پێنج شه‌ممه‌, ئایار 6, 2021
frku

ڕەقهەڵهاتنی هزری ئیسلامی

گفتوگۆ لەگەڵ عەبدولنور بەیدار

شوان ئەحمەد كردوویەتی بەكوردی

فەیلەسوفی فەرەنسی عەبدولنور بەیدار كتێبێكی نوێی بەچاپ گەیاندووە، كتێبەكەش تایبەتە بە بیرمەندی پاكستانی محەمەد ئیقبال. بەیدار وەك ئیقبال جەخت لەپێویستی خێراو بەپەلەی بەسەردەمكردنی ئیسلام دەكاتەوە. لەم گفتوگۆیەشدا ئایدیاگەلێك دەربارەی ڕەقهەڵهاتنی هزری ئیسلامی و پێویستی كرانەوە دەكاتەوە.

*پرسی باڵاپۆشی و خواردنی حەڵاڵ و مزگەوتەكان، بێنەو بەردەو مقۆمقۆیەكی لە ئەوروپاو وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا دروستكردووە كە بێ‌ پێشینەیە. ئایا خۆرئاوا لە ئیسلام تۆقیوە؟

-ناكرێت ئیسلام بەشەیتان بكرێت، وەلێ‌ لە ڕویەكی ترەوە پێویستە ڕەخنەی ئاڕاستە بكرێت. ئاخر چۆن دەكرێت ئایینێك خۆی وەك مەنزومەیەكی یاسایی و نەریتی پێشكەش بكات، کەچی لەسەردەمی ئازادی بیروڕای ئەمڕۆدا بێت و خۆی بەسەر هەمواندا فەرز بكات؟ ئەمە ناكۆكیەكی سەرەكیەو نە شارەزایانی ئیسلامی و نە خەڵك و خوا بەگشتی، نایانەوێت ڕووبەڕووی ببنەوە.

*ئەی چۆن چۆنی شكستی ئیسلام لەگەڵ مۆدێرنە بەوڕادەیە، لێكدەدەنەوە؟

-ئەوروپا چەندین شۆڕشی كۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی بەخۆوە بینی و ئەوەش بەشێوەیەكی ئەرێنی كاریگەری لەسەر مەسیحیەت و یەهودیەت جێهێشتووە، چونكە ئەوە وایكردووە ئەو دوو ئایینە ئازادی و بیركردنەوەی نوێی ڕەخنەیی، ئاوێتەی بیرو باوەڕەكانیان بكەن. وەلێ‌ لەئیسلامدا ئەو بیرمەندانەی دەكرا پرۆسەیەكی لەوجۆرە بەگەڕ بخەن و بیروباوەڕی ئیسلامی بەرەو پێش بەرن، هیچ پشتیوانیەك نەكران. هزری ڕەخنەیی كە بشێت بەسەركایەی ئایینیدا پراكتیزە بكرێت، لەبارەی نەبووندایە. لەلایەكی دیكەوە، بەداخەوە قۆناغی كۆلۆنیالیستی هۆكارێك بوو بۆ كەنارگیركدنی جیهانی ئیسلامی و وایکرد بكەوێتە خانەیەكەوە كەوەك قوربانی لەبەرامبەر خۆرئاوادا خۆی نیشان بدات. ئەم دۆخە گەشتۆتە ئاستێك كەبەشێك لەو گروپە موسڵمانەی لەفەرەنسادا نیشتەجێن، خۆیان وەك كەمینەیەك نیشابدەن كەهەمیشە جیاوازیان لەگەڵدا دەكرێت و فەرامۆش دەكرێن، ئەویش لەپێناو داواكردنی چەند یاسایەكی تایبەت بەخۆیان.

*ئایا دەشێت دیموكراسیەتی وڵاتێكی وەک فەرەنسا، ئەو داواكارییە تایبەتانە بەپشتگوێ‌ بخات؟

-گەر داواكاریەكە داواكاریەك بێت بەناوی یاسای ئایینەوە، ئەواناشێت قبوڵ بكرێت، لەبەرئەوەی لەگەڵ خواست و پێویستیەكانی لایسێتیدا ناگونجێت. من وەك خۆم لاریم لەجێبەجێكردنی ڕێوڕەسمە ئایینیەكان نیە، بەڵكو بە پێچەوانەوە پێموایە: (ئایین هەمیشە ئامرازێك بووە بۆئەوەی مرۆڤ لەناخەوە ئاوەدان بێتەوە، بەڵام بەومەرجەی ئیماندار لەپەیوەندی بەخالقەوە، ئازادو سەربەست بێت).

كێشەی ئیسلام لەوەدایە ڕێوڕەسمەكانی لەنێو شەریعەتەوە سەپێنراون، لەنێو یاسایەكدان كە لەدەرەوەی هۆشیاری كەسەكاندایە. هەرچەندە ئەوانە حەزناكەن بەناچاری هەندێ‌ شت بەڕێ‌ كەن، وەلێ‌ شەریعەت بەشێوەیەكی بابەتی فەرمانیان پێدەكات، ملكەچی بڕیارەكانی بن. ئاخر بەچ هەقێك ئەو شەریعەتە ناچارم دەكات بەنوێژكردن، پێنچ جار لەڕۆژێكدا؟ من بڕیاردەدەم كەی نوێژ دەكەم و پێویستم بەبانگ بێژێك نییە لەبڵندگۆیەكەوە هاواربكات، بەڵكو پێویستە فێربم گوێ‌ لە بانگەوازی ناوەكی بگرم بۆ نوێژ و بۆ تێڕامان. لەبواری ژیانی ڕۆحیدا، ئازادی هۆشیاریی پێویستی بە پەروەردەیەكی نێوكۆیی ئێجگار قوڵ هەیە. پێویستە سەرنجێكی خێرای كتێبخانەی ئیسلامی بدەین، تابزانین هەندێ‌ لە موسڵمانان چی دەخوێننەوە.. ئەوەی هەیە كتێبگەلێكی بازاڕیی و ئاست نزمە.

*فەرەنسا دەیەوێت پێشنوێژو وتارخوێنی ناوخۆی وڵات، خۆی ئامادەیان بكات. پێتوایە ئەوە چارەسەربێت؟

-ئەوە پێشتوەختە پرسێكی دۆڕاوە. هەر پێشنوێژو وتارخوێنێك بۆخۆی پاسەوانی یاساو ڕێسای ئایینیە. دروستكردن و قوڵكردنەوەی ئەوانە كەڵكی بەچییە؟ ئاخر بابەتەكە لەوە بەرفراوانترە… قورئان بەشێوەیەك تەقدیس دەكرێت، سەردەمی بەسەرچووە. هەروەها دەڵێن تێكستێكە ڕەخنە قبوڵ ناكات، وەك ئەوەی موقەدەس دەبێت تاهەتایە بەكۆڵی موسڵمانانەوە بێت. موسڵمانگەلێكی زۆرهەن لەژێر باری ئەو تێڕوانینەدا دەناڵێنن و لایەنگریم دەكەن، وەلێ‌ هیچ كام لەپیاوانی ئایینی ئیسلام، داكۆكی لەو بیرو بۆچوونەی من ناكەن بەشێوەیەكی فەرمی.

*كەوابێ‌ ئەو شەڕە ئایدیۆلۆژیە درێژە دەكێشێت؟

-نا لەو بڕوایەدانیم. من پێموایە ئەم بەخۆدا چەمانەوەو داخرانەی ئیسلام، بەرەو داهێزرانی زیاتری دەبات. ئەم گرژبوون و داخرانە سەرەنجامەكەی هەر شكستە، لەبەردەم گۆڕانكاریە قوڵ و بەردەوامەكانی ڕۆژگاردا.

مرۆڤایەتی لەمڕۆدا خۆی لەدۆخێكی وجودی كەم وێنەدا دەبینێتەوە كە پێشینەی نەبووە: (ئایین لەلایەك بەرەوپوكانەوە و ئاوابوون دەچێت، لەلایەكی دیكەشەوە هیچ شتێ‌ هێندەی ئایین مانایەكی قوڵ بەبوون نابەخشێت). ئەم بۆشایی و بەتاڵیەیە وادەكات ئایین – نەك هەر تەنها ئیسلام -، هەوڵبدات دەست بەدوا پاشماوە و میراتی سەردەمی كۆنەوە بگرێت.

Check Also

وەستان لەسەر تابلۆیەک: پاڕانەوەی پریام لە ئەخیلۆس

وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە: بەیان سەلمان ”(پریام) لە گالیسکەکەوە بازیدایە خوارێ. (ئیدێ)ی بەدیار ئەسپەکان و هێسترەکان …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Font Resize
error: Content is protected !!