چوار شه‌ممه‌, نیسان 24, 2024
frku

لاپەڕەیەک لە ژیانم

فرمێسک وریا قانع

من ناوم فرمێسک وریا قانع-ە، کوڕەزاى قانعى شاعیرم. لە ساڵى 1966دا لە گوندى (لەنگە دێ) لە ناوچەى شلێر لەدایک بووم و  دواتر لە سلێمانى جێگیربووین. لە خێزانێکدا گەورەبووم کە پێکهاتوە لە 5 خوشک و 5 برا. من چوارھەم منداڵم، دواى دادە ئاشتى و کاکە مەریوان و هەورامان. هەرگیز هەستم نەکردوە جیاوازى هەبێت لەنێوان کچ و کوڕدا چونکە باپیرم لە ساڵانى پەنجاوە هەوڵى یەکسانیی نێوان کچ و کوڕى داوە و لە شیعرێکیدا دەفەرموێ: 

کچ ئەگەر وەک کوڕ نەکا سنگى بە قەڵغانى گوللە

زەحمەتە تەنها بە کوڕ ئیشى گەلت بۆ سەرکەوێ

لەم هونراوەیەدا بۆمان دەردەکەوى کە چەند رۆڵى ئافرەتى لا گرنگ بوە و زور حەزى لە هاتنە مەیدانى ئافرەت بوە لە هەموو بواریکدا. هەر لەو روانگەیەوە باوکم زور هەوڵى لەگەل من و خوشک و براکانم دەدا (بە تایبەتى کچەکان) کە فێرى شت ببین و جێپەنجەى خۆمان لە ژیاندا دەرخەین. هەر بۆیە لە سالى 1980دا کاتیک منال بوم من و خاتوزینى خوشکمى برد بۆ ناونوسین لە خولێکى فیربونى مۆسیقا. شایانى باسە بەشداربوانى خولەکە 27 کەس بوون و تەنها من و خاتوزین کچ بوین. چەند رۆژێک دەواممان کرد و پاشان وتیان ئەبێت گۆرانى بلێن بەسەر سەدامدا. ئێمەش ڕەتمان کردەوە و وازمان لە خولەکە هێنا. من تا ئێستاش حەزم لە فێربونى مۆسیقایە، بەڵام دەرفەتم بۆ نەرەخسا. لەبەر ئەوەى من هەمیشە لە گەل براکانمدا یاریم دەکرد و لە گەڵیان دەچومە دەرەوە گوێمان نەدەدا بەو قسەو باسانەى کە لە کولان و شەقام و قوتابخانە دەمان بیستن و هەوڵیان دەدا لە توانامان و ورەمان کەم بکەنەوە. بەڕاى من پاڵپشتى خیزان هوکاریکى زور گرنگە بۆ سەرکەوتن لە هەر بوارێکدا.

هەر لە مناڵیەوە باوکم گرنگییەکى زۆرى دەدا بە خوێندمان و هەموو رۆژێک تەماشاى دەفتەر و کتێبەکانمانى دەکرد و دەبوایە زۆر بە ڕێکوپێکى بینوسینەوە. هەموو ”زۆر باشە“یەک کە مامۆستا بۆى دەنوسین پێنج فلسمان وەردەگرت و ئەگەر ”زور باشە ئافەرین“ بوایە ئەوا دەبو بە دە فلس. بەم جۆرە خەڵاتى دەکردین. بە پێچەوانەشەوە ئەگەر نارێک و ناشرین بماننوسیایە ئەوا سزاى دەداین. هەر لەبەر ئەم ترسە لە باوکم تا قوتابخانەى ئامادەیم تەواو کرد یەکێک بووم لە هەرە زیرەکەکان و هەمیشە وینەم لە پۆل هەڵدەواسرا و لە ژێرى دەنوسرا (اشگر گالبە فى الێف). کاتێک لە قۆناغى سەرەتایى بووم باوکم کومەڵێک هونراوەى بۆ نوسییبوم کە هەموى  لە نوسینى خۆى بوو، هەمووى تایبەت بوون بە خوێندن و گرنگى خوێندن. منیش بەیانیان کە ریز دەبوین ئەو هونراوانەم دەخوێندەوە و چەپڵەیان بۆ لێدهدام، بۆ نمونە ئەمە یەکێکە لە هونراوەکان کە تا ئێستا بیرم ماوە:

کچان وەرن بخوێنین          پەچە و عەبا بدرێنین

کۆتى دیلى بشکێنین

ئەمرۆ عەسرى بیستەمە        هەتا بخوێنین کەمە

بە خوێندن و تێکۆشان       ئەگەینە ریزى پیاوان

بە خەبات و زانیارى          ئەگەینە بە ختیاریی

هونراوەیەکى تر کە بیرم مابێت و کاتی خۆى لە ریزبونى بەیانیاندا دەموت:

من کچێکم ئەخوینم           دارى زانست ئەروێنم

هەرگیز تەمەڵى ناکەم          کاتم بە فیرۆ نادەم

هەرکیز ناکەم خەتخەتێن      یان لە کۆلان پەتپەتێن

وانەکەم ئەنوسمەوە          چەن جارێک ئەیخوێنمەوە

کە ناجح بووم سەرى سال   رائەکەمەوە بۆ ماڵ

باوکم خەڵاتم ئەکا           دایکم تێر ماچم ئەکا

ئەم هونراوانە و چەندین هونراوەى ترى بۆ نوسیبومەوە. کاتیک میوانمان دەهات و هیچ جۆرە میوە و شەوچەرەیەکمان نەبوو بۆ میوانەکەى دابنێین باوکم دەیوت: ”فرمێسک لە جیاتى میوە شیعرێکمان بۆ بخوێنەوە.“ منیش زۆر دڵخۆش دەبوم بەو داوایە و چەند هونراوەیەکم بۆ میوانەکان دەوت. ئەوانیش بە پێکەنینەوە ماچیان دەکردم و دەستخۆشیان لێدەکردم و دەیانوت لە سەد میوە خۆشترە.

نەک  تەنها من هەموو خوشک و براکانم زۆر دەترساین لە باوکم لە بوارى خویندندا. بەتایبەتى بژارى خوشکم کە کۆلیژى زانست، بەشى ماتماتیکى تەواوکردوە هەمیشە دەڵێت: ”من لە ترسى بابە کۆلیژم تەواو کرد کە ئیستا زۆر دەستخوشى لی دەکەم کە هەندێک لە هاورێیان و دەستە خوشکانم دەبینم وازیان لە خوێندن هێناوە و منیش شانازى بە بڕوانامەکەمەوە دەکەم“.

تا پۆلى دوەمى سەرەتایى ماڵمان لە سلێمانى بوو. تا ئەو کاتە باوکم خەریکى کاسبى بوو و هەر جارەى ئیشێکى دەکرد و دواى ئەوە ماڵمان گواستەوە بۆ هەولێر لەبەرئەوەى باوکم لە (الشرکە العامە للدواجن الشمالیە) دامەزرا و من زۆر دڵخوش بوم بەم ماڵ گواستنەوەیە بەڵام بیرم نایەت بۆ.

سەرەتا کە هاتینە هەولێر ماڵمان لە گەرەکى سیتاقان بوو، کرێچى بوین. ئەم گەرەکە تا ئیستاش یەکیکە لە گەرەکە شەعبیەکان و هەمیشە لە بەر دەرگا یاریمان دەکرد، بەلام کچان لە لایەک و کوڕان لە لایەک. کاتێکى زور خوشمان بەسەر دەبرد و پاشان باوکم خانویەکى شەریکەى وەرگرت و ماڵمان گواستەوە بۆ دەواجن کە تا ئیستاش ماڵى باوکم هەر لەوێیە.

سەرەڕاى ئەوەى خۆمان خێزانێکى گەورە و قەرەباڵغ بووین نەنکم ماوەیەک لاى ئێمە و ماوەیەک لە ماڵى مامم (بورهان قانع) دەژیا. ئەمە بێجگە لەوەی کوڕى خاڵم قوتابى پەیمانگهى مامۆستایان بوو لە هەولێر لە ماڵى ئێمە دەژیا و کوڕى مامیشم کە ئەو کات ماڵیان لە بغداد بوو (لەبەر ئەوەى مامم لە دەزگاى روشنبیرى کوردى ئیشى دەکرد) هەر لە ماڵى ئێمە دەژیا. سەرەڕاى ئەم زورییە هیچ جۆرە کێشەیەکمان نەبوو و دڵمان زۆر خۆش بوو. شەوانە خەریکى یارییە میللیەکانی وەک یارى پشکیلان و تاوڵە و دامە یان شەترەنج بووین سەرەڕاى ئەمانە باوکم پێشبڕکێى پەندى پێشینانى لەگەڵ دەکردین و هەر مناڵەى دەبوایە لایەنیکەم دە پەند بڵێ و هەموى جۆراوجۆر بێت. که ئەمەش تەواو دەبوو باوکم دەکەوتە شەڕە شیعر لەگەڵمان. مەبەستم لەم شتانەى باسى دەکەم ئەوەیە کە بڵێم، سەرەڕاى نەبوونى هیچ ئامرازێکى خۆش گوزەرانى سەردەم منداڵییەکى زۆر زۆر خۆشم بەسەربرد.

 1974 کاتیک لە پولى دووەمى سەرەتایى بووم لە قوتابخانەى گوڵاڵە لە سلیمانى، بەیانیان لەگەڵ دادە ئاشتى خوشکم بە پێ دەچوین بۆ قوتابخانە. لەسەر کوچە و لەناو کۆڵانانەکاندا سەربازەکانى بەعس بلاوبوبونەوە، منیش زۆر زۆر لێیان دەترسام و ئاشتى خوشکم بەزۆر ڕایدەکێشام و دەیوت: ”ئێستا دوا دەکەوین لە مەکتەب و مدیر دەرمان دەکات.“ منیش لە لایەک لە ترسى مدیر و لە لایەک لە ترسى سەربازى بەعس دەمێک ڕامدەکرد و دەمێک دەوەستام و دەگریام. هەرگیز ئەو کاتەم لە بیرناچێتەوە، چونکە ئەوەنە دەترسام وامدەزانى ئەو سەربازانە بۆ کوشتنى من هاتوون.

ئێمە هەمومان شەترەنج لە باوکمانەوە فێربوین کە ئەویش لە قانعى باپیرمەوە فێر بووبوو. بۆ یەکەم جار یارى شەترەنجم لەگەل ئارپاکى برام کرد کە لە من بچوکترە. تەمەنم دە ساڵ بوو و ئەو لێى بردمەوە. ئارپاک مەلیکەکەمى هەلگرت و بە ڕاکردن بە حەوشە و ژورەکاندا دەیگێڕاو دەیوت: ”ملى مەلیکەکەم بڕى، ملى مەلیکەکەم بڕى“. چەند جاریک ئەمەى وتەوە و منیش دەستم کرد بە گریان و ئارپاکم گرت و زۆر زۆرم لێدا. کە باوکم هاتەوە لەسەر ئەوە زور لێم توڕە بوو.

سەرەتا باوکم و براکانم، کاکە مەریوان و هەورامان و ئارپاک لەگەڵ یەک یاریان دەکرد و منیش تەنها تەماشام دەکردن. هەمیشە چەند تاقمێکى شەترەنج لەناو ماڵماندا هەبو، بەڵام بەشداریکردنى من زۆر بە رێکەوت بوو. کاتێک پولى شەشى سەرەتایى بوم باوکم و کاکە مەریوان و ئارپاک خۆیان گۆڕی بوو بچن بۆ بارەگاى یەکێتى شەترەنجى هەولێر بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەک لەسەر ئاستى هەولێر. ئەوان گەیشتبونە بەر دەرگاى حەوشە کاتێک باوکم وتى: ”فرمێسک دە تۆش وەرە لەگەلمانا ھەر بۆ خۆشى.“ چونکە نەماندەزانى کە یاریزانى کچیش هەیە و بەشدارى دەکات. ئەوە بوو منیش زور بەپەلە خۆم گۆڕى و لەگەڵیان چوم بۆ تەماشاکردن. لەوێ دوو کچم بینى و سەروکى یەکیەتى شەترنج کە ناوى کاک سەمیر عبدالله بوو لێیپرسیم: ”دەزانى گەمان بکەى؟“ منیش وتم: ”بەڵێ.“ ئیتر لەگەڵ یەکێک لە کچەکان یاریم کرد و لێم بردەوە. کاک سەمیر زۆر سەرى سورما و وتى: ”ئەو کچەى لێت بردەوە دوەمە لە سەر ئاستى عێراق. بۆ لەمەودوا بەشدارى پاڵەوانیەتی ناکەى؟“ باوکم یەکسەر رازیبوو و وتى: ”ئێوە کاتەکانمان پێ بڵێن ئێمەش ئامادەین.“

یەکەم پالەوانیەتى فەرمیى ناوخۆ کە بەشداریم تیا کرد سالى 1978 بوو، پاڵەوانیەتى شارى هەولیر بوو، پلەى سێهەمم بە دەست هێنا. بووم بە هەڵبژاردەى هەولێر بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانیەتى پێش کۆتایى (شبە النهائى للعراق)دا کە لە شارى موسڵ ئەنجام دەدرا. بەداخەوە ئەو ساڵە هیچ ئەنجامێکى وام بەدەست نەهێنا و سەرنەکەوتم بۆ یارى کۆتایى عێراق، بەڵام ئەم سەرنەکەوتنە بووە هاندەرێکى باش بۆ مەشق و راهێنان لەگەڵ هەردوو براکانم کاکە مەریوان و ئارپاک. بە شێوەیەک پێشکەوتم لەم یاریەدا کە بۆ ساڵى دواى ئەوە، واتە سالى 1979، لە هەمان پالەوانیەتى (شبە النهائى) کە لە شارى کەرکوک رێکخرابوو پلەى یەکەمم بە دەست هێنا و سەرکەوتم بۆ یارى کۆتایی. توانیم ببمە هەڵبژاردەى عێراق و پلەى چوارەمم بە دەست هێنا و لە سالى 1980دا بەشدارى پاڵەوانیەتى کۆتایى عیراقم کرد و پلەى یەکەمم بە دەست هێنا و بووم بە کاپتنى هەڵبژاردەى عێراق. هەتا ساڵى 1993 هەموو ساڵێک بە بەردەوامى بەشدارى یارى کۆتایى عێراقم دەکرد و هەر لە پلەى یەکەم مامەوە. هەرلەو ماوەیەدا چەند جارێک بەشدارى پالەوانیەتى لاوانى عێراقم کرد کە تایبەت بوو بە کوڕان و بۆ بەهێزبوون و ڕاهێنان بوو. زۆر دڵخۆش بووم بەوەى تاکە کچ بوم بەشدارى پاڵەوانیەتى کوڕانم دەکرد. تەنها رێگە بە من دەدرا لە پاڵەوانیەتى کوڕان بەشداربم چونکە پاڵەوانى عێراق بووم.  هەرچەندە من تاکە  ئافرەت بووم لە پاڵەوانیەتى لاوانى عیراق، بەڵام هاندەرم زۆر بوو وەپشتگیریەکى زوریان لیدەکردم بە راى من ئەمە بو دوو هۆ دەگەڕێتەوە: یەکەمیان لە هەموو پالەوانیەتیەکان باوکم و براکانم لەگەڵ بوو، لەبەر ئەوە کەس نەیدەتوانى قسە و باسى خراپ بکات، وە لە لایەکى ترەوە ئەو ئەنجامانەى بە دەستم دەهینا زۆر دڵخۆشکەر بوو جیى گلەیى وگازاندە نەبوو.

چەند جارێکیش نازناوى (پاڵەوانى اولومپیاد)م وەرگرت بەوەى زورترین خاڵم بە دەست هێنا لە پاڵەوانیەتى ئۆلمپیادى عێراق کە بە تیم یاریمان دەکرد. ئێمە وەک تیمى شارى هەولێر بەشداربوین کە پێکهاتبوو لە من و یاریزانان پەیمان جەمال و ژیان جەمال.

باوکم بە شێوەیەک پشتگیرى لێدەکردم کاتێک پاڵەوانیەتیەک دەکرا (زۆربەى پاڵەوانیەتیەکان لە بەغداد رێکدەخران) لە فەرمانگەکەى خۆى مۆڵەتى تایبەتى وەردەگرت و لەگەڵم دەهات بۆ بەغداد و لە ئوتێل دواى تەواوبونى یاریەکانم بۆى شیدەکردمەوە و یاریە لاوازەکانى پێشان دەدام. لە سالى 1979دا بەشداریمان کرد لە ئۆلمپیادى عێراق کە لە شارى بێرە رێکخرا. شاندى هەولێر پێکهاتبوو لە من و باوکم و کاکە مەریوان و چەند یاریزانێکى ترى شارى هەولێر.

لە سالى 1981دا کە لە پولى چوارى ئامادەیى بووم تازە زانکوى سلێمانى دەگوێزرایەوە بۆ هەولێر و ناوى دەگۆڕا بۆ زانکۆى سەڵاح الدین. سەرەتاى دەستپێکردنى خۆپیشاندانەکانى قوتابیانى زانکۆ بوو لە هەولێر کە تێیدا قوتابیەک بە ناوى ێفا کە خەڵکى شارى کەرکوک بوو شەهید کرا. ئیمەش من و هاوڕێیانیشم لە ئامادەیى شوڕشى کچان شانبەشانى قوتابیانى زانکۆ بەشدارى خۆپیشاندانەکانمان دەکرد. ھاوڕێکانم پییان دەوتم: ”تۆ پێشکەوە، با بزانن پاڵەوانى شەترەنجى و نارەزاى دەردەبڕی.“ پولیسەکانى بەعس بێرەحمانە کەوتنە گوللەبارانى خۆپیشاندەران و هاورێیەکمان بە ناوى گزنگ حسن برینداربوو. ئێمەش لە ترسى تەقە و گوللەباران خۆمان کرد بەو ماڵانەى نزیک جادەى شۆرشدا و ئەوانیش زور جوامێرانە و دڵسۆزانە یارمەتیانداین. ئێمەیان شاردەوە و جلوبەرگى ناوماڵى خۆیان بۆ هێناین و بە پەلە سەدریەکانى قوتابخانەمان داکەند و هەڵگیران هەتا تۆزێک بارو دۆخەکە هیور بووە. ئینجا هەمومانیان گەیاندەوە ماڵەکانى خۆمان.

هەر لەو ساڵەدا بێئەوەى من و هاوڕێکانم، کۆسرەت احمد بێکەس و ئەدیبە احمد تەها و ئاسوس احمد بێکەس، هیچ ئینتمایەیەکى حیزبیمان هەبێت دەستمانکرد بە نووسینى چەند شیعاراتێکى سادە و ساکار کە ئەو سەردەمە باوبوو وەک: ( بڕوخێ بەعس) (بمرێ سەدام) و(بژى کوردستان) و ئا لەم بابەتانە… ئەم شیعارانەمان لە دیواری پۆلەکان دەدا و کە بەیانى دەهاتینە قوتابخانە بەڕێوەبەر 10 خولەک ڕایدەگرتین و هەڕەشەى دەرکردن و گواستنەوەى لێدەکردین. من رۆژێکیان لە دواى تەواوبونى دەوامى قوتابخانە هەستام بە شکاندنى وێنەیەکى گەورەى سەدام کە ئەو کات دەبوایە لە هەموو پولێک و شوێنێکى گشتیدا وێنەى هەبێت. بۆ بەیانیەکەى کە هاتینە قوتابخانە زۆربەى قوتابیان دەستخۆشییان لەو کەسە دەکرد کە ئەو ئیشەى کردوە و منیش لە لایەکەوە دەترسام و لە لایەکى تریشەوە زۆرم پێخۆش بوو، وام دەزانى دەستکەوتێکى گەورەم ئەنجام داوە، چونکە بە ڕاستى ئەو کاتە کوردایەتى بۆ پلە و پایە نەبوو بۆ خۆشەویستى وڵات و گەل بوو. بەلام بە داخەوە ئەم ئەم جۆرە چالاکیە بچوکانە هیچ ئەنجامیکى دڵخوشکەر و گەورەى نەبوو تەنها دەچووە قاڵبى ئەو چالاکیانەى کە کورد بە گشتى ئەو کاتە ئەنجامى دەدا لە دژى رژێمى بەعس وە بۆ رۆژى دواى خۆپیشاندانەکە بەڕێوەبەرى قوتابخانە هەمومانى کۆ کردەوەو هەرەشەى گواستنەى هەمومانى دەکرد بۆ قەتابخانەکانى دەرەوەى شار، بەلام هەمووى چاو ترساندن بوو، تەنها دوو قوتابى گواسترانەوە لەبەر ئەوەى کاتى خوپیشاندانەکان ئاگریان کردبوەوە لە ناو گۆرەپانى قوتابخانەکەمان، لەبەر ئەوەى من و هاوڕێکانم ئەم کارانەمان زۆر بە نهینى ئەکرد هیچ کاریگەریەکى نەبوو لە سەر بەشداریکردنم لە پاڵەوانیەتیەکانى داهاتوودا.

سالى 1984دا پولى شەشى ئامادەیم تەواو کرد و لە زانکۆى موسڵ، کۆلیژى زانست، بەشى زانستەکانى ژیان وەرگیرام. تا ئەو کاتە زۆر کەس نەیدەناسیم چونکە بەشدارى پاڵەوانیەتى دەرەوەى وڵاتم نەبوو و ئەنجامەکانم تەنها لە سەر ئاستى ناوخۆى عێراق بوو.

یەکەم بەشداریکردنم لە دەرەوەى وڵات سالى 1984 بوو، لە پاڵەوانیەتى عەرەبیدا لە وڵاتى ئیمارات، شارى دوبەی. توانیم پلەى دووەم و مەدالیاى زیو بەدەستبهێنم. ئەوکاتە عەرەبیەکى زۆر لاوازم دەزانى. کاتێک چاوپێکەوتنى تەلەفزیۆنییان لەگەڵ ئەنجامدەدام زور دەترسام و نەمدەزانى بە عەرەبى باش هەست و خوشى خۆم دەرببڕم. بەو ئەنجامە باشە و لە لایەکى تریشەوە نەمدەوێرا هەموو قسەیەک بکەم، چونکە دەترسام کە گەڕامەوە کوردستان بمانگرن، بە تایبەتى کاتێک کاکە مەریوانى برام پیشمەرگە بوو لە شاخ.

هەر لە هەمان ساڵدا، واتە 1984 بەشدارى ئولمپیادى جیهانیم کرد کە لە وڵاتى یۆنان و لە شارى سالونیک ڕێکخرابوو. هەڵبژاردەى عێراق ئەوکاتە پێکهاتبوو لە من و د. پەیمان جەمال و جوان جەمال کە هەرسێکمان کورد بوین و دانیشتوى شارى هەولێر بوین. توانیم (تێنیفى دوەلى) واتە ریزبەندى نێودەوڵەتى وەربگرم. بەمەش بوومە یەکەم ئافرەتى کورد کە تێنیفى نێودەولەتى هەبێت.

سالى 1985 وەک پاڵەوانى عێراق بۆ جارى دوەم بەشدارى پاڵەوانیەتى وڵاتى عەرەبیم کرد کە لە شارى تەتوان لە مەغریب ڕێکخرابوو. توانیم پلەى یەکەم و مەدالیاى زێڕ و نازناوى (بطلة العرب) وەربگرم وبە دەستهإنانى ئەم نازناوە بۆ من زۆر گرنگ  و زۆر دلخۆشکەر بووو چونکە ئاسان نەبوو لە نێو ئەو هەموو یاریزانانە عەرەبانەى بەشدار بوون بتوانم یەکەم بم وە لە ناو کوردەکاندا جێى شانازى بوو. زۆربەى کوردەکان دەیانخستە قاڵبى کورد و عەرەبەوە  کاتێک گەرامەوە کوردستان لە رۆژنامەکان نووسرا (بطلة العرب لیست عربیة). ئەو کاتە قوتابى قوناغى یەکى کۆلیج بووم، هەموو هاورێکانم و تەنانەت ئەوانەشى نەمدەناسین دەستخوشییان لێکردم و هانیاندەدام. زۆریان وێنەیان لەگەڵ دەگرتم بۆ یادگارى. منیش زۆر زۆر دڵخۆش بووم بەو نازناوە و ئەو ئەنجامە و ئەمانە هەموو بووونە هاندەرێک بۆ زیاتر مەشقکردن و راهێنان، بۆیە زوربەى کاتم لە بەشى ناوخۆیی بە مەشقکردنى شەترەنج بەسەردەبرد و دووربووم لە گەشت و سەیران و چونەدەرەوە. بەڵام پەشیمان نیم، چونکە رابردویەکى پڕ شانازیم بۆ خۆم تۆمارکرد. تاکە کێشەیەک ئەو کاتە هاتە ڕێم و زۆر لێى دەترسام ئەوەبوو ماموستایەکمان هەبوو لە زانکۆ محازەراتى (پقافە قومیة)ى پێدەوتین وازى لینەدەهێنام و ئەیوت: ”انت بطلة العراق شلون ما تنتمین للحزب وانت تمثلین العراق بالمحافل الدولیة فلازم تکونى بعثییة.“ منیش رۆحم چوبوو پێموت ئەگەر زۆر سوور بێ لەسەر ئەو بابەتە و وازم لێنەهێنێت ئەوا من واز لە شەترەنج و کۆلیژیش دەهێنم، بەڵام خوا ڕەحمى کرد و ئەو مامۆستایەمان گواسترایەوە بۆ زانکوى بەغداد، ئیتر کەس نەما شەڕى بەعسى بوونم پێ بفرۆشێ.

سالى 1987 وەک پاڵەوانى عێراق بۆ جارى سێیەم لە پاڵەوانیەتى عەرەب لە شارى مەنامەی پایتەختى دەوڵەتى بەحرێن بەشداریم کرد و بۆ جارى دووەم پلەى یەکەم و مەدالیاى زێر و نازناوى (بطلة العرب)م وەرگرت. لە هەمان ساڵدا، واتە 1987، بە شدارى پاڵاوتنى وڵاتانى ئاسیام کرد کە لە شارى دوحەى پایتەختى وڵاتى قەتەر سازکرا و توانیم پلەى سێیەم بە دەست بهێنم. زۆر دڵگرانبوم بەو ئەنجامە چونکە من لەو کچە هندیەى کە یەکەم بوو بردبومەوە، بەڵام لەگەڵ یاریزانێکى بەنگلادیش دۆڕام کە تا ئێستا خەفەتى لێ دەخۆم.

سالى 1990 دواى راپەرینە مەزنەکەى کوردستان و گوڕانى بارودوخى سیاسى و کەمبونەوەى پەیوەندى وەرزشى لەگەل حکومەتى ناوەندیی هەموو جورە چالاکیەکانمان رووى لە کزى کرد و تەنها بەشدارى ئەو پاڵەوانیەتیەمان دەکرد کە لەسەر ئاستى عێراق دەکران و زۆر بە زەحمەت دەمانتوانى هاتوچوى بەغداد بکەین لەبەرئەوە دورکەوتینەوە لە زۆر چالاکى.

لە سالى 1992دا هاوسەرگیریم کرد و خێزانم پێکهێنا. ئێستا خاوەنى 3 منداڵم، گەورەکیان کوڕە، ناوی یادە و قوتابى کولێژى ئەندازیارى تەلارسازیە و پاڵەوانى عێراقە لە یاری شەترەنج بۆ تەمەنی 18 ساڵان. دوەم مناڵیشم کوڕە و ناوى مەزنە، قوتابى 9 ی بنەڕەتییە، دووەمە لە سەر ئاستى عێراق بۆ تەمەنى 16 ساڵان. سێیەم مناڵم کچە و ناوى یارە. ئەویش دووەمى عێراقە و دووەمى عەرەبە بۆ تەمەنى 8 ساڵان.

سالى 1994 بەشداریم لە پاڵەوانیەتى (ئەمیر محمد) لە شارى عەممانى پایتەختى ئوردن کرد و پلەى یەکەم و مەدالیاى زێڕم وەرگرت.

سالى 1999 من و خوشکەکانم تا ڕادەیەک دورکەوتبوینەوە لە گۆڕەپانى شەترەنج و بەشدارى پالەوانیەتیەکانى کۆتاى عێراقمان نەکرد. هەلبژاردەى ئەو کاتە پێکهاتبوو لە 4 یاریزانى عەرەب، بەڵام متمانەى سەرۆکى یەکیەتى شەترەنجى عێراقى بە توانای ئێمە واى لێکرد کە سەرکێشى بکات من و هەردوو خوشکەکەم، خاتوزین و چنار، هەڵبژێرێت بۆ بەشداریکردن لە خولى عەرەبى دەیەمدا کە لە شارى عەممانی پایتەختى ئوردن ڕێکخرابوو. توانیمان دوو مەدالیاى زێڕ و پلەى یەکەم بۆ هەڵبژاردەى عێراق لەسەر ئاستى هەموو وڵاتانى عەرەبى بەدەست بھێنین. من مەدالیاى زێڕم وەرگرت لە سەر مێزى سێیەم. هەموو بەشداربووانى خولەکە سەریان لە ناوەکانمان سوڕمابوو کە ئەم ناوانە عەرەبى نین و مانایان چیە و ئێمەش بۆمان ڕوندەکردنەوە.

سالى 2000 لەسەر داواى یاریزانانى شەترەنجى هەولیر خوم هەلبژارد بۆ سەرۆکایەتى یانەى خانزادى تایبەت بە شەترەنج و بە کۆى دەنگ هەلبژێردرام و بووم بە سەرۆکى یانەکە و یەکەم ئافرەت بوم ببێت بە سەرۆکى یانەیەکى وەرزشى. لە هەمان ساڵدا بانگکرام بۆ یاریکردن لەگەڵ پاڵەوانى جیهان کارپۆف کە بە مەبەستى دانانى قوتابخانەیەکى شەترەنجى لە بەغداد ھاتبوو بۆ عیراق. خۆشبەختانە توانیم یەکسان (تعادل) دەرچم لەگەڵى. جورى یارییەکە نمایشکردن بوو، واتە لە یەک کاتدا لەگەل 20 یاریزان یارى دەکرد و تەنها 3 یاریزان (من و دو یاریزانى کوڕ) توانیمان تعادل بە دەست بهێنین. ئەمە ئەنجامێکە کە ھەردەم شانازى پیوە دەکەم.

لە سالى 2009دا بەشداریم کرد لە خولێکى ناوبژیوانى و ڕاهێنانى نێودەوڵەتى کە لە شارى سلێمانى ڕێکخرابوو، توانیم لە هەردوو بوارەکەدا سەرکەوم و ببمە ناوبژیوان و ڕاهێنەرى نێودەوڵەتى. ساڵى 2010 وەکو سەرپەرشتێار لەگەڵ چنارى خوشکم بەشدارى پاڵەوانیەتى یانەکانى عەرەبم کرد کە لە بەیروت پایتەختى لوبنان ڕێکخرابوو. سالى 2011 بۆ جارى دووەم بەشدارى خولێکى نێودەوڵەتیم کرد بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى توانایى ناوبژیوانان کە لە وڵاتى تونس ڕێکخرا بوو. سالى 2012 لەگەڵ یارى کچم بەشدارى پاڵەوانیەتى مناڵانمان کرد. من وەک سەرۆک شاند بەشداربووم و کچەکەم توانى پلەى دوەم و مەدالیاى زیو بۆ تەمەنى 8 ساڵان لەسەر ئاستى وڵاتانى عەرەبى بەدەست بهێنێت. ئەو بچوکترین یاریزانى کچە کە هەڵگرى نازناوى candid master-ه لە عێراقدا.

کاتێک بیر لە ڕابوردووم دەکەمەوە زۆر دڵخوشم بەوەى توانیم میژویەک بۆ خۆم و خێزانەکەم تۆمار بکەم لە بواری وەرزشدا کە ئەمرۆ کەمترین ئافرەت ڕووى تێدەکات. ھیوادارم سەرکەوتنەکانی من لەم بوارەدا ئەو تێڕوانینە باوە بەدرۆ بخاتەوە کە ژنان ناتوانن مەنتقیی بیربکەنەوە و گوایە لە ستراتیژ و پلانداناندا بێتوانان. ئەزموونی تایبەتی خۆم پێمدەڵێت گەر کچان پشتگیریی بکرێن و بواریان بۆ بڕەخسێت دەتوانن سەرکەوتنی گەورە بەدەستبێنن لە ھەموو ئەو بوارانەدا کە بە پیاوانە دەزانرێن، یەکێک لەوانەش بواری شەترنجە.

زۆریش دڵخوشم بەوەى کە هەندێک منداڵ هەن لە کوردستان بە ناوى منەوە ناو نراون ”فرمێسک”. لەوانە جارێکیان کچى خاڵێکم لە نۆرینگەى پزیشک دانیشتبوو، دوو کچى گەنجى تەمەن بیست ساڵى لێبوو. ئەو لە یەکێکیانى پرسیبوو: ”ناوت چیە؟“ لە وەلامدا وتبوى: ”فرمێسک.“ دواتر ڕوونی کردبوەوە کە: ”من بە ناوى کچێکەوە ناونراوم کە پاڵەوانى عێراق و عەرەب بووە لە یارى شەترەنج و باوکم زۆر سەرسام بووە پێى، بۆیە منى بە ناوى ئەو ناوناوە.“ دراوسێیەکمان کاتێک کچیان بوو لە ئێمەیان پرسى: ”ئەگەر رازى بن کچەکەمان بە ناوى فرمێسکى کچتانەوە ناو دەنێین.“ باوکیشم رەزامەندى دا و ناونرا فرمێسک.

خۆشبەختانە تا ئێستا بەر گوێم نەکەوتووە کە یەکێک تانە و تەشەرێکى لێ دابم یان ئەو بوارە بە عەیبە بزانێت کە هەڵمبژاردوە. ئەوەش بە بڕوای من لەبەر دوو هۆیە: یەکەم، لەبەر ئەوەى یارى شەترنج یاریەکى زۆر ڕاقى و زور بێدەنگ و بێ جوڵەیە و تەنها مێشک بە ئیش دەخات و پەیوەندیەکى ڕاستەوخۆى بە ئاستى زیرەکى مرۆڤەوە هەیە. بە عەرەبى پێى دەڵێن ( لعبة الملوک) واتە مەلیک و شاکان پاشاکان ئەم جۆرە یاریە دەکەن. هۆى دووەم ئەوەیە، شانازیە بۆ کورد کە کچێکى گەنجى ئەم کوردستانە لەسەر هەموو وڵاتانى عەرەبى یەکەم بێت.

هەتا ماوم قەرزارى باوکمم چونکە ئەوەندە لەگەڵم هیلاک و ماندوو بوە کە باس ناکرێت؛ ئەوندە پشتگیرى لێکردوم کە دەیەھا لاپەڕەى لەسەر بنووسم کەمە و تا ئێستاش پشتگیرى لە خۆم و مناڵەکانم دەکات و زۆر زۆر هانیاندەدەات بۆ یاریکردن و خۆ رۆشنبیرکردن و کڕینى کتێب و شتى منالانە بۆیان. ھەروەھا هەتا ماوم قەرزارى دایکى رەحمەتیمم چونکە زۆر هانیدەداین. هەموو جارێک دەیبینى من و خوشک و براکانم خەریکى یاریکردنین خۆى ئیشى ناو ماڵى دەکرد و کەسمانى هەڵنەدەساند لەسەر ڕاهێنان و مەشق. دەیوت: ”قەینا کچم ئێوە تەمرینى خۆتان بکەن بۆ ئەوەى یەکەم بن.“ دایکم (هەزاران رەحمەت لە گۆڕەکەى بێت) تاکە کەس بوو لە ماڵەکەماندا کە یارى شەترەنجى نەدەزانى، هەموو جارێک دەیوت: ”ئەڵێى مریشکن و کڕ کەوتوون بەسەر هێلکەیا، ئێوەش بە سەعات ناجولێن و کڕ کەوتوون بەسەر شەترەنجەکەتانا.“ هەموو جارێک لە ساڵانى هەشتاکاندا کە سەفەرى بەغدادمان دەکرد ناوساجى و کولێرەى گالگاڵى بۆ دەکردین و واى دەزانى لەوێ خواردنمان دەستناکەوى.

هەر لێرەوە دەمەوێت سوپاسى بێپایانى هاوسەرەکەم بکەم کە هاندەر و یارمەتیدەرم بووە، بە تایبەتى لە کاتى سەفەرکردنم بۆ دەرەوەى وڵات. سوپاسى بێ پایانم بۆ کارمەندانى ئەوکاتى یەکیەتى شەترەنجى هەولێر کە زۆر ماندووبوون لەگەڵ یاریزانەکان و سەرپەرشتى مەشق کردنمانیان دەکرد. سوپاسى سایتەکەتان دەکەم بۆ دەرفەتدانم و کە دەرفەتتان دامێ بۆ باسکردنى بە شێکى کورت و گرنگى ژیانم.

Check Also

مرۆڤی ساختە

 عەلی حەسەن  دەموچاوەکان ئاشنانین، پێکەنینەکان، حەژمەتەکان، کەس ئاشنای کەس نییە. خێرە ئەم هەموو نائاشناییە! کەسم …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *