەوانەی قسەی پێشووی خۆیەتی، کە دەڵێت حاڵەتێکی دەروونناسانەیە یان چتێکی ناخودئاگاییە.

ئەوەی لێرە بەدیدەکەین کە دەروونشیکاری بەو کەرەستانەی لەسەر مرۆڤ بینای کردووە تا شوێنێک توانای شڕۆڤە و تەفسیرکردنی مرۆڤی هەیە، لەو شوێنەی ئایین گوزارشت لە قوڵایی خۆی دەکات و دەچێتە دەرەوەی تەرزە سایکۆلۆژییەکان، دەروونشیکاری هێزی باڵا دەستی خۆی لەدەست دەدات و لەسوچێکەوە دادەنیشێت. هەروەک ئەو هەوڵەی عەفیف ئەخزەر کە دەیەوێت بە چەمکە سایکۆلۆژییەکان لە کەسێتی پێغەمبەران تێبگات تایبەت پێغەمبەری ئیسلام و حاڵەتی وەحی بە ( الهذیان النبوة) پێناسە دەکات. واتە وڕێنەی پێغەمبەرایەتی، لەکاتێکدا حاڵەتی ئیشراق حاڵەتێکە پڕە لە حیکمەت و دانایی کە مرۆڤ پاک دەکاتەوە لە فشارە دەروونییەکان و دەکەوێت بەلای جیهانێکی دیکەدا چۆن ئەم حیکمەت و داناییە دەبێتە وڕێنە، یانی چۆن دەقێکی وەک قورئان کە تەواوی زمانی عارەبی دەخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، دەکرێت وەک وڕێنە و بارێکی سایکۆلۆژی پێناسە بکرێت. کاتێک یۆنگ دەڵێت لەدەرەوەی ژینگەی جیهانە، واتا ئیتر ئەوە بارێکی نورانی تایبەتە و کەرەستەکانی ئەم جیهانە هێزی تەفسیرکردن و ڕاڤەی ئەو جیهانەی نییە.

هەروەک لەباسی پۆڵس پێغەمبەردا دەڵێت: “ئەو گۆڕانکارییەی کە لەویژدانی مرۆڤدا لەو کاریگەرییە پێک دێت، گۆڕانی حاڵەتێک کەلە پۆڵسی پێغەمبەردا ڕووی دا. وێنەیەکی ئاشکرای ئەم خاڵەیە. کەواتە دەکرێ بگوترێت زاراوەی ئایین پیشاندەری حاڵەتێکی تایبەتی ویژدانییە کە بەهۆی تێگەیشتن لەحاڵەتی پیرۆز و نورانییەوە گۆڕدرابێ” ١٢

واتە سەرچاوەی ئایین شوێنێکی دوورە دەستە و دەروونشیکار و زانست بە گشتی دەستی پێ ناگات، ئەمەش بە چەند هۆیەکە، یەکیان ئەوەیە حاڵەتەکە زۆر تایبەتە و گشتی نییە، واتە لەنێوان کۆی مرۆڤایەتییدا چەند هەزارێک کەسێک هەن گەیشتوونە ئەم حاڵەتە بۆیە دەروونشیکار ناتوانێ تێی بگات چونکە نە لەنێوخۆی نە لەنێو نەخۆشە دەروونییەکانیدا نایدۆزێتەوە. ئەوەی لەبەردەستی ئەودایە، کۆمەڵێک نەخۆشن کە تووشی هەلوەسەی ئەوەبوون گوایە ئەوان پێغەمبەرن یان خودان.

ئەمەش بۆ مرۆیی سەردەم باوەڕ پێکراو نییە و ئەو کەسە پڕە لە کێماسی و لایەنی واقیعی ژیان لەدەست ئەدات. واتە نەخۆشە بە پێغەمبەرەکان، تەنها لەناخودئاگادا تووشی ئەو بارە بوون، بەڵام وەحی و پێغمبەرایەتی پێغەمبەران، هەم لەخودئاگادایە هەم لەناخودئاگادایە. چونکە ئەوان لەگەڵ بوونی بارە نورانی و ڕۆحانییەکە، تێگەیشتنێکی تەواویان هەیە لەسەر کۆی پرسە سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتی و تاکەکەسییەکان.

واتە خاوەنی حیکمەت و دانایی ئەوەن کە وەک چارەسەرکار و داڕێژەری نەخشەی گۆڕینی ژیانی خەڵک دەربکەون.

بۆیە نەخۆشە بە پێغەمبەرەکان، نابنە نموونە و عەینەی ئەوەی لە حاڵەتی دەروونی و ڕۆحی پێغەمبەرەکان تێ بگەیین.

8

ئایین وەک پرسێکی ناچارەکی دەروونشیکاری:

مەسەلەی ئایین و دەروونشیکاری مەسەلەیەکی چڕ و ئاڵۆزە، چونکە هەر دووکیان لەمەیدان و مەۆی دەرووندا کاردەکەن، بۆیە هەندێ جار بەریەک دەکەون و هەندێ جاریش خزمەت بەیەکتر دەکەن.

