ئۆرهان پاموك لە نێوان “ژنەی قژسوور” و “شەوەکانی تاعون”دا

ئامادەکردن و وەرگێڕان: بەکر شوانی

(٢٠١٦)

ڕۆمانی “ژنەی قژسوور”ی نووسەری تورکی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات ئۆرھان پاموك لەسەرەتای ئەمساڵ لەلایەن وەشانخانەی “یاپی کرێدی”یەوە کە بارەگای لە شاری ئیستانبوڵە، چاپ و بڵاو کرایەوە. نووسەر لەم ڕۆمانەدا کە ماوەی ٣٠ ساڵ لە خەیاڵیدا بووە و دواتر بڕیاری داوە بینووسێت،  لە ڕێی ئەڤینی بەگڕ و تینی گەنجێکی خوێندکاری قۆناغی ئامادەیی و دانیشووی ناوچەیەکی نزیکی شاری ئیستانبوڵەوە دەمانخاتە دوای تاوانێکی مرۆیی گەورە. لە کاتێکدا وەستا مەحموودی بیرھەڵکەن کە بە نەریت و شێوازی کۆن کار دەکات، لەگەڵ جەمی شاگردی “بەگی بچکۆڵە” لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٨٠دا لە زەوی و زارێکی سەختدا بە دوای ئاودا دەگەڕێن، ژنێکی شانۆکاری پڕ لە ڕاز و نھێنی ھەموو شەوێك لە چادرێکی زەردی نزیك لە ناوچەکە چەندبارە داستان و بەسەرھاتە کۆنەکان دەگێڕێتەوە. نووسەر لەم ڕۆمانەدا لەلایەك قارەمانی گەنج لە ڕێی ھەستی ئەڤین و ئیرەیی و لێپرسراوی و ئازادییەوە لە ناخەوە دەناسێنێت و لەلایەکی تر، لە سۆنگەی شارستانییەکانەوە بابەتەکانی وەك پەیوەندیی نێوان باوك و کوڕ “ستەمکاری” و ھەوڵی بە تاکبوون تاوتوێ دەکات.

“ژنەی قژسوور” سەرلەنوێ دوو ئەفسانەی بنەڕەتیی ڕۆژئاوا و ڕۆژھەڵات، واتا “ئۆدیپ پاشا”ی سۆفۆکلیس (کوشتنی باوك) و “ڕۆستەم و زۆراب”ی فیردەوسی (کوشتنی کوڕ) بەراورد دەکات و پرسیاری ئەوەمان لێ دەکات داخۆ دەقە کۆنەکان تا چ ڕادەیەك کاریگەرییان بەسەر ژیانمانەوە ھەیە؟!

ڕۆژنامەنووسی ڕۆژنامەی “حوڕییەت”ی تورکی چنار ئۆسکای دیمانەیەکی درێژی دەربارەی ڕۆمانی “ژنەی قژسوور” لەگەڵ پاموك ئەنجام داوە و لە ژمارەی ڕۆژی ٣٠ کانوونی دووەمی ٢٠١٦ی ڕۆژنامەی ئاماژە بۆ کراودا بڵاو کراوەتەوە. منیش بەمەبەستی ئاشناکردنی خوێنەری کورد بەو ڕۆمانە نوێیەی پاموك، بەشێك لەو دیمانەیەم وەرگێڕایە سەر زمانی کوردی. نووسەر لە بەشی کۆتایی دیمانەکەدا کەمێك پەردە لەسەر ڕۆمانی داهاتوویشی هەڵدەداتەوە کە ناوی “شەوەکانی تاعون”ی بۆ داناوە و ئارەزوو دەخوازێت تا کۆتایی لەسەر ئەو ناوە بمێنێتەوە و نەیگۆڕێت. ئەوەی وا دەکات خوێنەرانی پاموك لە ئێستاوە بە پەرۆشەوە چاوەڕێی “شەوەکانی تاعون” بکەن، ئەوەیە کە نووسەر دەڵێت وەك چۆن لە ڕۆمانی “من ناوم سوورە”دا کاری لەسەر بابەتی نیگارکێشی و شێوەکاری کردووە، لە “شەوەکانی تاعون”دا کار لەسەر ئەدەبیات دەکات. 

***

ئۆسکای: دوای ساڵێك ڕۆمانێکی نوێ. ئەمجار بوارتان نەدا…

پاموك: ڕۆمانی پێشوو شەش ساڵ کاتی لێم برد، بەڵام ٧٠٠ لاپەڕە دەرچوو. ٤٠ ساڵە دەنووسم و بەرهەمی ساڵانەم  تێکڕا ٢٠٠ لاپەڕەیە. لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا خێراتر دەنووسم. ٣٠-٣٥ ساڵە بیر لە ڕۆمانەکانم دەکەمەوە، دواجار تەنیا دەمێنێتەوە سەر نووسینیان.

ئۆسکای: کەی چیرۆکی بیرهەڵکەن بە خەیاڵتاندا هات؟

پاموك: کۆتایی ساڵانی ١٩٨٠ هێشتا خانووی بنەماڵەکەمان لە حەربییە نەفرۆشرابوو. سەرقاڵی نووسینی ڕۆمانی “کتێبی ڕەش” بووم، هاوسەرم هاتوچۆی ئیستانبوڵی دەکرد. دوو کەس لە باخچەی ماڵەکەی تەنیشتمان بیریان هەڵدەکەند. ڕیپۆرتاژم لەگەڵیان کرد. تەلەڤزیۆنێکی بچووکیان پێ بوو، لە سەعات ٥ بەدواوە لە کوانوودا ئاگریان دەکردەوە و مەنجەڵی چێشتیان دەنایە سەر، ڕێك وەك ئەوەی لە ڕۆمانی “ژنەی قژسوور”دا هەیە… پەرۆشی زانینی پەیوەندی نێوانیان بووم، پەیوەندی نێوان باوك و کوڕ، دەسەڵات و تاك، فەرماندەر و فەرمانوەرگر…

ئۆسکای: لەم ڕۆمانەدا وەك شیکاری دەروونی کۆمەڵگەتان خستووەتە سەر مێزی توێکاری. فرۆید بیتوانیبایە بیخوێنێتەوە، لە گۆڕ هەڵدەستایەوە و دەهات سوپاستانی دەکرد…

پاموك: لەوانەیە! باوکی بەهێز، یاخیبوونی باوك و بەدەستهێنانی خۆشەویستیی دایك لەو بابەتانەن کە من حەزیان لێ دەکەم… فرۆیدیست نیم، بەڵام خوێنەرێکی ویم. لە کتێبەکانی ئەوەوە زانیاریی زۆرم دەربارەی بابەتەکانی وەك خەون و هەڵخزانی زمان بەدەست هێناوە.

ئۆسکای: باوەڕتان بە هێزی داستانەکان و ئەقڵی ناوەکی-نائاگا (عقل باطن-اللاوعي)ی گشتیی پێکهاتووی پێش مێژووی مرۆڤایەتی هەیە؟

پاموك: بەڵێ، ئەفسانەکان ڕەهەندی فۆرم بەخشین بە ئەدەبیات و فەلسەفە و کۆمەڵگەکانیان تێدایە. خۆم بە نزیک لە بۆچوونەکانی (یونگ)ی خوێندکاری فرۆید و بیردۆزەکەی (Archetype) دەزانم. یونگ دەڵێت مرۆڤ بە هەندێك پێکهاتەی کولتووری و خەسڵەتەوە لە دایك دەبێت و لە ئەقڵی ناوەکیدا بەپێی ئەو کولتوور و خەسڵەتانە هەڵسوکەوت دەکات. بەڵام فرۆید بەردی بناغەی ئەو بیردۆزەیەی داناوە.

