زانیار محه‌مه‌د
له‌سه‌ره‌تاوه چی هه‌بوو؟ بوون چ واتایه‌كی له‌خۆگرتبوو؟ ئه‌وه‌ی ده‌ستیپێكرد وشه بوو یان خه‌ون؟ سه‌ره‌تا زمان له‌ئارادا بوو یان ئاماژه؟ بۆچی ڕه‌مز پانتایی گه‌وره‌ی خه‌ون داگیرده‌كات؟ بۆچی ئاماژه و ڕه‌مزه‌كانیش ده‌بنه‌وه به به‌شێكی بونیادی له‌زماندا؟ ئایا خه‌ون ئه‌م دۆخانه ده‌سازێنێت؟ خه‌ون دروستكراوی ناو سه‌رێكی به‌قه‌باره بچوكی مرۆڤه، یان له‌ده‌ره‌وه‌ی قه‌باره‌دایه و جادووییه‌كه و ئينسان به‌شوێن خۆیدا ده‌بات؟ لێره‌وه پێویسته سه‌رله‌نوێ بیر له خه‌ون بكه‌ینه‌وه، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی بیری لێنه‌كراوه‌ته‌وه، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی پرۆسه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی و پڕ ته‌لیسمه.
“ده‌ریا و خه‌ونه شاراوه‌كانی مه‌رجان”، دواهه‌مین ڕۆمانی به‌یان سه‌لمانه، كه مرۆڤ ده‌خاته سه‌ر كه‌ڵكه‌ڵه‌ی به‌دواداچوونی پرۆسه‌یه‌كی گرنگ له ژیانی مرۆڤدا به‌ناوی خه‌ونه‌وه. مرۆڤ پاش ئه‌وه‌ی له‌دونیادا داده‌مه‌زرێت، سه‌روكاری زۆری له‌گه‌ڵ خه‌وندایه. ئه‌وه‌ش یان ژیانی ته‌رخانده‌كات بۆ به‌ده‌مه‌وه چوون و شه‌ڕی هێنانه‌دی خه‌ونه‌كانی، یاخود ژیانی ته‌رخانده‌كات بۆ چه‌پاندنی خه‌ونه‌كانی و شه‌ڕده‌كات بۆئه‌وه‌ی له‌خۆیدا بیانكوژێت.
ئه‌م ڕۆمانه به ڕسته‌یه‌كی ئێجگار قه‌شه‌نگ ده‌ستپێده‌كات “خەون لە خودی خۆیدا گەشتێکە”. خه‌ون سه‌فه‌رێكه به ئه‌به‌دییه‌تدا، مرۆڤ به‌ر له‌وه‌ی بنووسێت، پێش ئه‌وه‌ی قسه بكات، خه‌ونی بینی. كه‌واته له‌سه‌ره‌تاوه خه‌ون هه‌بوو. به‌ڵام بۆچی كاتێك ته‌ماشای ڕۆژگاره‌كان، مێژوو و ڕابوردوو ده‌كه‌ین، كه‌متر هه‌ست به شتێك ده‌كه‌ین به‌ناوی خه‌ونه‌وه؟ هۆكاری چییه قسه كاریگه‌رتره له خه‌ون؟ بۆچی له مێژووی مرۆڤدا خودی (خه‌ون) نابینین، به‌ڵكو به‌ده‌مه‌وه‌چوونی مرۆڤ بۆ خه‌ون، یان كوشتنی خه‌ونه‌كانی ده‌بینین؟ واتا بۆچی خه‌ون له‌پرۆسه‌یه‌كی خه‌یاڵی و فیكرییه‌وه گۆڕاوه و فۆرمی پراكتیكی و واقیعی وه‌رگرتووه؟ بۆچی مرۆڤ ڕازی نییه خه‌ونه‌كان له فۆرمی خه‌وندا بمێننه‌وه و له فۆرم و چێوه‌ی دیكه‌دا به‌ندیان ده‌كات؟
پێده‌چێت چاره‌نووسی ئاده‌میزاد گه‌له‌ك په‌یوه‌ست بێت به‌خه‌ونه‌وه. به‌ڵام ئایا خه‌ونه‌كانی مرۆڤ ته‌نیا بریتین له كۆمه‌ڵێك ورێنه و گرێی سایكۆلۆژی، یان ئایدیا و پره‌نسیپن له‌باره‌ی داهاتووه‌وه؟ خه‌ون ته‌نیا خولیا و خواستی شاعیرانه؟ یان مرۆڤ مه‌حكومه به‌وه‌ی له‌ژیانیدا به‌شوێن خه‌ونه‌كانییه‌وه بێت؟ خه‌ون بۆ ڕزگارییه یان بۆ دیلی؟ وه‌ڵامی هه‌موو ئه‌م پرسیارانه له ڕسته‌ی یه‌كه‌می ڕۆمانه‌كه‌وه دێنه ده‌ره‌وه. “خەون لە خودی خۆیدا گەشتێکە”، ئه‌مه شاڕسته‌یه‌كه، كه ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی له‌ئارادایه خه‌ونه، ئه‌وه‌ی ده‌ستپێده‌كات و سه‌ره‌تایه خه‌ونه، هه‌موو شته‌كان له‌خه‌ونه‌وه ده‌ستپێده‌كه‌ن و ده‌كه‌ونه‌وه، خه‌ون سه‌فه‌ر یان هه‌ڵوێستێكی شاعیرانه‌یه، له ڕۆحی شاعیریشدا سه‌ركێشی و سه‌فه‌ر و ناڕه‌زایی هه‌یه، بۆیه خه‌ون داینه‌مۆیه، ده‌بێته ئاگرێك بۆ داگیرساندنی مه‌یل و خولیای سه‌فه‌ر و شكاندن و جێهێشتنی سنووره‌كان. هه‌موو شاعیرێكی ڕاسته‌قینه، خه‌ونبینێكی مه‌زن له‌ناویدایه.
خه‌ونی شاعیر خه‌ونه بۆ ده‌ستكاریكردنی ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ی به‌دونیاوه گرێیده‌ده‌ن، شاعیر خه‌ون ده‌كاته بۆمبێك و له‌ناو زماندا ده‌یته‌قێنێته‌وه. ستراكتۆر و بونیاده‌كان، ئه‌و جێگایانه‌ن شاعیر خه‌ونی تێكدانی هه‌یه و تێكیانده‌دات. ئیدی خه‌ون له‌وه ده‌كه‌وێت پرۆسه‌یه‌كی سایكۆلۆژیی بێلایه‌ن بێت، به‌ڵكو ده‌بێته بزوێنه‌ر، كێشه‌ساز به‌رابه‌ر به‌وه‌ی له‌واقیع و زماندا چه‌قیبه‌ستووه. خه‌ون به‌جۆرێك له جۆره‌كان هه‌م ئایدیایه و هه‌م كردار.
بۆ ئه‌وه‌ش خودی ئه‌م ڕۆمانه باشترین شاهیده، داهێنان و هه‌ڵكۆڵینێكی ناوازه‌یه له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی خه‌ون به‌شێكی قووڵی بیركردنه‌وه‌یه و به‌شه‌كه‌ی دیكه‌شی پراكتیكه. خه‌ونه‌كانی ناو ئه‌م تێكسته، هه‌م خه‌ونن وه‌ك ئایدیا و خولیای كاره‌كته‌ره‌كان بۆ تێكشكاندنی جوگرافیا و سه‌فه‌ر و ڕۆیشتن و هه‌روه‌ها بینین، هه‌م فۆرمێكی كرداره‌كی وه‌رده‌گرن، به‌وه‌ی ده‌بنه پێناسه و ناسنامه‌ی كاره‌كته‌ره‌كان، ده‌بنه بزوێنه‌ری گه‌شته‌كان و به‌رده‌وام ئایدیا و خولیای سه‌فه‌ر دروستده‌كه‌ن. قووڵایی ڕۆحی ڕۆمانه‌كه له‌وه‌دایه ئه‌وه خه‌ونه، كه سه‌فه‌ر ده‌كاته پێویستی. ئا لێره‌دایه هه‌م خه‌ون بێلایه‌نیی خۆی له‌ده‌ستده‌دات، هه‌م سه‌فه‌ر. ئیدی خه‌ون ته‌نیا بۆئه‌وه نییه هێمابێت بۆ به‌شه نادیار و نائاگاییه‌كه‌ی عه‌قڵمان، سه‌فه‌ریش به‌ته‌نیا بۆ ئه‌وه نییه سه‌فه‌ر بكه‌ین. هه‌ردووكیان ده‌بنه دوو دۆخی ئه‌به‌دیی و ئامانجی باڵا. خه‌ون له پێناوی سه‌فه‌ردا ده‌بێت و سه‌فه‌ریش له پێناوی خه‌وندا ده‌بێت. به‌ئامانجبوونی خه‌ون و سه‌فه‌ر، هه‌ردووكیان له‌وه ده‌خات چیتر دوو كایه‌ی بێلایه‌ن و پاكیزه بن.
ئه‌م ڕۆمانه تێكستی ناوازه‌ی خه‌ونه‌كانه، گۆڕه‌پانی ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌یه ژیانیان بریتییه له شوێنكه‌وتنی خه‌ونه‌كان، ئه‌وه‌ش گه‌له‌ك شاعیرانه و شۆڕشگێڕانه جه‌ختی لێده‌كرێته‌وه. له‌و شوێنه‌دا كه كاره‌كته‌ره‌كان خه‌ونیان هه‌یه شاعیرانه‌یه، له‌و جێگه‌یه‌شدا كه به‌دوای خه‌وندا ده‌چن و خه‌باتی بۆ ده‌كه‌ن، ده‌بێته چركه‌ساتێكی ڕاسته‌قینه‌ی شۆڕشگێڕی. خه‌ون دوو ڕۆحی گه‌وره له‌م ڕۆمانه‌دا ده‌خاته سه‌ر یه‌ك ڕیتم، زمانێكی هاوبه‌شی نوێ و ڕاسته‌قینه‌ی شیعرییه‌ت و شۆڕشگێڕێتی له‌خۆیدا جێگه ده‌كاته‌وه. ئه‌م چركه‌ساته داهێنه‌رانه‌یه‌شه كه هه‌م ئاسۆكانی به‌رده‌م زمان ده‌كاته‌وه و له كڵێشه و داوه‌كانی گوزارشت و گێڕانه‌وه ئازادی ده‌كات و له‌گه‌ڵ هه‌ر كاره‌كته‌ر و ڕووداو و دۆخ و جوگرافیایه‌كدا، زمان به‌رده‌وام خۆی نوێده‌كاته‌وه، تا بتوانێت وێنه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه و ته‌واو، فه‌زایه‌كی شیعری، تۆماربكات. هه‌م پۆتانشێڵی شۆڕشگێڕی له‌ڕۆحی كاره‌كته‌ره‌كاندا ده‌ته‌قێنێته‌وه و هه‌میشه ئاماده‌ن بۆ سه‌فه‌ری دیكه، بۆ بڕینی جوگرافیای دی، بۆ گه‌شتی قووڵ و درێژی نێو ده‌ریا.
هه‌موو كاره‌كته‌رێكی سه‌فه‌ركار له‌م ڕۆمانه‌دا، به‌جۆرێك له جۆره‌كان به شیعرییه‌ت و شۆڕشگێڕێتیدا گه‌شتده‌كات. شۆڕشگێڕێتی لێره‌دا به‌واتای سه‌ركێشی و یاخیبوون و شكاندنی تابۆ و ترسی سنوور و جوگرافیاكانه. پاش ئه‌وه ڕه‌هه‌ندێكی گرنگی تری ڕۆمانه‌كه ده‌بینین، كه كه‌شفكردنه. ئه‌وه ڕیتمی هاوبه‌شی شیعرییه‌ت و شۆڕشگێڕیتییه، كه كه‌شفكردن ده‌خولقێنن. كه‌شفكردنیش خه‌سڵه‌تێكی ناوازه‌ی ئه‌وانه‌یه كه توانای خولقاندنیان هه‌یه.
ئه‌م تێكسته كه سه‌رتاپای داهێنانه، ته‌وه‌ره‌یه‌كی زۆر گرنگی دیكه له‌خۆده‌گرێت، ئه‌ویش نه‌مانه‌وه‌یه له‌یه‌ك خه‌وندا. واتا خه‌ون لێره‌دا یه‌ك ڕه‌نگ و تام و ڕوو و فۆرمی نییه، به‌ڵكو پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وام و نوێكاره، حیكایه‌تی به‌دیهاتن یان نه‌هاتنی ته‌نیا یه‌ك خه‌ون نییه، خه‌ون له‌وه ئاڵۆزتر و قووڵتره به‌یه‌ك بینین و گێڕانه‌وه كۆتایی پێبێت. به‌ڵكو بزوێنه‌ری هه‌میشه‌یی و ناوه‌كیی ڕۆمانه‌كه و ڕووداوه‌كانی ناویه‌تی.
لێره‌دا پرسیارێكی لۆژیكی دێته به‌رده‌ممان، ئایا خه‌ون چی پێده‌كرێت؟ له‌ناو ئه‌م تێكسته‌دا خه‌ون گه‌له‌ك شتی گرنگ و گه‌وره دروستده‌كات، سه‌فه‌ر و گه‌شتی به‌رده‌وام، یاخیبوون و سه‌ركێشییه‌كان، به‌سه‌رهات و ڕووداوه‌كان، دۆزینه‌وه و كه‌شفكردن، ئایا هه‌موو ئه‌وانه خه‌ون نایانبزوێنێت؟ شیاو نییه هه‌ندێك بیر له هاوبه‌شییه‌كانی نێوان خه‌ون و ڕزگاریش بكه‌ینه‌وه؟ خه‌ون له بنه‌مادا خه‌سڵه‌تێكی ڕزگاریی تێدایه. به‌واتای ئه‌وه‌ی خه‌ون ده‌روازه‌ی نوێ، نیگای نوێ و ئاسۆی نوێ ده‌كاته‌وه. ڕزگاریش له‌م كایانه‌وه دێته‌ده‌رێ.
بۆیه له‌م ڕۆمانه‌دا خه‌ون بۆ نه‌مانه‌وه‌یه، ڕزگاریش له‌نه‌مانه‌وه‌دایه له دۆخ و كۆنتێكستێكی دێرین و كڵێشه‌ییدا. خه‌ون له‌م ڕۆمانه‌دا ڕزگاركاره، نه‌ك به‌ڕواڵه‌ت و ماهیه‌تێكی ئایینییه‌وه، به‌ڵكو به‌واتا و قووڵاییه‌كی شاعیرانه‌وه. له‌م تێكسته‌دا ئه‌وه‌ی ڕزگاركاره خه‌ونه. ئه‌وه‌ی كاره‌كته‌ره‌كان له‌سه‌ر مه‌زاج و ڕیتمی سه‌فه‌ر و گه‌شت و تێپه‌ڕین ده‌هێڵێته‌وه خه‌ونه. ئه‌وه‌ی ده‌رگا له‌سه‌ر سه‌فه‌ری نوێ، بینینی ده‌ریای تر، دوورگه‌ی نه‌بینراو ده‌كاته‌وه خه‌ونه.
هه‌ر له ڕۆمانی “ده‌ریا و خه‌ونه شاراوه‌كانی مه‌رجان”دا خه‌ون هێنده ورده‌كارانه و قووڵ و داهێنه‌رانه كاری تێدا كراوه، هاوبه‌شی گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و كه‌ره‌سته و كایه‌كانه‌دا هه‌یه كه ده‌چنه‌وه سه‌ر شیعرییه‌ت و شۆڕشگێڕێتی، واتا له یه‌كێتییه‌كی پته‌ودایه له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌ره‌سته و كایانه‌ی له‌ڕۆمانه‌كه‌دا هه‌ن. له بونیادی ڕۆمانه‌كه‌دا هه‌ر كه‌ره‌سته و كایه‌یه‌ك به‌گه‌ڕخراوه، په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆ و كاریگه‌ری به‌خه‌ونه‌وه هه‌یه. كه‌شتی كه هه‌میشه مه‌رجان و زێفیر و هاوڕێكانیان به‌قووڵایی ده‌ریادا ده‌بات، كه له دوورگه‌یه‌كه‌وه پێی ده‌چن بۆ دوورگه‌یه‌كی دی، هه‌مان ڕۆڵی خه‌ونی هه‌یه. ئه‌وه‌ی سه‌فه‌رمان پێده‌كات، هه‌م خه‌ونه‌كانمانه، هه‌م كه‌شتییه‌كان. كه‌واته خه‌ون و داهێنان گه‌له‌ك نزیكن له‌یه‌كدییه‌وه. بگره هه‌ندێكجار خه‌ون جگه له داهێنان شتێكی دیكه نییه و داهێنانیش خه‌ونێكی قووڵ و ئاڵۆزه. ئه‌وه‌ی دۆگماكان ده‌شكێنێت، ئه‌وه‌ی كڵێشه‌سازیی ناو لابوره‌كانی زمان و گێڕانه‌وه تێده‌په‌ڕێنێت، ئه‌وه‌ی خه‌یاڵ و زمان ده‌ته‌قێنێته‌وه داهێنانه. ئه‌وه‌شی سه‌فه‌رمان به‌ناو چركه‌ساته بێوێنه‌كانی داهێناندا پێده‌كات، خه‌ونه.
ئه‌م ڕۆمانه هه‌میشه له‌خه‌وندا ده‌مێنێته‌وه. ئه‌مه به‌واتای ئه‌وه نییه ڕۆمانه‌كه خه‌ونێكی سوریالی بێت و كاره‌كته‌ره‌كان تێیدا بژین، به‌ڵكو به‌مانای ئه‌وه‌ی كاره‌كته‌ره‌كان ده‌ستبه‌رداری خه‌ون نابن، سه‌فه‌ر كۆتایی نایه‌ت، گه‌ڕان و گه‌شت هه‌میشه‌ییه. مه‌ترسی له‌وه‌دا نییه ئینسان له‌خه‌وندا بمێنێته‌وه، به‌ڵكو مه‌ترسی له‌وه‌دایه ئینسان ده‌ستبه‌رداری خه‌ون ببێت. له‌به‌رئه‌وه ژیانی ئه‌م كاره‌كته‌رانه سه‌رتاپا خه‌باتێكی شاعیرانه‌یه له پێناوی خه‌وندا. خه‌ونیش سه‌فه‌رێكه به‌ناو كات و شوێندا، شكاندنی زه‌مه‌ن و جوگرافیایه، ئه‌زموونكردنی ئه‌و سه‌ری ده‌ریایه، گه‌ڕانه به‌نێو دورگه‌كاندا و سه‌ركێشییه به‌ڕووی با و زریان و سروشتدا. ئه‌گه‌ر مرۆڤ شكستیشی هێنا، ئه‌گه‌ر بیمار و غه‌مگینیش بوو، به‌ڵام گرنگییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه ناوه‌ستێت، كات و شوێن خه‌ونه‌كانی ناكوژن.
ئه‌وه‌ی گرنگه ددانیپێدابنێین، ئه‌م ڕۆمانه تێكستێكی لۆكاڵی و به‌رهه‌می ناو بازنه‌یه‌كی داخراو نییه، به‌ڵكو گوتار و ڕۆحێكی گه‌ردوونی هه‌یه. كاره‌كته‌ره‌كان هه‌ڵگری خه‌ونی ناوچه‌یی نین، ڕۆمانه‌كه‌ش ئاسۆی كراوه و حیكایه‌تی نوێی پێیه، ده‌رباره‌ی ژماره‌یه‌ك مرۆڤ كه خه‌ونی سه‌فه‌ریان هه‌یه. به‌ناو ده‌ریادا ده‌ڕۆن و دوورگه‌كان ده‌بڕن. ئه‌وه‌ی گه‌شتی پێده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی له‌نێوان جێگه و به‌ناو كاته‌كاندا ده‌یئاژوون خه‌ونه. خه‌ون و كه‌شتی و سه‌فه‌ر، شیعریییه‌ت و شۆڕشگێڕێتییه‌ك ده‌خولقێنن، كه ئه‌به‌دییه. ئه‌مه‌ش ڕۆمانه‌كه ده‌كاته قه‌سیده‌یه‌كی نه‌مر. ئه‌گه‌ر خه‌ونی ئه‌م ڕۆژگاره مانه‌وه و چه‌قبه‌ستنی نێو به‌ند و باوه‌كانی شار و ته‌كنه‌لۆژیا بێت، ئه‌وا خه‌ونی ڕاسته‌قینه و ڕه‌سه‌ن، خه‌ونه بۆ سه‌فه‌ر و فڕین.
نووسین بۆ خۆی سه‌فه‌رێكه له نێوان خه‌یاڵ و زماندا، له‌نێوان ئایدیا و وشه‌دا. ڕۆمانه‌كانی به‌یان سه‌لمان به‌رهه‌می ڕۆحێكن، كاری خه‌یاڵێكن، ته‌نیا خالیقه‌كان هه‌یانه. ئه‌م ڕۆمانه‌شی سه‌فه‌رێكی ئه‌به‌دییه له‌نێوان شیعرییه‌ت و شۆڕشگێڕێتیدا.