هەرچی ئایینە پێش زانستی دەروونشیکاری کە سێ کۆڵەکەی سەرەکی هەبوو یۆنگ و فرۆید و ئادلەر، کە فرۆید دامەزرێنەر و بتنیاتنەری ئەو زانستەبوو. ئایین پرسی نەخۆشییە دەروونییەکانی لە ئەستۆ گرتبوو، بەجۆرێک کەسێک کە تووشی شڵەژان و نەوبەی ڕۆحی پیس بووبا، هانای بۆ کڵیسا و قەشە دەبرد، هەروەک چۆن ئێستاش لە کوردستانی خۆماندا، خەڵکی هانا بۆ مەلا و مزگەوت و تەکییەکان دەبات.

بۆیە بابەتی دەروون، بابەتێکی هاوبەشە بۆ هەم بۆ ئایین هەم بۆ دەروونشیکاری، بەڵام شێوازی ڕووبەڕووبەڕوو بوونەوە و چارەسەرییان جیاوازە، بۆیە ئەم جیاوازییە سەردەکێشێ بۆ دژایەتی ئەو دوو ڕەوتە و هەر یەکەیان دژی ئەویتر ڕادەوەستێت.

ئەوەی گرنگە بۆ دەروونناسی هەر ئەم خاڵە نییە، بەڵکو ئایین بۆ دەروونناسی کایەو مەیدانێکی زۆ لەبارە بۆ دەستڕاگەیشتنی بەنهێنییە شاراوەکانی دەروونی مرۆڤ. هەر بۆیە یۆنگ دەڵێت: “هەر ئایینێک لەناو مێژووی نەتەوەیەکدا ڕەگ و ڕیشەی داکوتابێت، نوێنەری دەروونناسی ئەو نەتەوەیە، بۆ نموونە ئەو شێوە حکومەتەی ئەو نەتەوەیە هەڵیبژاردووە، نوێنەری دەروونناسی هەمان نەتەوەیە”١٣

بۆیە ئایین بۆ دەروونشیکار چتێکی ناوازە و وەک دەڵێن شوێنی ڕاوی ئەوە. ناکرێت دەروونشیکار شارەزایی بنەما و نهێنییەکانی ئایینی ئەو کەسە نەبێت کە دەیەوێت چارەسەری بکات.

لەم نێوەشدا دیسان ئایین، باڵادەستی خۆی بەسەر دەروونشیکاردا دەسەپەێنێت، چونکە هەرچی دەروونشیکارە لەهەوڵی ئەوەدایە کە زەبرە دەروونییە چەپێنراوەکە، لەناخودئاگاوە بهێنێتەوە ناو خودئاگا. بەڵام پیاوی ئایینی بەپێچەوانەوە لەجێی ئەوەی ئەویش هەمان کار بەشێوازی خۆی ئەنجام بدات، ئەو زەبرە چەپێنراوە دورە دەستە دوورتر دەخاتەوە، کە ئەمە بابەتێکی زۆر گرنگ و رژدە بۆ قسەلەسەر کردن، کە لەبەشی دواتردا، لەباسی جنۆکە و شەیتاندا، هەوڵ دەدەم لێی بدوێم.

هەر ئەوەندەش نا، بەڵکو مەسەلەی شەیتان، جنۆکە، خودا، مرۆڤی پیرۆز، وەک بابەت و وەک چەمک مەیدانی کاری هەردوو بوارەکەیە.

بەڵام هەریەکەیان بەشێوازی خۆی لێی دەدوێ، کە دەروونناسی هەموو ئەو چەمککانە بە درووستکراو و داهێنانی ناخودئاگای مرۆڤ دەزانێت، بەپێچەوانەی ئایینەوە کە هەموو ئەو چەممکانە وەک چتێک لەدەرەوەی جیهان پێناسە دەکات.

9

جنۆکە لەنێوان ئایین و زانستی دەروونناسییدا:

ئەتوانم بڵێم جنۆکە، خاڵی بەهێزی نێوان ئایین و دەروونناسییە و ئەوەی وادەکات کە کێشە بکەوێتە نێوان پیاوانی ئایینی و دەروونشیکارەوە مەسەلەی جنۆکەیە، چونکە هەردوو چینەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کەسی نەخۆش و دڵتوند و پەرێشاندا، ڕووبەڕووی هێزێکی مەعنەوی نەستی دەبنەوە، بەڵام پیاوی ئایینی ناوی ناوە جنۆکە، کە هێزێکە لەدەرەوەی مرۆڤە دڵشکاوەکانەوە دێت و دەروون و خەیاڵی کەسەکە داگیردەکات و ڕێی لێدەگرێت، کە بەرەو ڕووناکی خودا هەنگاو بنێت. هەرچی دەروونشیکارە وەک چەپاندێکی نەستی و ناخودئاگا یان شێرپەنجەی خەیاڵ ڕووبەڕووی دەبێتەوە، کە ڕێدەگرێت لەوەی کەسەکە ژیانێکی ئاسایی بژیت و خودگایانە ڕووبەڕووی ژیان ببێتەوە.

