دوو شه‌ممه‌, حوزه‌یران 27, 2022
frku

سەهۆڵبەندانی باکور، دووەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

د. مەدیحە سۆفی / ئەلمانیا

Image: Pixabay

 گۆڕانی کەش و هەوا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بەرگەی گۆی زەوی بەگشتی، کاردانەوەی نەرێنی تایبەتی لەسەر جەمسەری سەهۆڵبەندانی باکور، کە پێی دەوترێت ئارکتیک Arctic هەیە. وشەی ئارکتک لە وشەی (arktos)ی یۆنانیەوە هاتووە و بە مانای ورچ دێت، کیشوەری سەهۆڵبەندانی باکووریش ژینگەیەکی لەباری گونجاوە بۆ ئەو جۆرە ئاژەڵە کە زۆربەی کات پلەی گەرمییەکەی لە ژیر پلەی سفرەوەیە، هەر لەو ئیکۆسیستیمەش، ورچەکان دەتوانن نێچیرەکانیان ڕاو بکەن و  بەردەوامی بە زاوزێ و زۆربوونی خۆیان بدەن.

ئاشکرایە، کە سەهۆڵبەندانی باکور زیاتر بریتیە لە ئوقیانوسێکی بەستوو نەك وشکایی، کاردانەوەی قەتیسبوونی گەرمی تیشکی خۆریش لە ئەتمۆسفێردا، بەهۆی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، میتان، هەڵمی ئاو و گازەکانی تر، لەوێ کاریگەری زیاتری لەسەر دەردەکەوێت، لەچاو ناوچەکانی تری سەر گۆی زەوی؛ بۆیە شارەزا و پسپۆرەکانی بواری ژینگە، ماوەی زیاتر لە بیست ساڵە هۆشداری دەدەن بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزەی تەقلیدی و ڕوونکردنە بەرهەمهێنانی وزەی سەوز و پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی دروست بۆ پاراستنی ژینگە.

پێناسەی جەمسەری سەهۆڵبەندانی باکور، بەپێی چەمکی کاری توێژەرەکان دەگۆڕێ، بەڵام دەتوانرێ لەڕووی جوگرافیەکەیەوە ئەو پێناسەیەی بکرێ کە بریتیە لەو ڕووبەرەی لە نێوان هێڵی پانی بازنەیی گەردوونەوە بەدووری ٢٦٠٠ کم لە خاڵی جەمسەرەکەیەوەیە، لە سەرووی ئەو هێڵە پانە بازنەییەوە خۆر لە دەستپێکی هاویندا لە ٢١ ی یونییە ئاوا نابێت و لە دەستپێکی زستانیشدا لە ٢١ ی دیسەمبەردا هەڵنایات.

شارەزایانی بواری کەشوهەوا و ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی پاراستنی ژینگە، بەپێی توێژینەوەکانیان ئەوە دەسەلمێنن کە گۆڕانی کەشوهەوا و قەتیسبوونی گەرمی خۆر کاریگەری زیاتری لەسەر کەمبوونەوەی ڕووبەری بەستووی ئەو بەستەڵەکە هەیە. لە ئێستادا ئەو ڕووبەرە لە پاش پایز درەنگتر دەیبەستێ و لە بەهاریشدا زووتر دەتوێتەوە، لە کۆتایی ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکاندا و لە مانگی شوبات و ئازاردا، ڕووبەری ئەو کیشوەرە بەستووە دەگەیشتە نزیکەی شازدە ملیۆن کیلۆمەتر دووجا، وەلێ لە ساڵی ٢٠١٥ دا تەنها چواردە ملیۆن و نیو بوو، گۆڕانی کەشوهەواش لەوێ ئەوەندە بەڵگەنەویستە؛ کە پێوەرە هەستیارەکان لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٦ دا پلەی گەرمی ٢٣ پلەی سەدی لە هەندێ شوێنی ئەو کیشوەرەدا خوێندووەتەوە.[[1]]

هەندێ لە توێژەر و شارەزایانی بواری کەش و ژینگە لەو بڕوایەدان، کە خشتی بەستەڵەکی سەهۆڵبەندانی باکور لە چەند ساڵی داهاتوودا بەتەواوی بتوێتەوە و لە شێوەی ئوقیانوسێك هاتوچۆ و گوزەری کەشتی تێدا بکرێ، چ بۆ گوازتنەوەی وزە و بواری ئابووری، چ بۆ هاتوچۆی ئاسایی، بەڵام توانەوەی ئەم خشتی بەستەڵەکە، هەر ئەوە نیە کە لە دۆخی سەهۆڵەوە بگۆڕێ بۆ دۆخی ئاو، هەر ئەوە نیە کە ورچەکان لانەیان لێ تێك بچێ و بێ خۆراك و شوێن بمێننەوە، هەر ئەوە نیە کە ئیکۆسیستیمی زۆر زیندەوەر ناهاوسەنگ دەبێ، هەر ئەوە نیە کە شەڕی کەش و گۆڕانی کەش، لەگەڵ سەرمایە، پیشەسازی، بەرهەمهێنان، قەبەبوونی ئابووری جیهان بکرێ، بەپێچەوانەوە ئەو شەڕانە نەکران، نەک لەبەر ئارامی و ئاسایش، بەڵکو لەبەر ئەوەی توانەوەی بەستەڵەك و سەهۆڵبەندانەکە بووە هۆی گەیشتن بە گەنجینەیەکی دیکەی سەرچاوەی وزە و کان و کانزاکان.

ئەو دەوڵەتانەی کە هاوسنووری سەهۆڵبەندانی باکورن بریتین لە ( ئەمریکا، کەنەدا، دانمارك [ گرینلاند سەر بە دانیمارکە]، نەرویج، ڕووسیا)، ئەم دەوڵەتانە لە ئێستاوە کێشەیان هەیە لەسەر یاسای نێودەوڵەتی کەناری دەریاکان و دیاریکردنی سنوورەکانیان لەگەڵ ئەو سەهۆڵبەندانە پاش توانەوەی، سەهۆڵبەندانی باکور بە سەرچاوەیەکی باشی یەدەگی وزە دادەنرێ لە جیهاندا، وا پێشبین دەکرێ کە چارەکی وزەی جیهان لەژێر بەستەڵەکی سەهۆڵبەندانی باکور عەمبار کرا بێت[[2]]؛ واتە ئەو ناوچەیە خاوەنی یەدەگێکی زۆری سەرچاوەی وزەی جیهانە، کە ناڕاستەخۆ شەڕی ئەو وڵاتە سنووریانەیە، لەسەر بەشکردنەوەی ئەو بڕە وزەیەی لەو دەڤەرەدا هەیە، ڕاستەوخۆش لەسەر مەودای دیاریکردنی سنوورەکانیانە لەگەڵ سەهۆڵبەندانەکە لە پاش توانەوەی بەستەڵەکەکە.

لێرەدا، لەمەڕ قۆرخکردنی ئەو وزەییەی لە بەستەڵەکی باکوردا پێشبین دەکرێ، قەتیسبوونی گەرما، گۆڕانی کەش، گەرمبوونەوەی گۆی زەوی، وزەی دوبارە، ڕوو لە ئابووری سەوز، بەرهەمهێنان بەپێی (تیوری ئیکۆنۆمی نوێ)، وابەستەبوون بە کۆنفرانسە نێودەوڵەتی و تایبەتەکانی پاراستنی کەش و هەوا و ژینگە و گلۆبالی گەردوونەوە، هیچ گرنگیەکی نیە، بەپێچەوانەوە ڕوانگەکان تەواو بەرەو ئاراستەی ستراتیژی ئابووریەکی ڕووت لە میانەی دەستکەوتنی ئەو بڕە وزەیەوە دەڕوات، وە لەبەر ئەوەی ئابووری سیاسەت دەئاژوێ و ئابووری بەهێز ڕیزبەندی کێبڕکێی جیهانی دەپارێزێ و دنەی پێدەدا، بۆیە بۆ سەرمایەداران، سیاسەتی ئابووری و بەتایبەت سیاسەتی وزە  دەبێتە شەڕی دەستکەوت نەك شەڕی پاراستنی کەش و پاراستنی ژینگە، هەر بەهۆی بوونی سامانی سروشتی و داهاتی وزەوە لەو سەهۆلبەندانە، هەندێ لە شارەزایان ناوی کیشوەری بەستەڵەکی باکوریان ناوە ”دووەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”.

ئەو دیاردە ڕوون و ئاشکرایەی لە سەهۆڵبەندانی باکوردا دەبینرێ، هۆشداریەکی زۆر خێرایە بۆ جیهانی بەرهەمهێنان و بواری ئابووری کلاسیك، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بە بڕی 0.75 پلەی سەدی لە دووسەد ساڵی ڕابووردودا و لەگەڵ دەستپێکی چەرخی بە پیشەسازیکردندا، گۆڕانی زۆر نەرێنی بەدوای خۆیدا دەهێنێ، کاریگەریەکی نائاسایی لەسەر تێکچوونی ئیکۆسیستیمی گۆی زەوی هەیە، لە پاش ساڵانی نەوەدەکانە، شوێنەواری قەتیسبوونی گەرما لە ئەتمۆسفیردا دەرکەوت، بە پشتبەستن بە توێژینەوە و پێوانی ڕادەی توانەوەی بەستەڵەك لە سەد ساڵی پێشوودا، تێکڕای گەرمبوونی پلەی گەرمی گلۆبالی لە پلەی ئاسایی زیاتر تۆمار کردووە، ئەم گۆڕانە لە پلەی گەرمی کاریگەری تەواوی لەسەر گوزەران، سروشت، ژینگە، ئیکۆسیستم و ئاو دەبێت، ڕوبەری سەهۆڵی سەهۆڵبەندانەکە بە توانەوە کەمتر دەبێتەوە و ئاستی ئاوی دەریا لەچاو پێشتر بەرزتر دەبێتەوە و دورگەکانی نێو دەریا و ئوقیانوسەکان و کەنارەکان نائارام دەبن.

بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەسەر هەموو گۆی زەوی وەکو یەك نیە، لەسەر وشکایی زیاتر هەستی پێ دەکرێت بەبەراورد بە دەڤەری ئوقیانووس و دەریاکان؛ چونکە وشکایی زیاتر و زووتر گەرمی هەڵدەمژێ. لە سەهۆڵبەندانی باکور لە ئیستادا پلەی گەرمی تێکڕای دوو پلەی سەدی بەرزبوونەوەی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە[[3]]. توێژینەوەکان دەریدەخەن کە چینی سەهۆڵەکان وەکو جاران ئەستور نین و زووتر دەتوێنەوە و درەنگتر دەیبەستێ.

لەلایەکیترەوە، ئەنجومەنی کەشوهەوای نێودەوڵەتی IPCC کە بەدواداچوون لە ڕادەی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەریەکانی دەکات، پێشبینی ئەوە دەکات کە تا ساڵی ٢٠٥٠ پلەی گەرمی بۆ دوو پلەی سەدی لە ناوچەکانی کەشوهەوای ئاسایی بەرزدەبێتەوە، بەڵام لە ناوچەی سەهۆڵبەندانی باکور بۆ ٤-٥ پلەی سەدی بەرزدەبێتەوە. ئەم پێشبینیانەی ئەم شارەزا و پسپۆرانە چ بۆ ژینگە، چ بۆ بەکارهێنانی وزەی تەقلیدی و پەیڕەوکردنی ئابووری کلاسیك، زەنگێکی هۆشداری توندە بۆ دەسەڵاتە زلهێزەکانی جیهان، هەر لەسەر ئەم بنەمایەیە، ژینگە وێران دەبێ و کارەساتی وەکو توانەوەی بەستەڵەك، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا، شێواندنی لانەی گیاندارانی سەهۆڵبەندان، قڕکردنی فرەزیندەوەری، باو زریان و ڕەشەبا، تۆفان، ئاگرکەوتنەوە، پیسبوونی ئاوی دەریا و ئاوی ژێر زەوی، کەمبوونەوەی ئاوی شیرین، سوێربوونی ئاوی ژێر زەوی، تێکچونی ئاسایشی ئاو و ئاسایشی خۆراك و پاشان ئاسایشی نیشتیمانی، هەموو پێکەوە جیهان بەرەو ناسەقامگیری دەبەن.

ئەمڕۆ گازە زیانبەخشەکانی وەکو (دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و میتان وهەڵمی ئاو و ئۆکسیدی نایترۆجین و ئۆزۆن) تەواو لە ڕێژەی ئاسایی زۆر زۆرتر دەردەدرێنە نێو ئەتمۆسفیرەوە. ڕاستە بەبێ ئەو گازانە ژیان لەسەر گۆی زەوی مەحاڵ دەبێ و پلەی گەرمیەکەی دەگاتە پازدە پلە لەژێر سفرەوە، بەڵام بوونی ڕێژەیەکی زۆرتر لە ڕێژەی ئاسایی ئەو گازانەش، هۆکاری مانەوە و گلدانەوەی گەرمی خۆر و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی گلۆبالی سەر گۆی زەویە.

ئەم بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیە، ئەم توانەوەی بەستەڵەکی باکورە، ئەم زیانە گەورەیە لە ژینگە و مرۆڤایەتی، ڕێخۆشکەرێکی دڵخۆشکەر بوو بۆ ئەوانەی برسی سەرچاوەکانی وزەن، چونکە ژێرخانی سەهۆڵبەندانی باکور لێوانلێوە لە کانزای گرانبەها و کان و نەوت و گاز، بۆیە توانەوەی بەفر و خشتە سەهۆڵیەکان، کرانەوەی ڕێگای هاتووچۆ، گەیشتن بە هەڵکۆڵین و دەرهێنانی ئەو وزەیە، موژدەیەکی چاوەڕوان نەکراو بوو بۆ وڵاتانی سنووری ئەو کیشوەرە بەستووە؛ بوونی ئەو گەنجینە سروشتیە و تاڵانکردنی ئەو سەرچاوە گرنگانەی وزە، بەردەوامی بە کێبڕکێی ئابووری و قۆرخکردنی دەسەڵاتی سیاسی دەدن.

بەپێی زانیاری شارەزایانی بواری جیۆلۆجی و زەوی ناسی، بڕی زیاتر لە نەوەت ملیار بەرمیل نەوت کە دەکاتە نزیکەی ١٣٪ ی یەدەگی نەوتی هەموو جیهان لەگەڵ چل و هەشت ملیار مەتر سێجا گاز کە دەکاتە ٣٠٪ ی یەدەگی گازی هەموو جیهان، لەو کیشوەری سەهۆڵبەندانەدایە[[4]]، ڕێژەی ٨٤٪ ی ئەو کەرەستەخاوە لەو کیشوەرەیە دەکەوێتە ژێر دەریاکەوە، دەرهێنانی نەوتیش لە کەناری ئالاسکا، کەناری ئەرخەبیلی کەنەدا، لە ئاستی ڕووسیا و لەگەنەی گرینلاندە، هەڵهێنجانی گازیش بە زۆری لە لەگەنەی ڕۆژئاوای سیبیریا و لەکەنارەکانی ئالاسکادا دەکرێت،

بەپێی ئەو زانیاریانەی کە هەن، ئەو کان و کانزا و وزەیەی کە لە سەهۆڵبەندانی باکور ئەگەری بوونیان هەیە، بەپێی سنووری وڵاتەکان و یاسای نێودەوڵەتی کەنارەکان، دەبنە موڵکی ئەو وڵاتە هاوسنووریانە، جگە لە کێڵگەی نەوت و گازی ژێر ئاو، لە سنووری کەنەدا بەڵگەی بوونی بەردی گرانبەهای کیمبەرلیت هەیە کە ئەلماسی تێدایە، بۆچوونەکان بۆ ئەوە دەچن کە زینك و زیو و قورقۆشم و مس و تەڵا و کۆبەڵتیشی لێ بێت[[5]].

لە ئاستی ئالاسکادا، ئەمریکا لەمێژە نەوتی تێدا دەردەهێنێت و کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکا کاری تێدا دەکەن و لە هەمووی ناسراوتر کێڵگەی (برودوی بای)ە، هەرچەندە ئەم شوێنانە شوێنی پارێزراوی سروشتین و دەبێ زۆر بە ئاگاداریەوە کاری تەکنەلۆژی تێدا ئەنجام بدرێ و زیان بە ژینگەکەی نەگەیەنرێت. کۆمپانیای (رۆزنەفت) کە کۆمپانیایەکی دەوڵەتی رووسیایە و (ئیکسۆن موبایل)ی ئەمریکا و کۆمپانیایەکی ئیتاڵی و بەڕیتانی لە هەوڵی دەرهێنانی وزەن لە دەریاچەی (کارا)، دەبینین لێرەدا کۆمپانیاکانی ئەمریکا و ڕووسیا پێکەوە کار دەکەن لە بواری وزەدا؛ هەرچەندە ئەمریکا سزای ئابووری ڕووسیای داوە لەسەر قەیران و شەڕی ئۆکرانیا، لە ئاستی کەنارەکانی نەرویجیشدا، لە دەریای باکور، نەرویج مۆڵەتی هەڵکەندن و گەڕان بە شوێن نەوت و گازی وەرگرتووە.

دەستپێکی ڕووسیا لە دەرهێنانی وزە لە سەهۆڵبەندانی باکور

لە کاتێکدا جیهان لە هەوڵی گەڕانەوە بۆ سروشت و بۆ بەرهەمهێنانی وزەی سەوزە، ڕووسیا کەشتی کرۆژەری ئەتۆمی، کە ویستگەی ئەتۆمی بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبای بۆ دابین کراوە، بۆ کرۆژتنی چینە ئەستوورەکانی سەهۆڵ، بەرەو سەهۆڵبەندانی باکور دەخاتەڕێ.

(ئوڕاڵ) ناوی یەکێك لەو کەشتییە کرۆژەرەیەی ڕووسیایە کە بۆ گەڕان بەدوای دۆزینەوەی وزە و دەرهێنانی کەرەستەی خاو لە سەهۆڵبەندانی باکور، بە تەکنەلۆژیایەکی نوێ و بەیاوەری پسپۆری تایبەت، هەناردەی ئەو کیشوەرە کراوە. ئەم کەشتیە بە وزەی ئەتۆمی کار دەکات و بڕی ٣٥٠ میگا وات لە وزەی کارەبا بەرهەم دەهێنێ، کەشتی ئۆڕال توانای کرۆژتن وردوخاشکردنی چینە ئەستورەکانی بەفری ئەو بەستەڵەکەی هەیە.

لە کاتێکدا کە شارەزا و پسپۆرەکانی بواری کەشوهەوا، جیۆلۆژی، جوگرافی، ژینگە، زانستی جیۆفیزیك، سەرجەم سەنتەر و ناوەندی لێکۆڵینەوە زانستیەکان، هەموو سەرقاڵی توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی دەرئەنجامەکانن بۆ دنەپێدانانی حکومەت و دەسەڵاتدارەکان، بۆ کەمتر بەکارهێنانی وزەی تەقلیدی و ڕووکردنە وزەی سەوز؛ کەچی ڕووسیا وەکو براوەی ئەم (گۆڕانی کەشوهەوا)یە، بۆ دەرهێنانی نەوت و گاز خۆی نمایش دەکات. خستنەڕێی کەشتی کرۆژەری ئەتۆمی و کردنەوەی ڕێگای سەهۆڵبەندانی باکور، چ بەرەو ئەوروپا ، چ بەرەو ئاسیا، ڕێگای هاتووچۆی زۆر لە وڵاتەکانی ئاسیا بەرەو ئەوروپا کورت کردووەتەوە، لە ڕابردوودا ڕێگای ئەوروپا بەرەو ناوچەکانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا زیاتر لە بیستو هەشت هەزار کیلۆمەتر بوو، پاش کردنەوەی کەناڵی سوێس لە ساڵی ١٨٦٩ ئەم ڕێگایە لە دەریای ناوەڕاستەوە بەرەو دەریای سوور، مەوداکەی بۆ بیستو یەك هەزار کیلۆمەتر کورتتر کردەوە، لە ئێستادا بەهۆی توانەوەی بەستەڵەکی باکور و توانای کەشتیەکان بۆ پەڕینەوە، لە ئەوروپاوە بەرەو تۆکیۆ تەنها سێزدە هەزار کیلۆمەتر دەخایەنێت[[6]].

ئەم کەشتییە ڕێخۆشکەرە، دەتوانێ گازی شل لە ویستگەکانی بەرهەمهێنانەوە و لە سەرچاوەکانی گازی سەهۆڵبەندانی باکورەوە بەرەو ئەو ناوچانە بگوازێتەوە کە ناتوانرێ هێڵی لوولەی ئاسایی بۆ گوازتنەوەی تێدا بنیات بنرێ. لە ئێستادا، گاز بازاڕێکی باشتری لە نەوت هەیە، یەکێك لە هۆکارەکانی ئەوەیە، کە سوتاندنی گاز لە سوتاندنی خەڵوز و نەوت کەمتر دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی وەکو پاشماوە هەیە.

لە ئەمڕۆدا، تەکنەلۆژیا و شێوازی تەکنیکی نوێ، ئاسانکاریی زۆری بۆ بواری پیشەسازی وزە کردووە، بەردەستبوونی ئەم تەکنەلۆژیایە، شۆڕشێکی نوێی لەبەردەوامیدان بە کێبڕکێی وڵاتە زلهێزەکان هێناوەتە کایەوە، لەو بارودۆخە سەختەی ئەو سەهۆڵبەندانەدا، ڕووسیا ماوەی دوو ساڵە لە کەنارەکانی خۆیدا گاز بەرهەم دەهێنێت و بەرەو ئەوروپا و ئاسیای دەگوازێتەوە؛ چین یەکێکە لە کڕیارە سەرەکیەکانی گازی ڕوسیا؛ ئەویش بۆ جێگرتنەوەی خەڵوزی بەرد و کەم کردنەوەی ڕێژەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە هەوادا، لێرەدا کەشتییە گەورەکان، بە پشتیوانی تەکنەلۆژیای نوێ و شێوازی داهێنانی نوێ، ڕۆڵی سەرەکی دەبینین لە هاتوچۆ و گوازتنەوەدا، ئەم سەهۆڵبەندانە بووەتە دووەم (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) لە بوونی کەرەستەی خاو و بەتایبەت وزە، بۆ ڕووسیا بەتایبەت بووەتە شەپۆلێك لە گەشە و بوژانەوەی ئابووری، بوژانەوەی هێزی دەریایی و سەربازییش لەو هەنگاوانەن، کە بۆ زیاتر چەسپاندنی پێگەی نێودەوڵەتی خۆی لەو سەهۆڵبەندانەدا، پێشڕەویی تێدا دەکات.

دابینکردنی ئاسایشی نەتەوەیی، ئامانجی زۆربەی وڵاتە پیشەسازیەکانە، ئەویش بە دابینکردنی وزە دەکرێ. ڕووسیا، ئەمریکا، کەنەدا هەموو بە هێزی سەربازی و تەکنیکەوە لەو جەمسەرەدا نمایشی خۆیان دەکەن، یاسا نێودەوڵەتیەکانی کەنار دەریا قۆرخ دەکەن، هەر خۆیان دەبنە ڕکابەری یەکتر و لەودیوی پەردەشەوە، بۆ بەرژەوەندی خۆیان، جارجار هاوپەیمان و هاوکارن.

 ئابووری دەسەڵاتە و شادەماری ئابووریش لە مرۆڤایەتی بێ بەشە، بۆیە لەژێر سایەی وزەدا دیموکراتی دەکوژێتەوە.

پەرواێزەکان

[1] Gerd Braune, Die Arktis: Porträt einer Weltregion, Chr. Links Verlag GmbH, 2016,   S. 23

[2] Bartsch, Klimawandel und Sicherheit in der Arktis: Hintergründe, Perspektiven, Strategien, Springer, Belefeld, 2015, S. 100

[3]  Volker Quaschning, Erneuerbare Energien und Klimaschutz, Carl Hanser Verlag, München, 2018, S46

[4]   https://www.handelsblatt.com/politik/international/us-studie-unter-der-arktis-lagern-90-milliarden-barrel-oel/2994290.html?ticket=ST-7957738-53mg9MOeW2jPqfXzqybd-ap6

[5] Gerd Braune, Die Arktis: Porträt einer Weltregion, Chr. Links Verlag GmbH, 2016,   S.160

[6] https://www.spiegel.de/wissenschaft/natur/nordostpassage-die-8000-kilometer-abkuerzung-a-1240085.html

سەرچاوەکان

  1. Gerd Braune, Die Arktis: Porträt einer Weltregion, Chr. Links Verlag GmbH, 2016, S. 23
  2. Bartsch, Klimawandel und Sicherheit in der Arktis: Hintergründe, Perspektiven, Strategien, Springer, Belefeld, 2015, S. 100
  3. Volker Quaschning, Erneuerbare Energien und Klimaschutz, Carl Hanser Verlag, München, 2018, S .46
  4. https://www.handelsblatt.com/politik/international/us-studie-unter-der-arktis-lagern-90-milliarden-barrel-oel/2994290.html?ticket=ST-7957738-53mg9MOeW2jPqfXzqybd-ap6
  5.   Gerd Braune, Die Arktis: Porträt einer Weltregion, Chr. Links Verlag GmbH, 2016, S.160
  6. https://www.spiegel.de/wissenschaft/natur/nordostpassage-die-8000-kilometer-abkuerzung-a-1240085.html




د. مەدیحە سۆفی
پسپۆر له‌ بواری وزه‌ و كه‌می ئاو له‌ جیهاندا
هاوسەرۆکی رێکخراوی سەوزی ئەروپی-کوردی

Check Also

ژنکوژەکانی کۆمەڵگەی کوردی تەنیا نیین…!

پێشڕەو عەبدوڵا لە پەراوێزی مەرگی ماریادا دیاردەی ژنکوشتن لەکۆمەڵگەی ئێمەدا حاڵەت نییە، بەڵکو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .