چوار شه‌ممه‌, نیسان 24, 2024
frku

ئاوارە، تەنیا لەنێو هەموواندا

بەیان سەلمان

Image: par Pixabay

بەبڕینی هاواری ئاوارەیەک بە کامێرای تەلەفیزیۆن، کە وێنەکانی بە دنیادا پەخش دەکرێن، تەنیایی هەر یەکێک لەنێو هەموو تەنیاکانی تردا دەبینین و هاوکات نایشیانبینین. عەقڵانیەت لە ئاست وێنەکاندا بێهودەیە. لەناو شانۆگەریەکی تراژێدی بە ئیشخستنی هزر وەک ماشێنێکی ڕووناکبیری، چەمکی لێکدانەوەی کارەساتەکانت پێ لەدەستت دەدات. لە هەناوی کارەساتدا خودی پانتاییش دەگۆڕێت بۆ دژی ڕاستی، بگرە دەبێتە دژە یۆتوپیایەک و دۆزەخێک، کە مەودای مردن هێندە نزیک دەکاتەوە ئیتر بوار نامێنێت بۆ خەونێکی خۆشی بچووکیش!

فەیلەسوفەکان لە کۆنەوە تاکو هەنوکە فێرمان دەکەن چۆن بمرین، وەلێ هەر فێر نابین، چونکە دەوروبەری مردن قورسترە لەگەڵی ڕابێین. بەدەر لە نەخۆشی، کارەساتی هەمەجۆر، تەنییای کەسی ئاوارە قڵیشێکە لەسەر مردن، لییەوە ئازاری جەستەیی و دەروونی دەبیندرێت. بێ دەسەڵات لە ئاستیدا دەوستین، رزگارکەر و فریاگوزار دەبنە تروسکەی چرایەک لێیەوە خەونێکی بچووکی خامۆشبوو بە ترس و تەنیایی دەگەشێتەوە.

کەسی ئاوارەی تەنیا لە ناو تەنیاکانی تردا جەستەی قورسە، هەر وەک کەسێک گیاندەدات چاوەڕوانە بێ ئەوەی بزانێت کە چاوەڕوانی مردنە. ئەو جەستەییەی دەرهەقی هەموو قورسیایی دەهات، وا ماسولکەکانی جەستەی خاو دەبنەوە، دەرهەقی پلەی بەرزیی دڕندەیی نایەت. جەستەی کەسی ئاوارە بەوەی لەلای خۆی بارێکی قورسە، لەهەمان کاتدا ئەو بارەیە کە لەو ساتە باشتر هەستی پێ دەکات، چاکتر ژیانی خۆی بۆ لێکدەداتەوە، وەک ئەوەی باس لە ژیانی کەسێکی تر بێت، دەزانێت کە دەبێ شوورا لە دەوری خۆی دروست بکات و بەرگریی لێ بکات. جەستەی دەبێتە ئەو بەشە لکاو و داتاشراوە لە خۆی کە هەموو هەوڵەکانی یەک دەخات تا یەک بگرنەوە. لێرەوە، تەنیایی خۆی لەناو تەنیایی ئەوانی تردا زەقتر دەبینێت و چاکتر دەیوروژێنێت. ئەو جەستەییەی هەڵیگرتووە لەوەی خۆی بەولاوە جەستەی کەسی دی لە دەوروبەری نابینێت.

دڵەڕاوکەی تەنیایی لە بێ چارەسەریە. کەسی ئاوارەی تەنیا، هەموو قیژە و هات و هاواری دەوری نابیستێت، وەک تەنیایی خۆی گوێی لە هاواری خۆیەتی و هیچی ئەوانی دیکە نابیستێت. ئەم فۆرمە لە تێڕامان لە نابیرکردنەوە، دۆخێکی بەتاڵییە بەرامبەر بە پڕیی، هەستێکی ڕەهایە بەوەی خۆم بەرەوڕووی گەورەترین هەڕەشە دەبمەوە، ئەوەش لەناوچوونی خۆمە. لێرەوە هەوەڵەکان بۆ ئەوەیە کە گوێم لە خۆم بێت تا وابکەم ئەویتر گوێی لێم بێت. ئەم فۆرمە هەروەها جودا نیە لە مردنێکی بەکۆمەڵ. ئەوانەی پێکەوە تەنیان وەک ئەوەیە پێکەوە بکوژرێن، ئەم پێکەوەبوونە لەو شێوە تەنیایە ڕەنگدەداتەوە کە هەر یەکە هەوڵدەدات کۆی ئەوانی دی گوێیان لە ئازارەکانی ئەو بێت. گەورەیی ئازار لە کاتی وەهادا هیچ دەرمانێک دەرهەقی نایەت.

لێرەدا، ئێمە کە وێنەی ئاوارەی تەنیا لەنێو کۆ سەیری دەکەین، لە وێنەیەکی فۆتۆگرافی یان ڤیدیۆ و تەلەفیزیۆن، وەک ئەو کەسەیە سەیری مردنی یەکێکی تر دەکات و مردنی ئەو هیچی پێ ناڵێت لە سەر مردنی داهاتووی خۆی. ئەو تەنیایە لە بێئومێدیدا دەبێتە جەنگاوەرێک ئامادەیە بکوژرێت لەپێناو بیستنی پەیامەکەی. گەورەترین ئازار نەبیستنی ئەو پەیامەیە کە وا دنیا سەیری دەکات و لێی تێ ناگات.

Image: map-of-the-world- kalhh de Pixabay

ئایا دەتوانێت دیوارە نادیارەکان بروخێنێت؟ 

خودی ئەو تەنییایە لە دووفاقەی تەماشایەکی نیگەتیڤەوە دروست بووە. لەسەرێکەوە، ئاوارە کەسێکی بێ شوێنە، لەدەستدانی شوێن حەوانەوە، ئەو جێیەی لێی پشوو دەدات، نانی لێ دەخوات، خۆی لێ پاک دەکاتەوە و نهێنیەکانی دەپارێزێت، واتە هەر یەکە لە ئێمە سەروەری ماڵی خۆیەتی و لەوانەیە وەک هەموو کەسێک کەمێک تەنیایی ناواخنی خۆی تێدا بینا بکات. لەسەرێکی ترەوە، نەمانی بەهای کەسەکەیە بە لەدەستدانی شوێنەکەی، ئەو شوێنەی هەموو بەهاکانی پێشووی هەڵگرتبوو و ناسنامەی خاوەنەکەی پێوە لکابوو. بەرەوڕووبوونەوەی ئاوارەیی تەنها هێزی جەستە بەرامبەر بە مانەوەیە. زۆرجار ئەو شوێنانەی پێشوازیان لێ دەکەن لەبیریان دەچێت کە ئەو ئاوارانە لە شوێنێکەوە هاتوون، وا سەیریان دەکەن وەک بڵێی لە هیچ کوێوە نەهاتوون. سنووربڕین بەشێکە لەو تەماشا نیگەتیڤە کە کەسەکە بە بڕینی هێڵی سنوورەکان، لە ناخیدا هەست بە توانەوەی شووناسی (من) دەکات. ئەو منەی پێشوو بڕیاردەر بوو، جڵەوی کردار بە خۆی بوو، ئێستا ئەو فەرمان وەردەگرێت، تەنانەت دەیسپێننە سەری، هەتا ڕادەیەک وەک منداڵێکی نەفام مامەڵەی دەکرێت! ئەم (من)ە تەنیایە، ئێستا لە شووناسی پووچەڵکراوەتەوە. ئاوارەی (تەنیا) لەناو (کۆ)دا، خەسڵەتی کەسایەتی لەدەستدەدات؛ کار لەوەدا نامێنێت تەنانەت باسی تاکێتی خۆیشی بکەین، چونکو کاتێک ئەومان دەوێت کە توانیبووی کەسایەتی خۆی لە شوێنی ئەسڵی (خاکی دایک) بسەلمێنێت، بە ڕیشەهەڵکەنین لە شوێنێکدا، چیدی کەس شکۆی کەسایەتی نامێنێت، بەتایبەتی لەلای خۆی، خاڵی ئازاردەر ئەوەیە.

 ڕێزو شکۆی بە شوێن و کار و خێزانەوە گرێدراوە، کە هەست بە تەنیایی دەکات لەناو هەزاران کەس، یەک وێنەی لێ دەبینین. بە لەدەستدانی ئەو وێنانە، ئەو کەسەی لەوانەیە دەیان سفرەی هەمەجۆری خۆاردنی بۆ میوانەکانی ئامادەکردبێت، دەگۆڕێت بۆ ئەوەی دەست لە خەڵك پان بکاتەوە. ئەوەی لە ماڵ خۆی شمەکی بۆ دەهات، لە ئاوارەیی بە دوای چەند نانێک ڕادەکات. لە دەرئەنجامی ئەو دۆخە، موحاڵیی دروستکردنی منێکی نوێ دێتە جێی ئەسڵەکە، ئیتر ناشتوانێت لەناو چادری ئاوارەیی شووناسی خۆی بەرهەم بهێنێتەوە؛ دیوارەکانی چادر ناسکن، دەیان گوێیان هەیە، بە بایەکی کەمێک توند جێی حەوانەوەش نامێنێت. ئەم جۆرە ژیانە نوێیە سەرەتاییە، بەشەرەکان دەگەڕێنێتەوە دواوە، ناچاری گەشتێکی ناپەسەندیان دەکات لەناو هەناوی کاتدا، وەلێ بۆ بەرەو دواوە، بۆ ژیانی سەرەتایی، کە بێجگە لە مەترسی و هەڕەشە و برسێتی و جێلەقبوون، کاریگەریی کاتیان بەسەرەوە ئاشکرا دەبێت. کات دەبێتە ئەو داسە ترسناکەی بە تیژیی دەیانبڕێت و هەلاهەلایان دەکات و پارچەکانیان بۆ داهاتوویەک فڕێ دەدات، کە هەتا جارێکی دیکە یەک دەگرنەوە بەشێکی تەمەن ڕۆیشتووەو وەدەست ناگیرێت، چونکو کات پەیوەستە بە گۆڕان و بە بوون لە داهاتوودا. واتە ئاوارەی تەنیا، بە گژی چرکەیەکدا دەچێت کە لە چرکەی هەنوکەدا خۆی نادۆزێتەوە، بیری هەمیشە لەلای ئەوەیە کە لە ڕابردوودا چی هەبوو. گەورەترین کارەساتیش لەوەدایە، ئەم جۆرە کاتە هەمیشە بەخاویی دەڕوات، کەسەکە بەردەوام وادەزانێت هیچ ناجوڵێت و ناگۆڕێت. لێرەشدا باسی هەلومەرجی جەستەیی فیزیکیی کەسەکە ناکەین، بەڵکو ئەو فاکتەرانەی وا پاڵی دەنێن تاکو لەناو ئەو دۆخەی ئێستایدا بجەنگێت. ئەو لەم چرکەیەدا خۆی بەراورد ناکات بەوانەی لەگەڵیدا وەک ئەو تەنیان، ئەو بەشێوەیەکی کوشندە خۆی بەوەی دەرەوەی ئوردوگای تەنیاکانی دنیا بەراورد دەکات؛ ئەم تێڕامانە لە خۆی شێوەی ئەو ڕووبارەی هەیە کە دەڕوات و ئەویش لە جێی خۆی چەقی بەستووە. ئاوارەی (تەنیا) لەناو (کۆ) دەگەڕێتەوە بۆ چرکەی سفر، هەر وەک گەردون لە وادەی سەرەتای یەکەم تەقینەوەی، وەلێ ئەم بەرەوڕووی تەقینەوەی کات دەبێتەوە و لەگەڵ خۆیدا تووشی حاڵەتی وەیەکدادان دەبێت. ئا ئەوەشە وای لێدەکات بەتەنیا لە نێو سەرجەمی ئاوارەکانی تردا خۆی هەر بەتەنیا ببینێت.         

Check Also

هەڵکشانی پڕوپوچی -عەرەب و ئیسلام و خۆرئاوا –

د. هاشم ساڵح شوان ئەحمەد کردوویەتی بە کوردی كۆرنیلۆس كاستۆریادیسی بە ڕەگەز یۆنانی و هەڵگری …