دەروازەی چارەسەر

دکتۆر مەدیحە سۆفی

فەلسەفەی بنیاتنانێکی زانستی و فیکری، کە لە ناوەڕۆکدا ڕەهەندی دادپەروەری کۆمەڵایەتی تێدا پەیڕەو بکرێ، مرۆڤ و مرۆڤایەتی لە جیاتی (ژن و پیاو) لە ڕیزبەندەکانیدا هەبێ، نواندن نەبێتە پیشەی نێو کۆمەڵگا، ژن و پیاو لە ڕوانگەی مرۆڤەوە سەیری یەکتر بکەن، فەلسەفەیەك لەوێدا بەرجەستە بێت، کە لەسەر بنەمای مرۆڤایەتی بێت، ئەو ڕوانگە و بۆچوونە کلاسیکیە کاڵ بکاتەوە، کە لەگەڵ پێداویستیەکانی ئێستای ڕۆژگار بەیەك ناخۆن، ئەگەرچی بەدڵنیاییەوە، ئەم کاڵکردنەوەیە  باج و سەرانەی خۆی هەیە و بە هەموو کەس هەرس ناکرێت، ڕێگر و لەمپەڕی زۆری لەپێش دەبێت، ڕەشبینی و پەشیمانی دەئاخنرێتە نێو هەڵوێستی نەیارەکانەوە، تا بتوانن هەوادارەکانی خۆیانت لێ ڕاپەڕێنن، وەلێ بزوتنەوەی نوێ و لێدانی بەرژەوەندی هەندێ لەو ڕێگرانە، هەمیشە ڕوبەڕووی سەختی و گازاندە و تا ڕادەیەکیش قەدەغەکردن بووەتەوە؛ بەڵام لێرەدا دەبێ ڕوناکبیر، نوخبە، خاوەن خواستە تازەگەری و پێشکەوتووەکان لە گۆڕەپانەکەدا کاریگەر بن و ببنە پشتوێنی پاراستن و بەردەوامیدان بە پەیڕەوکردنی ئەو فەلسەفەیەی، دەتوانێ کۆمەڵگا لەو زەلکاوەدا پەلکێش بکات و هیچ نەبێ لە ڕۆچوونی ڕزگار بکات.

لە ئێستادا کۆمەڵگای کوردی لە باشوری کوردستاندا، لە چاو ساڵی هەشتاکانی سەدەی ڕابوردوودا، کۆمەڵگایەکی زۆر شێواوتر و ئاڵۆزترە، بگرە دواکەوتووتریشە، بۆیە ڕێگای چارەسەرکردنیشی سەختترە، بەدڵنیاییەوە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا، جگە لە چەوسانەوەی نەتەوەیی کە هەموو کوردی دەگرتەوە، چەوسانەوەیەکی دی هەبوو ئەویش (ژن بوون) بوو، بەڵام بەگشتی هزر و بیرکردنەوە و ئاستی ڕوناکبیری ئاستێکی ئەرێنی جیاوازی هەبوو بەرابەر بە ئێستا، بەتایبەتی بۆ ئەو خێزانانەی، کە برا و کەسوکاریان لە ڕیزی ڕێکخراوە سیاسیە ئازادیخوازەکاندا بوون، یا پێشمەرگە بوون، یا سەرقاڵی خەباتی نهێنی بوون. ئەو خێزانانە بەگشتی خاوەن بیرکردنەوەیەکی فراوانتر و عەمبار بە فکری سەردەمیانە بوون، کچ و خوشك و خێزانی ئەو کەسانەش، لە ڕوانگەیەکی مۆدێرنەوە واتە (ژن هەر کەرەستەی سێکس و مناڵ دروستکردن و چێشتخانە نین) دەیڕوانیە ساباتی بەردەوامی ژیان، ئەو تێکەڵبوونی هزری خەڵکی ناوشار و شاخە، بەو دیالێکتی بیرکردنەوە سەردەمیانەوە، توانی نوخبەیەك لە ڕۆشنبیران دروست و ئامادە بکات، کە هەر ئەو نوخبەیەیە، لەبەر بوونی کەڵێنێکی گەورەی بۆچوون و بیرکردنەوە لەگەڵ نەوەی دوای ڕاپەڕیندا، ناتوانێ ببێتە مامۆستای ئەو نەوەیە.

ژنانی دوای ئەنفالکردنی کورد لە باشوری کوردستاندا، ژنانێکی بێکەس و بێ لانە بوون، بەڵام بوێر و ڕچەشکێنیش بوون. دەبێ تیشکێ بخرێتە سەر ئەو ڕچەشکێنی و بوێریەیان، نمونەیەك لەو ڕچەشکێنیەی ژنی کورد، دوای گرتن و بێ سەروشوێن کردنی پیاو و مێردمناڵە بەرزانیەکان بوو لە قوشتەپە و دەوروبەری لەلایەن ڕژێمەوە؛ ئەوەی مایەوە هەر ژن و کچ بوون، ئەگەر لە کاتی ڕەشبگیریەکە کوڕی کۆرپە و خوارووی دە ساڵ هەبووبێ و نەگیرا بێت و مابێتەوە، ئەگەر نا هیچ هیوایەکی بۆ وەچە نانەوە نەهێشتبووەوە، ئەم ژنانە پارچەیەك بۆشایی بوون و لە ئاسمانی واقوڕمان دادڕابوون، لەبەر ئەوەی نەریتی ئەوان، تەنها وابەستە بوون بوو بە مانەوەی ژن لە ماڵەوە و کاری ماڵ و مناڵ، بوارە کۆمەڵایەتیەکەیان هیچ دەرفەتێکی بە کرانەوەیان بەرەو دونیای دەرەوەی خۆیان پێنەدابوو.

کاتێ ئەم ژنانە لە چاوەڕوانی و گەڕانەوەی کەسوکار، بێهودە بوون، ئیتر بەخێر پێکردن و سەدەقەی ژەمێکی ڕۆژانەی ئەم و ئەو ژیانیان دابین نەدەکرا، لێرەدا میۆتۆسی ویست، گەڕان بەدوای خود و خۆدۆزینەوە، زەنگی ناخیان بۆ بەخەبەرهاتنەوەی بوێری کەوتە شکاندنی ئەو قفڵ و زنجیرە دەستکردانەی، دەمێك بوو ئەو دەرگای مێتۆسەی داخستبوو، ئەو زەنگی میتۆسەی نێو ناخیان، ئیستا بەبێ پاسەوان خەریکە سەر بەرزدەکاتەوە، ڕچەڕێی خۆی دەدۆزێتەوە و شۆڕش بەرپا دەکات. بەرپاکردنی شۆڕش لە خودی خۆیدا، ژیانەوە و دنەدان بەو بەرگریە خۆڕسکەی، لە ناختدا کنەی کردووە و پڕچەكکردنی چاو و دەم بە بوێری و ڕاهێنانیان بە هاتنەگۆی پەیڤێك کە گوزارشت لە مرۆڤێکی سروشتی بێ کۆت و پێوەند بکات، شۆڕشێکی خۆڕسکی خۆماڵیە.

وەک هەمیشە بوونی بێستان و شینایی، لە دەوروبەری شارەدێی قوشتەپە، یەكەم هەنگاوی ئەو چەکەرەکردنە بوو بۆ ئەو ژنانە، بەر بەبەر، دوو دوو سێ سێ ژنی بەهەیبەت و چەلەنگ، کە هەرچی هێزی نووستوویان هەبوو، هەموویان لە سۆنگەی ئەو کارەدا بەخەبەر هێنابوو، لەگەڵ هەڵکردن بە ڕەوتی نوێی ئەو ڕۆژگارە نائاساییەدا، لە ئاڵنگاریەکی تەواو نامۆ و قورسدا بوون لەگەڵ خۆیاندا، ئەو ژنانەی هەندێکیان تا ئەو کاتە، لەوانەیە لە حزووری باوك و براشیاندا نانیان نەخواردبێ، وەلێ ئەمڕۆ وا پێویست دەکات قووتی خۆیان بە چنگی زبری خۆیان لە نێو خاك و خۆڵی نیشتیمانی دایکدا پەیدا بکەن، بە قرچەی گەرما بە زوقمی سەرما، دەبوو سەوزە بچننەوە، ئاودێری بکەن، دەسکەنە بکەن، تۆو بکەن، نەمام بگوازنەوە، بەروبووم بار بکەن، قەڕتاڵە بژمێرن، بژار بکەن، ئیتر دەبوو چی نەکەن!

لێرەدا بێگومان ڕوانگەی ئەو ژن و کچە چەندەها جار چەوساوانە، لەو دونیا بێ بەزەییەدا، کە خستنەگەڕی هێزی کاری بازوویان، تەنها سەرمایە و دەروازەی مانەوەیان بوو، تەنها ڕێگای سواڵ نەکردنیان بوو، دوبارە لەوێدا ژن گەڕایەوە سەر سەرچاوە دێرینەکەی خۆی، کە لە کۆندا بەڕێوەبەری یاسای ماڵداری خۆی بوو کە (ئیکۆس) و لە ئێستادا (ئیکۆنۆمی)ە ، واتە لە غیابی پیاودا، هەرچی خانە نووستووەکانی وزە هەیە، هەرچی شوناسی توانا هەیە چەکەرەیان کرد و بوونە هێزێك بۆ ڕەتکردنەوەی ملکەچی، سواڵکردن و خۆبەدەستەوەدان.

ئەوەندەی نەبرد، ژمارەی کرێکاری ژن و کچی گەنج لە پێداویستی کاری بێستان و شینانی زیاتر دەبوو، بۆیە بواری کارکردن بەرەو ناو هەولێر پەلیهاویشت، هێدی هێدی ئەو کارگە و فابریکە خۆماڵیانەی ئەو کاتە، پڕبوون لە دەستی کاری ژنان و کچانی بارزانی، لەوانەش کێڵگەی پەلەوەر، فابریکی شیرینی و سەربڕینی مریشك (مجزرة) بوو.

لەوێ، لەژێر زەبری کارێکی سەختدا، دەنگی لاواندنەوەی پلە فەرمانە، کە دایکی چوار کوڕی گەنجی بێ سەروشوێن بوو، نەغمەیەکی لە خواوە هاتووبوو، لەرەی دەنگێکی ناخ هەژێن بوو، داخزان بوو بەرەو دونیای دایکێکی زۆر بریندار، دەنگێك هاوپێچت دەکات لەگەڵ ناچاری. گەڕان بەدوای خود، گەڕان بەدوای ڕەواندنەوەی هەراسانیەك کە هەر دایك هەڵدەقرچێنێ، ئەودیوی دونیای تاڵی پێ دەچێژێ، لەوێ پلە فەرمانە دایك بوو، کرێکار بوو، ژیر دەستەی زۆرداری بەعس بوو، خاوەن چوار کوڕ و پیاوێکی بێ سەروشوێن بوو، وەلێ خاوەن ئیڕادە بوو، کە توانی نەبێتە دەرۆزەکەر، لەگەڵ کارکردندا گریان و لاواندنەوەی پێکەوە تێکەڵ دەکرد، تاوێ هێور دەبووەوە و ئینجا بە زەردەخەنەیەکی زەردهەڵگەڕاوەوە دەکەوتە سڵاوکردن.

لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا هەر پلە فەرمانە نا، سەدەهای وەکو ئەم ژنە کوردە، بریندارە، دڵ پڕ لە ناڵە و هاوارە، ناچارە، کەسوکار ئەنفال کراوە، بێکەس و بێ دەرەتانە، کرێکار بوو و ڕەنجی دەدا، کۆمەڵێ کارگە و فابریکی بچوك و مام ناوەندی لەوانەش کارگەی چنین و ڕستن، پەلەوەر، چیمەنتۆ، جگەرە و زۆریتر، پشتیان بە هێزی کاری ئەم ژنانە بەستبوو، واتە ئەگەر بە ناچاریش بووبێ، لەو کاتەدا دونیایەك هاتبووە کایەوە و هێزێکی تیا خوڵقابوو، ژنی چەقیوی نێوان چواردیواری بەرەو ئەودیو پاڵپێوەبنێ و ڕایچڵەکێنێ، ئەو ژنەی توانی بە چنگی خۆی زادی خۆی پەیدا بکات، بوێر بێ، قسەی هەبێ، بە گژ بێبەزەیی ڕۆژگاردا بچێتەوە، واتە میوتۆسی خۆدۆزینەوەی تێدا حاکم بوو، واتە  باشوری کوردستان پێش ڕاپەڕین و حوکمی خۆسەری لە هەرێم، خاوەن چینێکی بەخەبەر و ئامادە و لەسەرپێ بوو، جگە لە ئاماژەدان بە گەورەیی و بوێری ئەم توێژە ژنەی، کە لە ژێر سێبەری ترس و سامدا، خوڵقێنەری دیاردەیەکی ناوازەی ڕوبەڕووبوونەوەی نەریتی قەوم و عەشیرەت بوون و بووبوونە سەرچاوەی قووتی ئێوارانی شەکەتی، جگە لەو ژنە لێقەوماوانەش، کۆمەڵگای ئەوسا خاوەنی سوپایەك لە گەنجی ژیر و بەتوانا و خۆنەویست بوون، لە نێو شاردا گەشەی فیکری و پەروەردەیی خۆی دەکرد، خاوەن زەمینەیەکی لەبار بوو بۆ وەرچەرخانێکی نوێ، کە ژن و کچ بەتایبەتی و بە گشتی خەڵك لەو سەردەمەدا، چ بە حوکمی ئەو کەشوهەوایەی شۆڕش لەو کاتەدا، چ بە حوکمی توینێتی مرۆڤ بۆ دەرباز بوون لە چنگی زەبروزەنگ، ئامادەی هاوپێچبوون بوون؛ بە ڕایەڵی شۆڕشێکی نوێی کۆمەڵایەتی سیاسی، وەلێ بەداخەوە بازنەی سەرکردایەتی کورد کە گەیشتە سەر شەقامی قیرتاوکراو، خاوەنی هیچ فەلسەفەیەکی زیندوو نەبوو بۆ بەڕێوەبردن و حوکمڕانی، جگە لە دژایەتی و خۆخۆری، بۆیە قۆرخکردنی بۆشاییە فیکریەکە بە قۆرخکردنی بیروهۆشی نەوە دوای نەوە بە ڕامکردنیان بە ئاین و باڵاپۆشی ژنان و کوشتن و بڕین پڕکرایەوە، یەکەمین قوربانیش ژنان و کچان بوون، چونکە پەلاماردانی ژنان و کچان لە کۆمەڵگایەکی خاوەن بۆشایی فیکری و سەهەڵدانی ڕەوتێکی ئاینی ڕادیکاڵ، کە بتوانێ تەواوی ڕوانگەکان لە خوڕافات هەڵکێشێ، کارێکی زۆر سانایە و بە هەموو پێودانگەکان ئاسانکاری بۆ دەکرێ.

 لێرەدا هیچ شارستانیەتێك، کە بیەوێ سیمای مۆدێرنەی هەبێ و ژن تیایدا بە مرۆڤێکی کامڵ دابنرێ، کە ناوەڕۆکی کۆنسێپتەکەی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ بێ، کە بتوانێ کێبڕکێ لەگەڵ بازنە واڵاکانی دەرەوەی سنووری خۆی پێبکرێ لە ڕیزبەندی گەشەکردنی سامانی مرۆیی جێندەری جیهانیدا کورسی هەبێ، بوونی نابێ؛ چونکە هێشتا ژینگەکەی لە خاشاك و خۆراکی ماوەبەسەرچووی ژیان پاك نەبووەتەوە. فەلسەفەیەكی کۆمەڵایەتی زیندوو و هەمەلایەنە نیە وانەی دادپەروەی و یەکسانی بە توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگا بڵێتەوە، بڕوایەکی بەهێزی یەکگرتوو و ڕوانگەیەکی لەیەکچووی فیکری مۆدێرن و زانستی نیە، بتوانێ ئەو خاشاکی سیاسەتە لە ئاگردانی ڕەتکردنەوەدا بسوتێنێ و ئەو بێهودەییەی خەڵك بژێنێتەوە؛ نەوەکانی باشور ماندێللای دەوێ، کە هاوبەشێك لە نێوان ئەو هەموو رەوتە جیاوازە بدۆزێتەوە و بیکاتە چەقی گۆڕانکاری، باشور ئەو جوگرافیا شێواوەیە، کە ژن تیایدا قوربانی یەکەم و دووەم و سێیەمە لە کۆمەڵگدا.

Check Also

ئەگەر لە بازنەیەکی سەرووی خۆمانەوە لە جیهان بڕوانین/ بەشی یەکەم

د.مەدیحە سۆفی گۆی زەوی لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی سەختی کێشەی جۆراوجۆردایە، کە ئیدی دەستی مرۆڤ ناتوانێت بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *