ڕۆڵی ئافرەتانن دوای شۆڕشی پیشەسازی

بەهیە بارام


لەگەڵ سەرهەڵدانی پیشەسازیدا ژنان هاوشێوەی پیاوان بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان و منداڵیان هانایان بۆ کارکردن لە دەرەوەی ماڵ بردبوو. کاتێکی زۆر کە لە دە کاتژمێر زیاتربوو کاریان دەکرد، بەرامبەر بڕە پارەیەکی کەم، بێجگە لەوەی هەڵسوکەتی ناشیاو و وتەی ناشیرینیان بەرامبەر بەکاردەهێنرا لەلایەن خاوەن کار، یاخود بەڕێوبەرو سەرپەرشتیار، ئەمەش وایکرد ئافرەتان ڕاپەڕن و دژی ئەم جۆرە نایەکسانی و توندوتیژیە بوەستنەوە. لە ساڵی 1857 دا و لە ڕۆژی هەشتی مارس ئەو ئافرەتانەی کە لە کارگەکانی ڕستن و چنین لە نیۆیۆرک کاریان دەکرد، هەستان بە خۆپیشاندان و لە شەقامەکان دەنگی ناڕەزاییان بەرزکردەوە. ئامانجیان لەو خۆپیشاندانە کەمکردنەوەی ماوەی کارکردنیان و زیادکردنی پارەی کارکردن بوو، بەڵام بەداخەوە هەندێک لەو ئافرەتانەی کە خۆپیشاندانیان کردبوو لەلایەن پۆلیسەوە گیران و هەندێکی تریشیان برینداربوون لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە، هەندێکیشیان ڵێ کوژران. ئەم ڕۆژە هەشتی مارس بووە ڕۆژێکی مێژوویی بۆ داواکردنی مافی ئافرەت هاوشێوەی مافی پیاوان. ساڵًی 1910 لە شاری كۆپنهاگن لە دانیمارك لەسەر ئەم بابەتە كۆنفرانسێك بەسترا بۆ دیاریكردنی ڕۆژێك تایبەت بە ژنان، بەڵام نەتوانرا ڕۆژێكی تەواوەتی دیاری بكرێت و هەر وڵاتە خۆی ڕۆژێكی دانا بۆ ژنان و لە ساڵی 1921 ڕۆژی هەشتی مارس وەك ڕۆژێكی تایبەت بە ژنان لە جیهاندا ناسێنرا و ساڵی 1978 بە فەرمی لە لایەن نەتەوە یەكگرتوەكانەوە ڕۆژی هەشتی مارس تایبەت بە ژنان دیاریكرا و لەو كاتەوە ئەم ڕۆژە دیاریكراوە بە بەرز ڕاگرتنی ماندووبوونەكانی ژنان لە تەواوی جیهاندا وەك دایك و كچ و ئافرەت كە خزمەتی خێزان و منداڵ و نیشتیمان و هاوسەرەكەی دەكات، وەك ئەو كەسەی كە بێ ئەو ژیان تام و ڕەنگی نامێنێت و نیوەی تەواوی كۆمەڵگەیە. 

ڕاستە ئەم ڕۆژە بە نەگۆڕی ماوەتەوە و ئەم ڕۆژە تایبەت کراوە بە مافی ئافرەت، بەڵام بەداخەوە ئەو مافە لەم ساڵانەی دوایدا بەکارهێندراوە بۆ چەندین مەبەست و کاری ناشیاو، وەک دەبینین و دەبیستین کەوا ڕێکخراوی بەناو مافی ئافرەتان دەستگیرکراون بەهۆی بازرگانی کردن بە لەشەی ئافرەت، یاخود چەندین هەوڵمان بیستووە کەوا لە دەمی ئافرەتەکە خۆیەوە، کە لەڕێی مافەکانەوە تووشی چەندین کێشە و ناخۆشی بووەتەوە. مافی ئافرەت دروشمێکە کە لەژێریەوە چەندین کاری نابەجێ کراوە. بەڵام هەموو ئەمانە هیچ لەوە کەم ناکاتەوە کە ئەوانەی بەڕاستی کاریان بۆ مافی ئافرەت کردوە توانیویانە مافەکانی ئافرەت تا ڕادەیەکی زۆر بەرەو پێشەوە ببەن و خەڵکانێکی زۆریش هۆشیاربکەنەوە لە مافەکانی ئافرەتان. مافی ئافرەت واتا ئافرەتیش بتوانێ بچێتە دەرەوە و کار بکات، و بە موچەیەکی گونجاو و بە کاتێکی دیاریکراو، هەروەها گونجاو بێت بۆ ئافرەتەکە. بێجگە لەوەی هیچ خاوەن کارێک و هیچ بەڕێوبەرێک نەتوانێ دەستدرێژی نامووس و لێدان و سووککردن و جنێودان بەرامبەر بەو ئافرەتانە بەکاربهێنێت کە لەلایان کاردەکەن؛ چۆن دەڕواننە کرێکارە پیاوەکان بەهەمان شێوەش ڕێزی ئافرەتان بگرن و مافەکانیان پێشێڵ نەکەن.

لە سەدەی بیست و یەکدا و لەم سەردەمی مۆدێرنە، ئافرەت وەک کاڵایەک بەکاردەهێندرێ بۆ بەناوبانگکردنی کاڵا و شوێنە گەشتیاریەکانیان، لە هەر ڕیکڵامێک ئافرەت بەکاردێنن وە ژمارەیەکی زۆر بەناوی کچە مۆدێڵ و مەیکەپ  دەرکەوتون، بە دروشمی مافی ئافرەتانە و مافی خۆمانە چۆن بژین،  ئەمەش وایکردووە کە زۆرێک لە خەڵکی وابزانن مافی ئافرەت واتا خۆ ڕووتکردنەوە و چوونە پێش کامێرا و تیڤیەکان، نەخێر ئەمانە تەنها پیلانی سیاسین و دوورن لە مافی ئافرەت، بەڵکو تەنها بۆ هەڵخەڵەتاندنی گەنجەکانە تاکو دووربکەونەوە لە کاروبارە سیاسیەکان و حیزبە سیاسیەکان بەویستی خۆیان چۆنیان دەوێت وڵات هەڵسوڕێنن. گەنجەکانیش گوێ بەوە نەدەن و کچان هەوڵبدەن هەموو کاتێکیان بۆ ئەوە دابنێن کە چۆن وەک ئەوانیان لێبێت. تەنانەت پرۆڤە دەکەن کە وەک ئەوان قسە بکەن و هەڵسوکەوت بکەن، کورانیش بەهۆی سێرکردنی ئەم جۆرە کچانەوە گرینگی بەحەز و ئارەزووەکانیان بدەن، کارڵ مارکس دەڵێت، ”ئازادی سنووری هەیە، ئازادی بێ سنوور بەڕەڵاییە.”. هەموو ئەوانەی ئەمڕۆ دەکرێن دوورە لە مافی ئافرەتان، بەڵکو دەتوانین بڵێن ئەوانە ڕوویەکی نەخۆشی دەروونیی کۆمەڵگان. بەڵام لەڕاستیدا مافی ئافرەت واتا بتوانێ بخوێنێت، هەر وەک کوڕ فێری نووسین و خوێندن بێت. مافی ئافرەت واتا هیچ کەسێک نەتوانێ سووکایەتی و دەستدرێژی بکاتە سەری، مافی ئافرەت زۆر لەوە پیرۆزترە کە ئێمە بێین لە خۆ ڕووتکردنەوە و خۆ دەرهێنان کورتی بکەینەوە، ئافرەتان مافی ئەوەیان هەیە دەنگ بدەن و لە هەڵبژاردنەکان بەشداربن، ئافرەتان دەتوانن بەویستی خۆیان سەرکردەی وڵاتی خۆیان هەڵبژێرن، وەک چۆن لە کاتی دەنگدان پیاوەکان دەنگ دەدەن، ئافرەت دەتوانێ کار بکات و زانکۆ تەواو بکات، ئافرەت بەشێکی گرینگی کۆمەڵگا مرۆییەکانە، ئافرەت بەها و دایکی تاکەکانە، میللەتی کورد پیویستی پێیەتی و پشتی پێ دەبەسترێت.

لە کۆتاییدا دەڵێین مافی ئافرەت پێویستە هەموو ڕۆژێک و هەموو کاتێک لەبیرمان بێت و ئافرەتان هەوڵبدەن کارێکی وابکەن کە بیسەلمێنن کە شایەنی هەموو مافەکانن.

Images: https://pixabay.com/fr/

photosforyou

Markéta (Machová) Klimešová

Andrey_and_Lesya

Check Also

گۆی زەوی وڵاتی هەموومانە

د. ساماڵ مانیی تا کەی حکومەتەکان هیچ پلانێکی جیدی پیادە ناکەن سەبارەت بە پاراستنی ژینگە …