دەنگ، دەسەڵات، داهات

مەدیحە سۆفی/ ئەڵمانیا

هەژاری تامێکی زۆر تاڵە، لەوەش تاڵتر قووتدانی ئەو پارووە تاڵەیە لە ناوەندێکدا کە چرای دادپەروەری کۆمەڵایەتی تیایدا کوژابێتەوە. هەژاری بەردەوام و تاڵ، میتۆزێکی خۆڕسک لە بەرهەڵستی و ناڕەزایی لە ناخی مرۆڤدا بەخەبەر دێنێ و بە چەکی قورسی بەرگری و بەربەرەکانی و ئاڵنگاریەوە، هێزێکی نوستوو زیندوو دەکاتەوە، هەر ئەو میتۆزە دەتوانێ گڕ بەرداتە ئەو ژینگەیەی ژەمە گەرمە تاڵەکانی دەرخوارد دەدات.

ڕاهاتن لەگەڵ ئەو تامە تاڵەدا تاریکترین و ناهەموارترین جۆری ڕاهاتنە ؛ بەردەوامی بوونی ئەو ڕاهاتنە واتە پووکانەوەی هەموو میتۆزەکانی ئەودیوی نەست و ناخی مرۆڤ، بەگژداچوونەوەشی؛ واتە پووکانەوە و تارومارکردنی ئەو ژینگەیەی، ئەو ژەمە تاڵە بەرهەمدەهێنێ و دەیکاتە باو.

ئەو شەڕەی نێوان بەردەوامبوونی ڕاهاتنەکە لەلایەکەوە و بەگژداچوونەوەی ڕاهاتنەکە لەلایەکیترەوە، شەڕێکە هۆش و هۆشداری هەڵیدەگیرسێنێ، بەئاگابوون ڕایدەپەڕێنێ، ڕوانینێکی دوورتر و قووڵتر لە دۆخی خۆی یەکلای دەکاتەوە، چونکە جیهان ئێستا جیهانێکی شارراوە نییە، مرۆ دەتوانێ لە هاوێنەی یەک کلیکێکەوە، خۆی و کەسێکی ئەوپەڕی دونیا بەراورد بکات.

کاتێ نائارامی کۆمەڵایەتی و پشێوی ناوخۆیی  کۆمەڵگادا دەتەنێتەوە، ئەوانەی دەگرێتەوە کە لە دەڤەرێکی پڕ لە نایەکسانیدا دەژین و لە ژێر ساباتی سیاسەتێکی داماڵڕاو لە دادپەروەری کۆمەڵاتیدا تەمەن ئاوا دەکەن، ئەو هەژار و بێکارانەی کە تەمەن بە داوی بێزارییەوە دەکەن، هەژاری تابلۆیەکی تەڵخ و تاڵە لە ڕەنگی برسێتی، توینێتی، بێ پلانی، نایەکسانی و بێ هیوایی، هەموو ڕەنگەکانیش پێکەوە تێهەڵکێش و دانەبڕوا و هاوپێچی یەکترن، مەحاڵە ڕەنگی تاریکی ئەو بێ ئومێدی و بێ هیواییە، بە بریق و باقی کۆنفڕانس و بەڵێنی بێ بنەما و قسەی سەر سەکۆ ساردوسڕەکان،کاڵ ببێتەوە.

لە ئێستادا و بەتایبەتی پاش سەرهەڵدانی پەتای کۆڕۆنا، پەشێوی کۆمەڵایەتی و نائارامی نێو کۆمەڵگا هەندێ وڵاتی زیاتر گرتووەتەوە لە چاو پێشتر، لە دوا توێژینەوەی سەنتەری (پێوەری ئاشتی نێودەوڵەتی)  “Global Peace Index 2021”  بەراوردێکی لە نێوان بار و دۆخی نێوخۆیی وڵاتەکان کردووە، دەرکەوتووە کە ئاشتی و ئارامی لە نێوخۆی زۆر وڵاتدا شێواوە، بەڕای شارەزایانیش ئەم نائارامییەی ئەم دواییە بەتایبەت لە هەندێ وڵاتی ڕۆژئاوادا، دەگەڕێتەوە بۆ بوونی پەتای کۆڕۆنا و ئەو بڕیارانەی بەهۆی ئەو پەتایەوە خەڵکی تا ڕادەیەک بێکار و بێ جوووڵە کردووە، ئەم بەدواداچوونانە دەڵێن؛ کە گۆڕانی دۆخی ژیان لە خۆشگوزەرانیەوە بەرەو قەدەغەکردن و ڕێگری زووتر کاردانەوەی دەبێت لەچاو دۆخێکی مات و هەژاردا.

ئەگەر سەرنجێک لە دۆخی نائارامی نیشتیمانی خۆمان بدەین و ئاوڕێک لەو هەموو مەینەتییەی خەڵک بدەینەوە و وردی بکەینەوە، دەبینین نائارامی و پەشێوی نێوخۆ ڕەگی قووڵی لە کۆمەڵگادا داکوتیوە، کە دەرئەنجامی دڵنیانەبوونە لە ڕەوشی ئاسایی ڕۆژانەی ژیان، بەردەستنەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، کورتهێنانی بازاڕ لە دابینکردنی خۆراک، نەتوانینی تاک لە دابینکردنی بەشە خواستی خۆی لە خۆراک و ئاو و پێداویستییەکانی ڕۆژانەی، نەبوونی هیچ بەرچاوڕوونییەک بۆ ئێستا و داهاتوو، نەبوونی هیچ پلانێکی  حکومی بۆ خستنەگەڕی توانای گەنج و دەرچووی پەیمانگا و زانکۆکان، ساڵانە دەرچووەکان بە ژمارەیەکی زیاتر لە بازاڕی بێکاری و بێهودەییدا کەڵەکە دەبن، هەموو ئەم دەرئەنجامانە تاکی کومەڵگا بەرەو یەک دەروازە پاڵدەنێت، ئەویش گرتنەبەری ڕێگای هات و نەهات و جێهێشتنی خاک و نیشتیمانە،  لەدەستدانی ئەو سامانی مرۆییەی، دەکرێ ببێتە سەرچاوەی بووژانەوە و گەشەسەندن و بەرهەمهێنان، کارەساتێکی گەورەیە. ئەگەر هەمان وزە بۆ فشارخستنە سەر دەسەڵات و بۆ هێنانەدی هەندێ لە دەستکەوتەکان بخرێتە گەڕ، دەشێ هاتنەکایەوەی گۆڕانێکی زۆرەملێی لێبکەوتایەتەوە، میشائیل فوکۆ یاما دەڵێ ” گەل هەمیشە ئەو هەڵبژاردەیەی لەبەردەستە کە بە ناڕەزایی و بەرهەڵستیکردن خۆی خۆی ڕزگار بکات”

گەیشتنی کۆمەڵگا بەم ئاستەی بێئومێدی و ڕەشبینییە، بەم خۆخواردنەوە و سوڕانەوە بەردەوامەی نێو بازنەیەکی داخراو و پەنگخواردوو ، بێگومان پاشخانێکی قووڵی پڕ لە کێشە و بێ سەروبەرەی فەرمانڕەوایی هەیە، جگە لەوەی هاتنەکایەوەی ئەم پەشێوی و نائارامی و بێئومێدییە، بەڵگەی هاوپێچ نەکردن و شینەکردنەوەی دۆخی کۆمەڵگایە ئەویش بە بەدوادانەچوونی چۆنییەتی گەشەکردن و ئاستی دارایی ،ڕادەی پێداویستی ژیار، مەودای زۆری دانیشتوان و چۆنییەتی دابینکردنی پێداویستییەکانی، توانای کڕینی تاک بۆ کەرەستە سەرەتاییەکانی ژیان و هیچیان لەگەڵ پلان و ئامادەکارییەکانی بوارە تایبەتمەندەکانی دەوڵەتدا تێهەڵکێش نەکراون ، جگە لە بێ ئاگایی بازنەی سەرەوەی دەسەڵات لە ڕەوشی خوارەوەی کۆمەڵگا.

تەنک بوونەوەی توێژی هەبوو و دەسەڵاتدار و هەڵئاوسانی چینی خوارەوە، داکوتینی سەنگی حیزب و فەرامۆشکردنی سەنگی جەماوەری ئاسایی، کە ژیانی نەماوە و دەرەتانی لێ داخراوە، بووەتە دیاردەیەکی تەواو  ئاشکرا و  بینراو، کوردستان نە سۆماڵ و ئەتیوبیایە، کە لە ژێر هەڕەشەی وشکەساڵیدا قڵیشی ژێر پێیەکانیان وشکتر بێتەوە و هەوارە و هەوار بەدوای ئاودا بگەڕێن، نە خاوەن ژمارەی دانیشتوانێکی یەکجار زۆرە و لە وێزەی دابینکردنی پێداویستییەکانیان نەیات، نە یەمەنیشە، نە خاوەن جوگرافیایەکی ناهەمواری کشتوکاڵییە نەتوانێت بەرهەمی وەرزی بەرهەمنهێنێت، نە خاکێکی ڕووتەن و بێ سامانی سروشتییە، کێشەکە هەر ئەوەیە، کە بوونی سامان و داهاتێکی سروشتی زۆر، هۆکاری هەڵتۆقینی ئەم هەموو کێشە و نائارامییەیە و دۆزینەوەی کۆدی چارەسەری زۆر ئاسانە، ئەگەر هەڵپەی زاڵبوونی پێگەی دەسەڵات بۆ قۆرخکردنی جومگەکانی ئابووری خاوتر بێتەوە و چمکێکی دادپەروەری کۆمەڵایەتی بچێتە نێو نەخشەی داڕێژانی پلانەکانەوە.

دەڤەرێکی میزۆپۆتامیا وەکو باشووری کوردستان، کە خاوەن شارستانییەتێکی ئەوەندە دێرینە، خاوەن خاک و ئاوێکی زۆر و گەنجێکی بێ شومارە، خاوەن چەندەها  بەناو زانکۆیە، کە ئەرکی  تەنها کەڵەکەکردنی بێکارە، دەبوایە خاوەن گەورەترین سەنتەری توێژینەوەی زانستی و فیکری بێت، کار لەسەر دیاریکردنی کێشە و کزەخاڵەکان بکرێت، هێزی سامانی مرۆیی لە خزمەتی خۆشگوزەرانی بخرێتەکار. جەختکردن لەسەر هێزی سامانی مرۆیی هێزێکە، گەر دیسیپلین و ڕێکاری پەروەردەکردنی هەبێ، ئەگەر بە زانست و تەکنەلۆژیاوە لە خزمەتی مرۆڤایەتیدا موتوربە کرا بێت، ئەگەر حزب دروشمەکانی خۆی پێ نۆش نەکات، بە پشتیوانی تەکنەلۆژیا و خۆنەویستی فەرمانڕەوا و داهاتی سروشتیەوە، دەتوانێ ببێتە بەهێزترین سوپای شارستانی، کە بنەماکانی گەشەسەندن و پەرەسەندن لەکۆمەڵگادا بۆ ئێستا و بۆ داهاتوو دابکوتێ.

کێشەی بێکاری و نەداری و بێئومێدی، بەتایبەتی بۆ گەنجەکان، کێشەیەکە، کە دەرئەنجامی سیاسەتێکی نەزۆک و هزرێکی چەقبەستووە، ئەم دوو دەرئەنجامەش بەنێو ڕەگی پەرستنی دەسەڵاتدا ڕۆچووە، دەسەڵاتیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ڕاهاتنە لەسەر بەردەوامبوونی دەسەڵات و بە موڵککردنی سامانی دەوڵەت، کە توێژێکی تەنک دەکاتە خاوەندار، ڕاهاتنێک کە پێچەوانەی تامی هەژارییە، هەژاری ڕۆژێکی هەیە بۆ هەڵگەڕانەوە و بەرهەڵستی و یاخیوون، ڕۆژێک ئیتر تامی ئەو تاڵییە ببێتە تامی ناڕەزایی، وەلێ دەسەڵات ئەو ڕۆژەی بە خواست نایەتە دی.

جیهان لە گۆڕانێکی خێراڕەودایە، ئەم گۆڕانەش، گۆڕانێکی گلۆبالە و هیچ گۆشەیەکی سەر زەمین لێی بێبەش نییە و نابێت، هەڵبژاردنی هیچ چارەسەرێکی هەنووکەییش ڕایناگرێت, جگە لە دەستبەرداربوونی سەرمایەداران لە هەڵچنینی سەرمایەکەیان بەو شێوازی قۆرخکردنە و پاشەکشێ پێکردنیان لە تاڵانکردنی سەرخان و ژێرخانی گۆی زەوی و خاوکردنەوەی دەسەڵاتیان بەرامبەر بە فریودان و کۆیلەکردنی ڕێژەیەکی زۆری دانیشتوانی جیهان لە پێناو بەرهەمهێنانی چەک، هۆنینەوەی پلانی شەڕ و نانەوەی دۆخی نائارامی لە هەر شوێنێک، کە لەگەڵ ستراتیژی کۆمپانیا و وەبەرهەمهێنانی کاڵای جۆراوجۆری کارگە قەبەکانی خۆیاندا بگونجێ.

بۆیە سیاسەتێک، کە ئیکۆلۆژی بنبەستی بکات و دایڕێژێ، گۆمەڵگا کۆدەکاتەوە، داهات دەخاتە خزمەتی هاوڵاتییەوە، یەکسانی بەرقەار دەکات، ئاسایشی خۆراک و ئاو دابین دەکات، بەرهەمی نێوخۆیی دەبەستێتەوە بە ڕەگی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانەوە، دەبێتە سەرچاوەی پەرەسەندنی ئاستی وشیاری  تاک، کە بەهۆی خستنەگەڕی هێزی کارەکەیەوە و هەستکردن بە ئیرادەی خۆی، چەکەرە دەکات، چەکەرەکردنی وشیاریش،گۆڕانی ئەرێنی لە کەسایەتی دروست دەکات و هەر ئەمەش دەبێتە سەرچاوەی ئومێد و ئەو پارووە تاڵە شیرین دەکات؛ کە بێزاری و بێکاری ڕۆی دەکردە نێو ژەمەکانی ڕۆژانەوە، بۆ ئەوەی ئیدی ئەو توێژە تەنکە دەنگ نەهێنن و پاشان دەسەڵات و داهاتیان نەبێ، دەبێ شۆڕشی ئیکۆلۆژی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەرپا بکەین.

Check Also

ئەگەر لە بازنەیەکی سەرووی خۆمانەوە لە جیهان بڕوانین/ بەشی یەکەم

د.مەدیحە سۆفی گۆی زەوی لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی سەختی کێشەی جۆراوجۆردایە، کە ئیدی دەستی مرۆڤ ناتوانێت بە …