گفتوگۆ لەگەڵ بیۆنگ شول هان
شوان ئەحمەد کردوویەتی بەکوردی
بیۆنگ شول هان ساڵی ١٩٥٩ لە سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور لەدایک بووە. لەساڵی ١٩٨٥ لەوڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێیەو خاوەن ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتەیە. سەرەتا درۆ لەگەڵ دایک و باوکیدا دەکات و پێیان دەڵێت بەمەبەستی خوێندنی کانزاناسی (میتالۆرجیا) دەچێت بۆ ئەوروپا، بەڵام وا ناکات و فەلسەفە هەڵدەبژێرێت.
لە زانکۆی فرایبۆرگ فەلسەفەو لە زانکۆی منشنیش، ئەدەبی ئەڵمانی و تیۆلۆژیا دەخوێنێت. هەنووکە لە زانکۆی هونەر لەشاری بەرلین، پڕۆفیسۆری فەلسەفە و کولتوورناسییە. لەکتێبەکەیدا (دەروونناسی سیاسی)، ڕەخنە لە تەکنیکە نوێیەکانی دەسەڵاتی سەرمایەداری نیولیبرالیزم دەگرێت.
لەم کورتە گفتوگۆیەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (ئەی بی سی) ئیسپانیدا، وەڵامی چەند پرسیارێک دەداتەوە.
***
* پێتوایە فەلسەفە ژانرێکی ئەدەبی بێت، یاخود سیستمێکی زانستی؟
– هیچ کامیان نییە.
*دەی کەواتە فەلسەفە چییە؟
– ئەمە پرسیارێکی هەر زۆر قورسە.
* دەوترێت فەیلەسووفی ڕاستەقینە سەرودڵ دەگرێت، لەبەرئەوەی پەیامێکی لەسەر شانە بیگەیەنێت کەس حەز ناکات گوێبیستی بێت؟
– لەوبڕوایەدام ئەوانەی کتێبەکانی من دەخوێننەوە، زۆر جار شۆک دەبن. هەندێک وەک کتێبی پیرۆز دەیخوێننەوەو هەندێکیش وەک کارێکی ئەهریمەنانە، تەرێزی لێدەکەن.
کتێبەکانم ئەو قەناعەتە کۆنکرێتیانە هەڵدەتەکێنێت کە زۆرێکی زۆر، بڕوایان پێیەتی و سەرنجیان بۆ ئەو بەشە ناوەکییە دزێوە ڕادەکێشێت کە هەیەو لەپشت ماسکێکی قەشەنگەوە خۆی شاردۆتەوە. ئاوەژوکردنەوەی خەیاڵپڵاوەکان و تێکدانی خۆشحاڵییەکان، گوزارشتێکی هەر زۆر ناسکە.
*لەکتێبەکەتدا(دەروونناسی سیاسەت)دەڵێیت:(ئازادی ڕووداوێک بوو، وەلێ لە ئێستادا ئێمە لە وەهمێکی زەقی ئازادیدا دەژین کە لە ڕاستیدا جگە لە کۆیلایەتیەکی خۆویستانە بۆ گۆشەگیربوون، شتێکی دیکە نییە. هەرچەندە دەمانەوێت ڕابین و بەئاگابێین، بەڵام ناتوانین).
ئایا واقیعەکەمان بەو ئەندازەیە، دژوار و ناچێزە؟
– لەڕاستیدا لەخەیاڵپڵاوی ئازادیدا دەگوزەرێنین و وەک پێویست ئازادنین. دەبینین ئەو کۆمێنیکاسۆنەی بە ئازادی دادەنرێت، دەگۆڕێت بۆ کۆنترۆڵ. کۆمێنیکاسیۆن و شەفافیەت، خۆویستانە دنەمان دەدەن تا پابەندبین.
لەمڕۆدا وادەزانین بوونەوەرگەلێکی ملکەچ نین، بەڵکو پرۆژەیەکین بەردەوام نوێ دەبێتەوە. یەکبینەو بێوەستان، بەرهەم دەهێنرێتەوەو دەسکاری دەکرێت. کێشە ئەوەیە ئەم پرۆژەیە کە تێیدا تاکەکەس دەبێتە بوونەوەرێکی ملکەچ، وەک وێنەیەکی ناچارکراو دەردەکەوێت کە کاریگەری لەسەر زیادبوونی، ملکەچی یان گەشبینی دەبێت. لە قۆناغێکی مێژوویی ناوازەدا دەژین، قۆناغێک لەمیانەی ئازادی تایبەتەوە، فشار و ناچارییەکان زۆرتر دەبن.
* بۆچی کتێبەکانت بە قەبارە بچووکن؟ بۆ ئەوەیە تا لە کۆمەڵگای داهێزراودا بەشدار نەبیت؟
– بۆچی دەبێت کتێبی قەوارە گەورە بنووسین؟ ئەو نووسەرانەی دەست بۆ نووسینی کتێبی قەوارە گەورە دەبەن، هۆکارەکەی ئەوەیە دەستەواژەو ڕستەی کەم و کورت دادیان نادات. لەبەرئەوە من وەک خۆم کورتبڕی لە نووسیندا دەکەم، تا جار دوای جار کتێبەکانم زۆر بچووکتربن.
* ئایا بەرهەمەکانی تۆ بەو ڕوون و ڕەوانیەیان، یارمەتی ئەوەمان دەدەن تا لەم چرکەساتەی ئێستامان تێبگەین، لەبەرئەوەی خەڵک و خوا بە تەواوەتی سەرگەردان بوون و کتێبەکانی ئێوەش، ڕێگەیان بۆ ڕووناک دەکەنەوە؟
– لە کتێبەکانمدا باس لەوەدەکەم، ئەو سەرگەردانییە لە کوێوەدێت. بۆ نمونە بە چاکی دەزانم لە ئیسپانیا چی ڕوودەدات، لەبەرئەوەی بەدەست ئەو شتەوە دەناڵێنێت کەپێشتر کۆریای باشوور پێیەوە گرفتاربوو. ئاخر دوای قەیرانی دارایی ئاسیایی، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی وەک ئەهریمەن هات، تا پارەمان بداتێ و ڕۆحمان بەتاڵان بەرێت.
لە ئێستادا کۆرییەکان بەدەست خۆبەدەستەوەدان و زیندانێکی پێشبڕکێکردنی گەورەوە دەناڵێنن، لەگەڵ ئاوابوونی هاوکاری و دەربەستیدا. خەڵک بەدەست خەمۆکییەوە دەناڵێنن. ڕێژەی خۆکوشتن لە هەڵکشاندایەو بەرزترین ڕێژەی خۆکوشتن لەکۆریایە.
ئەڵبەت خەڵک ناتوانێت بەرگەی ئەو هەموو فشارە بگرێت، سەروەختێکیش تاکەکەس سەرکەوتوونابێت و شکست دێنێت، نایەت کۆمەڵگە تاوانبار بکات، بەڵکو خۆی بەتاوانبار دەزانێت و هەست بەشەرمەزاری دەکات و خۆی دەکوژێت.
قەیرانی ئابووری بوو بەهۆکاری شۆکێکی کۆمەڵایەتی و وایکرد خەڵک و خوا، ئیفلیج بن و لە پەلوپۆ بکەون.