“ئیسلام پێویستی بە شۆڕشێكی سێكسیە”

سەیران ئاتێش

شوان ئەحمەد

“ئیسلام پێویستی بەشۆڕشێكی سێكسیە”، كتێبەكە لە نووسینی نوسەری ئەڵمانی زمان سەیران ئاتێشە. سەیران لەو كوردانەی کوردستانی باکورە كە بنەماڵەكەیان بەمەبەستی كارو باشتركردنی ژیانیان لەشەستەكانی سەدەی ڕابردودا ڕوویان لە ئەوروپا كردووەو لە شاری بەرلین گیرساونەتەوە.

سەیران ئاتێش یان سەیران ئاگر، (ئاتێش بەمانای ئاگر دێت)، لەتەمەنی شەش ساڵیدا دەچێتە ئەڵمانیا. منداڵییەكی بەدبەختانە دەگوزەرێنێ‌، چونكە هەر كە فام دەكاتەوە، ناچار دەكرێت ڕۆڵی مێینەیەكی تەقلیدی بگێڕێ‌ ‌و خزمەتی براكانی و دایكی و باوكی بكات و هەرگیز ڕێی پێنەدراوە، بەتەنها لەماڵ بچێتەدەر.

گەر لەوەشدا سەرپێچی بكردایە، ئەوا ڕووبەڕوی سزاو لێدان و قسە پێوتن دەبووەوە. هەر ئەمە وای لێدەكات لەو قۆناغی منداڵییەوە، لەو هۆكارانە بگەڕێت كە وادەكەن (ژنان و كچان) لەنێو خێزانە موحافیزكارەكانی وەك ئەواندا، وەك مرۆڤێكی كەمترو خوارتر لەكوڕان و پیاوان سەیر بكرێن.

ساڵی 2003 لە كتێبی یەكەمیدا رحلة كبیرة الی النار“، بەدوورو درێژی باس لەو قۆناغە تاڵ و تاقەت پڕوكێنەی ناو خانەوادەكەی دەكات.

ئەڵبەت ئەو خانمە مل نادات و لەو فەزایە یاخی دەبێت. لە زانكۆ یاسا دەخوێنێت، بۆئەوەی بەرگری لە ژنانی چەوساوەو بەش مەینەت بكات. نوسینی كتێبی ”جیهانی ئیسلام پێویستی بەشۆڕشی سێكسیە”، هەر دەچێتە ئەو چوارچێوەیەو لەوێدا ئەوە ڕووندەكاتەوە كە بڕیاری ئۆتۆنۆم و خۆبەخۆی كچان و ژنان لە ژیانی سێكسیاندا چ گرنگییەكی هەیەو پێیوایە، ئەوە یەكێكە لەو هۆكارە سەرەكیانەی دەبنە مایەی ئەوەی، پەرە بە كەسایەتی ژن بدات و لە هەموو كایە جیاجیاكانی ژیاندا، دەسكراوەی بكات و هەست بەبوونی خۆی بكات.

یەكێك لەو شتانەی جەختی لێدەكاتەوە ئەوەیە كە دەبێت بە دەنگی بەرزو بەچڕو پڕی، باس لە چەمكی سێكس بكرێت لای ژنان لە وڵاتانی ئیسلامیدا. ئەو دەڵێت “كە منداڵ بووم بەدڵێكی كەیل و لەفەزایەكی پڕ لەبێدەنگی كوشندەدا، بەدوای وەڵامی زۆرێك لەو پرسیارانەدا دەگەڕام كە ڕۆحیان ماندوو كردبووم… دواتر زانیم ئەوە هەر دەردی من نییە، بەڵكو ملیۆنەها كچی موسڵمانی تر، لەسایەی مۆراڵێكی سەختگیرانەی جنسیدا پێوەی گرفتارن.”.

ئەو كچ و ژنە موسڵمانانەی لە وڵاتێكی وەك ئەڵمانیادا دەژین، پەروەردەیەكی سەركوتكەرانە دەكرێن و زۆرێكیشیان لەسەرەتای تەمەنیاندا هەست بە ئازارێكی زۆر دەكەن، چونكە تێناگەن بۆچی باوانیان بەو جۆرە لەگەڵیان دەجوڵێنەوە.

هەرپرسیارێكیش بكەن، وەڵامەكانی هەریەك شتەو لەچەند وشەیەكی وەك (ناكرێ‌ و نابێ‌ و حەرامەو شورەییەو ئێمە تورك و موسڵمانین و داب و نەریتمان ئاوایە، كوتایی دێت).

هەر لەو كتێبەیدا باس لەو فشارە گەورەیە دەكات كە كچان لەمنداڵییەوە، ڕووبەڕووی دەبنەوەو، وەك بونەوەرێك مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت كە پێویستە هەمیشە داپۆشراوبن و سەر بەدەر نەبن. لەو بارەیەوە دەڵێت “هەر لەمنداڵیمەوە سەرنجی ئەوەم دابوو، لەبەینی ڕانەكانماندا زۆنێك هەیە، بەبۆچونی هەندێ‌ک کەس پێویستە هەر نەبوایە… كەچی بۆ كوڕان وانەبوو؛ بۆ ئەوان عەیب نەبوو ئەندامی جنسیان هەبێت.”. لێرەوە داوا دەكات لە كۆمەڵگەدا، دیموكراسی لەنێوان هەردوو ڕەگەزەكەدا هەبێ‌ و بەیەك چاو سەیر بكرێن.

سەیران ‘ئاگر’ كاتێك باسی پێویستی شۆڕشی سێكسی لە جیهانی ئیسلامیدا دەكات، دەڵێت “ئەو شۆڕشە لە ئێستادا هەیەو دەستی پێكردووە، بەشێوەیەكی پەنهان و نهێنی و تاكە تاكە. گرنگ ئەوەیە ئەم شۆڕشە ببێتە حاڵەتێكی ئاشكرا، چونكە بەپەنهان مانەوەی دووفاقێتی ئەخلاقی دروست دەكات.”.

بەبڕوای ئەو جیهانی ئیسلامی پێویستی بەشۆڕشێكی سێكسی هەیە، بۆئەوەی بە كۆمەڵگە كراوەو پێشكەوتووەكان ڕابگات. جیهانی ئیسلامی گەر عەوداڵی دیموكراتیزەكردنی كۆمەڵگەیە بەفیعلی، سەرەتا دەبێت دان بەیەكسانی ژن و پیاودا بنێت. یەكسانبوونیش مانای وایە، ژنان و كچان بتوانن بڕیار لەژیانی جنسی خۆیان بدەن و جەستەیان موڵكی خۆیان بێت.

ئەم قسانەی سەیران ‘ئاگر’ سەرپێ‌ خستنی پرۆژەیەكە بۆ گۆڕینی ئەو كۆمەڵگایانەی، بەناوی دینەوە مرۆڤ كۆت دەكەن و بەناوی شەرەف و حەیاو حورمەتەوە، ژیان دەكەنە دۆزەخ.

دواجار ئەو خانمە كتێبەكەی پێشكەش دەكات بەهەموو ئەو كچانەی گیانیان بەخشی، تەنها لەبەرئەوەی دەیانویست بە ئازادی و خواستی خۆیان بژین.

لەسەرو بەندی دەرچونی كتێبی ”ئیسلام پێویستی بەشۆڕشێكی سێكسیە”، زۆرێك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنی ئەڵمانیا دیدارو چاوپێكەوتنیان لەگەڵ نوسەرەكەیدا سازكرد، وەك (دۆچەڤیلەو شبیگڵ و… هتد). ئەوەی دەیخوێنیتەوە ئەو دیدارەیە كە (شبیگڵ) لەگەڵ سەیران ئاتێشدا سازی كردووەو باسی تەوەرە سەرەكیەكانی كتێبەكەی و ماجەرای ژیانی خۆی دەكات.

***

دەقی گفتوگۆكە

*لەو كتێبەتدا كەهەڵڵای ناوەتەوە، داوای شوڕشی سێكسی دەكەیت لە جیهانی ئیسلامیدا؟

-ئێوە نازانن شۆڕشێكی وا چەند گرنگە.

*باشە، بەڵام ڕێك و ڕاست مەبەستت لە شۆڕشی سێكسی چییە؟

-ئەو زاراوەیەم بەپشتبەستن بە (ولیەم ڕایش) و كتێبەكەی “دەربارەی شۆڕشی سێكسی”، بەكارهێناوە. پێموایە پێویستە لەسەر جیهانی ئیسلامی، وەها مامەڵە لەگەڵ دەرەنجامەكانی مۆراڵی سەختگیری سێكسیدا بكات كە لەكاتی خۆیدا، یەكیەتی سۆڤیەت كردی و ولیەم ڕایشیش ئەوەی لە كتێبەكەیدا باسكردووە.

دەبێت جیهانی ئیسلامی ڕێگەی گۆڕان بگرێتەبەر، بەتەواوەتی وەك هەر سستمێكی تۆتالیتار کە بیەوێت بەرەو سستمێکی دیموكراسی بگۆڕێت. ئەوەش پێویستی بەوەیە، وەها سەیری پەیوەندی جنسی بكرێت كە پرۆسەیەكەو هەركەسەو خۆی بڕیاری لێ دەدات. واتە دەبێت هەرچی دام و دەزگای پۆلیسی ئاكاری یاخود پۆلیسی ئایینی هەیە، نەمێنێت.

كاری نەكردەیە كۆمەڵگا ئەو كەسانە سزا بدات یان تەریكیان بكات كە بەر لەهاوسەرگیری، سێكس دەكەن. پێویستە باوكان و دایكان وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە كە چی دەكەن گەر ڕێیان بەكچە شانزە ساڵانەكەیان نەدا هاوڕێیەكی كوڕی هەبێت، ئەمە لە كاتێكدا كوڕەكانیان خۆیان بەوەوە هەڵدەكێشن كە چەندین هاوڕێی كچیان هەیە.

دەبێت پەروەردەی سێكسی ببێتە بەشێك لە پرۆگرامی خوێندن و نابێت دایك و باوك ناچار بكرێن ئەو جۆرە پەروەردەیەیان بۆ دەستەبەر بكەن، بەڵام پێویستە لەسەریان هەر كاتێك قوتابخانە ئەو پەروەردەكردنەی بۆ ڕەخساندن، دایكان و باوكانیش پەسەندی بكەن.

هەروەها پێیستە لەسەر ئەو كوڕ و كچە گەنجانەی لەجیهانی ئیسلامیدا دەژین، بەویستی خۆیان سێكس ئەزمون بكەن و متمانەی زیاتریان بەخۆیان هەبێت.

*شتێكی وا بەدی دەكەیت، نیشانەی ئەوەبێت كە كاتی ئەم جۆرە گۆڕانكاریە هاتووە؟

-زۆرێك لەگەنجان بەرلەوەی هاوسەرگیری بكەن، سێكس دەكەن و تەنانەت زۆربەیان بڕوایان بە دامەزراوەی خێزان نییە. هێندە بەسە بیر لەو كوڕو كچە گەنجانە بكەینەوە. ئەوانە لەگەڵ خۆیاندا ڕاستگۆن و حەزو ئارەزویەكی گەورەیان بۆ ژیان هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بێئەندازە كۆت و بەندكراون.

خەڵكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەموو شاعیرن. لەبەیانی خوا ڕۆژ دەكاتەوە تائێوارە شیعر دەنووسن، بەڵام بابەتی شیعرەكانیش چییە؟ حەز و ئارەزووە.

مێردمنداڵێك لە شەقامەكاندا ئەوە پیشەیەتی، هەروەها كرێكار و خوێندكارێكی زانكۆش. هەر هەموویان شیعر دەربارەی هەمان بابەت دەنووسن. لەبارەی ئەو بابەتەوە دەنووسن كە لەهەر شتێكی تر زیاتر، سەركوت دەكرێت و سانسۆری لەسەرە.

*تۆ باس لە خەڵكی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەكەیت، بەڵام موسڵمانان لە هەموو جێگایەكی دنیادا هەن. گەورەترین دەوڵەتی ئیسلامی لەدنیادا ئەندۆنیسیایە كە وڵاتێكی ئاساییە. لەڕاستیدا قورسە وەك گشت و گروپێكی یەكگرتوو، قسە لە موسڵمانان بكەین؟

-من لەو بڕوایەدام ئەوە دەکرێت. پەیوەندیەکی کولتووری زۆر بەهێز لە نێوان موسڵمانانی جیهاندا هەیە، ئەویش پەیوەندی ئایینە. من پێموایە ئیسلام ئایینێكی جوانە، وەلێ‌ لێكدانەوەی كولتووری بۆ ئیسلام بۆتە مایەی سەركوتكردنی جنسی.

تاماوەیەك پێش ئێستا، بارودۆخەكە لە خۆرئاواش زۆر جیاواز نەبوو. بەڵام من نامەوێت بڕیاری هەڕەمەكی بدەم، وەها سەودا لەگەڵ ئەڵمان و موسڵماناندا بكەم، وەك ئەوەی هەموو وەك یەك بن.

*هاوكات زەحمەتە حوكم بەسەر گروپێكیشدا بدەین كە بەو ڕادەیە یەكگرتوو نین، وەك ئەوەی خەڵك و خوا مەزەندەی دەكەن. لەم ماوەی دوایدا تیلۆ سارازین (ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بانكی ناوەندی ئەڵمانیا)، ڕووبەڕووی ڕەخنەگەلێكی توندبووەوە. لەبەر ئەوەی ڕێك و ڕاست، بێزاریی خۆی لەدەست موسڵمانانی ئەڵمانیا دەربڕی (بەتایبەت لە بەرلین). ئایا ڕەخنەكانی لەجێی خۆیدا بوو؟

-من پێموایە سەرنج و ڕەخنەكانی بەڕێز سارازین ڕاست و ڕەوان بوون. لە كۆمەڵگەكەماندا كە كۆمەڵگەیەكی فرە كولتوورە، كێشەی جدیمان هەیەو بەڕێز سارازینیش یەكەم كەس نییە باسی لەو بابەتە كردبێت.

*تۆ دەتەوێت بڵێیت سارازین زۆر لەسەر هەقە؟

-نا مەسەلەكە بەو سادەییە نییە. بەڕێز سارازین ئەڵمانیەو سەروەختێكیش كارەكتەرێكی بڵندپایەی ئەڵمانی ئاماژە بۆ توركەكان دەكات كە هیچ كارێكی بەرهەمهێن ناكەن، ئەو قسانەی ڕەنگە لێكدانەوەی زۆر خراپی بۆ بكرێت.

من توركی ئاسایی دەناسم هەمان ئەو شتە دەڵێن، بەڵام ئەوە بۆ ئەوان ڕێ‌ پێدراوە. لە بەرامبەردا ڕێگە پێدراونییە بەڕێز سارازین بەئاشكرا ئەوە بڵێت. سەرەڕای ئەوەی بەشەكانی دیكەی وتارەكەی باش بوون. هاوکات ڕەنگە ئەوانەی بەتوندی ڕەخنە لەوتارەكەش دەگرن، نەیانخوێندبێتەوە. بەڵام پێویستە لەسەرمان (ئێمەی موسڵمان)، دەست پێشخەربین بۆ تاوتوێكردن و قسەكردن لەسەر ئەو بابەتانە، چونكە پەیوەندی بەخۆمانەوە هەیە.

*زۆر چاكە، باسی ئەزمونی خۆتمان بۆ بكە. وامەزەندەی دەكەیت كە تۆ كچێكی نمونەیی بووبیت و لە بەرلین لەگەڵ كەس و كارتدا ژیاویت و ڕێگەی ئەوەت پێنەدراوە ئەڤینداری بكەیت؟

-سێكس لەو بابەتانە نەبوو، خانەوادەكەم قسەی لەبارەوە بكات. ماڵەوەمان ڕێوشوێنی ئەوەیان گرتبووە بەر، تابۆیان دەكرێت نەهێڵن هەڵسوكەوت لەگەڵ كوڕاندا بكەم. ئاساییە كە بۆم نەبوو هاوڕێی كوڕ (بۆی فرێند)م هەبێت.

ئەڵبەت هەموو ئەو شتانە بەئاشكرا نەدەوتران. واتە ڕۆژێك لەڕۆژان كەس و كارم دانەنیشتون تاپێم بڵێن “تۆی ئازیز، تۆی كچ، لەبەر ئەم هۆیە ناتوانیت بۆی فرێندت هەبێت، چونكە ئێمە نامانەوێت بەر لەهاوسەرگیری، سێكس لەگەڵ پیاودا بكەیت…”، یاخود پێم بڵێن ”كچە ئازیزەكەم، تۆ پەردەی كچێنیت هەیەو پێویستە لەسەرت، تاشودەكەیت بیپارێزیت.”.

سستمەكە بەجۆرێك داڕێژراوە، هەركەسەو ئەو ڕێنوماییانەی پێدەدرێت – كە پێویستە چی بكات و چی نەكات -. بەزمان پێی ناوترێت، بەڵكو دەبێت خۆی حاڵی بێت و تێبگات.

*باشە بۆچی پەردەی كچێنی ئەوەندە گرنگە؟

-چونكە ئەوە بۆخۆی سەرمایەیەكە، سەرمایەیەك لە نێوان ڕانەكانمدا.

*ماڵی موسڵمان چۆن دەتوانن – بەو جۆرەی تۆ باسی دەكەیت -، ویست و ئیرادەی خۆیان بەسەر منداڵەكانیاندا بسەپێنن. زۆرێك لە خانەوادەكانی ئەڵمان تەنانەت ناتوانن منداڵەكانیان ڕازی بكەن بەوەی، قاپ و دەوریەكانی خۆیان لەسەر مێزی نانخواردنەكەوە، بەرن بۆ لای غەسالەی قاپ شۆرینەكە؟

-ئاخر باوكانی ئەڵمانی بیریان چۆتەوە كە دەتوانن پشت بە خۆشەویستی فرزەندەكانیان ببەستن. منداڵان باوك و دایكیان خۆش دەوێت. لەوكاتەوەی دێنە دنیاو چاو دەكەنەوە، لە سستمێكدا پەروەردە دەبن، حەز دەكەن خۆشەویستیان پێببەخشرێ‌ و دانیان پێدابنرێ،‌ پەسەندبكرێن. زۆرێك لەو ئەڵەمانانەی بەڕەچەڵەك توركن، خۆیان لە دنیای چواردەوریان دادەبڕن. ئەوەش بۆخۆی هەستكردنیان بەبوونی ئینتیما بۆ گروپ تێدا دروست دەكات.

*بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تۆ باس لە دنیایەك دەكەیت كە لەناوخۆیداو لەچەندین ڕووەوە، پەرت و دابەش بووە. دەشڵێیت پێوەدانگی دژ بەیەك و دوفاقێتی لەنێوان ڕوكار و ژیانی ناوخۆیدا هەیە؟

-بەڵێ‌، من بەو جۆرە مەسەلەكان دەبینم. لەكاتی ئامادەكردنی كتێبەكەمدا چەندین دیدار و گفتوگۆم ئەنجامدا. زۆرێك لەو كوڕ و كچانەی قسەم لەگەڵدا كردن، دادو بێدایان بوو لەدەست ئەوەی كە ناتوانن (بەدواوە نەبێت) سێكس بكەن، بەهۆی پەردەی كچێنیەوە.

 كەس و كار غایلەی شتێكی وادەكەن و تەنانەت هەندێكیشیان بەوە دەزانن، كەچی لەگەڵ ئەوەشدا ئەو داواكاریە نابەجێیانە لە منداڵەكانیان دەكەن. دەی ئەگەر ئەوە دوفاقێتی نەبێت، چییە؟

*لەفیلمی (لەسەر دیوار)ی دەرهێنەری ئەڵمانی – توركی، (فاتیح ئەكین)دا، دیمەنێكی تێدایە دوو پیاوی توركی بەدەم تاوڵەكردنەوە، خەریكی قەسەكردنن. یەكێكیان دەڵێت: (ئەرێ‌ نەچین بۆ ماڵی لەشفرۆشەكان)، ئەوی دیكەشیان دەڵێت: (بۆ ژنت نییە تائامبازی بیت؟).

لەوێدا كابرای یەكەم بەرز دەبێتەوەو بوتڵێکی شوشە دەشكێنێ‌ و لە گەردنی كابرای دیكەی گیر دەكات و بەهەڕەشەوە پێیدەڵێت: (خوا لەگیانت جارێكی تر باس لەگان و ئامبازبوون بكەیت، كاتێك قسە بێتە سەر ژنی خۆمان). تۆ لەو باوەڕەدایت ئەو دیمەنە واقعی بێت؟

-بەڵێ‌. پیاوان لە چاخانەكاندا باس لەسەر كێشە سۆزداریەكانی خۆیان دەكەن، بەڵام بەهیچ كلۆجێك باسی ژیانی سێكسی خۆیان لەگەڵ ژنەكانیاندا ناكەن. ژن پیرۆزە! كەسانێك هەن هاوسەرگیرییان كردووەو دەڵێن “لەچوارچێوەی خێزاندا ژیانی سێكسیمان بەگشتی، بۆتە پرۆسەیەكی ڕۆتینی و هیچ كەف و كوڵ و گەرم و گوڕیەكی تێدا نییە.”.

*بۆچی پێتوایە ئەم دۆخە زۆر جیاوازترە لە هاوسەرگیری ناو كولتوورەكانی دیكە؟

-نا دۆخەكە لەكولتوورەكانی دیكەدا جیاوازتر نییە، بەڵام ئەوەی باسیدەكەم تەواو جیاوازە كاتێك مەسەلەكە پەیوەندی بە موسڵمانانەوە دەبێت. زۆربەی زۆری موسڵمانان لە ژیانی هاوسەریدا، گرنگییەكی ئەوتۆ بە سێكس نادەن و بیری لێ ناكەنەوە. بەڵام بەو دیویشدا بەلایانەوە ئاساییەو بە مافی پیاوانی دەزانن، لەشوێنی لەشفرۆشاندا بەدوای چێژ و لەزەتدا بگەڕێن.

*دەی خۆ پیاوانی ئەڵمانیش بەهەمان شێوە، ڕوو لەشوێنی لەشفرۆشان دەكەن؟

-ئەوە ڕاستە، بەڵام ئەو توركانەی ئامشۆو ڕۆتی ماڵی لەشفرۆشان دەكەن، ڕاستەوخۆ لەگەڵ ژنەكانیاندا ئەو مەسەلەیە باس ناكەن. هەرچەند زۆرجار ژنە دەزانێت مێردەكەی ڕوو لەو جێگایانە دەكات. مێردەش پێیوایە ژنە دەبێت بەو وەزعە ڕازی بێت.

*ئەو حەز و ئارەزووە زۆرەی تۆ باسی دەكەیت گەر هێندە بەهێزە، بۆچی بەسەر ئاییندا زاڵ نابێت؟

-ئاخر لە جیهانی ئیسلامیدا، هێزە كۆنسێرڤاتیزمەكان دەسەڵاتێكی سیاسی ئێجگار گەورەیان لەدەستدایە. دەسەڵات و كۆنترۆڵی نیوەی دانیشتوانی بەدەستە (واتە ژنان). بۆ ڕاگرتنی ئەو دۆخەش، ترس بڵاودەكاتەوەو توندوتیژی بەگەڕ دەخات.

گۆڕینی سێكس بۆ تابۆیەك لەلایەن ئەو دەسەڵاتەوە، بواری ئەوەی بۆ دەڕەخسێنێ‌ تاخۆی پێ لە خۆرئاوا جیابكاتەوە. ئەو خۆرئاواییەی بە دڕندەی دەزانن و بەبۆچونی ئەوان بەرپرسیارە لە هەموو كێشەكانی دنیا.

ئەوانە دەڵێن ئایینەكەمان لەدەسەڵاتی خۆرئاوا دەمانپارێزێت. ئێمە لەوان چاكترین و ئێمەش ئسوڵین. ئەم جۆرە بیركردنەوەیە، ناهێڵیت كەم و كوڕیەكانمان ببینین و كێشەكانمان دیاری بكەین.

*ئایا خۆرئاوا مودێلێكی پێرفێكتە(کامڵە) بۆ شۆڕشی سێكسی؟

-من تەنها دەمەوێت ڕێگایەكی سروشتی بەرەو ئازادی و سەرفرازی، پێشنیاز بكەم. هەموو كەس حەز دەكات ئازاد بێت، ئەوە شتێك نییە خۆرئاوا دایهێنابێت.

*ئەی چۆن دەڕوانیتە مامەڵەكردن لەگەڵ فیلمە سێكسییەكان و توندوتیژی لە خۆرئاوا؟

-لە خۆرئاوا گەیشتوینەتە ئاستێك، ژیانی سێكسی هەركەسەو خۆی دیاری دەكات و هیوادارم ئەوەش، لەتەواوی دنیادا بێتەدی. ئەڵبەت دیاردەی پەڕگیر لەو شتانەدا هەیە كە باست كردن: (فیلمی سێكی لەگەڵ مێرد منداڵان و لەشفرۆشی بەرامبەر بڕێك پارەو پەیوەندی سێكسی كە لە تەمەنێكی زۆر بچوكدا ڕوودەدات و خاڵییە لە سۆزو ئەوینداری).

من پێم وانییە هەموو شت لە خۆرئاوادا پێرفێكت بێت و بڕوام وایە ئێمەی موسڵمانان دەكرێت، ڕابمێنین لەوەی لە خۆرئاوادا ڕودەدات و لەخۆمان بپرسین، ئایا چی بەشێوەیەكی ئەرێنی گەشەی كردووەو چی بە نەرێنی چۆتە پێش و هۆكارەكان چین.

*تۆ وای دەبینی كە زۆرێك لەمنداڵانی موسڵمان، لەبەرئەوەی زاتی ئەوە ناكەن بەگژ دەسەڵاتی كەس و كاریاندا بچنەوە، ئەوە هەندێ‌ جار وایان لێدەكات بەجۆرێك سەیری مامۆستا ژنەكانیان بكەن، وەك ئەوەی كەسانی بێڕەوشت و بێ‌ مۆراڵ بن؟

-لە خێزانی موسڵماناندا بڕێكی زۆر لە فیز و لوتبەرزی هەیەو بڕێكی كەمیش ڕێز و خۆشەویستی و سۆز و بایەخدان بە منداڵان دەدرێت. بۆیە هەر دەبێت منداڵان توڕەیی خۆیان لە خاڵێكدا بەتاڵ بكەنەوە.

*پێغەمبەری ئیسلام (محەمەد) زیاد لە دە ژنی هەبووە… ئایا ژیانی ئەو بۆتە نمونەیەك بۆ موسڵمانان؟

-سەروەختێك پیاوێكی عەرەب پاساو بۆ فرەژنی دێنێتەوە، ئەوا دەڵێت محەمەد چەندین ژنی هەبووە.

*پیاوانی مەسیحی بەهانەیەكی لەو جۆرە شك نابەن؟

-نەخێر، بەڵام جێی داخە كە مەسیحیەكان پیاوێك دەپەرستن، لە سێكس داماڵراوە. لەو ڕووەوە موسڵمانان لە دۆخێكی باشتردان، بەڵام پێویستی پیاو بەوەی چەند ژنێكی هەبێت، (وەك ئەوەی محەمەد حەڵاڵی كردووە)، وایكرد ماكێكی سێكسی پەنهان و زیادەڕۆ بە ئیسلامەوە بلكێت.

*تۆ داوای شۆڕش دەكەیت، بەڵام ئاخۆ شۆڕشكردن ماوەیەكی دوورو درێژی ناوێت؟

-تۆ سەیری ڕاپەڕینی خوێندكاران بكە لێرە لە ئەڵمانیا. شتێك ڕویداو لەپڕێكدا گەنجان ڕژانە سەر شەقەماكان. دوای هەڵبژاردنەكانیش هەمان شتمان لە ئێراندا بینی و گەنجان ئامادەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین بوون. ئێمە لە ئێستادا دەرفەتی ئەوەمان هەیە بەهۆی تەواوی ئەو ئامرازە دیموكراسی و سیاسیانەی لەبەردەستماندایە، دۆخەكە تاوبدەین و تائەو پەڕی بەرین.

*بەڵام پرسێك هەیە كە ناتوانیت بیگۆڕیت و دەسكاری بكەیت، ئەویش ناهاوتایی نێوان خۆرئاواو بەشێكی جیهانی ئیسلامیە، لەڕووی بەرەوپێشچونی كولتووریەوە؟

-ئەمە ئەو كێشە گەورەیەیە كەڕووبەڕوومان دەبێتەوە، ئەویش قبوڵكردنی ئەو ناهاوتاییەیە لەڕووی ئایین و كولتوورەوە كەئاماژەت بۆ كرد. گەر لانیكەم بمانتوانیایە دان بە بوونی ئەو ناهاوتایی و ناهەوسەنگیەدا بنێین. بەم بۆنەیەوە، زانكۆكانی توركیا لەو ڕووەوە بەرەوپێشچون و بەرەو پێشچونەكەشیان بەجۆرێكە، لەسەرو ئاستی ئەو شتانەوەیە كە بەشداربوان لە تەوەری ئاوێتەبوون لە ئەڵمانیا خۆیدا باسی لێ دەكەن.

*چی لەو مشتومڕەی ئێستا لەئەڵمانیادا هەیە، ناڕەحەتت دەكات؟

-بەشێوەیەكی تایبەت لێرە لە ئەڵمانیا، دیدو بۆچونێكی زۆر كۆن و سواو لە ئارادایەو ئەوەش لە جموجۆڵ و چالاكی ئەو فێمێنیستە چەپڕەوانەدا دەبینیتەوە كە بەلۆژیكی خوشكە گەورە هەڵسوكەوت دەكەن. ئەوە ڕەنگدانەوەی هەستێكی خۆ بەزلزانینی زەق و زۆپە.

ئەوان سەركۆنەی كڵێسای كاتۆلیكی و مۆراڵە سێكسیە دۆگماكانیان دەكەن، كەچی سوورن لەسەر ئەوەی دەبێت ئێمە لەگەڵ ئەو ژنە توركانەدا لێبوردەو دڵ گەورە بین كە حیجاب دەپۆشن، چونكە پێیانوایە ئەوە ڕێگە بەو ژنانە دەدات، دەست بەرداری كولتووری خۆیان نەبن و بیپارێزن. بەڵام من بۆخۆم پێموایە، باڵاپۆشی جگە لە گوزارشتكردن لە سەركوتكردن و ئامرازێكی چەپاندن و نیشاندانی ویستی پیاوان بۆ شاردنەوەی ژنەكانیان، شتێكی تر نییە.

*بڕوات بە خوا هەیە؟

-بڕوام پێیەتی.

*لە مانگی ڕەمەزاندا بەڕۆژوو بویت؟

-لە ڕەمەزاندا بەڕۆژوو نابم.

*لە ڕۆژێكدا، پێنچ جار نوێژ دەكەیت؟

-نوێژ دەكەم، بەڵام پێنچ جار لە ڕۆژێكدا نا.

*ئامشۆو ڕۆتی مزگەوت دەكەیت؟

-ناچمە مزگەوت، چونكە مزگەوتی وانییە بەدڵم بێت. یەكێك لە بیرۆكەكانی ئەم دواییانەم، درووستكردنی مزگەوتێكی ئازاد و پێشكەوتوخوازانەیە.

*وتارخوێن و پێش نوێژەكەشی ژن بێت؟

-بەڵێ‌ بەو جۆرە. پێش نوێژەكەی ژن بێت و پیاو و ژن هەمان مافی چون یەكیان هەبێت. پێویستە ئاستێك بۆ ئەو موسڵمانە كۆنسێرڤاتیڤانە دابنرێت كە دەیانەوێت، ئیسلام لەچوارچێوەی گروپێكی تایبەت و دیاریكراودا قەتیس بدەن. ئێمەی موسڵمانانی لیبراڵ، بەو جیاكاری و جیاوازیەی نێوان شیعەو سونەو عەلەوییەكان ڕازی نین. ئێمە دەمانەوێت هەموو پێكەوە لە لێكدانەوەو تاو و توێكردنێكی هاوچەرخانە بۆ ئیسلام، بەشدار بین.

*هەڵوێستی ئەو خوایەی باوەڕت پێیەتی، لە سێكس چییە؟

-ئەو خودایەی باوەڕم پێیەتی سەبارەت بە سێكس، ڕوون و ڕەوانە. چونكە ئەو منی دروستكردووە، وەك كەسێك هەست دەكات سێكس لە ژیانیدا گرنگە. ئەڵبەتە بڕوام بە هەبونی خودا، لە ئەزمونی تایبەتی خۆمەوە سەرچاوە دەگرێت.

سەروەختێك تەمەنم بیستو یەك ساڵان بوو (سێهەم ساڵی خوێندنم بوو لە كۆلێژی یاسا)، لە سەنتەرێكدا كە بەرچاو ڕوونی بەو ژنانە دەدا لە توركیاوە هاتبوون، تەقەم لێكراو بریندار بووم. خوێنێكی زۆرم لێ ڕۆیشت و هەستم كرد زیندوو نابمەوەو دەمرم.

وام هەست دەكرد لەوكاتانەدا قسە لەگەڵ دەسەڵاتێكی بەرزو باڵا دەكەم و ئەو دەسەڵاتەش، دەرفەتێكی داومەتێ‌ تابڕیار بدەم ئایا دەخوازم ئەم دنیایە جێبێڵم، یان تێیدا بمێنمەوە. هیچ كات وەك شتێكی نێگەتیڤ، سەیری ئایینم نەكردووە.

*لەگەڵ ئەوەشدا، زۆر دووركەوتویتەوە لە پەروەردەی سەرەتای منداڵیت. تۆ وات دانابوو ناونیشانی كتێبەكەت ئاوابێ‌: “كێم بوێت لەگەڵیدا ڕادەبوێرم”. ئایا دایك و باوكت ئاگاداری ئەمە بوون؟

-نەخێر، من دڵخۆشم كە خانەی چاپ و بڵاوكردنەوەكە هاتە سەر خەت بۆ گۆڕینی ئەو ناونیشانە، چونكە كتێبەكەم هەتا بڵێیت جدییە. دەستەواژەی (كێم بوێت سێكسی لەگەڵ دەكەم)، قسەی ئەو كچە توركەبوو كە لە بەرلین بە براكەی وت، بەرلەوەی بیكوژێت. بیرۆكەی ناونیشانەكەم لەوەوە بۆهات.

هەر بەو بۆنەیەوە، كەسوكارم زۆر گۆڕاون. ئەوان ئێستا ڕێز لە شێوازی ژیانی من دەگرن و تەنانەت پێیان قبوڵە كە من دایكم و شوشم نەكردووە. دایكم و باوكم كچەزاكەیان زۆر خۆش دەوێت. باوكم دەڵێت “بڕواناكەم هیچ پیاوێكی تورك لەگەڵتا هەڵبكات.”. ئەو دەزانێت من بەكوێ‌ گەیشتوم و چیم بەدەست هێناوە.

جارێكیان بە باوكمم وت “ئەزانی، لام وایە ناتوانم كوڕەكەم لای خۆم بهێڵمەوەو لەو لاشەوە پیاوێكم دەسكەوێت. ڕەنگە دواجار ناچاربم لەگەڵ ژنێكدا بژیم.”. وەڵامی دامەوەو وتی “منیش بیرم لەوە دەكردەوە.”.

*باوك و دایكت چۆن بەو ڕادەیە گۆڕان؟

-لەبەرئەوەی خۆشیاندەویستم و بەریان بەو كاریگەریانە نەدەگرت كە لە خۆرئاوا و لە جیهانی مۆدێرنەوە دەهاتن. دایكم و باوكم جوتیار بوون و بەحاڵ خوێندەوارییان هەبوو. هاتن بۆ ئەڵمانیا تا داهاتویەكی باشتر بۆ منداڵەكانیان مسۆگەر بكەن و بۆخاتری ئەوەی، بارودۆخی ئابورییان چاكتر بكەن. باوكم كاتێك تەمەنی گەیشتە پەنجا ساڵ، خۆی فێری خوێندنەوەو نوسین كرد.

ئێستا ئەوان گەڕاونەتەوە بۆ توركیاو لە ماڵێكدا دەژین، باخچەی تێدایەو بەسەر دەریادا دەڕوانێ‌. سیانزە كچەزاو كوڕەزایان هەیە. ئێمە پێنچ خوشك و براین و ڕێگەیان پێداوین، بەدڵی خۆمان بژین. ئەوان شانازی دەكەن بەوەی، هەریەك لە ئێمە خەریكی پیشەی خۆمانین. خەونی دایك و باوكم هاتەدی، چونكە ئەوان ئامادەیی ئەوەیان تێدابوو بگۆڕێن و بەرەوپێش بچن.

ناوی سەرچاوەکان بە ئەڵمانی:

Seyran Ateş, Der Islam braucht eine sexuelle Revolution

Seyran Ateş, Große Reise ins Feuer





شوان ئه‌حمه‌د

نووسه‌ر و لێكۆڵه‌ر

Check Also

ئەفسانەی ئازادیی

بەم زووانە حکومەتەکان و کۆمپانیاکان باشتر لەخۆت تۆ دەناسن. بڕوابوون بە ئایدیای “ویستی ئازاد” بووەتە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *