مەدیحە سۆفی/ ئەڵمانیا
لە پاش ئەو کۆمەڵکوژییەی ڕواندا لە ساڵی ١٩٩٤ ، کە نزیکەی هەشت سەد کەس لە خێڵی توتسی بەدەست خێڵی هوتووەکانەوە کۆمەڵکوژ کران، ڕواندا چووە قۆناغێکی نوێی حوکمدارییەوە، کۆڵەکەی سەرەکی ئەو گۆڕانە ئەرێنییەش بریتی بوون لە سەروەری یاسا، یەکسانی ڕەگەز، هەست بە لێپرسراوی بەرامبەر بە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت و موڵکییەتی گشتی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، لێبوردن و چاندنی تۆوی ئاشتەوایی، لە پاش ئەو کارەساتەی لە نێوان ئەو دوو خێڵەدا ڕوویدا، ئەم بنەما سەرەکییانە کۆڵەکەی گۆڕانێکی بنەڕەتییان دروست کرد، ڕاگرتنی ئەو کۆڵەکەیەش لەسەر شانی سەرکردە و لێپرسراو و فەرمانڕەوای خۆنەویست لەلایەکەوە و پەیڕەوکردنی ڕێکاری زانستی سەرجەم بوارەکان دەبێ، تا بتوانرێ ڕایەڵێکی کۆمەڵایەتی وا بهۆندرێتەوە، کە ڕەنگ، پیشە، ڕەگەز، توانا و گەشەپێدان پێکەوە تێهەڵکێشی یەکتر بکرێ و پێکەوە هەموو چمکەکانی کۆمەڵگا پەلکێشی پێشکەوتن بکرێن، هەر وەکو ئەوەی پاش ئەو کارەساتە بێ وێنەیە، لە ڕواندا هاتەکایەوە.
پاش ئەو جینۆسایدەی لە ڕواندا ڕوویدا، ژنان چوونە نێو کاری سیاسییەوە، ئەم هەڵوێستەی ژنان لەو دەمەی، کە برینێکی قووڵ لە جەستەی تەواوی ئەو وڵاتەدا دروست بووبوو، دەسپێکێکی گرنگ بوو بۆ چوونە نێو کایەی بڕیاردان، بۆ داڕێژانی یاسای نوێ و یەکسانی و کەمکردنەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژن و کچانی ئەو وڵاتە، لە ساڵی ٢٠٠٣دا ڕێژەی ژنان لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا ٣٠٪ بوو، لە ئێستادا ٦١،٣٪یە و هەر ئەو هەوڵدانەش بووە هۆی ئەوەی؛ گۆڕانێکی بنەڕەت لە باری کۆمەڵایەتی، سیاسی، ژینگەیی، ئابووری، پەروەردەیی و تەندروستیدا بکرێت، لەوانە فەراهەمکردنی بیمەی نەخۆشی بوو، جگە لەوەی ئەم وڵاتە یەکێکە لە وڵاتە پێشکەوتووەکان لە بواری ژینگە و پاکوخاوێنییەوە.
ڕاستە ئەمڕۆ ژنان، وەکو هێزێکی بەخەبەر و بەتوانا لە هەندێ وڵاتدا لە گەڕ و دەسەڵاتدان، بەڵام نمونەی وەکو وڵاتی ڕواندا بۆیە کاریگەرە؛ چونکە لە ژینگەیەکی وا وێرانەوە ژنان بتوانن بۆ سەلماندنی توانای خۆیان ئەوەندە بوێر و خۆنەویست بن کە دڕ بە نەریتە کۆمەڵایەتییەکان بدەن و لە سیاسەتدا جێگای خۆیان بکەنەوە و لە نێو هۆڵەکانی حکومەتەوە یاسا بگۆڕن و شادەماری کۆمەڵگا بەرەو ئاراستەیەکی نوێخوازی تاوبدەن ، لەلایەکەوە جێگەی سەرنجە و لەلایەکیتریشەوە بەڵگەیەکی بەهێزی بوونی حوکمڕانییەکە؛ کە لە ڕوانگەی گۆڕان و خزمەتکردنی خەڵکدا بێت نەك لە پێناو سەنگ داکوتینی حیزب و لایەن، بەبەشداری ژن دۆخی ژنانی ڕواندا لە زۆر بواردا هەنگاوی بوێر و باشی نا، بەتایبەتی لە بواری تەندروستی و پەروەردەوە، جگە لەوەی جەختی لەسەر ئازادی دارایی ژنان کرد، ئەویش بە پێدانی یارمەتی دەوڵەت بۆ بنیاتنانی پرۆژەی بچوک و بەرهەمهێنەر.
لە چەند وڵاتێکی ئەوروپادا لەوانە لە ئەڵمانیا، چەندەها ساڵە داوای دەکرێ کە ڕێژەی ژن لە نێو پەرلەمان و ناوەندەکانی بڕیارداندا زیاتر بکرێت، بوونی دەستەبژێرێکی بەتوانا و ووشیار، کە هەڵقوڵاوی نێو ژنانی ژنە ستەمدیدە و ماندووەکان بن و کار بۆ هەموارکردنەوەی ئەو یاسایانە بکەن، کە باری ژن سوک دەکەن، دەستپێکی گۆڕانی تاک، خێزان و کۆمەڵگایە، هەروەها یاسا گەر بۆ هەموو چین و توێژ و ڕەگەزێک وەکو یەک بسەپێنرێت، دادپەروەری کۆمەڵایەتی چەکەرە دەکات و کۆمەڵگا لە پاشماوە نەرێنییەکانی خۆی دەتەکێنرێت، ئەمە ئەوە بوو کە لە پەرلەمانی ڕوەندادا پەیڕەو کرا و کۆمەڵگای بە ڕووی نوێخوازی و تازەگەریدا کردەوە، بوونی ژنی بەتوانا لە ناوەندی بڕیاردا داواکارییەکی ڕەوا و گرنگە، کە لە میانەی حوکمڕانیدا مورکی خۆی دەسەپێنێ.
تهشهنهکردنی پهتای کۆڕۆنا، جیهانی له چنگی ئەو پەتایەدا توند گرتبوو، کارگه و فرۆکهخانه و بەرهەمهێنانی سڕ کردبوو، ئابووری زۆربهی شوێنهکانی داڕوخاند، یهکێک له بهدواچوون و بهراوردهکاندا ئهوه دهرکهوتووه؛ که ئهو وڵاتانهی سهرکردهی ژنی ههبووه جڵهوی ئهو نهخۆشییهی باشتر گرتووه و کهمتر زیانی قوربانی و تووشبووی ههبووه، وهکو ئهڵمانیا، فینلاند، دانیمارک و ئیسلاند، ئهمه سهنگی مهحهک نییه بۆ کاری ژن، بهڵام له توێژینهوهکاندا بهرچاوڕوونی دهدات بهدهستهوه.
سهرکهوتنی خاتوو مێرکل بۆ ماوهی شازدهساڵ، وهکو ڕاوێژکاری ئهڵمانیا، سهلماندنی توانای ژن بوو لە ڕابەرایەتیدا، له ههمان کاتدا سهلماندنی پهیڕهوکردنی سیستهمێکی سیاسی و ئابووری چەسپاو بوو، که بهو دهوڵهته بخوا و لهگهڵ سیاسەتی سەرمایەداریەکەیدا بگونجێ، چونکه دهوڵهتێکی وا دهوڵهمهند و خاوهن پیشهسازی مۆدێرن، قهدهری خۆی ناداته دهست ههژموونی دژ به خۆی. له کۆتاییدا دهبێ کۆمپانیا گهورهکان و بانقه گەورە و خاوهن دهسهڵاتهکان، بهو سیاسهت و بۆچوونانه ڕهزامهند بن که حکومهت دهیگرێتهبهر، بانک و دهزگا گهورهکانی ئابووری و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان لهگهڵ حکومهتدا لهحکومهتن، ئەگەر کۆک نەبن دەگوێزنەوە و لەدونیای گلۆبالا شوێنێکیتر دەدۆزنەوە بۆ بەرهەمهێنان، کە باجی کەمتر و کرێ دەستی کەمتر بێت، بۆیە بێ ئهوان بڕیارهکانی دەوڵەت هیچ ئیمزایهکیان لهسهر ناکرێ، لێرهدا واته ژن دهتوانێ کاری فهرمی وهکو پیاو بکات، له ههمان کاتدا وابهستهی چوارچێوهی ئهو سیستهمه دهبێت که له وڵاتەدا پهیڕهو دهکرێت، ئەمە بەمانای لەدەستدانی کەسێتی نییە، بەڵکو سەلماندنی کەسێتییە لە بوارێک کە خۆی خۆی تێدا دەبینێتەوە.
له ههڵبژاردنی ئهم دواییهشدا، چەند وەزارەتێکی هەستیار و سەرەکی کابینهی نوێی حکومهت هەر بە ڕێبهرایهتی ژنانە، لەوانە وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی ناوخۆیی و وەزارەتی بەرگری، جگە لە وەزارەتەکانی ژینگە و خێزان و گەشەپێدان، ئەم هەنگاوە بەو مانایە نایات، کە ئەم ژنە بەتوانایانە تووشی هیچ ئاستەنگ و ڕێگرییەک نایەن، بەو مانایە نایات کە پاڵپشتی هەموو لایەک بەدەست دەهێنن و ئافەرینی بەردەوامییان لێ دەکرێت، پێش دەستپێک و تا ماوەیەکیش، هەیە خەون بە فەشەل و بێ تواناییان دەبینێ، بەتایبەتی ڕاستڕەوەکان، وەلێ بەردەوامیدان و سووربوون سەرکەوتن دەچنێتەوە.
لەم بابەتەی ڕواندا و ئەڵمانیا،کە دوو وڵاتی دوور لەیەک و دوو وێنەی جیاوازی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، جوگرافی و ژینگەییە، بەراوردکردنیان ناچێتە نێو دوو خانەی سادەوە، بەڵام کاتێ ژن لە وڵاتێکی وەکو ڕواندا بە کۆشش و بە بگرەوبەردەیەکی زۆرەوە دەچێتە شوێنی بڕیاردانەوە و باری کۆمەڵگا داڕوخاوەکەی، داوای لێدەکات لەو شوێنی بڕیاردانەوە بڕیاری گونجاو و هەنوکەیی بسەپێنێ، واتە گۆڕانێك دەخوڵقێت و ڕاستەوخۆ لارییەکانی نێو ئەو کۆمەڵگایە دەگرێتەوە، لێرەدا ویست و ئیڕادەی ژنێکی ڕواندی بەئاسانی ناچێتە بواری کارکردن و سەپاندنەوە و لابردنی لەمپەڕەکانی سەر ڕێگای سانا نین، ئەوەی پاڵنەری ئەو ژنانەیە بۆ بەردەوامیدان بەو شەڕە، گەیشتن بە سبەینێیەکی جیاواز و چوونە نێو قۆناغێکی جیاوازە کە ژیان بەتایبەتی بۆ ژن، ژیانێک بێت کەمتر ترس و دڵەڕاوکێ، کەمتر قۆرخکردن، کەمتر ژێردەستەیی، کەمتر داپڵۆسین بگرێتەخۆی، ئەو ژنانەش سەردەکەون کە لە یەکەم دۆڕان و کەوتن کۆڵ نادەن و لە یەکەم تانەو تەشەر بەرەو دواوە ناگەڕینەوە.
دژایەتی کردنی توانای ژن لە هەموو کۆمەڵگایەکدا هەیە، لە ڕێڕەوی ژیانی هەموو ژنە نووسەرێکدا هەیە، ڕووبەڕوی زۆربەی ژنە هونەرمەند و ئەکتەر و وەرزشوانێک دەبێتەوە، ئیدی هەر کۆمەڵگایەک بەپێی ئاستی وشیاری و کاردانەوەی خۆی ، بەپێی ئامادەباشی ژنان و ئاستی ڕۆشنبیرییان، ئەوەی بۆ ژنە ئەڵمانێکی بەتوانا دەلوێ، بۆ ژنە بەتوانایەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر بە زەحمەت و بە باجدانێکی زۆرەوە سەردەگرێ، ئەو گیانی لێبوردنەی ژنێکی ڕواندی توانی لە نێو کۆمەڵگاکەی تۆوی کات و بیچێنێ ئەرکێکی قورستر بوو، ڕوبەڕوبوونەیەکی سەختتر بوو، خەرجی وزەیەکی زیاتر و ئاڵنگارییەکی زۆرتری پێویست بوو، بەڵام ئەو خەرجییەیان لە توانا شارراوەکانی خۆیان هەڵهێنجا و ئەمڕۆیەکی جیاوازیان فەراهەم کرد، ئەمڕۆیەک کە ڕواندا هەر بە قڵیشی نێو دەستی ژنە جوتیارەکانییەوە ناناسرێتەوە، بەڵکو بە ئاستی سیاسی و چالاکی سیاسی ئەو ژنانەوە کە ڕەنگدانەوەی لە ناوەڕۆکی ژیانی خەڵکدا دەرکەوتووە.
ئەنناگرێت کارنباوەر، کە وەزیری بەرگری پێشووی ئەڵمانیا بوو، باسی لە یادەوەرییرکی خۆی لە کاتی زانکۆ دەکات و دەڵێ ” لە زانکۆ پرۆفیسۆرێکی بەتەمەن لە کچێکی هاوڕێمی پرسی کە ئایا شووی کردووە یا ئایا بە دەزگیرانە، کچەکەش گوتبووی بەدەستگیرانم، پرۆفیسۆرەکە گوتبووی، کەواتە چی دەکەی لە هۆڵی زانکۆ و کارت چییە لێرە، لێرەدا مەبەست ئەوەیە بەدەر لە تەمەن و بۆچوون، بەدەر لە کوێ و کەی، هێشتا هەن کە ژن تەنها بە کاری ماڵەوە دەسپێرن و لە هزر و بڕوایاندا شوێنێکی دیکەی پێ ڕەوا نابینن، بەتایبەت ئەگەر ئەو ژنە نزیک خاوەن بەهرەیەک بێت.
ئێمە لە نیشتیمانی خۆماندا، لە باشووری کوردستاندا ئەو کێشە کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، دەروونی، ژینگەیی و ژیارییە سەرجەم توێژ و چینەکانی گرتووەتەوە، بەڵام ژن زۆرترین باج دەدات، باجی بێ ئاوی، بێ کارەبایی، بێ دەرامەتی، باجی ناووشیاری، باجی شەڕ و ترسی شەڕ، باجی دیجیتاڵ و ئینتەرنێت، ئەم دۆخە جیۆسایدێکی خۆماڵی و خۆکردییە، چونکە بنەماکان بە بیردۆزێکی زانستییەوە، سەرجەم بوارەکانی پێکەوە گرێ نەداوە. هەتا حیزب خەمی باڵادەستی خۆی بێت، هەتا ژنان لە ناوەندێکی بڕیاردانا، بەبێ ڕەزامەندی حیزب نەتوانن ئازادانە ڕێساکان بەبەرژەوەندی کۆمەڵگا هەموار بکەنەوە، هیچ گۆڕانێکی بنەڕەتی ناکرێت و هیچ هێزێک ناتوانێ کۆمەڵگا لەو دۆخە چەقبەستووەی خۆی بەخەبەر بهێنێتەوە، هەتا ژن لە کایەی سیاسیدا پارێزەری بەرژەوەندی حیزبی بێت لە جیاتی پاراستنی مافی تاک و پاشان خێزان، هەتا بوونی ڕێژەی ژنان ڕێژەیەی دەستکرد و بۆ پڕکردنەوەی ژمارە بێت، هەڵقوڵاوی خەبات و چالاکی نەبێت بۆ گەیاندنی پەیامێک و دەستکراوە نەبن، ناتوانن ببنە داینەمۆی گۆڕان و پەڕینەوە بەرەو قۆناغێکی شایستەتر.
Images de: Pixabay