گەشتکردن لەسەر ڕێگای کیسۆکایدۆ، لە (ئێرۆسیگی)یەوە بۆ (کینیۆسی)

Voyage sur la route du Kisokaidō. De Hiroshige à Kuniyoshi

بەیان سەلمان

لەژێر ئەو ناونیشانەی سەرەوە، مۆزەخانەی سیرنوسکی Cernuschi دوای ماوەیەکی زۆر لە داخستنی بە هۆی چاککردنەوە، دەرگاکانی کردەوە. ئەم پێشەنگایە لە ١٦/١٠/٢٠٢٠ وە تاکو ١٧/١/٢٠٢١ بەردەوام بوو.

پێشەنگاکە بریتی بوو لە هەڵبژرادەیەکی دەگمەنی ئامرازی هەمەجۆر و ١٥٠ ئیستامپی[1] ژاپۆنی دانسقە، کە ژمارەیەکیان دەگەڕێنەوە بۆ دامەزرێنەری مۆزەخانەی سیرنوسکی (هنری سیرنۆسکی) Henri Cernuschi (1821-1896) و بۆ یەکەم جارە بۆ جەماوەری مۆزەخانەکە ئاشکرا دەکرێن. بێجگە لە دەیان ئامرازی تایبەت بۆ تێڕامان لە جۆری ئەو گەشتانە، هەروەها نەخشەیەکی گەورە بە نێوەندیەوە دەچینەوە سەر پای ئەو ڕێگایانەی مرۆڤ وەک هونەرمەندێک لە بەرهەمی هونەرییدا نەمریان کردوون. ئەمانەو ڤیدیۆیەک پەخشی پرۆسەی قۆناغەکانی دروستکردنی ئیستامپ دەکات بە وەستان لەسەر زنجیرە کارەکانی هونەرمەند (ئێرۆسیگی).

پێشانگاکە لە دوو بەشدا کورتکرابۆوە. یەکێکیان وەستانە لەسەر ڕێگای (کیسۆکایدۆ) لە ڕوانگەی بەرهەمەکانی (کاییسێ ئایسن) Keisai Eisen (1790-1848) و هونەرمەند (ئوتاگاوا ئێرۆسیگی)  Hiroshige Utagawa (1797-1858). بەشی دووهەمیان، لەسەر هەمان ڕێگای (کیسۆکایدۆ) لە ڕوانگەی هونەرمەند (کینیۆسی) Kuniyoshi (1797-1861). 

لەم تێڕامانەمان لەسەر پێشەنگاکە، سەرەتا لەبارەی ڕێگا و گەشت و پاشان لە بارەی ئیستامپەکان دەدوێین. بە نێوەندی وێنەکانەوە، دەچێنەوە سەر ڕێگای کیسۆکایدۆ، کە یەکێکە لە لقە سەرەکییەکانی پێنج تۆڕی ڕێگای گەشتکەرانی ئەو سەردەمە. ڕێگای کیسۆکایدۆ Kisokaidō لە سەردەمی حوکمڕانی تۆکوگاوا Tokugawa (1603-1868) دروستکراوە و بۆ ئەو مەبەستە دروستکرابوو، کە ناوچەی ئیدۆ Edo ئەمڕۆ دەکاتە (تۆکیۆ) و جێی سەرکردەی سەربازەکانی لێی نیشتەجێ بوو، ببەستێتەوە بە کیۆتۆ Kyōto، کە پانیشینی ئیمپراتۆر بوو. ئەم ڕێگایەش بە پێچەوانەی ڕێگای (تۆکایدۆ) بوو Tōkaidō کە دەگەیشتەوە بە پایتەختی کۆن.

لە نێوان ساڵی1835 و 1838ڕێگای کیسۆکایدۆ ببوو بە بابەتی زنجیرەیەک کاری هونەری ئیستامپ لەلایەن هونەرمەند (کاییسێ ئایسن) Keisai Eisen (1790-1848) و هونەرمەند (ئوتاگاوا ئێرۆسیگی)  Hiroshige Utagawa (1797-1858) کە لەلای جەماوەر سەرکەوتنێکی تێبینیکراویان وەدەستهێنا. هەروەها دوو زنجیرە کاری تری وەبەرچاو بەرهەم دێن لەلایەن هونەرمەند (کونیسادا) Kunisada (1786- 1865) و بە دەستی هونەرمەند(کینیۆسی) Kuniyoshi (1797-1861).

هەر لەم بەشەی یەکەمدا، زنجیرە کارەکانی هونەرمەندان (ئایسن) و (ئێرۆسیگی) بابەتی سەرەکی ئەو پێشانگایە بوون و بە ئەنجامدانی نەخشکردن لەسەر دار دونیایەکی خەونیان داهێناوە. ئایسن، شەست و نۆ ئیستامپی لە بارەی ڕێگای کیسۆکایدۆ بەرهەمهێنا کە لە دوای خۆی هاوسەردەمەی ئێرۆسیگی تەواویانی کردوە.

پێشەنگاکە بیست و چوار ئیستامپی (ئایسن)ی لەخۆ گرتووە، بێ نیگرانی ڕێکخستنێکی تۆپۆگرافی، واتە بە پێی قۆناغی بەیەکداچونی زنجیرەیی ڕەوتەکە ڕێک نەخراون. هەروەها چل و حەوت ئیستامپیان دەگەڕێنەوە بۆ (ئێرۆسیگی) کە لەو ڕێگایەدا گەشتی کردوە و  هاوکات سکێچی ئەو ئیستامپانەی کێشاوە کە ئێستا لە (بریتش میوزیەم) British Museum  لە لەندن نمایش کراون.

سەرەتا، بە نمایشکردنی پەنجا و سێ بەرهەمی ڕێگای (تۆکایدۆ) و چاپکردنیان لە نێوان ساڵانی 1833-1834 و ئەو سەرکەوتنە وەبەرچاوەی بەدەستی هێنا، هانی هونەرمەند (ئێرۆسیگی) و خاوەنی چاپخانەکە (تاکینۆتسی ماگۆهاتسی) دا هاوکارییەکەیان نوێ بکەنەوە؛ بەڵام ئەمجارەیان بۆ ڕێگای (کیسۆکایدۆ) تەرخانی بکەن. ئەوەبوو، بۆ هۆیەکی نەزاندراو، (تاکینۆتسی ماگۆهاتسی) کارەکەی بە (ئایسن) سپارد و یەکەمین بەرهەمەکان لە ساڵی 1835 لە ژێر ناونیشانی هەمەجۆر دەرکەوتن. دواجار، سەبارەت بە (ئێرۆسیگی) دەبێ بڵێین، هونەرمەندێکی هەستیارە لە ئاست دیاردە کاتییەکانی سروشت. بەوەش ناسراوە کە زۆر تایبەتە لە بایەخدانی بە بچووکترین هەمەجۆریی ئەو دیاردانەی تۆماریانی دەکرد.  

لە بەشەکەی تری ئەم پێشانگایەدا، دەچینە سەر ڕێگای (کیسۆکایدۆ) لە ڕوانگەی هونەرمەند (کینیۆسی) Kuniyoshi (1797-1861). یەکێکە لە ناودارترین هونەرمەندی ژاپۆنی بواری هونەری (أوكييو إي) Ukiyo-e کە بە (جیهانێکی سەرئاوکەوتوو) پێناسەدەکرێت. (کینیۆسی) وەک هونەرمەندانی پێش خۆی هەمان بابەتی بۆ کێشانی وێنەکانی بەکار هێناوە، بەڵام بە شێوازێکی جیاواز لەوان، پتر لایەنی تەنز بەسەریانەوە زاڵە. هونەرمەند بە شێوەیەکی زۆر تایبەتی بە ستایلی خۆی، ئەدەبی کلاسیک و شانۆگەری ماریۆنێتmarionnette  و کابوکی kabuki و نۆ nō دەکاتە بابەتی بەرهەمەکانی. هەروەها دەست دەباتە فیگورە ناسراوەکانی فۆلکلۆر و ئەفسانەکانی ژاپۆن، وەکو، خێو، روح، سامورای، ژنانی کۆرتیزان[2]

کینیۆسی بە خەیاڵێکی زۆر بەپیت و خاوەنی وزەیەکی جەستەیی گەورە ناسراوبوو. ڕۆژانە سێ وێنەی کێشراوی بەرهەم هێناوە، بەشێکی زۆریان بە هاوکاری خوێندکارەکانی بوون. ئەو زنجیرە کارەی بۆ ئەم پێشانگایە تەرخان کرابوو، حەفتا و دوو ئیستامپی لەخۆ گرتبوو. وەک نەریتێکیش کاتێ هونەرمەند وێنەی بابەتەکانی دەکێشا، هیچیان بەسەر راستی ئەو سروشتەوە نەبوو. سروشت بۆ کینیۆسی پانتاییەک بووە کە هونەرمەند پێویستێتی وەکو باکگراواندێک تێدا کەسایتیەکانی و فیگورەکانی جێگیر بکات.  

لەوەتی مرۆڤ هەیە، جوانی سروشت و بەکارهێنانی ئامرازگەلێک بۆ پێداوێستی گەشت بەشێکە لە خولیایەکی بێوەچان بۆ یەکبوونی لەگەڵ ئەوەی لە دەوروبەریدا هەن؛ لەوانەیشە بۆ پرسیاری بوونی خۆی بێت و تێگەیشتن لە پرسیاری، لەم دونیایەدا شوێنی ئەو کامەیە و چیە؟

خودی گەشتکردن، کە بابەتێکی سەرکی ئەم پێشانگایەیە، بۆ ئەو سەردەمە ئێجگارسەخت بوو. دەبوو مۆڵەتی دەسەڵاتداری ناوچەکە وەرگرن، بۆ ئەوەش ناونووسیان دەکرد، تەمەنیان و ئادرێسی خۆیان بدەن و پەیماننامەیەک ئیمزا بکەن بەوەی، ئەگەر کەسەکە لە ڕێگای گەشتەکەدا مرد، لە نزیکترین پەرستگا بنێژرێت. ئەوجا کە کاتی گەشتەکە دەهات، خێزانەکەی و خزم و نزیکەکانی ئەو کەسەی بەتەمای گەشتەکەیە، لە نیوچە جەژنێکدا خوانێکی چەوریان بۆ ئامادە دەکرد، چونکو کەس نەیەزانی ئەگەر کەسەکە بە زیندویی یان بە دۆخێکی تەندروست دەگەڕێتەوە یان نا. هەتا ناوەندی سەدەی نۆزەهەم گەشتکردن بە زۆریی کەسانی دارا و ئەریستوکراتەکان پێی هەڵدەستان و بە زۆری بەرەو ئەو شوێنانە بوون کە بە حەجێک هەژمار دەکران. بەڵام لەوەدوا شوێنی دوورتری گرتەوە و بابەتی گەشتکردنیش گەشەی کرد، چونکو ئەژانسی گەشتکردن پەیدابوون و هەڵدەستان بە ڕێکخستنی گەشتەکان. کەسیش بەتەنیا گەشتی نەدەکرد، بەڵكو ژمارەیەکی نزیک سی بۆ پەنجا کەس لە قافڵەیەکدا پێکەوە بوون. لەو رەوتەدا ڕێنماکەریان لەگەڵ بوو و لە کاتی وەستانەکانیاندا ئاهەنگ و نمایشی شانۆگەریشیان بۆیان ڕیکخستبوو.

پێش وەخت دەستنیشانی جل و بەرگ و پێداویستی ئەو گەشتانەیان بۆ دیاری کردبوون چی لەگەڵ خۆیان بۆ خواردن و کام جۆری بەرگ لەبەرکردن و چرایەکی بچووک بۆ ڕووناکردنەوەی تایبەتی خۆیان بەرن و چ پێداویستییەکی تریان پێ بێت. گەشتەکانی ڕێگای (تۆکایدۆ) مەترسییان کەمتر بوو لە ڕێگای (کیسۆکایدۆ)، چونکو ئەم دوا ڕێگایە قۆناغی زۆری تێدا بوو کە بیبڕن، هەرچەندە بە جوانیەکی سەرسامکەر ناسرابوو، بەڵام زۆر سەخت و پڕ هەوراز بوو. بێجگە لەوەی بە هاوین زۆر گەرم و بە زستانیش زۆر سارد بوو. هەر بۆیە دەبوو جلوبەرگیان تایبەت بێت بەو وەرزەی گەشتیان تێدا دەکرد. لە وێنەکاندا تێبینی ئەوە دەکەین کە کاتێ گەشتکەران بۆ جێیەکی دوور ناڕۆن باریان قورس نیە، کاتێکیش بۆ دوور دەچن و لە وەرزی بەفرکەوتنە، بەرگی گەرمیان لەبەرە و بارەکانیان قورسە. لە تەک ئەوەی جۆری پێڵاوەکانیان لە حەسیر دروستکرابوو و بەرگەی زۆری نەدەگرت، جار واهەبوو هێشتا لە سەرەتای گەشتەکەیان بوون کە دەبوو ئەو پێڵاوانە بگۆڕن بە جووتێکی تر یاخود چاکی بکەنەوە. هەروەها بەرگی حاجیەکان سپی بوو بۆ ئەوەی بناسرێنەوە و هەموو گەشتکەران گۆچانێکیان پێ بوو بۆ ئاسانی ڕێکردن لەناو هەوراز و قۆناغە سەختەکانی گەشتەکە. لەو قۆناغانەی گەشتەکە بە گوندی تردا تێدەپەڕن و تێبینی ژیانی ڕۆژانەی دانیشتوانی دەکەن؛ هەندێ شوێن لە گەشتەکەدا بە بەلەم لەمبەر بۆ ئەوبەر دەپڕنەوە… هەموو ئەو دۆخانە بە وێنەی سەر ئەو ئیستامپانەدا ڕوون کراونەتەوە.  

