سەرنجێک دەربارەی کتێب و دۆگمابوون

ڕامان عوسمان کوردە

مێشک و ئاوەزى مرۆڤ هیچى وا لە ئاژەڵێک زیاتر نییە، ئەوەى جیاوازى دروست کردووە کەڵەکەکردنى ئەزمونە. تەمەنى هیچ مرۆڤێکیش بەشى ئەوە ناکات هەموو ئەو شتانە ئەزموون بکات کە پێویستە بیزانێت، بەڵام چارەسەرێکى ئەفسووناوی هەیە: کتێب! کە دەتوانێت رێگەکەت بۆ کورت بکاتەوەو ئەزموونى هەزاران ساڵ و ملیۆنان مرۆڤت بۆ کۆبکاتەوەو بیخاتە بەردەستت. هەروەها بیرى زانا و فەیلەسوفە مەزنەکان بکات بە وشەو بیگوازێتەوە بۆ مێشکى کەسانى تر.

بۆیە هەمیشە کتێب و خوێندنەوە، واتاى ژیرى و داناییان بەخشیووە، ئەو گەلانەى کتێبخانەى دەوڵەمەندییان هەیە بەگەلى شارستانى و کراوەو خۆشگوزەران ناسراون.

بەڵام ئەم دنیایەش ئەوەندە مەلەکوتێکى پاک و بێگەرد نییە، بەتایبەت لەم رۆژگارەدا، دەبێت زۆر بەوریاى پێ بخەیتە ناوى.

گەردونناسى بەناوبانگ کارڵ ساگان دەڵێت: ”یان زیاد بخوێنەوە یا هەر هیچ مەخوێنەوە! کەسانێک کە چەند کتێبێکى سنووردار دەخوێننەوە دەبنە کەسانى تۆمەتبەخشەرەو ترسناکترین مرۆڤ، چونکە دەمارگیرییەکى توند لەڕووى زانیارى کەمیان پەیدا دەکەن.”.

دەڵێن نیچە فەیلەسوفى ئەڵمانیش قەولێکى لەو شێوەیەى هەیە و گوتوویەتى: ”من لە کەسێک کە هەزاران کتێبى خوێندووەتەوە ناترسم، لە کەسانێک دەترسم یەک کتێبیان خوێندووەتەوەو ئەو کتێبە بەپیرۆز دەزانن.” .

بەداخەوە کتێب لە دنیادا بەگشتى و لە کوردستان بەتایبەت بووەتە سەنعاتى پارە پەیداکردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئایدۆلۆژیا و زۆربەى وەزیفە رۆشنبیرى و کلتوورییەکەى لەدەست داوەو کتێبى چاک ئیدى ئەو کتێبەیە بازارى هەبێت و هەموو کەسێک تێى نیشێت!

Image: de Pixabay

زۆربەى ئەوانەى کتێب دەنوسن، یان بڵاوى دەکەنەوە ئامانجیان گەیاندنى زانیارى یان ئاڵوگۆڕى بیروڕایەک نییە، بەڵکو یا بۆ پارەیە یا بۆ سەپاندنى جۆرە ئایدۆلۆژیایەکى دیاریکراوە. چۆن خۆراکى نا ئۆرگانى و سەنعەتى و بێ بەهاى خۆراکى زۆربووەو وریا نەبى بەتەن هەڵى دەڕێژنە گەروتەوە، ئاواش کتێبى پوچ و بێ بایەخ و تەنانەت مەترسیدار وەک خۆڵى لێهاتووە.

تەنانەت وەک مەسەلەى ژینگە و سروشتەکەى لێهاتووە، ئەوەى وەک خۆى ماوە چاکترە لەوەى دەستکارى کراوە، یا بەحساب باشتر کراوە:  کەسانێک کە مێشک و زەینیان بە کتێبە پوچ و سوکەکان پیس نەبووەو ناخوێننەوە، وێراى سادەییەکەیان کەچى خاوەنى مێشکێکى پاکتر و بیرکردنەوەى جوانتر و رەسەن ترن. ئەگەر خاوەنى سەرى خۆت نەبى، رەنگە کتێب سەرت بە فەتارەیەکدا بداو بیخاتە دەستى کەسانى ترەوە، چۆن دەبى بەخاوەنى سەرى خۆت؟ بێگومان بەوەى زۆر بخوێنیتەوە و به‌گومانه‌وه‌ بخوێنیته‌وه‌و گومانت لەهەموو شتێک هەبێ و دۆگما نەبیت.

پێویستە زۆر وریا بیت، کتێب دەتوانێت بتکات بە مرۆڤێکى دۆگماى مەترسیدار، بەڵام ئەگەر قوڵ بخوێنیتەوە رۆشنبیرێکى پان و پۆڕت پێ دەبەخشێت. بۆیە مەرجە پێش ئەوەى دەست بەریت بۆ کتێب دۆگمایەکەت فڕێ بدە. هەر کتێبێک زانیت لەروانگەى دۆگماو و دەمارگیرى ئایدۆلۆژییەوە نوسراوە بیخەرەلاوە، ئەوە کتێب نییە، پتر ژەهرە!

باشترە ئەوەش بزانى، مەرجى ئەوەمان نییە کتێب ژیانت خۆشتر یا باشتر بکات، کتێب بەئاگاتر و وردترت دەکات سەبارەت بە ژیان و کێشەکان، بەڵام ژانى ئەمە تاقەتى زۆر باشى دەوێ و لە نەزانییەکە دەردى گرانترە، ئەگەر بەرگەى ناگرى باشترە جگەلە پسپۆڕى و ئیشەکەى خۆت، خۆت لەقەرەى شتى تر نەدەى.

Check Also

کورتە گفتوگۆیەک سەبارەت بە چەمکی جێندەر

د. شه‌ونم یه‌حیا و ناسك سعید ناسك سعید: هه‌ركاتێك چه‌مك و زاراوه‌یه‌كی نوێ دێته‌ ناو …