کامێرا، ئامێرێک بۆ دەربڕین

بەیان سەلمان

بەرلەوەی لایەکانی کامێرا تاوتوێ بکەین، لەسەر ڕۆڵی وێنە دەوەستین و کەمێک شی دەکەینەوە. لەپێشاندا با بپرسین: تەماشای چی دەکرێت؟ واتە ئەو بابەتەی سەیر دەکرێت بریتییە لە سروشت؟ لە مرۆڤ؟ لە گیان لەبەرەکان؟ یاخود هەرچ بابەتێکی تر…؟ بێجگە لەوەی زۆر گرنگە بزانین شوینی ئەو وێنەیە کوێیە؟ کێ گرتویەتی؟ لە چ کاتێکدا گیراوە؟ لە کام سەردەمدا؟ قەبارەی وێنەکە چەندە و فۆرماکەی چەندە؟ هەموو ئەوانەش لە کۆنتێکستی زەمەندا دەگۆڕێن، هەمان بۆچوون و تەکنیکی بەکارهێنان نیە و بێگومان هەمان ئامانجیشی لە دوادا نیە. دەیان پرسیاری تر لە دەوری وێنەیەکدا هانمان دەدەن بیانخەینەوە ژێر تیشکی پرسیار، پێش ئەوەی پلانێکی کامێرا هەڵوەشێنینەوە و لێکی بدەینەوە.

لەو سەرەتایەوە دێینە ناو ڕۆڵی کامێرا، کە هەتا ئەم سەردەمەی ئێمە ئامێرێکی بەهێزە و دەسەڵاتێکی بێ وێنەیە بە دەستی دەرهێنەرانی فیلم. دەکرێت بڵێین، پێنووسی دەرهێنەرانە. بێگومان باسەکەمان دەربارەی کامێرای سینەمایە. وێنەی سینەمایی بەزۆریی لە جووڵەدایە، دەرهێنەران هەست و سۆزی تەماشاکەرانیش بەپێی جووڵەی وێنەکان دەوروژێنن و چاویان لەگەڵ جووڵەکانی کامێراکە وێنەکان وەر دەگرن. هەرچ کاتێکیش وێنەیەک (ستاتیک/ وەستاو) بوو، ئەوە دەچێتە ناو پێناسەی “وێنەتابلۆ”، دەتوانین بڵێین، کە وێنەکان لەو دۆخەدا مامەڵەی دیمەنێکی وەستاو دەکرێن بۆ دەربڕینی مەبەستێکی تایبەت، کە ڕێی تێ دەچێت ئامانجێکی (جوانینسازی/ ئیستاتیکی) لەدوادا بێت، یاخود لەگەڵ ناوەڕۆکی فیلمەکەدا دەگونجێت. بەڵام، بەر لە هەر جووڵەیەکیش، پێویستە دەرهێنەر دەسەڵاتی بەسەر بەشبەشکردنی پلانێکدا بشكێت و بزانێت لە کوێدا لەقتەکە پیویستی بە بڕینە.

پلانێکی گشتیی هەیە کە رەهەندێکی جیاواز بە وێنەکە دەدات. هەروەها پلانی گەورەی تەواو بۆ هەموو بابەتەکە هەیە. بۆ نموونە لە سەرەوە تاکو پێی کەسایەتیەک دەگرێت بۆ ئەوەی چی هەست و دەربڕینەکانێتی لە کاتی قسەکردن و هەڵسوکەوتی نیشان بدات. پلانیش هەیە بەشێکی تەنها جەغتکردنەسەر جێیەکی تایبەتی کەسایەتیەکەیە کە بایەخێکی رەمزی دەکاتە سەر وێنەی گشتی پێشنیارکراو، وەکو دەموچاوی و دەکرێ لەناو ئەم پلانەیشدا تەنها مەبەستی لە دەربڕینی چاوی بێت، ئەوە پێی دەگوترێت پلانی بچووک، بەڵام هەمان پلان کاتێک پڕ بە شاشەکەیە، واتە چاوێکی زەقی ئێجگار گەورە نێشان دەدات، لێرەدا پلەبەندی پلانەکە دەبێتە پلانێکی هەرە گەورە. ئەم جۆرە پلانە زۆر کورتە، بۆ چنێنی واتایەکی تایبەتە و تەنها بۆ سەرنجڕاکێشانە بەلای وردەکارییەک کە لە پلانی گشتیدا بەچاو نابیندرێت یان لەسەری ناوەستین. بەو شێوەیە، بۆ بایەخدان بەو دەربڕینە پلانەکە وەها دابەش دەکرێت.

هەروەها پلانی مامناوەندی هەیە کە بایەخ بە چرکەی جووڵەکردن دەدات، زۆربەی کات بە (پلانی ئەمریکی) ناودەنرێت، لەبەر ئەوەی کامێراکە جووڵەی کەسەکە دەگرێت کاتێ ڕادەکات یان لەناو ئۆتۆمبێلە. لەناو سەرجەمی ئەو پلانانەش، پلانی تر هەیە بەسوودە و پاڵپشتە بۆ ئەو دۆخەی ڕووداوەکە، ئیدی کامێرا دەچێتە سەری بۆ زیاتر جەغتکردنەسەر دۆخەکە. زۆربەی کات لە فیلمی پۆلیسی و دەڕوونیی تێبینی ئەوە دەکرێت، وەک پلانی قوڵبوونەوە لە پیتەکانی ئامێرێکی چاپکردن، یاخود نزیککردنەوەی چەقۆیەک، یان نیشاندانی شوێن پێیەک…

هەروەها دەرهێنەر دەتوانێت دەیان جۆر پلانی تر بخاتە سەر پلانە سەرەکیەکانی و بەردەوامیش پلانی تر دا بهێنێت کە لە خزمەتی فیلمەکەدا بێت. بێ ئەوەی ئەو جۆرە پلانەشمان لەبیر بچێت کە بابەتەکە نزیک یان دووری دەکاتەوە، یاخود لە پێشەوە و لە دواوە و لە سەرەوە و خوارەوە وێنەی گیراوە. بێگومان لەم دۆخانەدا نابێت گەشتکردنمان لەبیر بچێت، ئەوەی لە فەرهەنگی زاراوەی سینەماییدا بە (تڕاڤلینگ) travelling ناسراوە. واتە کامێراکە لەسەر سکەیەکە و دوای ئامرازەکە دەکەوێت بۆ وێنەگرتنی. هەر وەک ڕاکردن، هێنانەپێشەوەی وێنە و دوورخستنەوەی، یاخود کاتێ کامێرا لە بەرزاییەوە وێنەکان دەگرێت. هەروەها کارێکی تر هەیە بە (دۆڵی) ناسراوە کە دەکرێ بە (بووکی گەمەکردن) ناوی بەرین؛ ئەم وشەیە dolly لەبنەڕەتدا لە شەڕی جیهانی دووهەم (١٩٣٩-١٩٤٥) بۆ گواستنەوەی بۆمب بۆ ناو فڕۆکەکان بەکار هێندراوە؛ دوایی بۆ ئامانجێکی سینەماتۆگرافی ئەمریکیەکان هێنایانە ناو تەکنیکی وێنەگرتن و لەوساوە بەکار دەهێندرێت. لەلای (هیتشکۆک) لە فیلمی (ڤێرتیگۆ) Vertigo بەکاریهێناوە بۆ نیشاندانی ترسی کەسایەتیەکە لە بەرزاییدا و سەرگێژبوونی. دۆڵی بریتیە لە ئامرازێک شێوەی دروشکەیەکی بچووکی هەیە کە توانای بەرزکردنەوە و نزمکردنەوەی هەیە، بۆ نزیکبوونەوە لەو ئامرازەی بابەتی وێنەگرتنەکەیە. بۆ نموونە، لە فیلمێکدا دوو دکتۆر لەناو ڕێڕەوێکی نەخۆشخانەدا بە ڕۆیشتنەوە قسە دەکەن، ئیدی لێرەدا کامێرا بە نێوەندی تراڤلینگ لە پێشەوە یان لە دواوە وێنەیان دەگرێت. بۆ کاری وردتر و گرنگتر دۆڵی دەخرێتە سەر سکە و لەگەڵ تراڤلینگ پێکەوە بەکار دێت. لەم سەردەمەی ئێمە، کاریگەریی وێنەی دیجیتالیش بەکار دەبرێت بۆ ئەو بەشانەی فیلمێک کە لایەنی (ناواقیعیان) (فانتاستیکیان) تێدایە. کەسایەتیەک دە مەتر بەرز دەبێتەوە، بەشێکی کامێرایە، بەشێکیشی بە پشتگیری وێنەی دیجیتاڵ ئەنجام دەدرێت، باشترین نموونە وێنەکانی ناو فیلمی (ماتریکس)ە Matrix.

چۆن کامێرا ڕۆڵێک لە گەیاندنی واتا دەبینێت؟

 وێنەکان لە سینەما و زنجیرەی تەلەفیزیۆنیدا بەخۆڕایی لێرە نین. کامێرا و ئەو تەکنیکە گرنگانەی بۆ وێنەگرتن بەکار دەبرێت زۆر پێویستن بۆ گەیاندنی واتا. وێنە تەنها دابەشکردنی یەکەکانی فیلمێک نیە، بەڵکو لەناو هەر یەکەدا چۆن وێنە پێشنیار کراوە. کامێرا یان بە شێوەیەکی بینینی گشتگیر (پانۆرامیک) کاری پێ دەکرێت، واتە زوومی کامێرا دوای کردار و جووڵەکە دەکەوێت لە هەرچ کوێ بێت، یاخود ڕێنمایی ڕووەو ئامانجەکە دەکرێت. زۆربەی کات بۆ بەرنامەکان و فیلمی کۆن کامێرایەک یان چەند کامێرایەک لە چەند ڕەهەندێکەوە جەسپێندراون و ڕووەو کردار و کەسەکە ڕێک خراون. پاشان لە کاتی مۆنتاجکردنیان وێنەکان ڕێک دەخرێنەوە و پاکژ دەکرێن. کارەکەی تری کامێرا، وەکو پێشتر لەسەری وەستاین، دۆخی (تڕاڤلینگ)ە کە کامێراکە لەگەڵ جووڵەکەدا هاوکات ئەویش دەکەوێتە جووڵە، بۆ نموونە کەسایەتییەک دەڕوات، یان ڕادەکات، کامێراکە لەگەڵ جوولەکەیدا دوای دەکەوێت، ساتێ دەشوەستێت وێنەکەش لەسەری دەوستێت… لەم سەردەمەیشدا تەکنیکی سینەمایی زۆر پێشکەوتوو داهێنراوە، وەک (کامێرای سەقامگیر) steady cam کە کامێرامانێک بە دەستەوە دەیگرێت و هەموو جووڵەیەکی پێ دەکرێت. دەکرێ بڵێین، دەبێتە نیوچەجێگیری تڕاڤلینگ و ڕۆڵی ئەوی پێ دەبیندرێت لە دواکەوتنی جووڵەی کەسەکە یان هەرچ ئامرازێک بێت. هەست دەکەین لەم حاڵەدا کامێراکە زۆر بە نەرمی وێنەکان دەگرێت. بێ گومان هەموو ئەو تەکنیکانە بۆ مەبەستی تایبەتی دەرهێنان بەکار دەبرێن.

بە دڵنیاییەوە تێڕوانین و ڕوانگە و گۆشەنیگای دەرهێنەرێک زۆر گرنگن لە چۆنێتی دابەشکردنی پلانەکانی فیلمێک، دیارە کامێرا ئەو ڕۆڵە گرنگە دەبینێت بۆ دەستنیشانکردن و دەرخستنی جۆر و شێوەی لەقتەکە، بەڵام دواجار ئەوە ڕوانگەی دەرهێنەرە کە چۆن ئەو پلانە دەبینێت و بڕیاری کۆتایی لەسەر چەسپاندنی وێنەکە دەدات. هەر بۆیە لە فیلمێکدا لەقتەکان لەوانەیە دەیان جار دووبارەی بکەنەوە تاکو دەگەنە ئەو ئاستەی پێویستە لە نواندنی ئەکتەرەکان. لێرەشدا وێنەکان دەدوێن لەو دۆزەی خراوەتە سەر شاشەیەکی مۆنیتۆر تاکو بە چاکی لقتەکە ببیندرێت وەکو ئەو ساتەی لەسەر شاشەی سینەما یان تەلەفیزیۆن دەرەکەوێت.

لەو سونگەیەوە، گرنگە باس لە واتای وێنەکان بکەین و چۆن هەر بەشێکی گوزارشت لە مەبەست و ئامانجی کارەکە دەکات و لەوانەیە تاقە وێنەیەک کۆمەڵەسیمبولێک لەخۆ هەڵگرێت. کاتێ کامێرا وێنەی دابڕانی دوو ئاشق دەگرێت کامێرا ڕۆڵی دوو چاوی ئێمە دەگێڕێت بە نیشاندانی دوورکەوتنەوەی هەردووکیان لەیەک؛ گۆشەنیگای وێنەگیرانەکە بۆ نموونە وەهایە کە هەر یەکەیان بەلایەکدا دەڕوات. لە دوا فیلمی (جۆکەر) Joker لە نواندنی (ژواکین فوێنیکس) کە ڕۆڵی (ئارتەر فلیک) دەبینێت، بە هەڵسەنگاندنی ئەم کەسایەتیە لەگەڵ سەرەتای فیلمەکە و هەتا کۆتایی، لە چەند گۆشەنیگایەکەوە وێنەی گیراوە بۆ ئەوەی گوزارشت لە باری دەروونی و ئەقڵی بکات. لە زاراوەی سینەماییدا دوو وشەی تەکنیکی بەکار دەبرێت بۆ گوزارشتکردن لە دۆخێک یان ئامرازێک کە لە گوشەیەکەوە وەرگیراوە. دەکرێ پێیان بگوترێت قوڵبوونەوە (plongée) و دژەقوڵبوونەوە (contre-plongée) ئەوەی یەکەم، کامێراکە لە گۆشەیەکەوە لە سەرەوە ئامرازەکە دەگرێت، وا هەست دەکەین کە بابەتەکەی وێنەی گیراوە لە قەبارەی خۆی بچووکترە یان کەم کراوەتەوە. لە کاتێکدا لە دۆخی دژەقوڵبوونەوەدا بابەتەکە لە گۆشەیەکەوە گیراوە کە لە قەبارەی خۆی گەورەتر دەری دەخات. بە پێچەوانەی ئەوەی تر، گۆشەکە هەستێکی زێدەڕەوی و باڵادەستبوون بە بابەتەکە دەدات. هەر بۆیە ئەم تەکنیکە لە هەمان ئەو فیلمەی (جۆکەر) ئەنجام دراوە، کاتێ لە سەرەتاکانی فیلمەکەداین، گوشەی کامێراکە لەسەر روخساری کەسایەتی جۆکەرە، دەربڕینەکانی دەموچاوی و جگەرەکێشانەکانی و ڕۆیشتنی بە گرنگیی نیشان دەدات و بۆ کەسێکی بێدەسەڵات کەمی دەکاتەوە؛ پاشان، لە کۆتاییدا، کاتێ هەست بە سەرکەوتن و ئازادییش دەکات، گوشەی کامێراکە سەرتاپای جەستەی لەسەر پێپلیکانەکاندا نیشان دەدات؛ بەجەغتکردن لەسەر جووڵەی کامێرا، لە هەردوو پێی کەسایەتیەکەوە بە شێوەیەکی ستوونی بەرەو سەرەوەی نیشانی دەدات. بێگومان ئەم جۆرە وێنەیە لە بۆچوونی دەرهێنەرەوە بەرهەم هاتووە. بەو شێوەیە بەها دەخاتە سەر گەڕانەوەی ماف بۆ کۆمەڵە کەسێکی زۆر، لە ڕێگای یەک کەسێک (ئارتەر فلیک) کە هەموو مافێکیان لێ زەوت کردووە. بە کورتیی، دەتوانین گۆشەی وێنەی قوڵبوونەوە و دژەقوڵبوونە لەو فیلمەدا بەو شێوەیە وەربگرین، کە کەسایەتی (ئارتەر فلیک) لە هەلومەرجی دژەپاڵەوانەوە دەگۆڕێت بۆ پلەی پاڵەوان. ئەم جۆرە هەلومەرجەی لە فیلمێکدا بەکار دەبرێت، لە ژیانی راستەقینەوە سەرچاوەی وەرگرتووە. بە باشی دەبینین کە کەسێک دەسەڵاتدارە چۆن تەماشایەکی دەستەباڵایی خۆی بەسەر کەسانی خوارووی خۆی دەبینێت. ئەوە دۆخی نمایشکردنی هێزە لە ئاستی کەسی لاواز. کامێرایش ئەو دەسەڵاتە گەورەییەی هەیە خواروو و سەروو بە ئاسانی درکی پێ بکرێت. هەر بۆیە لە فیلمەکانی سوپەر پاڵەوانەکان، وەک (سوپەرمان) و (باتمان) و (سپایدەرمان) و (کات ومن) و (هانکۆک) ئەو سوپەر پاڵەوانانە هەمیشە کامێرا لە خوارەوە بەرەو سەرەوە دەیانگرێت بۆ ئەوەی ئەو دەستەباڵاییەیان پێ ببەخشێت. دەکرێت ئەو بابەتەی وێنەی دەگیرێت بورجێک بێت، یان باڵەخانەکانی ئەمریکابن، کاتێک لە خوارەوە وێنەیان دەگیرێت فرە گەورەتر و بەرزتر لە قەبارەی خۆیان دەرەکەون. بە پێچەوانیشەوە کە لەسەرەوە وێنەکە دەگیرێت وەک ئەوەیە چاوی یەزدان زاڵترە بەسەر وێنەکەدا.

 ئەم خاڵەی داهاتوو دەکرێت تەواوکەری خاڵەکەی پێشوو بێت، دەمانبات بۆ تێگەیشتن لە هەلومەرجی وێنەگرتنێکی تر، هەر وەکو گێڕانەوەی نێو ڕۆمانێک، کە لە زارەوەی سینەماتۆگرافیدا بە کامێرای سوبژێکتیڤ caméra subjective یان پلانی سوبژێکتڤ plans subjectifs ناسراوە. لێرەدا چاوی کەسایەتیەک جێی گوشەی کامێرا دەگرێتەوە. ئەوەی چاوی کامێرا دەیبینێت بۆ تەماشاکەرانی دەگوازێتەوە. ئەم جۆرە وێنەیە بە نێوەندی کردارێک یان کۆمەڵە کردارێک ئەنجام دەدرێت کە لە گۆشەنیگای یەکێک لە کەسایەتیەکان وەرگیراوە. ئیدی تەماشاکەران بە شێوەیەکی کاتیی خۆیان لەگەڵ گۆشەنیگای ئەو کەسایەتیە بە شووناس دەکەن. دەبنە وەرگری ئەو وێنانەی کە ئەو تەماشایان دەکات. باشترین نموونە، بۆ یەکەم جار لە فیلمی (چاوێلکەکەی خوێننەوەی داپیرە) Grandma’s reading glass دەرهێنەری بڕیتانی (جۆرج ئەلبێرت سمیت) George Albert Smith لە 1900 هەستی کرد کە پلانی گەشتی ئامانجی لە نیشاندانی هەموو لایەنێکی فیلمەکەی ناپێکێ؛ ئیدی پەنای بۆ پلانی زۆر گەورە برد، بە پێشاندانی ئەوەی منداڵەکە لەژێر عەدەسەکەوە گەورەی دەکردەوە، وەکو پارچە ڕۆژنامەیەک، باڵندەیەکی کەناری لەناو قەفەسەکەی… وەک تەماشاکەرانیش ئێمە تەنها ئەوە دەبینین کە مداڵەکە دەیبینێت.

لە کۆتاییدا، گرنگە ئاماژەش بەوە بکەین، هەموو فیلمێک بریتیە لە کۆمەڵێک پێکهاتەی گرنگ؛ هەر هەموویشی کاریگەرن لە سەرکەوتنی فیلمێک. بەو واتایە، فیلمێک لە تەنها وێنە و جووڵە و دەرهێنەرێکی باش و ئەکتەرێکی لێهاتوو کورت ناکرێتەوە، بەڵکوو لە تەک ئەوانەدا، دەقێکی سیناریۆیەکی باش نووسراوە، چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش داڕێژراوە، ئیکسیسواری گونجاو، دیکۆری سەردەم، دەنگ و کاریگەری تری دەنگ و غەڵبە، ڕەنگ، مۆسیقا، جلوبەرگ، ڕووناکی و سێبەر، ئارایشت… هەر خودی ئارایشت بەشێکی تەواوکەرە لەو پرۆسەی داهێنانی فیلمە، لەوانەیشە بۆ مەبەستێکی چیرۆکەکە ئەوەش لابدرێت. باشترین نموونە بیهێنینەوە، فیلمی “پیاوی سێهەم” The Third Man لە دەرهێنانی Carol Reed تێبینی دەکەین کە ئەکتەر و دەرهێنەری ناسراو (ئۆرسن وێلز) Orson Welles لەو فیلمەدا، کە تاقە فیلمێکیشە ئورسن وێلز بە بێ هیچ ئارایشتێک دەرەکەوێت، ئەوەش وەک پیویستییەکی دەقی سیناریۆی فیلمەکەیە. بۆ هەندێ فیلمی ناوەڕۆک فانتاستیکی پێویستە فێلی سینەماییش بەکارببرێت، یان کۆمپیوتەر و دەیان جۆر ئامراز، بێجگە لە ڕۆڵی دەیان، و بگرە هەندێ جار سەدان، ئەکتەر و کارمەند و کارگێڕی تایبەتی لە بواری تەکنیک و سینەمادا کە دەبێ هەموو ئەو تیمە لەلایەن شارەزایانەوە هەڵبژێردرێن.

دیمەنێک کە لەناو فیلمێکە بێگومان بەخۆڕایی دەستنیشانی ئەو شوێنە نەکراوە! کاتێ لە فیلمێکی ترسناک دەچینە ناو یەکێک لە گەڕەکە کۆن و تاریکەکانی شارێکی چۆڵ، یان ڕووبارێک لاشەیەکی تێدا فڕێدراوە، یاخود جیڕەی دەرگایەکی کۆن و زۆر وردەکاری ڕاستەقینەی تر، هەمووی پشتگیری فیلمەکە دەکەن کە دەبێ داڕشتنەوەی ئەو کەش و هەوایە لە پەیوەندیەکی توندتۆڵ بێت و نزیک بن بە بابەتی فیلمەکە. فیلمێک بابەتەکەی سامناک بێت باشترە ڕووداوەکانی لە نوێژی نیوەڕۆدا نەبن! ئەوە دەمانبات بۆ پرسی گڕنگی ڕووناکییش کاتێ ئاراستەی ئەو ئەکتەرە یان ئامانجەکەی دەکەین و کامێرا جەغت لەسەر ئەو بەشەیان دەکات کە ڕووباکییەکە خراوەتە سەری. نموونەیەکی گرنگی وەبەرچاو لە فیلمی (باوکی رووحی) the godfather دەرهێنەر (فرانسیس فۆرد کۆپۆلا) Francis Ford Coppola، کە لە زۆربەی بەشەکانی ئەو فیلمە، بە تایبەتی لە بەشی دووهەمدا، ڕووناکی و ئاراستەی کامێرا لەسەر هونەرمەند (ماڕلۆن براندۆ)یە، لە ڕۆڵی (دۆن ڤیتۆ کۆڕلیۆنێ)، سەرۆکی یەکێکە لە بنەماڵەکانی مافیاکان، لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ چەند پیاوێکیدا، تێبینی دەکەین چۆن ڕووناکی و گۆشەی کامێراکە ئاراستەی ئەو کراوە بۆ بایەخدان بەو ڕۆڵەی دەیگێڕێت. دۆن ڤیتۆ کۆڕلیۆنی دانیشتووە و دەست بەسەر پشیلەیەکدا دەهێنێت، پیاوەکانی تریش بە پێوەن و پشتیان لێمانە، یاخود لابەلا گیراون. بەو واتایە، ڕووناکی و کامێرا لەوێدا ڕۆڵی یەکگرتنەوەیان هەیە لەپێناو تیشکخستنەسەر کارائەکتەرەکە و پلەی دەسەڵاتی.  

سەرچاوەکان:

– Alekan  H. Des Lumières et des ombres Paris, Le Sycomore, 1984.

– Bernard  H. L’Image numérique et le cinéma Paris, Eyrolles, 2000.

– Briot  R. Les Techniques cinématographiques Paris, ESRA, 1993.

– François Reumont, Le Guide machinerie de la prise de vues cinéma, Dujarric, 2004.

– Marleau, N. revue Erudi (1961). II. L’esthétique de l’image. Séquences,(27), 22–23.

Les Techniques Cinématographiques de Base :

http://fgimello.free.fr/documents/technique_de_base_cinema.pdf

Crédit images: pixabay

Check Also

تابوو یێ هزر و فه‌لسه‌فێ

جوان عزەت هه‌ر ژ سه‌رده‌مێ سۆكرات بگره‌ هه‌تا دگه‌هیته‌ سه‌رده‌مێ ده‌ستهه‌لاتداریێ دیرۆكا مرۆڤاهیێ دگوت: “هزر …