دیلان قادر
كێشه‌ی سنوور له‌وه قووڵتره ته‌نها وابه‌سته بكرێته‌وه به پرسی كێشانی هێڵ و دابه‌شكردنی خاكه‌وه. جیۆپۆله‌تیكناس و نووسه‌ری فه‌ڕه‌نسی (پاسكال بۆنیفاس) ئاماژه به ڕاستییه‌كی جیۆپۆله‌تیكی ده‌كات كاتێك ده‌ڵێت: ”دیاریكردنی سنووری زه‌ویوزار هێشتا هۆكاری سه‌ره‌كی زۆربه‌ی ناكۆكییه‌كانه.”[1] بۆنیفاس ئاماژه به كێشه‌ی ئیسرائیل-فه‌ڵه‌ستین ده‌كات و ده‌ڵێت ئه‌و كێشه‌یه ئاینی نییه، چونكه نه ئیسرائیلییه‌كان ده‌یانه‌وێت فه‌ڵه‌ستینییه‌كان بكه‌ن به یه‌هوودی، نه فه‌ڵه‌ستینییه‌كانیش ده‌یانه‌وێت ئیسرائیلییه‌كان بكه‌ن به موسڵمان، به‌ڵكو كێشمه‌كێشه‌كه په‌یوه‌ندی به خاك و خاوه‌ندارێتی خاكه‌وه هه‌یه. سنوور بابه‌تێكی هه‌مه‌ئاماده‌ییه له سه‌رتاپای جیهاندا و پرسێكه هه‌میشه خۆی نوێ ده‌كاته‌وه، به چه‌شنێك ته‌نانه‌ت نه‌خشه‌ی گووگڵ له هه‌مان ساتدا له وڵاتێكه‌وه بۆ وڵاتێكی تر ده‌گۆڕێت. نیوەدورگەی کریمیا، دوای ئەوەی لە ٢٠١٤ بەهۆی جووڵانەوەیەکی چەکداری و بە دەستێوەردانی سوپای ڕوسیا خرایە ژێر بەڕێوەبەری ڕوسیاوە، لە ئۆکرانیا لە نەخشەی گووگڵ وەکو نیوەدورگەیەکی ”جێناکۆک” دەرکەوت، كه‌چی له ڕووسیا نیوه‌دورگه‌كه وه‌كو نیوه‌دورگه‌یه‌كی ”لێکدابڕاو” له خاكی ئۆكرانیا دەرکەوت. لاستیكبوونی سنوور زۆر ڕوونتر له به‌راوردكردنی نه‌خشه‌ی ئێستای جیهان به سه‌ده‌كانی پێشووتر به‌دیار ده‌كه‌وێت و له‌وێوه ڕووبه‌ڕووی ئه‌و ڕاستییه ده‌بینه‌وه كه سنوور جوگرافیایه‌كه له‌گه‌ڵ به‌هێزبوونی گه‌لێكدا ده‌كشێت و له‌گه‌ڵ لاوازبوونیدا ده‌چێته‌وه یه‌ك. جوگرافیای ڕووسیای ئێستا زۆر بچووكتره له یه‌كێتی سۆڤیه‌ت. بەهەمان شێوەش جوگرافیای توركیای ئێستاش بچووكتره له ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی. له ئێستادا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی تا ڕاده‌یه‌كی زۆر سنووری زه‌مینی و ئاوی و ئاسمانی وڵاتان دیاریكراوه، كه‌چی كێشمه‌كێشی زۆر له‌سه‌ر ئه‌و دابه‌شكردنانه له ئارادایه. كوردستان له‌م كێشمه‌كێشه به‌ده‌رنییه. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه، كورد ده‌توانێت له پێناو سنووره‌كه‌یدا چیبكات؟ وه‌ڵامی حازربه‌ده‌ست ڕه‌نگه ئه‌وه‌بێت كورد نابێت هه‌رگیز بستێك له خاكه‌كه‌ی خۆشبێت، هه‌ربۆیه ده‌بێت ئاماده‌ی شه‌ڕكردن بێت. ئه‌وه‌ی ئه‌م وه‌ڵامه خۆی له قه‌ره‌ی نادات پرسی دروستكردن و به كارا هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و ویسته‌یه كه لێیه‌وه ڕۆحی به‌رگری دێته بوون.
په‌یوه‌ستبوونی كورد به خاكه‌وه بۆ به‌شێكی زۆری مێژووه‌كه‌ی په‌یوه‌ستبوونێكی ناوه‌كییه، ئه‌مه به‌و مانایه‌ی هه‌ستی خاوه‌ندارێتی خاك وه‌كو مافێكی سروشتی ته‌ماشا كراوه و نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه به پێكهاته‌یه‌كی گه‌وره‌تری شوناسی نیشتیمانی یان كولتوورییه‌وه. ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش، به‌ستنه‌وه‌ی پرسی سنوور به ده‌وڵه‌ته‌وه ته‌نها چه‌ند سه‌ده‌یه‌كی كه‌م ته‌مه‌نێتی، به چه‌شنێك، سنوور به‌و مانایه‌ی كه چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه دیاریده‌كات، به بڕوای جوگرافیناس (ئه‌میلات زاری)، له ساڵی ١٦٤٨ له ڕێكه‌وتنه‌كانی ”وێستفالیا”وه له ئه‌وروپاوه سه‌رچاوه ده‌گرێت[2]. له‌و ساڵه‌دا كۆتایی به ”جه‌نگی سی ساڵه” دێت، جه‌نگێك كه چه‌نده‌ها ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی خوێناوی به خۆیه‌وه ده‌بینێت. له‌سه‌ره‌تادا دژیه‌كی پرۆتێستانت و كاسۆلیكییه‌ت هۆكارێكی سه‌ره‌كی سه‌رهه‌ڵدانی جه‌نگه‌كه ده‌بێت، دواتریش دووژمنایه‌تی له‌سه‌ر هه‌یمه‌نه‌ی نه‌ته‌وه‌كان شه‌ڕه‌كه خوێناویتر ده‌كات. ئه‌میلات زاری پێیوایه له ڕێكه‌وتنه‌كانی وێستفالیاوه مانای سنوور وه‌كو هێڵی جیاكه‌ره‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كان له‌دایكبووه. به واتایه‌كی تر، وشه‌ی سنوور به مانا مۆدێرنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی له پێكدادانی سه‌ربازییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. هه‌ر لێره‌شه‌وه‌یه كه بیرۆكه‌ی به‌رگریكردن له سنوور، شه‌ڕكردن له‌سه‌ر سنوور و خوێنڕشتن له‌پێناو سنوور، له واقیعدا هه‌تاوه‌كو ئه‌مڕۆ درێژه‌ی كێشاوه. به‌ڵام ئه‌م تێڕوانینه خوێناوییه بۆ سنوور له زۆر دێرتره‌وه له ناو خه‌یاڵی مرۆڤدا ژیاوه.
له ئه‌فسانه‌ی دامه‌زراندنی شاری ”ڕۆما”دا، ڕۆمولوس و ڕێموس ئه‌و دوو برا دووانه‌یه‌ن كه گوایه شاری ڕۆمایان بونیادناوه. به پێی گێڕانه‌وه‌یه‌ك، ڕۆمولوس له‌سه‌ر زه‌وی هێڵێك ده‌كێشێت بۆ ئه‌وه‌ی سنووری ڕۆما دیاری بكات. دوای ئه‌وه ڕێموس-ی برای به پێكه‌نینه‌وه هه‌نگاو به‌سه‌ر هێڵه كێشراوه‌كه‌دا ده‌نێت. هێڵه كێشراوه‌كه‌ی ڕۆمولوس، كه ده‌كرێت به چیلكه‌دارێك كێشرابێت، پیرۆزییه‌كی ئاینی هه‌بووه و به ”پۆمێریم” ناسراوبووه، واته ئه‌و هێڵه‌ی ڕۆما له ”ده‌ره‌وه‌ی ڕۆما” جیاده‌كاته‌وه. به‌زاندنی ئه‌و هێڵه كێشراوه له‌لایه‌ن براکەیەوە وه‌ها ڕۆمولوس ده‌هری ده‌كات ده‌ستبه‌جێ براكه‌ی ده‌كوژێت[3]. سه‌خت نییه وێنای خوێنی ڕژاوی ڕێموس بكه‌ین به‌سه‌ر هێڵێكی تازه‌كێشراودا كه زاده‌ی بیرۆكه‌یه‌ك بووه. له‌و ئه‌فسانه‌یه‌وه سیمبوله‌كانی سنوور و پیرۆزی و خوێنڕژان له هاوكێشه‌یه‌كدا به‌یه‌كده‌گه‌ن. ئه‌و هاوكێشه‌یه له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا به تازه‌ترین ته‌كنه‌لۆژیاوه خۆی ده‌ژێنێته‌وه. وڵاتێكی وه‌كو كۆریای باشوور چه‌ند ساڵێكه چه‌كی ئۆتۆماتیكی له‌سه‌ر سنووره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ كۆریای باكوور داناوه كه بێ ده‌ستێوه‌ردانی مرۆیی نیشانه له هه‌ر شتێكی جووڵاو ده‌گرێته‌وه. به هه‌مان شێوه، له چه‌نده‌ها ناوچه‌ی جێناكۆك، بۆ نمونه له سنووره لماوییه‌كه‌ی نێوان مه‌غریب و بیابانی خۆرئاوایی، سنووره‌كان مینپۆش كراون، ئه‌مه گه‌ر باسی سنووری مینڕێژكراوی نێوان ئێراق و ئێران له ساڵانی هه‌شتاكان، یان ناوچه شه‌ڕله‌سه‌ركراوه‌كانی نێوان په‌كه‌كه و پارتی دیموكراتی كوردستان له ساڵانی نه‌وه‌د نه‌كه‌ین كه پاشماوه‌ی مینه‌كان هه‌تاوه‌كو ئێستاش قوربانی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
گه‌ر سنووره‌كان مێژوویه‌كی خوێناوییان هه‌بێت، ڕه‌نگه سه‌یرنه‌بێت كه‌وا هه‌ر قسه‌كردنێك له‌سه‌ر كێشه‌ی سنووری كوردستانیش خۆبه‌خۆ بگه‌ڕێته‌وه بۆ كۆتاییهاتنی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م و به دوایدا ڕێكه‌وتنه‌كانی سیڤه‌ر و لۆزان. ئه‌وه پوكانه‌وه‌ی پیاوه نه‌خۆشه‌كه‌ی ئه‌وكاتی ئه‌وروپا بوو (ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی) كه ئه‌م دابه‌شكارییه‌ی ئێستای خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی هێنایه ئاراوه، دابه‌شكارییه‌ك كه كورد نه‌یتوانی ببێت به خاوه‌نی هیچ چونكه له بنه‌ڕه‌تدا خۆی له ناو خۆیدا خاوه‌نی یه‌كێتییه‌ك نه‌بوو. ده‌كرێت له شكستی كورد له‌و كاته‌دا له‌وه‌ی له نێو خۆیدا نه‌یتوانی له‌سه‌ر سنوورێك ڕێكبكه‌وێت، وانه‌ی زۆر له ئێستادا فێربین. به‌ڵام گرنگترین وانه‌یه‌ك به لای منه‌وه ئه‌و پره‌نسیپه‌یه كه چاوه‌ڕێی به‌خشینت نه‌بێت و ئه‌وه‌ی به مافی خۆتی ده‌زانیت بیبه‌یت. له ڕاستیدا ئه‌م پره‌نسیپه له یاسای نێوده‌ڵه‌تیدا ناسراوه و له لاتینه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. پره‌نسیپه‌كه وه‌هایه: ” uti possidetis ita possideatisیوتی پۆسیدێتیس، ئیتا پۆسیدێتیس.”[4] واته: دەبیتە خاوەنی ئەوەی کە پێشتر هەتبوو. یاخود: ده‌كرێت به‌رده‌وامبیت له خاوه‌ندارێتی ئه‌و شته‌ی كه خاوه‌نیت. ئه‌مه به مانا جیۆپۆله‌تیكییه‌كه‌ی واته ئه‌گه‌ر له سه‌روه‌ختی جه‌نگدا لایه‌نێك زه‌وییه‌كی داگیركرد، ئه‌وه بۆی هه‌یه له دوای كۆتایهاتنی جه‌نگه‌كه له‌و زه‌ویه‌دا بمێنێته‌وه، به مه‌رجێك ڕێكه‌وتنێك له ئارادا نه‌بێت بۆ ده‌ستلێهه‌ڵگرتنی زه‌وییه داگیركراوه‌كه. به‌م پێیه بێت، پێشڕه‌وییه‌كانی هێزه كوردییه‌كان له ڕۆژئاڤا ده‌كرێت به‌م ئاراسته‌یه‌دا بڕۆن، به مه‌رجێك له كاتی كۆتایهاتنی جه‌نگی سوریا، یان ئه‌وه‌تا حكومه‌تی ئێستای سوری ده‌سه‌ڵاتی له ده‌ست بدات، یان ئه‌گه‌ر له ده‌سه‌ڵاتدا بێت بكه‌وێته ڕێكه‌وتنێكه‌وه له‌گه‌ڵ ڕۆژئاڤادا. به‌ڵام، پره‌نسیپی ده‌ستگرتن به خاوه‌ندارێتی سنووره‌وه له‌وێدا كورت ده‌هێنێت كه ژێربه‌ژێر مافی داگیركردن ده‌دات به زلهێزه‌كان. ئاشكرایه ئه‌و پره‌نسیپه به درێژایی مێژوو دژ به كورد به‌كار هێنراوه و من گومانم هه‌یه سوودبه‌خش بێت كورد وه‌ك گه‌لێك كه‌ڵك له‌و پره‌نسیپانه وه‌ربگرێت كه سته‌می به سه‌ردا سه‌پاندووه، چونكه دواجار به‌كارهێنانی پره‌نسیپی له‌و چه‌شنه كورد له سته‌مدیده و ده‌گۆڕێت بۆ سته‌مكار و له نێوان ئه‌م دوو چاره‌نووسه ڕیزپه‌ڕه‌دا جێگا بۆ چاره‌سه‌ری دیكه ناهێڵێته‌وه.
هه‌ڵه نییه گه‌ر بوترێت له‌وه‌ته‌ی كورد هه‌یه كێشه‌ی خاكی هه‌یه. كێشه‌ی خاوه‌ندارێتی له كوردستانی باشوور چ له‌سه‌ر ئاستی بچووكی خێزانه‌كان بێت یان له‌سه‌ر ئاستی گه‌وره‌تری پلاندانانی شاره‌وانییه‌كان و ده‌سه‌ڵات و داگیركاری ده‌ره‌كی بێت، ڕۆژانه به‌ر هاوڵاتیان ده‌كه‌وێت. لاموایه خه‌ڵكانێكی زۆر هه‌بن پێیانوابێت هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی بوون به خاوه‌نی شتێك، ئیتر خاوه‌نداریه‌تییه‌كه‌یان هه‌تاهه‌تاییه. ئه‌م باوه‌ڕه بەڕادەیەک له نەستدا قووڵ بووەتەوە كه ته‌نها خاوه‌ندارێتی زه‌ویوزار ناگرێته‌وه، به‌ڵكو درێژبۆته‌وه بۆ زۆر كایه‌ی دیكه. بۆ نمونه له كایه‌ی په‌روه‌رده‌دا دایكان و باوكان پێیانوایه خاوه‌نی منداڵه‌كانیانن (هه‌ر لێره‌شه‌وه‌یه لێدانیان به مافی خۆیان ده‌زانن)، یان له خۆشه‌ویستیدا عاشقه‌كان خۆیان به خاوه‌نی به‌رامبه‌ریان ده‌زانن (هه‌ر لێره‌شه‌وه‌یه دونیایه‌ك دڵبرینداركردن). هه‌روه‌ها، سه‌خت نییه له‌وه تێبگه‌ین بۆچی زۆرێك له دانیشتووانی هه‌رێم بیرۆكه‌ی باجدانیان بۆ هه‌زمناكرێت. چه‌ند ساڵێك به‌ر له ئێستا ناسراوێك وتی به سه‌ردانێك چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان بووە و له مانه‌وه‌یدا بۆی دەرکەوتووە كه ئه‌و ماڵه‌ی لێی ده‌مایه‌وه، خاوه‌ن ماڵه‌كه ساڵانه دوو جۆر باجی خانووه‌كه‌ی ده‌دا. باجێك به حكومه‌تی ویلایه‌ته‌كه‌ی، باجێكیش به حكومه‌تی فیدراڵی. ناسراوه‌كه، كه له سلێمانی خاوه‌نی ماڵ و زه‌وی خۆی بوو، وتی: ”كابرا له خانووی خۆیدایه و كه‌چی ده‌بێت دوو باج بدات!” ئه‌و ناسیاوه ته‌نها كه‌س نه‌بوو كه باجدانی بۆ قووت نادرێت. گه‌ر تێبینی ئه‌و كوردانه بكه‌ین كه سه‌ره‌تا به سیسته‌می باجدان له وڵاته خۆرئاواییه‌كان ئاشنا ده‌بن، ده‌رده‌كه‌وێت به‌تووندی بیرۆكه‌كه ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه و ناتوانن له‌وه تێبگه‌ن واتای چیە خاوه‌نی ماڵی خۆت بیت و ساڵانه باج به حكومه‌ت بده‌یت؟ پێده‌چێت ئه‌و شته‌ی ئه‌وان ده‌كرێت نه‌یبینن و هه‌ستی پێ نه‌كه‌ن ئه‌و ڕاستییه بێت كه له سیسته‌می باجداندا ده‌بێت هه‌موو خاوه‌ندارێك بیسه‌لمێنێت شایه‌نی هه‌بوونی خاوه‌ندارییه‌تییه‌كه‌یه‌تی كه له به‌رامبه‌ریدا خزمه‌تگوزاری ئاو و ئاوه‌ڕۆ و هتد پێده‌گات، وه ده‌بێت به باجدانان به‌شداریكردنی له تۆڕێكی فراوانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و ئاسایش‌دا بسه‌لمێنێت. به‌ڵام هاوڵاتی كورد، له‌به‌ر نه‌بوونی ئه‌م هه‌ستكردنه فراوانه به ئه‌ندامێتیبوون له بوونێكی پێكه‌وه‌ییدا، بیرۆكه‌ی باجدان به‌لایه‌وه نامۆیه. ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت هه‌موو تاكێكی وڵاتێكی خۆرئاوایی له حیكمه‌تی باجدان –به جیا له ڕێكخستنه ئابوورییه‌كه‌ی– تێده‌گات. مانگی نیسان كه دوا مانگی پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی باجدانی ساڵانه‌یه له ئه‌مریكا و كه‌نه‌دا، ژماره‌یه‌ك له‌و كه‌سانه‌ی هه‌تا ئێستا به‌ریانكه‌وتووم، به تایبه‌تی له ئه‌مریكا، بۆڵه‌یان بووه. جارێكیان هاوڕێیه‌كی ئه‌مریكی وتی: ”ئه‌م باجدانه نه‌فره‌تییه! ئه‌م ساڵ له هه‌موو ساڵێك زیاتر باجم له‌سه‌ره بیده‌م.” زه‌حمه‌ته كه‌سانێك هه‌بن له ویستی په‌تی خۆیانه‌وه ده‌ستبه‌رداری شتێك ببن كه به ڕه‌نجكێشان به‌ده‌ستیانهێناوه. ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به سنووره‌وه هه‌بێت، هه‌مان میكانیزمی دوو جه‌مسه‌ر له‌كاردایه: ئێمه ته‌نها خاوه‌نی سنوور نین و مافی خاوه‌ندارێتی سنوورمان نییه، به‌ڵكو له‌به‌رامبه‌ر سنووردا لێپرسراوێتیمان له‌سه‌ره. من پێموایه یه‌كێك له هۆكاره‌كانی شكستهێنانی كورد له هه‌بوونی ماڵی خۆی دركنه‌كردنه به جه‌مسه‌ری ته‌واوكاری ئه‌م میكانیزمه، جه‌مسه‌ری لێپرسراوییه‌تی.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سنووری كوردستان له واقیعێكی گریمانكراودا ده‌كرێت هه‌تاوه‌كو ده‌ریای ناوه‌ڕاست درێژبێته‌وه، گه‌ر ئه‌م سنووره فراوانه خۆی له ناخی هاوڵاتی كورددا نه‌بینێته‌وه، ئه‌وا هه‌ر سنوورێكی به‌رجه‌سته‌كراو هه‌میشه به له‌تكراوی و به به‌رته‌سكی ده‌مێنێته‌وه. گه‌ر ئه‌و قسه كلاسیكییه ڕاستبێت كه‌وا سنوور به‌ر له هه‌موو شتێك له مێشكی مرۆڤه‌كاندایه، ئه‌وا ئه‌م قسه‌یه زیاد له هه‌ر قسه‌یه‌كی تر بۆ دۆخی كوردستان دروسته. به‌ڵام بێگومان ئه‌م قسه‌یه دواهه‌مین ڕاستی نییه، چونكه مێژووی گۆڕانی سنووره‌كان ده‌ریده‌خات كه دوای كێشانی سنوورێكی نوێ، ده‌بێت شیاویه‌تی مانه‌وه له‌و سنووره‌دا بسه‌لمێنرێت. ده‌كرێت بڵێین كه‌وا ئه‌و پرسیاره‌ی تووشی كوردستانێك ده‌بێته‌وه سنووره‌كه‌ی ته‌نها كه‌ژوكێو یان خه‌نده‌ق یان بازگه‌ی سه‌ربازی نه‌گرێته‌وه، پرسی هێنانه‌ئارای پێكه‌وه‌یبوونێكه شوناسێكی فراوانی هه‌بێت و وه‌فاداری به‌رته‌سك بۆ خێڵ و بۆ حیزب و بۆ قازانجی تایبه‌ت تێپه‌ڕێنێت. هه‌تاوه‌كو ئه‌م شوناسه گه‌وره‌تر و فراوانتره‌ش بونیاد نه‌نرێت، شتێك به ناوی سنووری كوردستانه‌وه نایه‌ته بوون.
هه‌رچۆنێك بێت، له واقیعی ئێستای جیهاندا سنووره‌كان نه‌ك هه‌ر كاڵنابنه‌وه، به‌ڵكو تابێت تۆختر و تۆكمه‌كتر ده‌كرێنه‌وه. ڕه‌نگه له‌م لایه‌نه‌وه ناوچه‌ی شینگن له ئه‌وروپا تاقه نمونه‌یه‌كی ناوازه بێت به‌وه‌ی دانیشتوانی زیاد له بیست وڵات ده‌توانن بێ ڤیزا و بێ تێپه‌ڕاندنی خاڵی پشكنین سه‌ردانی وڵاته ئه‌ندامه‌كانی یه‌كێتی ئه‌وروپا بكه‌ن. به‌ده‌ر له‌مه، له دوای ڕوخاندنی سه‌مبولیانه‌ی دیواری به‌رلینه‌وه، له نێوان ساڵانی ١٩٩١ و ٢٠١٣دا نزیكه‌ی ٢٧هه‌زار كیلۆمه‌تر سنووری نێونه‌ته‌وه‌یی بونیادنراون[5]. له هه‌مان ماوه‌شدا زیاد له ٢٢ هه‌زار كیلۆمه‌تر له به‌ربه‌ست له‌سه‌ر سنووره‌كان به‌رزكراونه‌ته‌وه، جا ئیتر دیواری كۆنكرێتی بێت وه‌كو له فه‌له‌ستین، یان ته‌لی دڕكاوی و به‌ربه‌ستی ئه‌لكترۆنی بن وه‌كو له سعودیه و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان. بێگومان زۆر ڕه‌خنه له زه‌قكردنه‌وه‌ی سنووره‌كان ده‌گیرێت، به تایبه‌تی له نێوه‌ندی چه‌پدا پشتگیرییه‌كی زۆر بۆ كرانه‌وه‌ی سنووره‌كان هه‌یه، بۆ نمونه ئه‌م بۆچوونه لای نووسه‌ری هۆڵه‌ندی (ڕه‌تگه‌ر بریگمه‌ند) ده‌بینرێت كه له ساڵی ٢٠١٦ كتێبێكی بڵاوكرده‌وه و یه‌كێك له جومگه‌كانی پێداگرییه‌تی له جووڵانه‌وه‌ی ئازادی كه‌سه‌كان له نێوان وڵاته‌كاندا[6]. به‌ڵام ئه‌وه‌ی تا ڕاده‌یه‌ك له جیۆپۆله‌تیكی نێوده‌وڵه‌تیدا هاوڕایی له‌سه‌ره پێویستی هه‌بوونی سنووره بۆ دیاریكردنی بوونێكی پێكه‌وه‌یی یان بوونێكی نیشتیمانی. فه‌یله‌سوفی فه‌ڕه‌نسی (ئێتیان بالیبار) بڕوای وایه جیهانێكی بێ‌سنوور جیهانێكی یه‌كڕه‌نگه و بیابانێكه تیایدا مرۆڤی هاوشێوه له هاتوچۆدایه. له كاتێكدا جیهانێك كه سنووری دانپیادانراو و قبوڵكراو له‌خۆبگرێت جیهانێكه ته‌ژی به جیاوازی، جیهانێكه فره‌ژیانی و پێكه‌وه‌یی تیایدا ده‌بوژێته‌وه. له بیرمان بێت كه‌وا سنوور ده‌كرێت سنووری كولتووری بێت، سنووری زمانه‌وانی و سنووری مێژووی بێت. هه‌ربۆیه هه‌ندێجار جادوویه‌ك له په‌ڕینه‌وه‌ی سنووردا هه‌یه، له ده‌ستگه‌یشتن به‌ویدی، له تێگه‌یشتن له نه‌ناسراو و سڕینه‌وه‌ی سنوور جاڕی مه‌رگی ئه‌م جادووه لێده‌دات. به‌هه‌رحاڵ، بالیبار زیاتر ده‌ڕوات و ده‌ڵێت پێویسته جیاوازی له نێوان سنوور و دیواردا بكه‌ین. ئه‌و ده‌ڵێت له كاتێكدا سیفه‌تی سه‌ره‌كی سنووره‌كان دانانی به‌ربه‌سته له به‌رده‌م مرۆڤه‌كان و كه‌لوپه‌ل و شتومه‌كدا، تاقه سیفه‌تی سه‌ره‌كی دیواره‌كان ڕێگریكردنه له هاتوچۆی مرۆڤه‌كان، هه‌ربۆیه ئه‌وه‌ی پێویسته به‌رهه‌ڵستی بكرێت دیواره‌كانه[7]. ئه‌م جیاكارییه له هه‌موو كاتێك زیاتر له ئێستاماندا گرنگه، له سه‌رده‌مێكدا كه تۆخكردنه‌وه‌ی سنووره‌كان ڕاسته‌وخۆ ده‌به‌سترێته‌وه به ڕاستكردنه‌وه‌ی دیواره، به‌و دیواره كۆنكرێتی و به‌ربه‌سته ته‌لییانه‌ی تاقه ئامانج لێیان له‌مپه‌ره له هاتوچۆی مرۆڤه‌كان. له ڕاستیدا دیواره‌كان هه‌ندێجار به‌رله‌وه‌ی بوونێكی كۆنكرێتییان هه‌بێت، له مێشكدا بوونیان هه‌یه، له هه‌ستكردنمان به‌رامبه‌ر به‌وانی تر له‌دایك ده‌بن. له خێزانه‌كاندا چه‌ندین جۆر دیوار له نێوان كه‌سه‌كاندا هه‌یه، هه‌روه‌ك چۆن له شاره‌كاندا چه‌ندین دیوار هه‌یه كه ئامانج لێیان پێدانی شوناسه به گروپه‌كان، جیاكردنه‌وه‌یان و پۆڵێنكردنیان. مه‌یلی دیوارسازی له په‌ڕگیرترین باریدا ئه‌گه‌ری هه‌یه ڕه‌گه‌زپه‌رستییه‌كی ترسناكی لێ بكه‌وێته‌وه، به تایبه‌ت كاتێك دیواره‌كان له ناو مێشكه‌وه بۆ واقیع دەگوازرێنەوە. له ئێستای جیهاندا، له‌و تێهه‌ڵكێشییه مه‌ترسیداره‌ی له نێوان سنوور و دیواردا له هه‌ڵكشاندایه، نیشانه‌ی هاتنه‌ئارای ده‌وروزه‌مانێك ده‌بینرێت كه ڕه‌نگه تا بێت مرۆڤه‌كانی مه‌حكومبن به مانه‌وه له‌و هه‌رێمه جوگرافییه‌ی تیایدا له‌دایك ده‌بن و گه‌وره ده‌بن. پێشهاتێكی له‌و چه‌شنه له لایه‌ك مرۆڤه‌كان ده‌به‌ستێته‌وه به جۆرێك له زیندانه‌وه، له لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌و ئاڵوگۆڕه ده‌وڵه‌مه‌نده لاواز ده‌كات كه هه‌تاكو ئێستا به فۆڕمی جیاواز له نێوان گه‌لانی جیهاندا ڕوویداوه. گه‌ر دیاریكردن و كێشانی سنووره‌كان له‌به‌ر پاساوی هه‌مه‌چه‌شن پێویست بێت، هیچ پاساوێكی مرۆیی ناتوانێت به‌رگری له دیوارسازی نێوان مرۆڤه‌كان و گه‌له‌كاندا بكات.
سه‌رچاوه‌كان:
-AMILHAT-SZARY, Anne-Laure (2015) Qu’est-ce qu’une frontière aujourd’hui. PDF. Pages 15 à 47.
-Gilles Fontaine, Introduction à la carte du monde, note de cours, Édition aout 2016, © Université Laval.
-Pascal Boniface, 50 idées reçues sur l’état du monde, édition 2015.
-The Guardian, Going viral: Fox News, Davos and radical economics: https://www.theguardian.com/news/audio/2019/apr/15/going-viral-fox-news-davos-radical-economics-podcast
[1] Pascal Boniface, 50 idées
[2] AMILHAT-SZARY, p.1
[3] AMILHAT-SZARY, p.4
[4] AMILHAT-SZARY, p.5
[5] Gilles Fontaine, p.3
[6] The Guardian
[7] Gilles Fontaine, p.72