چۆن ئەو ئیستامپانە بەرهەم هاتوون؟

سەرەتا هونەرمەند بە مەرەکەبی چینی و فڵچە وێنەکانی کێشاوە، ئەوجا داوێتی بە کەسێک لەسەر سەپۆڕتێکی وەکو دار هەڵیکۆڵێت، پاشان دەیاندایە چاپخانە. لەو سەردەمەدا ژن کاری لەو وەرشانە نەکردووە، تەنها پیاو پیی هەڵساون. ئەگەر وایە، ئەی بۆچی وێنەی ژنیان کێشاوە لەسەر ئەو ئیستامپانەی وەرشەی کارکردنن؟

پسپۆڕی کولتوور و هونەری ژاپۆنی (بریجیت کۆیۆما- ریتشارد)  Brigitte Koyama-Richard لەو بارەوە دەڵێ “زۆر بە سادەیی هونەرمەند وایلێکداوەتەوە کە بوونی ژن لە وێنەکاندا جوانە و ئیستامپەکان بە باشیی دەفڕۆشرێن؛ ئەگینا ژن بۆی نەبوو لەو کارانەدا بەشداربێت.”

بێ گومان بۆ ئەو سەردەمە ئەو ئیستامپانە هیچی وەهایان تێ نەدەچوو و بە هەرزان دەفڕۆشران؛ تەنانەت هەموو کەسێک بۆ پێویستییەکی خۆی دەیکڕی و دوکانی تایبەتی هەبوو بۆ فڕۆشتنیان هەر وەک هەچ کاڵایەکی تر. بەڵام، بۆ ئێستا هەر یەک لەو ئیستامپانە بە نرخێکی زۆر گران دەفڕۆشڕێن و ئەوانەی زۆر دێرینن، هەر وەکو بابەتەکانی ناو ئەو پێشانگایە، بە نرخێکی خەیاڵی دەخرێنە مەزادکردن.

چۆن کەلوپەلی بەکارهێنانی ڕۆژانە دەبنە ئامرازی هونەری؟

گرنگە بڵێین کە گەشتنکردن بۆ ئەو هونەرمەندانەی ناویان لەم دەقەدا هاتووە، تەنها خولیاییەکی ئاسایی مرۆڤ نەبووە بۆ دۆزینەوە شوێنی تر و بینینی خەڵک و خۆشگوزەرانی و هتد، بەڵکو خەیاڵی هونەرمەند و تێڕامان لە گرنگیی داهێنان لایەکی ئەو هاندانە بووە بۆ گەشت. چاوی هونەرمەند بە تەماشاکردنی بابەتێک و ئامرازێکی ئاسایی وەکو خۆی نامێنیت و دەیکاتەوە پارچەیەکی هونەری دانسقە. خەیاڵکردنەوە لە خودی ئامراز بەو مەبەستەیە کە دیالۆگێک لە نێوان ئامراز و مرۆڤ داهێنێت. ئەو دیالۆگە زۆر جودایە کاتێ لە سەردەمی هاوچەرخدا دابڕان لە نێوان مرۆڤ و کۆمەڵگاکاندا لە ئارایە. مرۆڤی ئەو سەردەمانە بە ئاشتی لەگەڵ و لە تەک سروشت ژیاون، قورسایی و سەختیی ژیانیان لەناو سروشتێکی زۆر توندوتیژ ڕێگر نەبووە لەوەی بە چاوێکی پڕ خۆشەویستی و دڵسۆزی، بەڵام هەروەها بە چاوێکی داهێنەر، وێنەکانی بگوازنەوە بۆ ناو تابلۆکان. هونەرمەندی ئەو ئیستامپانە کاریان بە خودی سروشت و ئامرازەکان نیە، بەڵکو بەو وێنەیەی لە بارەی سروشت و ئەو ئامرازە هەیبووە. (ئەلبێر کامو) لە “مرڤی یاخی”دا وتەیەکی (نیتشە) دەهێنێتەوە کە دەڵێ: ]”هیچ هونەرمەندێک لە ئاستی راستیدا لێبوردە نیە” دروستە، بەڵام هیچ هونەرمەندێکیش ناتوانێ دەست لە راستی هەڵگرێ. داهێنان کردەیەکە، هاوکات جەغت لە یەکێتی و رەتکردنەوەی جیهانیش دەکات.” [[3].

لێرەوە، زینی ئەسپ، سەفەرتاسی نانخواردن، کیسەی توتن و سبیل، تەنانەت شیر و قەلغان… بەشێک بوون لە بیری جوانکاری ئەو سەردەمە و بەو جۆرە خەیاڵیان لێ کردۆتەوە. دەکرێ بڵێین هەمەجۆری ئەو ئامرازە هونەرییانە کە ڕۆژانە و لە گەشتدا بەکار هاتوون، بەڵگەیە لەسەر هەمەجۆری زمانی داهێنان. بەو واتایە داهێنانی هونەری لە پارچەیەکدا خۆی کورت ناکاتەوە. ئەوە پێویستییەکی هونەرمەندی داهێنەریشە کە خولیای بۆ نوێ، بۆ جوانی و شیعرییەتیش، هانی دەدات بگەڕێ و لە سادە و لە هیچ بابەتی داهێنان بدۆزێتەوە.

لە کۆتاییدا پرسیارێکی دوولایی دەکەین: ناکرێ بەهونەرکردنی ئامرازی ڕۆژانە تەنها بۆ ئەوە بێت، کە مرۆڤ خولیای هەبوونی ئامرازە وەک موڵکێک و هونەرمەند بەو داهێنانە هونەرییە پڕ جوانی و شیعرییەتە حەزی کەسەکە دەوروژێنێت؟

11

سەرچاوە و پەراوێز:

– Dossier de presses, Musée Sernuschi, « Voyage sur la route du Kisokaidō. De Hiroshige à Kuniyoshi » Avec les prêts exceptionnels de la collection Georges Leskowicz, du 16 octobre 2020 au 17 janvier 2021.


[1] Estampe  stampa وشەکە لە ئیتاڵییەوە هاتووە، مەبەستیش لە چاپکردنە لەسەر سەپۆڕتێک، وەکو دار… :

[2] Courtisanes  ئە ژنانەن کە پلەیەکەی تایبەتیان هەیە وەک سۆزانیەنیەک و جێی تایبەتیان لەلای دەوڵەمەند و دەسەڵاتدار هەیە :

[3]  CAMUS Albert, L’Homme révolté, Éditions Gallimard, Paris, 1951.

وێنەکان:

  • (1): Keisai Eisen (1790–1848),Les Relais de la route du Kisoji. Relais n°41. Nojiri : vue du pont de la rivière Inagawa, 1835-1838. Xylogravure polychrome, format ōban yoko-e © Fundacja Jerzego Leskowicza
  • (2,4,6,7,8,10): Utagawa Hiroshige ( Xylogravure polychrome, format ōban yoko-e © Fundacja Jerzego Leskowicza)
  • (3,5,9,11): Utagawa Kuniyoshi (© Paris Musées / Musée Cernuschi)
  • قەلغان : Myōchin Ki no Muneyasu (mort en 1845)
    Armure de Matsudaira Naritami, seigneur du ¶ef
    de Tsuyama. Époque d’Edo (1603-1868), début
    du XIXe
    siècle. Style du grand harnois de cavalier
    de l’époque médiévale, écailles d’acier laqué
    assemblées par laçage de cuir imprimé
    © Collection particulière

Check Also

ســـــینەمای ئێـــــرانی و دیـــوەکـــــەی تـــری مــــرۆڤ

خەلیل زێوەیی ئەگەرچی سینەمای ئێرانی بەدەرنیە لە کاریگەریی سیستەمی سیاسی، وەک هەر سینەمایەکی تری وڵاتانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *