ڤایرۆسی کۆڕۆنا

د. مەدیحە سۆفی، ئەڵمانیا

Image: Gerd Altmann

زانست، بە هەموو بوارەکانیەوە بە هەموو وردەکاریەکیەوە، زۆر جار دەگاتە ئەو دووڕیانەی، کە لە کایەی کارەکانیدا ڕووبەڕووی نائاشنایەتیەك دەبێتەوە، بەو هەموو توانا و دەسەڵاتە تەکنەلۆژی و فیزیکی و کیمیایی و  پزیشکیەوە، بەو بودجە قەبەیەی بۆ داهێنان و توێژینەوە و بەدواداچوون تەرخان دەکرێ، کە تەواوی سەنتەر و ناوەندە زانستیەکانی زانکۆ و مایکرۆبایۆلۆژی و دەرمانسازی و لابۆڕەکان بەرامبەر ئەو لەمپەرە نائاشنایەتیە دەستەوەستان دەکات.

ئەم نائاشناییەتیە کە گومان دروست دەکات، و ئەوەندەیتر بە هەوڵەکانی، ئەو گەڕانە بەدوای دۆزینەوەدا بنکۆڵ دەکات، واتە بەها و ڕۆڵی زانست خۆی لە توانای فراوانکردنەوەی دەسەڵاتیدا بە: بەدواداچوون، تازەگەری، ئەگەری نوێ، گەمەی جیددی لەگەڵ حاڵەتەکاندا، دۆزینەوەی چارەسەر، دەستبردن بۆ ڕێکارە رێتێچووەکان، ڕەوادان بە تاقیکردنەوە و دیسانەوە تاقیکردنەوە، خۆی دەسەلمێنێ.

زانست ئەو چەمکە دینامیکەیە، کە هەرگیز ناوەستێ، ئەو زنجیرەیەیە کە ئەڵقەکانی یەکدی تەواو دەکەن، ئەو ڕوناکیەی دوێنێیە، کە هەمیشە مشتێکی وا لەنێو بۆتەی لابۆڕی ئەمڕۆ و مشتێکی بۆ هاوپێچکردنی بۆتەیەکی نوێی سبەی دەخرێتە لاوە. واتە زانست سەرەداوەکان بۆ بەردەوامی دەدۆزێتەوە، ماکەکانی دیاری دەکات، وەلێ جار جار بۆ تاوێك دەستەوەستانیش دەبێت. هەر لەو کاتی دەستەوەستانەشدا، خانەکانی مێشكێکی زانستی، ئەوەندەیتر جەخت لەسەر هەڵهێنجانی توانایەکی نوێ دەکەن بۆ دۆزینەوەی قەدبڕێك و دەست بردن بۆ گومان و گریمانێکی تازەتر. گومان و گریمان دوو پاییەی هەرە گرنگی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەن، چونکە بەردەوامی دەدەن بە بنیاتنانێکی نوێ و هەمیشە توێکڵی دوێنێی ئەزمۆنەکان بە داهێنانێکی نوێی ئەمڕۆ دادەماڵن، ئەگەر نا بێ متمانەیی بەرەو پوکانەوە و نەمانی ڕادەپێچن.

بڵاوبوونەوەی ئەم درم و پەتایەی لە ئێستادا هەیە بە ناوی (کۆڕۆنا) یەکێکە لەو دووڕیانانەی، پسپۆڕ و شارەزاکانی مایکرۆبیۆلۆژی بەرەو گەڕان و دۆزەدۆزەی زانستی بردووە. ئەگەرەکانیان لە توێی ئەزموندا هێشتا سەرینەگرتووە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئەو ڤایرۆسە، نەناسراوە و نازانرێ بۆ ماوە و دژەکانی چۆن کاردانەوەیان دەبێ لە کارلێکردنە دەرمانسازیەکاندا.

ڤایرۆسی کۆڕۆنا چیە؟

کۆمەڵە ڤایرۆسی کۆڕۆنا، بۆ یەکەم جار لە شەستەکاندا دۆزرایەوە. تووشی مرۆڤ و هەندێ جۆری ئاژەڵ دەبێت؛ بۆ نمونە باڵندە و شێردەرەکان. ئەم ڤایرۆسە مرۆڤ تووشی جۆرەها نەخۆشی دەکات، وەکو سەرماو تاولەرز (ئەنفلۆنزا) و بەتایبەتی هەندێ نەخۆشی ترسناك لە کۆئەندامی هەناسەداندا.

ئەم جۆرە ڤایرۆسی کۆڕۆنایەی لە ئێستادا بڵاوبووەتەوە، جۆرێکی نوێیە و هێشتا بواری پزیشکی ڤاکسنی بۆ دانەهێناوە، بۆیە چارەسەر و بەرپێگرتنەکەی، نە ئاسانە و نە دەزانرێ تا کەی بەردەوام دەبێ.

بۆ نمونە ئەم حاڵەتی نائاشنابوونە بەم ڤایرۆسە نوێیەی کۆڕۆنا، توانا و چەندێتی مەودای زانست دەسەلمێنێ، کاتێ دەڵێین زانست زنجیرەیەکی پێکەوە بەستراو و بەردەوامە.

سەرەتای دەرکەوتنی ئەم نەخۆشیە لە ئێستادا

  • یەکەم نەخۆشی تووشبوو بەم ڤایرۆسە، لە ٨ ی دیسەمبەردا لە وڵاتی چێن لە شاری ووهان تۆمارکرا.
  • لە ٣١ ی دیسەمبەری ٢٠١٩ دا، ئەم نەخۆشیە بە فەڕمی لە ڕێکخراوی تەندروستی نێودەوڵەتیدا، وەکو (درم) ڕاگەیەنرا.
  • لە ١ ی ژەنیوەری ٢٠٢٠ دا، بازاڕێکی گەورە لە شاری ووهان لە چێن داخراوە، بە بازاڕی ئاژەڵ ناوبراوە.
  • لە ٧ ی ژەنیوەری ٢٠٢٠ دا، ئەم فایرۆسە جودا کرایەوە و سیفات و بۆماوەکانی دیاری کرا، لە نێودەوڵەتیدا وەکو ڤایرۆسێکی نوێ تۆمار کرا.
  • لە ١٣ ی ژەنیوەری ٢٠٢٠ دا، یەکەم حاڵەتی ئەم نەخۆشیە، لە دەرەوەی چیندا تۆمار کرا.
  • لە ئەڵمانیا، لە ٢٧ ی ژەنیوەر ٢٠٢٠ دا، یەکەم حاڵەتی ئەم نەخۆشیە لە ئەڵمانیادا سەلمێنرا.

بۆچی زانیاری و خۆپاراستن لەم بارەوە گرنگە؟

لەبەر ئەوەی ڤایرۆسەکە نەناسراوە، بە کایەی تەندروستی نائاشنایە، هێشتا (لقاح) ی تایبەتی بۆ نەدۆزراوەتەوە، لە ئێستادا چارەسەکەی بەردەست نیە.

نیشانەکانی ئەم نەخۆشیە

  • کۆکین، تا لێهاتن، قوڕگ ئێشە، هەر وەکو نیشانەکانی سەرەتای تووشبوون بە هەڵامەت.
  • سكچوونیش لای هەندێ لە نەخۆشەکان، وەکو نیشانە تۆمارکراوە.
  • لە قۆناغەکانی کۆتاییدا تەوای کۆئەندامی هەناسەدان هەراسان دەکات.

بڵاوبوونەوەی لە جیهاندا

 تا ئەمڕۆ ئەم ڤایرۆسە لە ٥٢ وڵاتدا بڵاوبووەتەوە، ژمارەی تووشبوو لە ئێستادا ٨٠٣٠٠ کەسە لە تەواوی وڵاتانی جیهاندا.

بە پێی ڕێنماییەکانی سەنتەری ڕۆبێرت کۆخ لە ئەڵمانیا :

بۆ ئێستا خۆپاراستن باشترین ڕێگای تووشنەبوونە، ئەوەی کە جەختی لەسەر دەکرێ، ئەوەیە کە ئەم ڤایرۆسە زیاتر لە ڕێی پژمین و لیك و بەریەك کەوتنەوە بڵاو دەبێتەوە.

 هەندێ لە ڕێنماییەکان :

  • دەستشوشتنی بەردەوام، خۆ دوورڕاگرتن لە یەکتری (زۆر گرنگە).
  • لە کاتی پژمیندا، دەم نەخرێتە نێو هەردوو لەپی دەستەوە، بەڵکو بخرێتە نێو ئانیشكەوە.
  • ئەم درمە لە ڕێی پژمین، تەوقەکردن، بەریەك کەوتن لەگەڵ یەکتردا بڵاو دەبێتەوە.
  • ڕێژەی مردن لەم نەخۆشیەدا دەگاتە ٢٪ ، بە پێی ڕای شارەزاکان، چین درەنگ زانیاری لەم بارەوە ڕاگەیاندووە.   
  • چارەسەرەکان وا بە خێرایی ئامادە ناکرێن.
  • هەڵگری ئەم ڤایرۆسە دەبێ بۆ دوو هەفتە لە خەڵك داببڕێن و بخرێنە کڤارانتێنەوە.
  • نەچوونە شوێنی قەڕەباڵغ، باشترین خۆپاراستنیش مانەوەیە لە ماڵەوە و دەرنەچوونە دەرەوەیە، تا کۆنتاکتەکان کەمتر ببنەوە.

هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە، بە پێی زانیاریەکانی سەنتەری ڕۆبێرت کۆخ :

لەبەر ئەوەی لە زنجیرە ڤایرۆسی کۆڕۆنادا، ڤایرۆسی پێش کۆرۆنا، لە ئاژەڵەوە هاتووەتە کایەوە، یەکەم نەخۆشێش لەو بازاڕی ئاژەڵەدا تووشی ئەو نەخۆشیە هاتووە، بۆیە دوور نیە سەرچاوەی سەرهەڵدانی ئەم ڤایرۆسە نوێیەش، کە تا ئێستا سیفاتەکانی بەتەواوی نەزانراوە سەرچاوەیەك بێت کە لەگەڵ ئاژەڵدا وابەستە بێت.

سیناریۆی زۆر باس دەکرێ، کە ئەم ڤایرۆسە ئاڵنکاری، لە دەرئەنجامی کێبڕکێی ئابووری جیهان و دروستکراوی لابۆڕ بێت، شەڕێکی بایۆلۆژی بێت، هەرچیەك بێت، لە ئێستادا بووەتە پەتایەکی نێودەوڵەتی و وا بە ئاسانیش ڤاکسنەکەی پەیدا ناکرێت، بە هیوای دامرکانەوە و تەواوبوونی.

Check Also

بلۆگ، جیهانی هاوڕازی و متمانه‌

بەیان سەلمان Image: Kevin King (بلۆگ) Blog، ئه‌م وشه‌یه‌ له‌ چیه‌وه‌ هاتووه‌؟ بلۆگ وشه‌یه‌کی نوێیه‌، …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *