گفتوگۆ لە نێوان بەهرە حەمەڕەش و جوان عیزەت

گفتوگۆ لە نێوان بەهرە حەمەڕەش و جوان عیزەت


بەهرە حەمەڕەش: ئایا بزووتنه‌وه‌ فیمنیزمى له‌ كوردستان هه‌یه‌؟

جوان عزەت: من ناتوانم بڵێم بزووتنه‌وه‌ى فیمنیزمى له‌ كوردستان هه‌یه‌ یاخود نییه‌، چونكه‌ تا ئێستا من به‌ گومانم و له‌ قۆناغى گەڕان بەدوای ئه‌م وەڵامەدام، به‌ڵام ده‌توانم له‌ رووى بوون و نه‌بوونه‌وه‌ ئه‌گه‌رى بزووتنه‌وه‌كه‌ دیارى بكه‌م، بوونه‌كه‌ به‌و جۆرەیە ئه‌گه‌ر بزووتنه‌وه‌ى فیمنیزمى له‌ ئێستا دا هه‌بێت ده‌بێت ده‌ستپێكێكى تازه‌ بێت، چونكه‌ چه‌مكى فیمنیزم له‌ ئێستا دا  تا راده‌یه‌ك بووه‌تە ده‌ركه‌وته‌ى تێگه‌یشتنى زیاتر له‌ جاران به‌ تایبه‌تى له‌ رووى هه‌ندێك ژنى دیاركراو كاركردنێکی زیاتر له‌ جاران هه‌یه‌. نه‌بوونه‌كه‌ش به‌و جۆرەیە کە‌ ئه‌وانه‌ى كار له‌ سه‌ر دۆزى ژن له‌ ماوه‌ى ساڵه‌كانى رابردوو كردووه‌ به‌ رێژه‌یه‌كى دیار ژنان نه‌بوونه‌ ده‌نگى راسته‌قینه‌ى رزگارى ژن، چونكه‌ ناسینى دیزاینى فیمینیزمى، ژنان ته‌نها تواناى به‌ (پیشه‌) نه‌ك به‌ (یاخیبوونه‌وه‌) شۆڕ‌شى ژن وه‌ربگرن نەک له‌ رووى پراكتیكه‌وه‌ رۆڵى رێكخراوه‌كان بۆ پایه‌ى سیسته‌مى سیاسى و خزمه‌تكردنى سیسته‌مى سیاسى زیاتر له‌ خه‌باتى خودى ژنیان به‌كارهێنا. ئه‌ویش له‌ به‌ر زور كێشه‌ له‌ نێوان ژن و سیسته‌مى پیاوسالارى و نه‌بوونى ئازادییه‌كى مه‌عریفى ئه‌و بیركردنه‌وەیە‌ له‌ نێوان ژنه‌ به‌ ناو فیمینیسته‌كان و بزاڤى سیاسى به‌ بیركردنه‌وه‌ى نادیموكراسى و نا یاسایى و نا فه‌لسه‌فى ده‌ستى پێكرد، هه‌روه‌ها له‌و كاتەشدا ره‌نگه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى چه‌مكى فیمینیزم له‌ ناو كۆمه‌ڵگاى ئێمه‌ دا تازەیە، ژنان خۆشیان نه‌ بوونه‌ته‌وه‌ به‌شێك له‌ تێگه‌یشتنى فه‌لسه‌فه‌ى بزووتنه‌وه‌ى فیمنیزمى.

بۆیە كێشه‌ى بزووتنه‌وه‌ى فیمینیزمى له‌ سه‌ر هه‌موو ئاست و بوارى كۆمه‌ڵگە دا كێشه‌یه‌كى نادیار و ناروون بوو، به‌ تایبه‌تى له‌ كاتى شاردنه‌وه‌ى حه‌قیقه‌تى ژن. ئه‌مه‌ش وایکرد كه‌ ئه‌و مه‌عریفه‌ى فیمنیزمى له‌ وڵاتانى پێشكه‌وتوو دا پێشتر هه‌بووه‌، ئێستا بووەتە‌ ئه‌نجامى هاوكارى هوشیاركردنه‌وه‌ى ژن، به‌ڵام له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناویندا و‌ به‌ تایبه‌تى له‌ كوردستان، نه‌بووه‌تە ده‌رئه‌نجامى هوشیارى ژن و چاره‌سه‌كردنى دۆزى ژن، بۆیه‌ به‌ بۆچوونى من، فیمنیزمێكى ئه‌وه‌نده‌ قوڵ نه‌بووە بتوانێت ژن رزگار بكات، به‌ڵكو كێشه‌كانى لە چارەسەری زیاترە. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ژنان نه‌بوونه‌ پیشه‌نگى دروستبوونى سوپایه‌كى سه‌ربه‌ستى بۆ پێشخستنه‌وه‌ى ئازادى تاكى كورد و كۆمه‌ڵگەى كوردی.

بەهرە حەمەڕەش: ده‌كرێ بزووتنه‌وه‌ى فیمینزمى له‌ كۆمه‌ڵگایه‌ك پێشبكه‌وێ كه‌ ریفۆرمى سیاسى و ئاینى و كومه‌ڵایه‌تى نه‌كرابێت؟

جوان عزەت: نه‌خێر، هیچ جۆره‌ بزووتنه‌وه‌یه‌ك پێشناكه‌وێت ئه‌گه‌ر ریفۆرمى زۆرترین بوارى ژیانی تێدا نەکرابێت. به‌ تایبه‌تى ئه‌و بوارانه‌ى تۆ ئاماژه‌ت پێکردووە، به‌ڵام‌ لێره‌وه‌ پرسێكى گرنگ دێته‌ كایه‌وه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئایا به‌ چ شێوازێك ئه‌و بزووتنه‌وه‌ ده‌توانێت پێشبكه‌وێت، ئه‌گه‌ر هاتوو ریفۆرمى سیاسى و ئاینى و كۆمه‌ڵایه‌تیش نه‌كرابێت؟ له‌وانه‌یه‌ شێوازى كاركردن و پسپۆڕى ژنان سه‌ره‌تا به‌ ژنێكى یاخییه‌وه‌، پاشان به‌ نوخبه‌یه‌كى بچووكه‌وه‌ ده‌توانن ئاگرێكى گه‌وره‌ى شۆڕش دروستبكه‌ن. تاكو ئه‌م جۆره‌ بزووتنه‌وه‌یە به‌ره‌و پێش بچێت.

بەهرە حەمەڕەش: تا پیاو ئازاد نه‌بێت ژن چۆن ئازاد ده‌بێت له‌ رووى فكره‌وه‌، له‌ كاتێكدا تا مرۆڤ له‌ رووى فكره‌وه‌ ئازاد نه‌بێت، بێگومان له‌ رووى بریار و كایه‌كانى دیكه‌ى ژیانیش ئازاد نابێت؟

جوان عزەت: له‌ سه‌ره‌تا‌وه‌ ئه‌مه‌ خۆى كێشه‌یه‌كى زور گه‌وره‌یه‌، له‌ ئه‌نجامى نه‌بوونى فكرێكى مه‌عریفى و فه‌لسه‌فى ژن و پیاو له‌ زورترین باردۆخه‌كاندا تۆشى شكستێكى گه‌وره‌ بوونه‌ته‌وه‌، چونكه‌ فكر بناغه‌ى خۆشه‌ویستى و راسته‌قینه‌ى ژیانه‌. به‌ڵام فكر له‌لای ئێمه‌ى تاك نه‌بووه‌ته‌ سه‌نته‌رى یه‌كه‌مى په‌روه‌رده‌كردنى ناخى مرۆیى ئێمە، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ من خۆشم ده‌ڵێم کۆمەڵگەیەک پیاوێكى ئازادی نه‌بێت ژنێكى ئازادیشی لێنابێت، به‌ پێچه‌وانه‌شەوە ژنێكى ئازاد نه‌بێت، ناتۆانێت پیاوێكى ئازاد دروست بكات. له‌ رووى فكره‌وه‌ زور گرنگه‌ پیاو خۆى ره‌خنه‌ لە خۆی بگرێت و هه‌وڵبدات ئه‌و خەسڵەتانەی له‌ ناو دڵ و ده‌رون و ئه‌قڵى خۆیدا به‌ زۆرترین خاڵه‌كانى كۆمه‌ڵگاوە پەیوەستە، بكاته‌وه‌ بۆ جۆره‌ خەسڵەتێکی مرۆڤ دۆستى و ئه‌خلاقى و ژینگه‌ناسى، هەروەها هه‌وڵبدات بیروباوه‌ڕێكى حه‌قیقى له‌ نێوان پیاوبوون و نا پیاوبوونى خۆیدا دروست بكات، به‌ تایبه‌ت له‌ رووى خوێندنه‌‌وه‌ گرنگه‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كى قوڵى بۆ ناسینى سروشتى مرۆیى خۆی نه‌ك ره‌گه‌زى هه‌بێت، تاكو بتوانێت پیاوێكى ئه‌قڵانى و دلێر و رۆشنبیر و  قبوڵکراوى لێده‌ربچێت.

هه‌روه‌ها ژنیش به‌ هه‌مان شێوه‌ پێویستى به‌ خوێندنه‌وه‌ى دیرۆكى خۆى خوداوه‌ندى و ئه‌و كار كردارانه‌یه‌ كه‌ له‌ پێنج هه‌زار ساڵ بنده‌ستیه‌وه‌ خه‌ریكى چه‌وساندنه‌وه‌ بووه‌ و هه‌تا ئێستا له‌ زۆر بواردا به‌ره‌و توندوتیژى چووه‌، گرنگه‌ بیربكاتەوە كه‌ چۆن و به‌ چى شێوه‌یه‌ك وه‌كو ژن بووه‌ته‌ بوونه‌وه‌رێكى حساب نه‌كراو و ناقس ئه‌قڵ و پله‌ دوو و ژێرده‌ست و چه‌وسێنه‌ر و بێ به‌ش له‌ ژیانى راسته‌قینه‌‌ی خۆی. دیسان بزانێت چۆن له‌ هه‌بوونه‌وه‌ به‌ره‌و نه‌بوون چووه‌ هه‌روه‌ها ئه‌و ئه‌گه‌ر و كۆسپانه‌ چین كه‌ بوونه‌وەرێكى ئاڵۆز له‌ نێوان ئه‌و و پیاو دا هه‌وڵبدات به‌ پێوه‌رێكى مرۆیى له‌ رووى فكره‌وه‌ لێكوڵینه‌وه‌ بكات و ببێته‌ سه‌رچاوه‌ى راسته‌قینه‌ى پاراستنى مافى خۆى مرۆیى و دروستكردنى په‌روه‌رده‌یه‌كى سه‌رمایه‌یى بۆ رزگارى میلله‌ت و گشت كۆمه‌ڵگە.

بەهرە حەمەڕەش: بنه‌ما‌كانى خه‌ونى ژنى كورد له‌ سه‌ر بنه‌ماى واقیعییه‌ یان حه‌زه‌؟

جوان عزەت: ناكرێت بڵێم خه‌ونى هه‌موو ژنى پارچه‌كانى ترى كوردستان له‌ سه‌ر بنه‌ماى واقیعى نین، چونكه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى رێژه‌یى ئه‌گه‌ر سه‌یر بكرێن ژنه‌كانى پارچەکانی ترى كوردستان زۆرتر له‌ سه‌ر پرسه‌ واقعییه‌كانى كورد و كێشه‌ى ژنى كورد و نه‌ته‌وه‌ى كورد وه‌ستاون، به‌ڵام پارچه‌ى باشور  ده‌توانین زیاتر بڵێین، خه‌مى ژن له‌ سه‌ر حه‌ز بووه‌، چونكه‌ ژن ئێستا له‌م پارچه‌یه‌ دا بووه‌ ئامرازێكى كارپێكراوى ده‌ستى سیسته‌مى ده‌سه‌ڵاتدارى سیاسى و سه‌رمایه‌دارى، نه‌ك ئامانجێكى به‌رهه‌مهێنانى سیاسى نه‌ته‌وه‌یى. ئه‌مه‌ش ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ زور پرس و ئەو ئه‌گه‌رانەى كه‌ پێش تر هه‌بوونه و ئێستایش هه‌رهه‌ن وه‌كو ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ى له‌ خێزانه‌وه‌ تاكو ده‌گاته‌ سه‌ره‌وه‌ى سیسته‌م، په‌یوه‌ندییه‌كى دروستكراوه‌ به‌ سیسته‌مى نێرسالارییه‌وه‌ و درێژه‌پێدان به‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ى كه‌ بوونه‌ ئایدیۆلۆژیایەكى دیاریكراو له‌ سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنى له‌ش و حه‌زى ژن و گواستنه‌وه‌ به‌ره‌و پله‌یه‌كى دیارده‌یى له‌ ناو هه‌موو كایه‌كانى كۆمه‌ڵگە دا. به‌ راستى ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كه‌ ژن لێره‌وه‌ نه‌بێته‌ دایكێكى رۆشنبیر بۆ به‌ریۆه‌بردنى واقیعێكى نا‌ رۆشنبیر. به‌ بۆچوونى من، ده‌بێت ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ئه‌مڕۆ له‌ قوناغێكى ترى پرۆسه‌كردنه‌وه‌ دا بوو به‌ تایبه‌تى قۆناغى بۆنیادنانى ژن. بۆیه‌ له‌و باره‌یەوە‌ دیارده‌بێت بیركردنه‌وه‌ى ژن له‌ سه‌ر بنه‌ماى حه‌ز ده‌رئه‌نجامى چه‌وساندنه‌وه‌ى ژنه‌، به‌ كارةى نا پێویست.

بۆیە گرنگه‌ ژن خۆى به‌ره‌و قبوڵكردنى واقیع ببات و ببێته‌ ژنێكى واقیعى بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ئه‌و خه‌ون و ئامانجانه‌ى كه‌ هه‌یەتی‌ له‌گه‌ڵ كات به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ببات. هه‌روه‌ها بۆ نوێخوازى و گۆڕینى فۆرمێكى ترى ژیان ببێته‌ بوونه‌وه‌رێكى هه‌ست پێكراو و قبوڵكراو.

بەهرە حەمەڕەش: ته‌كنەلۆژیا ژیانی كردووه‌ته‌ گوندێك، ژنى كورد چه‌ند توانیویه‌تى سود له‌م كه‌ناله‌ وه‌ربگرێت؟

جوان عزەت: تا رادده‌یه‌ك ژن توانیویه‌تى كه‌ڵك له‌ ته‌كنۆلۆژیا وه‌ربگرێت. به‌ڵام به‌پێى پێویست نا، چونكه‌ ته‌كنەلۆژیا خۆى زانستێكى سه‌رده‌می و نوێیه‌ بۆ ناو ژیانى ئێمه‌، به‌ هه‌مان بیركردنه‌وه‌ ئێمه‌ هه‌م وه‌كو ژن و هه‌م وه‌كو مرۆڤ و تاكى كورد ئاماده‌یی بۆ ئه‌و جوره‌ كەلتوره‌ تازه‌یه‌وه‌ نه‌بووه‌، ئه‌مه‌ش بە جورێكى دیکە مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر شاردنه‌وه‌ى كەلتورى ئێمه‌ى كورد. له‌به‌ر ئه‌وه‌یە ئێمه‌ تا ئێستا له‌ دیزاینى ئه‌وه‌وه‌ ئۆرگانێكى پسپۆر نین، به‌ڵام شتێك هه‌یه‌ پێویسته‌ ئاماژه‌ی پێبده‌م ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كێشه‌ى ته‌كنۆلۆژیا هه‌م به‌ شێوه‌یه‌كى راسته‌وخۆ هه‌م به‌شێوه‌یه‌كى ناراسته‌وخۆ كار له‌ سه‌ر ئێمه‌ى ژن ده‌كات.

راسته‌وخۆ ئەوەیە کە له‌ خاڵێكدا ژنى كوردی كردووه‌ته‌ بوونه‌وه‌رێكى سودگه‌را له‌ به‌رچاوى جیهان. به‌ تایبه‌تى ئه‌و ژنانه‌ى كه‌ له‌ شه‌ڕى داعش به‌رەنگارى داعش بوونەوە، رۆڵى نه‌ته‌وه‌یى و ناسنامه‌ى كوردبوونیان پیشاندا. به‌ بۆچوونى من، ئه‌مه‌ قوناغێكى نوێى ناسنامه‌ى كوردی پیشانى جیهان دا ئه‌ویش له‌ رێگایى سۆسیال میدیاوه‌ ژن توانى سه‌رنجى چاوى جیهان بۆ خۆی رابکێشێت. ئه‌م ئه‌زمونه‌ وایكرد ژنى كورد له‌ سه‌رده‌مى ته‌كنۆلۆژیا ببێته‌ سیمبولى پاراستنى ژنه‌كانى نه‌ته‌وه‌كانى تریش.

دەتوانین بڵێین هه‌تا رادده‌یه‌ك ته‌كنەلۆژیا توانى رێژه‌یه‌ك له‌ ژنه‌كانى كوردیش هۆشیار بكاتەوە به‌ڵام هه‌موویان نا. خاڵێكى ترى گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م سه‌ده‌یه‌ سه‌ده‌ى ژنى كورده.‌ من باوه‌ڕم وایە ژنى كورد ده‌توانێت گۆڕانکاری زۆر له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوین دروستبكات، واتە رزگارى ژنى كورد رزگارى ژنى نه‌ته‌وه‌كانى تریشه‌. ئه‌مه‌ش له‌ سه‌رده‌مى ته‌كنەلۆژیا كه‌ڵكێكى گه‌وره‌یه‌ بۆ ناسینى ژنى كورد له‌ لایه‌ن نه‌ته‌وه‌كانى ترى جیهان و رۆژهه‌ڵاتى ناوین.

نا‌ڕاسته‌وخۆش ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ ژنى كوردى (نه‌خوێنده‌وار) زورترین قوربانى له‌پێناو روکەشبوونی خودى مرۆیى داوە، لێره‌وه‌ ته‌كنەلۆژیا كاری له‌ سه‌ر جه‌سته‌ى ژن كرد له‌ هه‌موو جیهانیش ئه‌وه‌ شتێكى باوه‌ به‌ تایبه‌تى كه‌ناڵه‌كانى سۆسیال میدیا، ئه‌مڕۆ سوكایه‌تییەكى گه‌وره‌ نه‌ک ته‌نیا به‌ ژن ده‌كرێت، به‌ڵکو به‌ پیاو و به‌ گشت سروشتى مرۆڤیش ده‌كرێت، چونكه‌ له‌م كاته‌دا ته‌كنەلۆژیا بە سەر مرۆڤدا زاڵە، نه‌ك مرۆڤ له‌ سه‌ر ته‌كنەلۆژیادا زاڵ بێت‌. ده‌كرێت ژنى كورد وه‌كو هه‌موو ژنه‌كانى ترى دونیا سودێكى زۆرى پێویست نه‌بێت، چونكه‌ له‌ ناو میلله‌تى كورد ژن بونەوەرێکی هوشیاترنییە لە تاکەکانی تر، ئه‌وه‌ش خاڵێكه‌ كه‌ مرۆڤ به‌ره‌و رێگایەكى ترى ژیان ده‌بات ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ ده‌توانێت ئاماژه‌ بەوە بكات كه‌ ته‌كنۆلۆژیا ژیانێكى شاراوه‌یه‌. ده‌بێت ژنى كورد‌ هوشیارانه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات و به‌و ژیانه‌ ئاشنا ببێت و بتوانێت سودێكى زور له‌و سه‌رده‌مه‌وه‌ وه‌ربگرێت بۆ ئه‌وه‌ ئاماده‌یی له‌ سه‌ر هه‌موو پێشهاته‌كانى ترى ژیان و زه‌مه‌نى داهاتوو‌ هه‌بێت. چونكه‌ ته‌كنەلۆژیا بووەتە‌ زانستێك بۆ له‌ ناوبردنى دۆخى مرۆڤایه‌تى. بۆیه‌ لێره‌وه‌ ئه‌وه‌ى من ده‌مه‌وێت بڵێم لایه‌نە نه‌رێنیه‌كه‌یه‌. له‌ لایەکە‌وه‌ ته‌كنۆلۆژیا ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ ژنی له‌ سروشتى ژنەوە هێناوه‌ته‌وه‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ڵام له‌ ساڵه‌كانى داهاتوودا نکۆڵی ئه‌وه‌ ناكه‌م ده‌بێت گۆڕانکاری تر دروست ببێت، مه‌ترسییه‌كه‌ ئه‌وه‌ یه‌ له‌ سه‌ر ئاستى كۆمه‌ڵگایه‌كى داگیركراو له‌ زور بوار دا ئه‌گه‌ر ژن خۆى هۆشیار نەبێتەوە ته‌كنۆلۆژیا ده‌توانێت كۆمه‌ڵگایه‌كى پوچگه‌را تر دروست بكات. ئه‌م خاڵه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كى وه‌کو  ئێمه‌ مایەی هه‌ژارى و زیاتر بنده‌ستى بوونه‌ به‌ تایبه‌تى له‌ رووى مه‌عریفییه‌وه‌ نا‌ ئاماده‌ییه‌كى زۆرى ده‌بێت كه‌ ژن نه‌توانێت رزگارى ببێت. چۆنكه‌ ته‌كنۆلۆژیا خۆى له‌ خۆیدا شه‌ڕێكى گه‌وره‌‌ له‌ سه‌ر نه‌مانى شۆناسى مرۆڤه‌كان دەکات. بۆیه‌ پێویسته‌ ژنى كورد له‌م ماڵه‌دا ره‌سه‌ن بوونى خۆی‌ بپارێزێت.

بەهرە حەمەڕەش: ئه‌و كۆسپ ئه‌گه‌رانه‌ چین كه‌ ژنى كورد ده‌كه‌نه‌ قوربانى ئه‌قڵیه‌تى كۆن؟

جوان عزەت: كۆسپ و ئه‌گه‌ره‌كان زۆرن کە به‌ درێژایى دیرۆك تاكو ئێستا هه‌بوون‌ و دووبارەش بوونه‌ته‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان دیارى بكه‌م، ئه‌ویش زنجیره‌یه‌كى درێژه‌ پێدراوه‌یه‌ بۆ دروستكردنى سیسته‌مى نێرسالارى، پیاوسالارى و بابسالارییه‌وه‌. یه‌كه‌م ئه‌گه‌ر (عورفى كۆمه‌ڵایه‌تى)یه‌ ئه‌م عورفه‌ بووەتە‌ عورفێكى به‌رده‌وام له‌ ناو ناخى ژن و وابه‌ستكراوه‌ به‌ ناخى پیاوه‌‌وه‌. نەک‌ گرێدان به‌ پرسى (شه‌ره‌ف/ ناموس) زور كێشه‌ی خوڵقاندووه‌ بووه‌تە ئه‌گه‌رێكى گه‌وره‌ له‌به‌رده‌م زانینى ژن و نەیهێشتووه‌ ژن بگاته‌ زیهنیەتی راسته‌قینه‌ و ئازادی خۆی. له‌لایه‌كى تر، ئه‌م عورفه‌ بووه‌تە كارگه‌یەكى به‌رده‌وام له‌سه‌ر سوکایەتی و شكاندنى كه‌رامه‌تى ژن به‌ تایبه‌تى له‌ بوارى كوشتن و تیرۆركردنى زیهینه‌تى ژن خاڵێكى كوشنده‌ بووه‌.

  ئه‌م خاڵه‌ بووه‌تە ره‌نگێك له‌ ره‌نگه‌كانى هزرى ژن وه جورێك له‌ جۆره‌كانى بە ئامرازکردنی ژن. وه‌ك په‌ندێكى كوردیش هه‌یه‌ ده‌ڵێت (ژنێكى شه‌رمن ‌ شارێك دێنێت و پیاوێكى شه‌رمن شانەیەک) یاخود شه‌ره‌فى ژن ده‌بێت شه‌ره‌فێكى پارێزراو بێت. له‌ سه‌ر ئه‌م په‌نده‌ پرسێك دێته‌ كایه‌وه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌ بۆچى ئێمه‌ هیچ جارێک پێناسەی شەرەفمان وابەستە نەکردووە بەوەی کە شه‌ره‌ف له‌ ئه‌قڵى ژن دایە. شه‌ره‌ف ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ى كه‌مه‌رى ژنه‌وه‌ بێت؟ به‌ هزرى من، ئه‌مه‌ چه‌مكێكى زور هه‌ڵه‌ یه‌ ئێمه‌ به‌كارمان هێناوە چونكه‌ شه‌ره‌ف/ناموس له‌ زمانى فه‌لسه‌فییه‌وه‌ به‌ واتاى (یاسا) به‌كاردێت، به‌ڵام لە كۆمه‌ڵگاى ئێمه‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى واتێگه‌یشتون‌ كه‌  پاراستنى شه‌ره‌ف ئه‌نجامى ژنێكى به‌ ئه‌خلاقه‌. ئه‌گه‌رى دووه‌م: ئه‌گه‌رى (سیاسى) سیاسه‌ت خۆى له‌ خۆیدا به‌درێژایى دیرۆكه‌وه‌ له‌ به‌رده‌م بوونى ژنه‌وه‌ كۆسپێكى هه‌ره‌ گه‌وره‌ بووه‌. سیاسه‌ت رێگه‌ پێ نه‌داوه‌ ژن له‌ بوونى راسته‌قینه‌ی خۆی تێبگات. چونكه‌ ترسێكى مه‌زن به‌رامبه‌ر له‌ ناوچونى ئه‌و سیسته‌مه‌ به‌رده‌وامه‌ پەیوەندی به‌ هزرى پیاوه‌وە هه‌یه‌. بۆیه‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌ى له‌ كوردستانیش ده‌گوزه‌رێ ده‌توانم بڵێم سیاسه‌تێكى زورتر نا دیموكراسییه‌ و‌ هه‌میشه‌ له‌ سه‌ر بوونى ژن بووه‌تە رێگرییەكى گه‌وره‌ رێگه‌ نه‌دراوه‌ ژنه‌كان به‌ هزر و بیرى خۆیان به‌شدارى كارى سیاسى و په‌رله‌مانى و دام و ده‌زگایى بن. به‌ هزرى من، ئه‌مه‌ بووەتە‌ کۆسپێکی گه‌وره‌ له‌ به‌رده‌م بوونى ژن. ئه‌گه‌ر بوونى ژنى سیاسى نه‌بێت، ژن ناتوانێت كۆمه‌ڵگەیه‌كى ته‌ندروستى سیاسى به‌رهه‌م بێنیت، چونكه‌ ژن وه‌ك دایكێك په‌روه‌رده‌كراوى كۆمه‌ڵگاى مرۆیى یه‌. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌رى سێیه‌م: ئه‌گه‌رى (ئابورى). تا ئێستا ژنه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ له‌ به‌رده‌م كۆسپه‌ ئابورییەکان خۆیان رزگار بكه‌ن به‌ تایبه‌ت له‌ رووى كاره‌وه‌، چونكه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌قڵى پیشه‌سازى له‌ ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌وه‌ به‌رپانه‌بووه‌ كه‌ ژنه‌كان بتوانن ببنە خاوەن ئابورى سه‌ربه‌خۆ،  خاڵێكى تر ئەوەیە کە ئایدیۆلۆژیای سه‌رمایه‌دارى به‌ربه‌ستێكى ترى سیسته‌مى دروستكردووه‌ ئه‌ویش ئەوەیە به‌رده‌وام هه‌وڵى داوه‌ مرۆڤى ئێستا وه‌كۆ كاڵایه‌كى بێ كار به‌كاربهێنرێت. هه‌ڵبه‌ت ژنیش له‌م باره‌وه‌ بێ به‌ش نه‌بووه‌، له‌ جێگه‌ى ئه‌وەوە‌ هه‌وڵبدات زیاتر گرنگى بە‌ ئه‌قڵ و بیرى خوى به‌ر له‌وه‌ی ببێته‌ كه‌ره‌سته‌ى دروستكراوه‌ى ئه‌م جۆره‌ سیسته‌مه‌.

 ئه‌گه‌رى چواره‌م: ئه‌گه‌رى (ئاینى) ئه‌ویش ئەوەیە تا ئێستا ئێمه‌ وه‌كو كۆمه‌ڵگە به‌ شێوه‌یه‌كى زانستى له‌ ئاینى خۆمان تێنەگەیشتووین.‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ بارێكى ترى قورسایى خێزانى كه‌وتووەته‌ سه‌ر شانى ژن، بۆیه‌ له‌م باره‌وه‌یەشەوە ژن بێ كێشه‌ نه‌بووه‌. ئه‌گه‌رى پێنجه‌م: ئه‌گه‌رى (نه‌بوونى ئازادى) به‌ واتاى سه‌ربه‌ستى، ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌ڵێین ژن ئازاده‌، به‌ڵام پرس ئه‌وه‌یه‌ ئایا كام جۆره‌ ئازادى و كام جۆره‌ سه‌ربه‌ستى؟ ئازادیش تا ئێستا له‌ ناو كۆمه‌ڵگەیه‌كى وه‌كۆ ئێمه‌ دا نه‌بووه‌ ئازادى تێگه‌یشتن. به‌ تایبه‌تى له‌ رووى بریاردان و ره‌فتار و هه‌ڵوێست و زانستى ئه‌خلاقى یه‌وه‌. ئه‌گه‌رى شه‌شه‌م و كۆتایى ئه‌وه‌ یه‌ (دروست نه‌بوونى كۆمه‌ڵگەیەكى كراوه‌) له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ژن بتوانێت وه‌كو ژنێكى مه‌ده‌نى بیروراى خۆى هه‌بێت و كار له‌ سه‌ر ئیش و داهێنانه‌كانى خۆى و به‌رهه‌مدارى بكات.

بەهرە حەمەڕەش: ئه‌و ژنانه‌ى كه‌ ئازادیخوازن هیچ هه‌ماهه‌نگییه‌كییان له‌گه‌ڵ پیاوانى ئازادیخواز هه‌یه‌؟

جوان عزەت: به‌ڵێ من باوه‌رم ئه‌گه‌ر ژن له‌ رووى ئازیخوازیه‌وه‌ ژنێكى سه‌ربه‌ست بێت، هه‌روه‌ها پیاویش به‌هه‌مان شێوه‌ پیاوێكى ئازا و سه‌ربه‌ست بێت، بێگۆمان داتوانێن هه‌ماهه‌نگیێكى باش له‌ نێوان خۆ و پیاودا هه‌بێت. باوه‌ڕم ئه‌م خاڵه‌ له‌ ناو ژن و پیاوى كوردیش هه‌یه‌. بۆ نموونه‌، ژن له‌گه‌ڵ پیاو له‌ كاتى شه‌ڕى داعش به‌شداربووه‌ بێ هیچ كێشه‌یەكى دژه‌ فیمنیزمى، ئێستاش له‌ پارچه‌كانى ترى كوردستان پرۆسه‌ى هه‌ڤسه‌رۆكى له‌ نێوان ژن و پیاودا هه‌یه‌ و كاریش به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌كه‌ن و ده‌توانن ببنه‌ ئه‌نجامى دروستكردنى كۆمه‌ڵگەیه‌كى مه‌ده‌نى و رزگاریخوازى بۆ گه‌لى كوردستان. ده‌توانم بڵێم كوردستان له‌م داگیركارییه‌وه‌ ئه‌ركێكى گه‌وره‌ ده‌خاته‌ سه‌رشانى ژن و پیاو ئه‌گه‌ر له‌م بواره‌وه‌ ژن و پیاو لە‌ ئاستى هوشیارى و تێگەیشتن لە سه‌ربه‌ستییه‌وه‌ نەبن ئەوا كوردستان ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییەكى گه‌وره‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ى ئێستا ده‌گوزه‌رێت ئیشكردنه‌ له‌ سه‌ر نه‌مانى ئه‌و جۆره‌ هه‌ماهه‌نگییه‌ بۆ له‌ ناوبردنى پرسى ئازدیخوازى.

بەهرە حەمەڕەش: له‌ ده‌ڤه‌رى بادینان ره‌وشى بزووتنه‌وه‌ى ژنان چۆنه‌؟ هه‌ماهه‌نگیتان له‌گه‌ڵ كێیه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى پرسه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان؟

جوان عزەت: له‌ ده‌ڤه‌رى بادینان ره‌وشى بزووتنه‌وه‌ى ژنان به‌ شێوه‌یه‌كى زۆر ئه‌كتیڤ نییه‌، چونكه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى زورینه‌ ژنه‌كان لە یه‌كتر دابڕاون و‌ نه‌بوونه‌ته ده‌ركه‌وته‌یه‌كى دیار و به‌رچاو به‌ تایبه‌تى له‌ رووى چالاكییه‌كانه‌وه‌ ئه‌و ژنانه‌ى كه‌ پێش تر هه‌بوونه‌ رۆڵێكى ئه‌وه‌نده‌ گرنگ و راسته‌قینەیان نەبووە، نه‌ته‌وه‌یش له‌ ژێرفشارى پرسه‌ سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بووە و نه‌یتوانیوه‌‌ به‌ شێوه‌یه‌كى ئازادتر رۆڵى خۆى هه‌بێت، چونكه‌ له‌ راستیدا ناوچه‌ى بادینان له‌ سۆران زیاتر له‌ سه‌ر بیروباوه‌رى فكرى عه‌شائیرى و قه‌بیلى و …هتد بووه‌ و هه‌روه‌ها ژنه‌كان له‌ رووى فكرییه‌وه‌ به‌ رێژه‌یه‌كى زور كه‌م دەرکەوتوون‌، ئه‌وه‌ش ئه‌نجامى نه‌بوونى ده‌ركه‌وته‌ى ژنه‌ یاخیبووه‌كانه‌ له‌ رووى فكره‌وه‌، هه‌تا به‌نموونه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ژنێك كه‌یسێكى كۆمه‌ڵایه‌تى هه‌بێت سیسته‌مى عه‌شائیرى رۆڵى خۆى زیاتر له‌ رۆڵى یاسا دەبینێت. منیش وه‌كو ژنێكى كوردستانى ته‌نها هه‌ماهه‌نگیم له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنانه‌ هه‌یه‌ ئه‌وانه‌ى كه‌ ده‌زانم كارێكى دڵسۆزانه‌ له‌ پێناو شۆڕ‌شى ژن ده‌كه‌ن و هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌مانگییه‌ نه‌ ته‌نیا له‌گه‌ڵ ژن هه‌یه‌، به‌ڵکو له‌گه‌ڵ پیاوه‌ پارێزه‌ره‌ دادپه‌روه‌رەكانى دۆزى ژنیش هه‌یه‌ و بۆ ئه‌وه‌ پێكه‌وه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین كێشه‌كانى دۆزى ژن گفتۆگۆ بكه‌ین و له‌ رێگه‌ چاره‌سه‌ره‌كان بگه‌رێن، به‌ تایبه‌تى ئه‌و پرسه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ى كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ بوونه‌ته‌وه‌ به‌ربه‌ستێكى گه‌وره‌ له‌ به‌رده‌م دروست نه‌بوونى ژنێكى یاخى و سه‌ربه‌خۆ خواز و به‌رهه‌مهێنه‌ر و داهێنه‌ر له‌ هه‌موو بواره‌كانى ژیان. بۆ ئه‌وه‌ ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ ئاشنابوونه‌وه‌ ژیان بتوانن پرۆسه‌یه‌كى ئه‌شقانه‌ و زیندوو دروست بكه‌ن.

جوان عزه‌ت: ده‌رچووى به‌شى راگه‌یاندنە. ماوه‌ى ده‌‌ ساڵه‌ لە بواری جیا جیا دەنوسێت بە تایبەت بوارى فكرى تاك، كۆمه‌ڵگە  ژن، سیاسه‌ت و په‌روه‌رده‌ى مرۆڤى كورد هەروەها زیاتر له‌ سه‌ر هزر و فه‌لسه‌فه‌ و زانسته‌ مرۆییه‌كان کاردەکات. كارى مامۆستایى و به‌شداریكردن له‌ رێكخراوێكى پاراستنى مافى مرۆڤ کردووە و پێشتریش به‌رنامه‌یەكى فكرى لە یه‌كێك له‌ كه‌ناڵه‌كانى میدیا/ رادیۆ هه‌بووه. هه‌روه‌ها ستونێكى هەفتانەی له‌ روژنامه‌یه‌ك هه‌یه‌ هه‌موو چوارشه‌ممه‌یەک وتارێکی تێدا بڵاودەکاتەوە.

بەهرە حەمەڕەش: میدیاکار و ڕۆژنامەنووس

Check Also

ژنکوژەکانی کۆمەڵگەی کوردی تەنیا نیین…!

پێشڕەو عەبدوڵا لە پەراوێزی مەرگی ماریادا دیاردەی ژنکوشتن لەکۆمەڵگەی ئێمەدا حاڵەت نییە، بەڵکو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، …