هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 8, 2024
frku

لە بانگەوازکردن بۆ ڕزگاریخوازییەوە بۆ فەرمانڕەوای ستەمکار وەک فریاڕەسی جیهان

سەرنج لەسەر بابەتەکەی د. هاشم ساڵح

نەوزاد جەمال


لە وتارەکەیدا سەبارەت بە ئیمانوێل کانت؛ ”ئەو کتێبانەی کە نەخشەی بیری مرۆڤیان گۆڕی” کە (١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٤) لە رۆژنامەی ‘شەرق ئەوسەت’، نووسەر و وەرگێڕی ناسراو ‘هاشم ساڵح’ لە رێی ئەو وتارەوە ڕۆڵی فەلسەفەی ڕەخنەیی کانت’ هەوڵدەدات چارەسەرکردنی واقیعێکی سیاسی نالەباری جیهانی ئیسلامی وەبیربهێنێتەوە.

ئەوەی لە وتارەکەدا ڕایگرتم، بانگەوازی ئازادبوون لە کۆنەپەرستی و ستەمکاریی فیکری و ئایدیۆلۆژی نەبوو، بەڵکو پەسەندکردن و بانگەشەکردن بۆ بیرۆکەی “ستەمکاری ڕۆشنگەر” بوو. ئەوەش وەک هەنگاوێک بۆ دەرچوون لەو قەیرانە ئاڵۆزەی کە جیهانی عەرەبی و ئیسلامی بە دەستییەوە دەناڵێنن.

هەروەها، پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێت کە مەبەست لەم نووسینە وەڵامدانەوەی نووسەر نییە. وەک مرۆڤ و نووسەر ئەو ئازادە چی بە ڕاست و دروست دەزانێت، بەڵکوو لێرەدا دەمەوێت لە ڕوانگەی ‘کانت’ەوە ئەو بیرۆکەیە شرۆڤە بکەم.

نووسەری وتارەکە، بە گێڕانەوەی کۆنتێکستی مێژوویی پەرەسەندنی فەلسەفەی کانت، دەڵێت، ”زاندراوە کە کانت بە ئارامیی دەژیا بە درێژایی سەردەمی فرێدریکی گەورە، کە بە ‘ستەمکاری ڕۆشنگەر’ ناودەبرا و ڕێگەی بە ئازادییەکی گەورە دەدا لە بواری ڕەخنە لە گۆشەگیریی ئایینی و پیاوانی ئایینی”؛ چونکە ”بە درێژایی دەسەڵاتی ئەو (کانت) هەستی بە ئازادییەکی تەواو دەکرد لە دەربڕین و بیرکردنەوە و بڵاوکردنەوەدا.”؛ بەڵام ”دوای مردنی فرێدریکی گەورە، فرێدریک گیۆمی دووەم دەسەڵاتی گرتەدەست، ئەم ستەمکارێکی بیرتاریک بوو و لەبەرئەوەی لە نێوەندە پرۆتستانتەکانی بناژۆخواز” ”نزیک بوو، دۆخەکە بۆ کانت گۆڕا. هەرچەندە کانت بێباوەڕ- ناخواباوەڕ- نەبوو هەروەها دژی ئایین لەخۆیدا نەبوو، بەڵکو دژی تایفەگەری بوو. بەو هۆیەوە لێکدانەوە ئەقڵانییەکانی لەگەڵ لێکدانەوەی بناژۆخوازەکاندا بەریەک کەوت.

دوای ئەوە نووسەر دەڵێت، لێرەوە دەتوانین جیاوازی نێوان ستەمکارێکی ڕۆشنگەر و ستەمکارێکی بیرتاریک ببینین. بۆنموونە ‘مەئمون’ ستەمکارێکی ڕۆشنگەر بوو، لایەنگری زانست و فەلسەفە و وەرگێڕان بوو. بە پێچەوانەی ‘متەوەکیل’ کە ستەمکارێکی بیرتاریک بوو، ڕقی لە موعتەزەلەکان و فەیلەسوفەکان بوو و دەیچەواسندنەوە.”

نووسەر لەم قسانەوە دەچێتە سەر پرسیارێکی بنەڕەتی: ئایا جیهانی عەرەبی ئامادەیی دیموکراسی هەیە؟ بە نەخێرێکی یەکلاکەرەوە وەڵام دەداتەوە! ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ”جیهانی عەرەبی و لەڕاستیدا هەموو جیهانی ئیسلامییش پێویستی بە ستەمکارێکی ڕۆشنگەر و حوکمڕانێکی ئەقڵانی هەیە” و لەبەرئەوەی دیموکراسی دەبێ بە بڕینی چەند هەنگاو و قۆناغێکدا تێپەڕێ، ئیتر هەموو شتێک لە کاتی خۆیدا دەبێت. دوای ئەوەی میللەت ڕۆشنگەر دەبن و لە ژێر کەوای بناژۆخوازەکان و ئیخوان موسلیمینەکان و خومەینییەکان و باقی تاریکخوازەکان رزگاردەبن، ئەوسا دیموکراسی دەبێتە دەستکەوتێکی کۆتایی.

هەڵبەت، دژیەکییەک لە نێوان بیرۆکەی ‘ستەمکاری ڕۆشنگەر’ و ‘ڕۆشنگەریی’ کانتی دا هەیە. ئەوەی گومانی تێدا نییە کە نووسەر ڕێز لە بیر و فەلسەفەی کانت دەگرێت، بەڵام ئایا ئەم فەیلەسوفە هیچ جۆرە ستەمکارییەکی قبوڵە؟ ئایا ڕۆشنگەریی هاوتای ستەمکارێکی ڕۆشنگەرە؟

با ساتێک لەگەڵ کانتدا بیربکەینەوە؛ ڕۆشنگەری پەیوەندی بە گروپێک/ چینێکەوە نییە بەسەر چینەکەی تردا، بەڵکو هەموو مرۆڤێکی ژیر دەگرێتەوە. ڕۆشنبیر کەسێکە بوێریی بیرکردنەوەی هەیە و لەڕێی بەکارهێنانی ئەقڵی خۆییەوە، خۆی  لەو سنووردارییانەی بەسەریدا سەپێنراوە رزگاردەکات.

کەواتە؛ ڕۆشنگەری دەسەڵاتێکی ئەقڵانی و فەرمانڕەوایەکە کە ڕەفتاری مرۆڤەکان ئاڕاستە دەکات. ئەقڵ لێرەدا، دەسەڵاتێکی ناوخۆییە- لە هەر مرۆڤێک خۆیدایە- کە کۆنترۆڵی کردار و ڕەفتارەکانی دەکات. لە دەرەوەی ئەوە هیچ بانگەوازێک بۆ دەسەڵاتی فەرمانڕەوایەکی ڕۆشنگەر نییە.

بیرۆکەی ستەمکارێکی ڕۆشنگەر، سەرەڕای دێرینییەکەی، مەترسیدار و لە بنەڕەتدا ناچێتەوەسەر  بیری کانت. کەواتە لێرە و لەم وتارەی نووسەردا چی نوێیە؟ ئەوەی لە نێو ژمارەیەک لە نووسەران و ڕۆشنبیران و بەتایبەتی فەرمانڕەواکاندا دەیدۆزینەوە ئەوەیە، کە ئەم جۆرە دەسەڵاتخوازییە وەک دەریچەیەکی دەربازبوون لە چەقبەستوویی مێژوویی یان بەربەستی ئەم بەشەی جیهان دەبینرێت.

پاساوی ئەم بیرۆکەیەش لەو ڕوانگەوە سەرچاوەی گرتووە کە دیموکراسی لە “جیهانی ڕۆژهەڵات”دا هەرگیز بەدەست نایەت. ئەگەر لە خودی خۆیدا مەحاڵ نەبێت، ئەوا بەرقەراربوون دوورە دەستە، بە تایبەت لە جیهانێکدا کە لە نائەقڵانییەت و نازانستیبووندا رۆچووە.

بەڵام، چۆن ئەم ‘فریادەڕەسە ڕۆشنبیر’ە لە نێو داروپەردووی کولتووری ستەمکاریی و گۆشەگیری و خۆزاڵکردندا دەربکەوێت؟ ئاخر ئەم پاڵەوانە چۆن دەتوانێ ئەم جیهانە بێ هیوایە بەرەو ڕۆشنگەری و ئازادی بەرێت؟ ئەی جیاوازی ئەم بۆچوونەی نووسەر لەگەڵ ئەوەی کە خۆی پێی دەڵێ پاوانخوازی پۆپۆلیستی ئیسلامیی چییە؟

‘بوێرە بیر بکەیەوە’، بناغەی ڕۆشنگەری کانتی پێکدەهێنێت. لەلای ئەو، بیرکردنەوە لە خۆیدا ڕەخنەگەراییە و هاوکات جوڵەیەکی زیندووی دوو ئاڕاستەییە لە هەمان کاتدا: ڕەخنە لەوەی کە ‘هەیە’ و ڕەخنەش لە ئەقڵی ڕەخنەگر. ئەم ئەرکە سەختە کە دەبێت ئەقڵ ئەنجامی بدات، کێشمەکێشێکیشە بۆ مرۆڤی ڕۆشنبیر لە پێش ئەوانیترەوە.

حوکمدان لەسەر ئەوانیتر کارێکی ئاسانە، تا ئەو ڕادەیەی دەتوانین پێی بڵێین شتێکی بێمانا و ڕووکەشە، چونکە هەموو کەسێک ئەنجامی ئەدات. بەڵام ڕەخنەکردن ئەقڵیەتی حوکمدان، ڕەخنەکردنی ئەقڵ خۆی، تەنها بە ئەقڵێکی بێخەوش دەکرێت کە خۆی لە هەموو پۆخڵەوات و ئارەزووە بنەڕەتییەکان رزگارکردبێت.

ئیدی، ڕەخنەگرتن تەنها دەرکردنی بڕیاری ئامادەکراو سەبارەت بە کەسانی تر یان بە خراپی دۆخەکان نییە. بابەتی ڕەخنە تەنیا خۆی جێی رەخنە نییە کە دەبێت بە شێوەیەکی زانستی نەشتەرگەریی بۆ کەی، بەڵکو ئامرازی ڕەخنە – خودی ئەقڵ – نابێت لە دەرەوەی دەستەباڵایی هێزی ڕەخنە خۆی بێت. لەم سۆنگەوە هاشم لەبیری چووە کە راستییەک بخاتە پاڵ بۆچوونەکەی کانت کە دەڵێ؛ ‘هیچ شتێک ناکەوێتە سەرووی رەخنەوە’ کە تەنانەت ئەقڵ خۆشی. چونکە، کانت نەویستووە ئەقڵ بکاتە ئامراز و دەزگای یەکەم و کۆتایی رەخنەگرتن لەهەموو شتێک، بەڵکو ئەقڵ خۆشی دەبێتە بابەتی رەخنەگرتن و لێپرسینەوە. لەبەرئەوەی کانت دژی دۆگمای لایەنگیریی بەناوی ئەقڵانییەتەوەیە.

بۆیە؛ کانت سەرکەوتوو لەوەدا سەرکەوتووە کە ئەقڵ لە هەموو خەڵتەیەک کە پاشماوەی میراتی کولتوریی و بیروباوەڕ و خورافاتە میتافیزیکییەکان داماڵێت. لە کاتێکدا ‘دیکارت’، خاوەنی ‘ڕێبازی گومانکاری’یە و دواتریش؛ هیوم و سپینۆزا’ هەموویان پێش کانت هەنگاوی رەخنەییەیان گرتەبەر. بەڵام ‘ڕێبازی ڕەخنەیی’ کانتی هەموو باوەڕە فەلسەفیەکانی تێپەڕاند. چونکە؛ ئەوانیش بەجۆرێ بە پاشماوەی ‘فەلسەفەی ئەزموونی هەستەکی’ و زێدەڕەوی ‘فەلسەفەی ئایدیالیست’یش بارگاوی بوون.

 لە ‘ئیپستیمۆلۆجیای کانتی’دا ئەقڵ خۆی لەبری “زانین” دەبێتە ئەرکی سەرەکی فەلسەفەی ڕەخنەیی. واتە، پێش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە باوە: ‘زانین چییە’؟ بدرێتەەوە، دەبێت سەرەتا ئەقڵ وەک دەزگایەکی زانین بپشکنرێت. چونکە، ئەو ئامراز و دەزگایە بڕیار لەبارەی ئاکار و زانینەوە دەردەکات و زانست بەرهەم دەهێنێت. لێرەوە، ئەم وەرچەرخانەی کانت، بەرجەستەکردنی گەڕانەوەیە بۆ ئەقڵی پەتی. هەر بۆیە، بە ‘شۆڕشێکی کۆپەرنیکی’ لە فەلسەفەی زانیندا دادەنرێت. لەبەرئەوەی کانت هاوکێشەی زانین/ بابەتەکانی زانین سەرەونخوون کردەوە.

ڕۆشنگەریی بە رەخنەکردنی ئەقڵ دەست پێدەکات، ئەوجا ئەوە ئەقڵێکی ئایینی دۆگماتیک بێت، یان ئەقڵی میتافیزیکی ئایدیاڵ یان ئەقڵی ئەزموونەکی هەستیانە بێت. هەر ئەمەش کرۆکی تێزی دکتۆراکەم بوو کە کتێبی ”ئاین لە سنووری ژیر”دا پچڕانێک لە رەوتی ‘پڕۆژەی ڕەخنەیی’ کانت پێکناهێنێت، بەڵکو ئەو کتێبە هەر درێژەپێدەری سێ کتێبە ڕەخنەییەکانی پێشووتریەتی. واتە، شتێک نییە بە ناوی ‘قۆناغی رەخنەیی’ و قۆناغی دواتر لە پرۆژە فەلسەفییەکەیدا. چونکە؛ پڕۆژەی فەلسەفیی کانت، بریتییە لە ڕەخنە کە کرۆکی ڕۆشنگەرییە. ئەمەش بیرۆکەی ‘ستەمکاریی’ تێدەپەڕێنێت جا ئەو ستەمکارە ڕۆشنگەر بێ یان نا.

نەوزاد جەمال: دکتۆرا لە فەلسەفەی رەخنەگەرایی کانت

وەرگێڕانی ئەم دەقە لە عەرەبییەوە: بەیان سەلمان

Check Also

ژینگەی کۆمەڵایەتی

نەزیرە حارس ژینگەی کۆمەڵایەتی، ئەو ناوەندەیە کە سەرجەم ژێرخانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و رۆشنبیرییەکانی تێدا …