ژیان لەنێو قاوەیەکی تاڵدا

یوسف اسماعیل


کورتە چیڕۆک

بە پەیژەکەدا هاتمە خوارەوە، بینم پەنجەرەی ژووری بەڕێوەبەرەکەم شکاوە، بەخێرای بێ گوێدان بە دەستەکانم خەریکی کۆکردنەوەی شوشە شکاوەکانی پەنجەرەکە بووم. لەوکاتدا بەڕێوبەر خۆی کرد بەژوورەوە، بێ سڵاو کردن دەستی کرد بە قسەی نەشیاو، پێنەدەچوو حاڵی باش بێت، بلوزە درێژەکەی لە پانتۆڵەکەیەوە دەرهاتبوو، سەرو قژی زۆر ناڕێک بوو. من خەریکی کۆکردنەوەی شوشە شکاوەکان بووم کە جێگری بەڕێوەبەر بێ بایەخدان بە سنووری قسەکردن، کاغەزێکی بەپەلە خستە سەر مێزی بەڕێوبەر. گووتی: ”خێرا ئەم دۆسیەیە تەواو بکە، منیش نەجات بدە،  پێویست ناکات ئیتر من لەم فەرمانگەیە کار بکەم، کاتی ئەوە هاتووە ئێرە جێ بهێڵم بۆ کەسانی وەک تۆ.” بەڕێوبەر هیچ کاردانەوەی نەبوو قەڵەمەکەی لە گیرفانی چەپی دەرهێناو واژووی خۆی لەسەر لای چەپی خوار کاغەزەکە بەجێهێشت.

بەڕێوبەر ڕووی لە من کرد و گوتی: ”هێی تۆ. ”؛ “من قوربان؟! “؛ “بڵێ تۆ”.  چووم بۆ خزمەتی و گووتی: ”گەر ڕۆژێک ببیت بە بەڕێوەبەری ئەم فەرمانگەیە چی دەکەیت؟”.   “هیچ قوربان من چۆن دەتوانم خەونێکی ئاوا ببینم، نـا ناتوانم.“ 

 ”تۆ کەسێکی ئاسوودەی، بەڵام کە هاتی بۆ ئێرە دەبیت بە کەسێکی سەر لێشێواو. شەوان ناتوانی لەگەڵ سەرکردن بە سەرین بخەویت و ئاسوودە بیت، ناتوانیت لەماڵەوە دڵخۆش بیت، و ناتوانیت ئەندامی خێزانەکەت لەژێر دەسەڵاتی خۆتدا بهێڵیتەوە، ئەو ڕۆژەش نایتەوە کە کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ ماڵ، منداڵ و هاوسەرەکەت بە دەمتەوە بێن و بڵێن بەخێربێتەوە، باوەکە چیت بۆ هێناوین، نە هاوسەرەکەت دەڵێت، منداڵینە واز لە باوکتان بهێنن، ئەو تازە لە کار گەڕاوەتەوە و پێویستی بە پشووە.”

 بەڕێوبەر لەنێو قسەکردندا هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا و مستێکی دا بە سەر مێزەکەی بەردەمی و زۆر بە تووڕەیی هەناسەیەکی دایەوە.

بەپەلە و مشەوەشی ژوورەکەم جێهێشت و لە سوچێکدا بیرم لە قسەکانی ئەو کردەوە و خەیاڵم کردەوە، سەیرێکی ئاسمانم کرد و لەبەر خۆمەوە گووتم: ”خودایە تۆ ئەو کەسەی کە پاشاێک دەکەیت بە کۆیلە، هەر تۆشی کۆیلەیەک دەیکەت بە پاشا، من نامەوێت ببم بە هیچ یەک لەوانە، لە شوێن و پلەی خۆمدا بمهێڵەوە، منی خزمەتکار چیم داوە لەو ژیانە سەختە! چیم داوە کە ئەو ژیانە سادە و ساکارەم تێک بدەم بۆ کەمێک ناوبانگ و پارەی زیاتر.”…

٣٠/١/٢٠٢٣

باشوری کوردستان – هەولێر

Images: https://pixabay.com/fr/

Ri Butov

Mediamodifier

Foundry Co

Check Also

زیندان و کۆڕەو

دۆستۆیڤسكی، بەیان سەلمان   رەفیق سەعید بەراوردێك لە نێوان دوو كتێب كە جیاوازی نوسینیان سەدەیەكە …