ئۆسکای: ئەو چی دەڵێت؟

پاموك: هەمیشە لە پشت ژیانماوە زنجیرەیەك دەق هەیە. ئەوەی فرۆید دەیەوێت باسی بکات، پێکهاتنی ئەقڵی ناوەکیی مرۆڤە لەو دەقانە؛ پێویست ناکات بچینە کتێبخانەکان، زانیارییەکان خۆیان بۆ ئێمە دێن، کتێبیش نەخوێنینیەوە، کێشە نییە، چونکە لە کۆمەڵگە و دەوروبەرەوە وەریان دەگرین… ئاینیش تێکهەڵکێشێکە لەگەڵ ئەو بۆچوونانەدا. ئاینە یەکتاپەرستەکان شتی زۆریان لە یۆنان و میسری کۆنەوە وەرگرتووە. سەرنجڕاكێشترین خاڵی ئەو وەرگرتنانەیش لێکچوونی ئەفسانەکانە. من لەم ڕۆمانەدا ئەو دوو بەسەرهاتەم گەیاندووە بە یەك و هەوڵم داوە لەو ڕێیەوە خوێنەر بورووژێنم.

ئۆسکای: کام ئەفسانانە؟

پاموك: یەکێکیان ئەفسانەی ئۆدیپە لە ڕۆژئاوا کە بە هاوکاریی فرۆید خراوەتە ڕوو، ئەوی تریشیان ڕۆستەم و زۆرابی شانامەیە. ئۆدیپ شازادەی بنەماڵەیەکی خانەدانە. بێ ئەوەی پێ بزانێت، باوکی دەکوژێت و دایکی مارە دەکات. ئەمە یەکێکە لەو دەقە بەناوبانگانەی کە  ڕۆڵیان هەیە لە پێکهاتنی ناکۆکییە سایکۆلۆژییەکانی شارستانیی ڕۆژئاوادا. ئەم دەقە پێشانمان دەدات باوك چییە و باوەڕ بە گەمژەیی بکوژی باوك دەکات و ڕەوایی بە تاوانەکە دەبەخشێت. بەڵام لە لایەکیشەوە هەستی تاوانباری دەخاتە پێش چاو. لە ئاکامدا ئۆدیپ خۆی کوێر دەکات.

ئۆسکای: جیاوازیی شانامە چییە؟

پاموك: ئەو کەسانەی لە سەردەمی عوسمانیدا دەبوون بە فەرمانبەر، یان زانا، ئەو بەسەرهاتەیان باش دەزانی. ڕستەی “ڕاوەستە، ئەوە کوڕی خۆتە!” لە فیلمەکانی یەشیلجامدا لەو بەسەرهاتەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەو فیلمانە کار لەسەر تراژیدیای کوشتنی کوڕ لەسەر دەستی باوك دەکەن. لە ڕاستیدا ڕەوایی پێ دەبەخشن.

ئۆسکای: تەواو بە پێچەوانەی ئۆدیپەوە…

پاموك: بەڵێ، ئۆدیپ بۆ ئەوەی تاکڕەو بێت، باوکی خۆی دەکوژێت، واتە ناچارە لە دەسەڵات هەڵبگەڕێتەوە. بەڵام شانامە کار لەسەر ئەوە دەکات کە باوك لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهاڵاتدا دەتوانێت منداڵی خۆی بچەوسێنێتەوە و پێمان دەڵێت پێویست بە دەسەڵاتی باوك هەیە و ئەوە شتێکە ناکرێت کۆمەڵگە دەستبەرداری بێت. ئێمە ڕێك لە ناوەڕاستداین. بۆیە ئەوە ئەرکی تورکێکە ئەو بەراوردە بکات.

ئۆسکای: ئایا ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئێمە بە تەواوی لە نەریتی بوونمان لە ناوەڕاستدا دابڕاوین؟ لە ڕۆمانەکەدا ڕستەیەكی لەم جۆرە هەیە: “ئێرانییەکان وەك ئێمەی تورك نین لەبەر خاتری بەڕۆژئاواییبوون شاعیر و ئەفسانەکانی خۆیان لەبیر کردبێت.”

پاموك: با قەبوڵی بکەین کە شارستانیی ئێران نەریتێکی زۆر بەهێزی هەیە. ئەو ئێرانییانەی من دەیانناسم، شیعری شاعیرەکانی خۆیان دەخوێننەوە، ئاشنای عومەری خەیام و مەولانان. ئێمە بڕیارمان دا نەریتی ئەدەبیی خۆمان بگۆڕین. بە ئاشکرایش ڕامانگەیاند. ئەمەیش ڕێی بۆ لەبیرچوونەوەیەکی گەورە خۆش کرد.

ئۆسکای: ئێمە ئەفسانەگەلی لەو جۆرەمان هەیە کە ڕۆڵیان هەبووبێت لە پێکهێنانی ئەقڵی ناوەکیماندا؟

پاموك: دەقی ئێمە لەم بوارەدا بێ هیچ گومانێك “دەدە کۆرکوت”ە. زۆر ئارەزوو دەکەم لەبەر ڕۆشنایی بەراوردکارییەکانی فرۆید دا لە دەدە کۆرکوت بکۆڵمەوە.

ئۆسکای: ڕۆمانەکەتان پەیوەندی بە خۆسەپاندنی دەسەڵات لە تورکیاوە هەیە؟

پاموك: ئەو جۆرە شتانە هەمیشە ڕێککەوتن. ئێمە لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین کە تا دێت خۆسەپێنتر دەبێت. چەند جێگەی داخە کە دەنگدەریش دەنگی بۆ پێکهاتنی ئەو دۆخە داوە. لەوانەیە ڕەشبینی ڕۆڵی هەبووبێت لە بۆچوونی دەنگدەراندا. بەڵام من ساڵێك لەمەوبەر، واتە دوو سێ مانگ پێش هەڵبژاردنەکان دەستم بە نووسینی ئەم ڕۆمانە کرد. لە هەموو حاڵەتێکدا سەپاندنی دەسەڵات و تاکڕەوی لەو بابەتانەن کە کۆتاییان پێ نایەت.

ئۆسکای: لە ماڵپەڕی “Daily Beast”ی ئەمریکاییدا وتارێك هەیە بە ناوونیشانی “ئایا نەفرەتی نۆبڵ ئۆرهان پاموك دەکوژێت؟” ڕەخنەگر نووسیوێتی: “ئیدی ڕۆمانی نۆستالژیا و ئەڤینداری دەنووسێت، چونکە هەرچۆنێك بێت نۆبڵی وەرگرتووە.”

پاموك: “ئیندیپێندیت”یش دەنووسێت: “پاموك جوانترین ڕۆمانەکانی خۆی لە دوای وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ نووسیوە.” بڕوانە، ئەو ڕستەیە بەسەر بەرگی پشتەوەی کتێبەکەوە هەیە. نامەوێت وەڵامی ئەو کەسانە بدەمەوە. لەوانەیە یەکێك بم بەدبەختترین نووسەرانی جیهان، چونکە هەرە زیاد ڕیپۆرتاژی سیاسیم لەگەڵ دەکرێت. لەبەرئەوەی تورکم، هەمیشە دەربارەی سیاسەت پرسیارم لێ دەکرێت.

ئۆسکای: ئێوە یەکێك لە گرنگترین ڕۆشنبیرەکانی وڵاتن. لە دەوروبەرتان کەسانێك هەن زیندانی کراون، لە کار دەرکراون و تەنانەت پەلامار دراون. ئایا هەستێکی خۆبەتاوانبارزانینتان هەیە وەك ئەوەی بڵێن: “منیش دەبێت شتێك بکەم.”؟

پاموك: جاری وا هەیە نوقمی نووسین دەبیت، لەولایش کەسانێك لە کار دەردەکرێن و دەخرێنە زیندانەوە، تۆیش هیچ ناکەیت. جاروبار ئەو هەستی خۆبەتاوانبارزانینەم هەبووە. بەڵام باوەڕت هەبێت وەك پێویست کاتم نییە. بەردەوام ئیمایلم بۆ دێت و لێم دەپرسن: “واژۆ دەکەیت؟”، یەکێکی تر تەلەفۆن دەکات و دەپرسێت: “ئۆرهان بەگ، فڵان کەس زیندانی کراوە، هاوکاریم دەکەیت؟” ناشتوانم ئەمانە لە بیر بکەم.

ئۆسکای: چۆن وەڵامیان دەدەیتەوە؟

پاموك: وەڵامی هەندێکیان بە “بەڵێ” دەدەمەوە و بە هەندێکی تریشیان دەڵێم: “دوێنێ ئەوەم کرد.” لێرەدا دوو خاڵی هەستیار هەن: یەکەم؛ کردنی دەسەڵات بە ئامانج بۆ هەڵمەتی خراپ… پێویستە ناڕەزایی دەربڕین بە پێوانە بێت و وشەی سووك و هەرزان بەکار نەهێندرێت. دووەم؛ لە هەر دەمکردنەوەیەکمدا دەکەومە دۆخی کەسێکەوە کە باس لە سیاسەت دەکات… ئێوارەیەك لە نۆروێژ پاول ئاوستەرم بینی. گوتم: “چەند باشە تۆ لە ئەمریکایت. من هەمیشە پرسیاری سیاسەتم لێ دەکرێت.” ئەویش گوتی: “لە منیش پرسیاری شەڕی کەنداو و بوش دەکەن.” ئەمە دۆخێکە نووسەر ناتوانێت خۆی لێ لابدات.

ئۆسکای: بەردەوام لە دەرەوە پەیوەندیتان پێوە دەکرێت بۆ وەرگرتنی بۆچوونتان؟

پاموك: بەڵێ، بەڵام هۆکارەکانی هیچ کاتێك خۆش نین. سەرقاڵی نووسینی ڕۆمانم و هێشتا ڕۆژنامەکانی ئەو ڕۆژەم نەخوێندووەتەوە. کەچی هەر ئەوەندەم زانی دیسان شتێکی خراپ ڕوویداوە. لە “لا ڕەپولیکا” و ئەڵمانیاوە چوار ئیمایل هاتووە! منیش نازانم ڕووداوەکە چییە. لە فەرەنسا بۆمبا دەتەقێتەوە، بەڵام هەموو کۆمەڵگە هاوڕایە و دژی تەقینەوەکەیە. کەچی کاتێك لای ئێمە تەقینەوەیەك ڕوودەدات، هەر لایەك ئەوی تر تۆمەتبار دەکات. بەڕاستی شتێکی ماندووکەرە نووسەری وڵاتێکی لە جۆری ئەوەی ئێمە بیت. ئەگەر لێدوان نەدەم، هەست بە تاوانباری دەکەم. ناشمەوێت لەسەر هەموو ڕووداوێك قسە بکەم.

ئۆسکای: بەکۆتاگەیشتنی ڕۆمانی “ژنەی قژسوور” لە گرتووخانەی سیلیڤری واتایەکی سەمبولیکی هەیە؟

پاموك: پێویست بوو قارەمانی ڕۆمانەکە بخرێتە گرتووخانەیەکی نزیك لە ئیستانبوڵەوە. پاش کەمێك لێکۆڵینەوە، بۆم دەرکەوت هەموو گیراوێك ڕەوانەی ئەوێ دەکرێت؛ ڕۆژنامەنووسانی ئۆپۆزسیۆن، کورد، تاوانباری ئاسایی و هتد… سیلیڤری لە ژیانی هەمووماندا شوێنێکی هەیە و بێ ناوبەر دەربارەی سیلیڤری دەدوێین. لە ڕابردوودا سینەمای فاتیش کرابووەوە و بە گەورەترین سینەمای ئەوروپا و بالکان لە قەڵەم درابوو. ئێستایش شانازی بە کردنەوەی گەورەترین بەندیخانەی ئەوروپاوە دەکەین!

ئۆسکای: لە “ژنەی قژسوور”دا شوێنپێی باوکتان هەیە؟

پاموك: من لەگەڵ باوکێکدا گەورە بووم کە هەستمان بە ئامادەبوونی نەدەکرد و لە دەوروبەری خۆمان نەماندەبینی و هەمیشە جێمانی دەهێشت. لە ڕۆمانەکەیشدا ئازارێکی بێ باوکی هەیە. باوکم بە گەنجی نەمرد، بەڵام زۆربەی کات لە دەوروبەرمان نەبوو. جاروبار لەگەڵ کاکم باسی ئەو بابەتە دەکەین. باوکم لەبەرئەوەی بەڕاستی بەکولتوور و لیبرال بوو، دەستی لێمان ڕانەدەوەشاند و هاواری بەسەرماندا نەدەکرد و دەیگوت: “چیتان دەوێت، بیکەن. ئێوە زۆر ئاقڵن.” ئازادییەکی بێ سنووری پێم بەخشی. متمانەیەکی گەورەیش لە نێوانماندا هەبوو. بەڵام جاروبار هەستم بە نەبوونی چەقێك و سەنتەرێك لە ژیانمدا دەکرد. هەستەکانی وەك سەرلێشێوان و ترس لە ئازادی توانای داهێنیانیان پێم بەخشی؛ “دەتوانم هەموو شتێك بکەم، باوکم ڕێم لێ ناگرێت، بە هونەر و شێوەکاری کاریگەری لەسەر دایکم دادەنێم…” هەندێك جار باوکم دەیپرسی: “تۆ لە پۆلی چەندیت؟” بەو پرسیارە زۆر تێك دەچووم. هەمان کات ڕەهەندێکی جوانی ئەو هەستەیشم دەبینی: “ئازادیت، خۆت بڕیاری خۆت دەدەیت.” لەبەر زۆر هۆکار سوپاسگوزاری باوکمم. هەرە زیادیش لەبەر کتێبخانە زۆر جوانەکەی…

ئۆسکای: ژیانتان چۆپن دەگوزەرێت؟ بۆ نموونە؛ ئەڤین؟

پاموك: پێنج ساڵە لەگەڵ ئەسلی ئاکیاڤاش پێکەوە دەژین. زۆر حەزم لێیە ڕۆژ و هەموو شتێکی خۆم لەگەڵ هاوڕێ کچەکەمدا دابەش بکەم. دوو دنیای جیاوازمان هەیە. ئەو دەمپارێزێت. ژیانی تایبەتیم سەرزەمینێکە کە تیایدا ئازاد و بەختەوەرم. بەڵام لە وڵاتێکدا دەژین کە مرۆڤ تەنانەت ناتوانێت بڵێت لە ژیانی تایبەتیمدا بەختەوەرم. لە گوشار و دەسەڵاتسەپێنی و کردنی هەموو کەسێك بە ناپاکی نیشتمان و شێوازی گفتوگۆی زبری بەرنامەکانی تەلەڤزیۆن زۆر بێزارم. بەڵام لە ژیانی تایبەتمدا بەختەوەرم.  

ئۆسکای: ئێستا سەرقاڵی چین؟

پاموك: دەستم کردووە بە نووسینی ڕۆمانێکی نوێ. بێ دوودڵی نواندن ناوەکەیشی ئاشکرا دەکەم: “شەوەکانی تاعون”.

ئۆسکای: بابەتی ئەو ڕۆمانەتان چییە؟

پاموك: ئەمیان درێژترە و ڕۆمانێکی مێژوویییە. وەك چۆن ڕۆمانی “من ناوم سوورە” دەربارەی نیگارکێشی و شێوەکارییە، ئەمیان دەربارەی ئەدەبییاتە. ئومێدم وایە تەواوی بکەم و ناوەکەی نەگۆڕم. لەوە زیاتر ناڵێم.

یۆسکای: ڕووداوەکانی ئەو ڕۆمانەیشتان لە ئیستانبوڵ دەقەومێن؟ کەی بڵاو دەکرێتەوە؟

پاموك: نا، لە ئیستانبوڵ ناگوزەرێت. باس لە تاعونێکی گشتگیر دەکات. هەر کاتێك ڕۆنامەکە دەرچوو، قسەی زیاتری لەسەر دەکەین. هیوادارم کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ بکەوێتە بازاڕەوە.

Check Also

فێمینیزم و  زانستە مرۆڤایەتییەکان

دیالۆگ لەگەڵ خانمە فەیلەسوفی ئەمریکی مارتا نوسباوم ئەنجامدانی: فاتیمە الشملان و: هاوڕێ خالید پێشەکی پڕۆفیسۆر …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *