کێشەکانی ژینگەی دەستکرد و ژینگەی کۆمەڵایەتی

مەدیحە سۆفی/ ئەڵمانیا


لەم سەردەمەدا ژینگەی دەستکرد گرنگترین ناوەندی گەشەکردنی ئابووری و سەرهەڵدانی شارستانییەتە، جگە لەوەی بە هەنگاوێکی گرنگی بووژانەوە و پێشکەوتنیش ئەژمار دەکرێ، ژینگەی دەستکرد بریتییە لە تەواوی دامەزراوە، یەکەکانی بەرهەمهێنان و نیشتەجێبوون، کاکردن و فێربوون، کە ڕەنگدانەوەی زۆری لەسەر ئاست و چۆنییەتی گەشەکردنی تاکدا دەبێت. بە دڵنیاییەوەش بوونی ئەم ژینگەیە کاریگەری ئەرێنی لەسەر گۆڕانی تێکڕای کۆمەڵگا دەبێت، ئەویش بە فەراهەمکردنی کار، کەمکردنەوەی بێکاری، بەرهەمهێنانی بەرهەمی خۆماڵی، وشیارکردنەوەی تاک، ڕواندنی متمانە و بڕوابەخۆبوونی کۆمەڵگا بۆ پشتبەستن بە خودی خۆی و سودوەرگرتن لە سامانی مرۆیی نیشتیمانی خۆی، هەروەها تێهەڵکێشکردنی ژنان لە پرۆسەی کارکردن و بەشداریکردنیان لە بوارە جیاوازەکانی ئەو ژینگە دەستکردەدا. ئاشکرایە کە بوونی دەستی کار، کەرەستەی خاو و سامانی سروشتی لە هەر وڵاتێکدا، هاندەری سەرەکی بنیاتنانی ژینگەی دەستکردن و دەبنە پێگەی بووژانەوە و گەشەسەندن.

 بوونی ژینگەی دەستکرد، کە پیشەسازی یەکێکە لە بوارە سەرەکییەکانی، بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەرەو قۆناغێکی نوێ تاو دەدات، کە بیرۆکەی، گەشەی ئابووری و توانای کڕینی تاک بۆ کاڵا و پێداویستییەکانی ژیان، دەڕەخسێنێ، هەروەها ڕۆڵی دەبێ لە پێشکەوتنی بوارەکانی پەروەردە و تەندروستی، ئەویش بە پشتیوانی بوونی داهاتێکی زۆرتر لە گەنجینەی دەوڵەتدا.

ژینگەی دەستکرد، کە دامەزراوەکانی بۆ بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی، پیشەسازی، پیشەسازی خۆراک، ڕستن وچنین و چەندەها لایەنیتر دەگرێتەوە، بە بنەمای گۆڕانی ئەرێنی دادەنرێت لە نێو کۆمەڵگادا و ڕەنگدانەوەی لەسەر شێوازی ژیانی تاکدا دەبێت، لە هەمان کاتیشدا، دەبێتە مایەی کێشە بۆ ژینگەی مرۆڤ و زیندەوەر بە گشتی، ئەو کاردانەوە نەخوازراوانەش بریتین لە:

  1. پیسبوونی ئاو و هەوا و خاک، ئەویش بەهۆی ڕەچاونەکردنی پاراستنی ژینگە و کاردانەوەی نالەباری لەسەر تەندروستی مرۆڤ و زیندەوەر.
  2. دروستبوونی خۆڵ و خاشاکی زۆر بەتایبەت لە دەرئەنجامی زۆربوونی دانیشتوان، بوونی کارگە، هەڵکەندنی چاڵەنەوت و ڕێکارەکانی ڕاکێشانی لوولەکانی گوازتنەوە.
  3. پیسبوونی ئاوی ژێر زەوی، بەهۆی بەرهەمێنانی بەروبوومی کشتوکاڵ و بەکارهێنانی پەینی دەستکردەوە.
  4. بەکاربردنی پلاستک لە لایەن دامەزراوە پیشەسازییەکانەوە، چ بۆ پێچانەوەی خۆراک یا هەر کاڵایەکیت، ئەمەش تەنها زیانی بۆ مرۆڤ نییە، بەڵکو بۆ هەموو زیندەوەر.
  5. زۆربوونی دانیشتوان و فشار خستنە سەر بەرهەمهێنان، ئاوەدانکردنەوە و بەکاربردنەوە، ڕەهەندی هەمەلایەنەی هەیە بۆ دروستبوونی کێشەکانی ژینگە.
  6. کەمکردنەوەی ڕوبەری سەوزایی بەهۆی بنیاتنانی یەکەی پیشەسازی و خانوبەرە، کە ڕۆڵی زۆر گەورە دەبینێت لە ڕۆنەچوونی ئاو بەرەو ژێرزەوی لە کاتی باران باریندا، زۆرجار دروستبوونی لافاو یەکێکە لە دەرئەنجامە نەخوازراوەکانی.

ژینگەی کۆمەڵایەتی

ژینگەی کۆمەڵایەتی بریتییە لەو ناوەندەی کە سەرجەم ژێرخان، پەیوەندییە کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی، ڕۆشنبیرییەکانی تێدا کۆدەبێتەوە و لەو چوارچێوەیەدا مرۆڤ تیایدا گەورە دەبێ و مۆرکی خۆی لەسەر دروستبوونی کەسێتی، پێگەیشتنی تاک، هەڵسوکەوت، تەندروستی و پەروەردەکردن جێدەهێڵێت.

ژینگەی کۆمەڵایەتی کاریگەری زۆری لەسەر گەشەکردنی کەسێتی مرۆڤدا هەیە، خێزان یەکەم یەکەی ئەم ژینگەیەیە، بۆیە ئاستی خێزان لە ڕووی خوێندەواری و دارایی و کۆمەڵایەتییەوە ڕۆڵی زۆر لە پێگەیاندن و گەورەبووندا دەبینێ، زۆر جار تەندروستی باش و خوشگوزەرانی تاک، دەرئەنجامی پشتخانێکی گونجاو و خاوەن دارایی و پێگەی کۆمەڵایەتییە.

تێکەڵبوون و بەشداریکردنی تاک لە کاری هەرەوەزی و ڕێکخراوەییدا، مرۆڤ ئاشنا دەکات بە بوارە جیاوازەکانی نێو ژیانەوە، جگە لەوەی، لە میانەی ئەو کارانەوە دەتوانرێ خولیاکان بدۆزرێنەوە و ئەگەری زۆرە ببێتە هۆکاری پیادەکردنی پیشەیەکی شیاو بۆ ئەو کەسانەی بەو کارانەوە سەرقاڵ دەبن.

لە هەندێ کۆمەڵگای تژی بە شەڕ و ئاشووب، یا ئاوارەبوون و جێهێشتنی شوێنی لەدایکبوون و ڕوو لە پەناهەندەیی، یا بوونی جیاوازی ئیتنی و ئاینی، یا جیاکاری لە نێوان ڕەنگ و نەتەوەدا، هەموو ئەمانە دەبنە بنەمای ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی دژوار و سەخت؛ کە تاکی تێدا وێران دەبێت و توانای پلان و بەرنامەڕێژی ژیانی نابێت. لە ئێستادا کە ژمارەی دانیشتوان لە هەشت ملیار کەس نزیک دەبێتەوە، بەتایبەتی لە وڵاتەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ئەفریقادا، لە کاتێکدا لەو شوێنانە بڕی ئاوی پاک و خوراکی پێویستی تێدا فەراهەم نەکراون، بێ گومان ئەم زۆربوونی دانیشتوانە دەبێتە هۆکارێکیتر بۆ تێکچوونی ژینگەی کۆمەڵایەتی مرۆڤ و بێبەشبوونیان لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان و دواتر سەرهەڵدانی پشێوی و نائارامی.

هەر ئەو ژینگەیەش بەپێی ئاستی کۆمەڵایەتییەوە، لەلایەکەوە دەتوانێ ببێتە ناوەندێکی تەندروست بۆ پێگەیاندنی تاکێکی کامڵ، یا ببێتە ناوەندێکی ناتەندروست، کە تاکێکی بێ توانا و ناهۆشمەند و گۆشەگیری لێ بکەوێتەوە، ئەو کێشانەی ڕوبەڕووی ژینگەی کۆمەڵایەتی دەبنەوە، بەتایبەتی لەو کۆمەڵگایانەی کە ئاستی ژیان و وشیاری تیایدا نزمە بریتین لە :

  1. نەبوونی وشیاری ژینگەیی بۆ چۆنییەتی بەکاربردنی ئاو و بەفیڕۆنەدانی، یا کەمکردنەوەی خاشاک و بەکاربردنی پلاستیک.
  2. نەبوونی وشیاری کۆمەڵایەتی بۆ بەئاگا هێنانەوە و نەبوونی هیچ ڕەوتێکی زانستی بۆ پیادەکردنی ژیانێکی شایستە.
  3. بوونی خێزانی پەرتەوازەی بێ پشت و پەنا، یا جیابوونەوەی دایک و باوک بەهەر هۆیەک بێت، بە نەبوونی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی تەندروست کە ئەندامەکانی ئەو خێزانە بپارێزێ، ئەوەندەیتر شیرازە و ژینگەی کۆمەڵگا تێکدەچێت.
  4. نەبوونی سیستەمێکی پەروەردەی وا، کە بتوانێ کێشە کەڵەکبووەکانی مناڵ تاوتوێ بکات.
  5. بێ ئاوی و بەدخۆراکی، کە بنەمای تەندروستی مرۆڤ دەشێوێنێ بەتایبەت بۆ مناڵان.
  6. هەڵگیرسانی شەڕ و نائارامی، کە ڕێگری لە پلان و بەرنامە داڕێژی ژیان دەکات.
  7. ئاوارەبوون و جێهێشتنی شوێنی نیشتەجێبوون و دابڕان لە کۆمەڵگای ڕەسەنی خۆی، هەندێ جار بەهۆی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەواوە دەبێت.
  8. بوونی سیستەمێکی سیاسی دیکتاتۆری و سانسۆر خستنە سەر بیروڕا و بۆچوونەکان.
  9. بێکاری و نەداری، کە هۆکاری ژینگەیەکی پڕ لە بێزاری و نەخۆشین بۆ تاکی کۆمەڵگا.
  10. نەبوونی دادپەروەری کۆمەڵایەتی؛ ئەمەیان زۆرترین کاریگەری لەسەر داڕوخانی ژینگەی کۆمەڵایەتی هەیە، بەتایبەتی بۆ ژنان.
  11. هەژاری، ڕەهەندێکی سەرەکی وێران بوونی ژینگەی کۆمەڵایەتییە.
  12. لاوازی ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە وشیارکردنەوەی تاک، بەتایبەتی لە بواری پاراستنی ژینگە و سامانی سروشتیدا.
  13. بە گشتی نەبوونی ڕۆڵی دامەزراوە حکومیەکان و دابڕانی جەماوەر لە حکومەت، هەوڵنەدان بۆ هاوپێچ کردنی جەماوەر لەگەڵ پیشە و کاری بەرهەمهێنەر، کە ڕۆڵی زۆر لە بنیاتنانی بڕوا بەخۆبوون دەگێڕێ.

پەروەردەکردنی نەوەیەکی نوێ لە چوارچێوەی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو و پێگەیشتوو، بێ گومان دەبێتە خاوەن تەندروستی و دیدێکی پێشکەوتووخوازتر، دەتوانێ ئاسانتر و خێراتر لە گەڵ پێشهاتەکاندا هەڵکات. زۆر جار گەشەکردن، لە ناوەندێکدا کە بەرنامەکانی وشیارکردنەوە و فێربوونی تێدا ئامادەبێت، یا هەژاری و بێکاری تیایدا باڵا نەبێت، دەبێتە مایەی گەشەکردن  لە ژینگەیەکی تەندروست و بێ گرێکوێرە، کە کەسێتی بەهێز و خاوەن پلانی تێدا گەورە دەبێت، جگە لەوەی بە کۆی خەڵکەکە، ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی تەندروست دێنێتە کایەوە، کە تیایدا دامەزراوە حکومییەکان ئەرکی وشیارکردنەوە و بەهاناهاتنی جەماوەر، لەکاتی تەنگژە و کێشەکاندا، دەگرنە ئەستۆ.

Check Also

٨ ی مارس  لە نێوان بوون و نەبووندا

کنێر عەبدوڵڵا ئەوەی ئاشکرایە چەسپاندنی رۆژێکە بەناوی  ٨ی مارس کە لەسەرتاسەری جیهاندا ساڵانە یاد دەکرێتەوە. …