کەواتە هەردوو کۆکن لەسەر ئەوەی جنۆکە، ڕێگرە لەوەی مرۆڤ عاقڵ و خودئاگایانە بژێت، بەڵام سەرچاوەکەی جیاوازە بۆ هەردووکیان. هەروەها ڕێگەی چارەسەرییان جیاوازە، دەروونشیکار هەموو هەوڵی بۆ ئەوەیە، کە ئەو چتە چەپێنراو و بەئازارە، کە ناخودئاگا دایپۆشیوە و خودئاگاش، ئیحا دەداتە ناخودئاگا، کە هەتا پێیدەکرێت لێی دووربخاتەوە. چونکە دەبێتە هۆی شڵەژانی خودئاگا و ناڕاحەتی دەکات، هەر بۆیە کێشەی چارەسەرکاری دەروونی لەگەڵ ئەو تەرزە چەپێنراوە ئەوەیە، کە خۆنادا بەدەستەوە و نایەتەوە بە ڕۆشنایی خودئاگا.

هەرچی پیاوی ئاینییە، ئەمە ناکات، واتە پیاوی ئیش لەسەر ئەوە ناکات، کە ئەو تارماییە بێنێتەوە بەر زەینی کەسەکە تا تێی بگات.

بەڵکو هەر لەناو عالەمە ڕۆحانییەکە، تەسلیمی هێزێکی بانتری دەکات کە ئەویش خودایە، واتە خودا وەک بوویەکی ڕۆحی لە ناخودئاگای کەسەکەدا، هەموو هێز و دەسەڵاتێکی دراوەتێ، بۆیە جنۆکەکان لای دەبەسرێنەوە. بۆیە زۆربەی جار چارەسەری پیاوانی ئایینی سەرکەوتوترە، لە دەروونشیکارەکان، چونکە پیاوی ئاینی هەر لەناو ناخودئاگادا کێشەکە چارە دەکات، بەڵام دەروونشیکار دێتە ناو ناوچەی خودئاگاوە. بۆیە ڕووبەرووی ئەوە دەبێتەوە کە ئەنجامی دەستگیرنابێت.

کێشەی فرۆیدیش ئەمە بووە، کە هەمیشە لە ئەنجامی کارەکان ترساوە و نائومێد بووە لەزۆر تەکنیکی دەروونی وەک هیپنۆتیزم، کە دەستی لێ بەرداو لێی بێ ئومێد بوو.

بەڵام پیاوی ئایینی بێئومێد نییە لە کارەکەی و بەردەوام خودا، زاڵ دەکات بەسەر جنۆکەکاندا.

“لەو دەمەد پیاوی تووش بوو بەشێرپەنجەی خەیاڵی ڕەنگ بوو بەتەواوی بۆچونی بەرانبەر ئەو خەیاڵەدا بەشێوەیەکی دیکە بێت. ڕەنگە ئەو وای زانیبا کەسێک دژ بەو ئەو سیحری ئەنجام دابێت، یان شەیتان چۆتە گیانی، بەڵام هەرگیز خۆی بەسازێنەری ئەو خەیاڵە نەدەزانی”١٤

یۆنگ مەسەلەی جنۆکە بە شێرپەنجەی خەیاڵ پێناسە دەکات و پێی وایە خۆی سازێنەری ئەو خەیاڵەیە نەک ئەوەی سیحری لێکراوە یان شەیتان چۆتە ناو گیانییەوە، کە ئەمە ڕێک پێچەوانەی باوەڕی پیاوانی ئایینییە.

سەرچاوە و پەراوێزەكان:

  1. دەروونناسی و ئایین، گارڵ گۆستاڤ یۆنگ، و: فەرمان ڕۆستەمی، ناوەندی غەزەلنووس، چاپی یەکەم، 2016، لاپەڕە 11- 12
  2. سەرچاوەی پێشوو، 24
  3. سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە 27
  4. سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە 31
  5. سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە 77
  6. سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە 83
  7. سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە 61
  8. قورئانی پیرۆز، سوڕەی ئەنعام، ئایەتی 76
  9. سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە 120
  10. سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە 16
  11. سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە 131
  12. سەرچاوی پێشوو، لاپەڕە 24

Check Also

ئەگەر لە بازنەیەکی سەرووی خۆمانەوە لە جیهان بڕوانین/ بەشی یەکەم

د.مەدیحە سۆفی گۆی زەوی لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی سەختی کێشەی جۆراوجۆردایە، کە ئیدی دەستی مرۆڤ ناتوانێت بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *