بەبۆنەی پێنج ساڵ دەست بەکاربوونییەوە
نەوزاد جەمال
بۆ ئەوەی قسەکان سەبارەت بەو بۆنەیە تەنها دەربڕینی هەستی خۆم نەبێت، هەوڵدەدەم شرۆڤەیەکی واقیعی سایت و بڵاوکراوەکان بکەم.
ئەو دەرفەتەی تەکنۆلۆجیای پەیوەندی بە تاک و گروپەکانی بەخشیووە، ئەوەندە ئاسانکارە کە مرۆڤ راستەوخۆ چاوی ئەچێتەسەر خێرایی گەیاندن و هاوکات ئاسانی شکستهێنان. بەدەربڕینێکیتر، چەندە تەکنۆلۆجیا دەرفەتی پەیوەندییکردنی پێیە، ئەوەندەش دەتخاتەبەر مەترسی هەڵخلیسکان و داڕمان. ئەمڕۆ، داڕمانی خێرا دیوێکی تری دەرفەتەکانی بەردەم بەکاربەرەکانە.
خاڵێکی تر ئەوەیە، وەکچۆن خوێنەر گۆڕاوە، بڵاوکراوەکانیش گۆڕانکاری جەوهەرییان بەسەردا هاتووە. مۆدێلی رۆژنامەگەری کلاسیک کۆتایی پێهاتووە و تەکنیکی دیجتاڵی پێشمەرجی سەرکەوتنی سایتەکانن.
هاوکات، سروشتی خوێندنەوەش گۆڕاون و خوێنەری ئێمە وایلێهاتووە حەزی بە بابەتێکە کە “ئاکشنئامێز”بێت. وەکچۆن دەیان ژانری سینەمایی دەرهێنانی فیلم هەیە، ژانری ئاکشن لەوانیتر جەماوەری زۆرترە، ئاوهاش خوێنەر حەزی بە بابەتێکە کە خێرا بێوەستان و رامان راستەوخۆ هەستی ببزوێنێت و نەست بکەوێتە ووروژاندن و خرۆشاندن و کاردانەوەی خێرای لێوەربگرێت.
جگەلەوە، بابەتەکانیش زۆروزەبەندەن، هەر لە ساتێکدا ملیۆنەها هەواڵ و زانیاری و رووداو دەخرێنەڕوو، کە ئەرکی کاری میدیایی سەختتر دەکات. هەر لەم ژینگە نوێیەی خوێندنەوە و نووسین و راگەیاندا، پێنج ساڵ لەمەوبەر سایتی ترانسکولتوور کەوتەکار.
ئەو کاتە بەڕێوەبەری سایتەکە ‘بەیان سەلمان’ لە سلێمانی بوو، بیرۆکەی سایتەکەی باسکرد و بانگهێشتی کردم کە تێدا بنووسم. لە راستیدا هەنگاوەکە و ئامانجەکەی ئەوم بەجۆرە سەرکێشی و هاوکات بوێرانە هاتەبەرچاووم.
چونکە، زیاتر لە دەساڵێکە خۆم دەستم ناچێتە بڵاوکردنەوەی گۆڤارێکی کاخەزی یان دیجیتاڵی فەلسەفیی. هەر بەو هۆیەوە نووسینەکانم لە بارەی فەلسەفەوە سەرگەردان و وێڵ بوون. چونکە، بەگشتی میدیای ئێمە، پتر توانا و بایەخی لە هەواڵ و سیاسەت و کاتڕابواردندا چڕکردووەتەوە.
تەنانەت ئاستی میدیا و میدیاکارەکانیش ئەوەندە بەرەو دابەزین چووە، کە نووسراوی نێو فەیسبوک و تۆڕەکان راستەوخۆ دەخەنە سەر سایتەکانیان و بێ هیچ رەچاوکردنی بنەماکانی نووسین و جیاوازیکردن لە نیوان ژانرەکانی نووسینی میدیاییدا. تەنانەت، کەناڵ ئاسمانیەکانیش لە گەرمەی هەواڵەکاندا، هەوڵی قاز و پشیلیەک لە ئەوپەڕی جیهان دەکەن بە گەرمە هەواڵ و رۆژەڤ!
جگەلەوەی، زۆریی ژمارەی سایت و بڵاوکراوەکان وایلێهاتووە لەهەر شەقام و کۆڵانێک خواردنگەیەک هەبێ و هەر هەمووشیان لەیەکتر بچن. کورد وتەنی، هەر شلەو برنجەکە نییە هەموو رۆژێک! سەختە بتوانی بابەتی بە کواڵیتی و نوێ و هەڵگری دیدوجیهانبییەکی گرنگ بێت، پێشکەش بکەیت.
ئاخر، خاتوو بەیان بەبێ هیچ پشتوپەنایەک و کۆمەکی مادی دەستیکرد بە سایتەکە و پەخشکردنی. ئەوەش تەنها بە متمانەکردن بە توانای هاوکارێکی لەبواری ئای تی و هەروەها پشتبەستن بە پەیوەندییەکان لەگەڵ نووسەرەکانی ناوە وە دەرەوەی وڵات، ئەو کارانەی بە ڕێوە بردووە.
جگەلەوەی، ئەو خەریکی نووسینی رۆمانە و هاوکات کاری ئازاد دەکات، ژیانێک و گوزەرانێکی سادەی هەیە. بۆیە، ئەم سایتە چالێنجێکە کە بتوانێ بەرگەی ئەو هەموو گۆڕانکاریی و ئالێنگارییە مادی و خێرایانەی تەکنۆلۆجیا بگرێت.
کورد وتەنی دیسان؛ ئەبێ سەبری ئەیوبت هەبێ، تا کارێکی وا بەڕوالەت سادە بەڕێوەبەری و کۆڵنەدەیت. لەم ژاوەژاوەی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و میدیای ئێمەدا، هەبوونی دەنگێکی جیاواز و بەکواڵیتی سەختە و زۆری ئەوێت.
بۆیە، هەر جارێک کە بەیان ئەهاتەوە کوردستان و پێکەوە دائەنیشتین باسی ئیشوکاری خۆی دەکرد، هەستمدەکرد خانمێکە جیهانێکی لە جانتای کۆڵەپشتەکەیدا هەڵگرتووە و وڵات بە وڵات ئەیگێڕێت. هەر بەداخەوە، ئەم ساڵە لەدوای گەڕانەوەی بۆ ئەورپا، لەناو شەمەندەفەرێکدا بەرەو بەرلین، جانتای لاپتۆپەکەی بە نووسینەکانییەوە ئەدزرێت.
ئەوە کۆستێکی گەورەیە بۆ نووسەرێک کە تاکە ئامرازی تۆمارکردنی تێبینی و نووسینی تێدابێت لە چاوتروکانیێکدا نەمێنێت. سەربوردەی ئیمامی غەزالی(1058-1111) هێناوەیادم کە رۆژێک لە تووسەوە بەکتێبەکانیەوە لەگەڵ کاروانێکدا بەرەولای مامۆستایەک لە گورگان بەڕێدەکەوێت، بەڵام چەتە رێیان پێدەگرن و رووتیان دەکەنەوە. کۆڵەکەی غەزالییش کە پڕە لە کتێب دەبەن، وادەزانن شتی گران بەهای تێدایە. دواتر غەزالی بە پاڕانەوە دوای چەتەکان دەکەوێ و تکایان لێ ئەکات ئەوانە بەرهەمی زانین و زانستن لە نێو کتێب و کاغەزینی دا و چەندان ساڵە بۆی ئەخوێنم. بە کەڵکتان نایەت بمدەنەوە!
سەردەستەی چەتەکان بە تەوسەوە ئەڵێ؛ ”باشە چۆن لافی زانین بە کتێبەکانەوە لێ ئەدەیت، کە ئێستەش بردوومانە وەک ئەوەی هیچت نەزانیبێت ئەپاڕێیتەوە؟” غەزالی لە گێڕانەوەیدا ئەڵێ: ئەوە بووە پەندێک کە گەڕامەوە تووس هەموو کتێبەکانم ئەزبەرکردن و دواتر هەموویانم سووتاند. واتە، پشتم بە توانای یادەوەری خۆم بەست نەک ئامراز-کتێبەکان- بۆ پاراستنی زانست.
هەڵبەت، لەم سەردەمەدا، ژیری دەستکرد و تەکنۆلۆجیای نوێ توانایەکی بێوینەی لە گلدانەوە و پاراستنی زانیاریی و داتای هەیە کە لەگەل توانای یادەوەری مرۆڤدا بەراورد ناکرێت و مرۆڤ ئەتوانێ داتا و زانیارییەکان، کتێب و نووسینەکانی لەسەر درایڤێکی گوگڵ یان ئێکستێرن هەڵبگرێت بۆ ئەو حاڵەتانە.
بەهیوام سایتەکە بەردەوام بێت لە خزمەتکردن بە کولتوری کوردی و گۆشەیەکی ئەو بیابانە پڕبکاتەوە. پیرۆزە پێج ساڵەی دەستبەکاربوونی ترانسکولتوور.
نەوزاد جەمال
نووسەر لە بواری فیکری فەلسەفی و کۆمەڵایەتی