چوار شه‌ممه‌, ئایار 15, 2024
frku

چۆن بابەتی فەیسبوک هەڵبژێرین؟

بەیان سەلمان

Image: Samer Daboul

فەیسبوک پانتاییەکی بەتاڵ و بێ ناوەڕۆک نییە هەتا نەزانین چۆن بابەتەکان هەڵبژێرین و خەڵکی پێ هەراسان بکەین!

 هەڵبژاردنی بابەتێکی بڵاوکردنەوە بۆخۆی کارێکی ئاسان نییە، وەک وەها دێتە بەرچاو. بابەت لەسەر ساکاری و سادەیی و ئاڵۆزی بڵاوکراوەکە نەوەستاوە، بەڵکو پابەندە بە بەهای ناوەڕۆکەکەی. تەنانەت کە کەسێک دەیەوێت ببێتە هاوڕێ و ئاگادار بێت لە ڕەوت و بۆچوونی هاوڕێیانی، گرنگە بزانێت و تێبگات لەوەی بۆ لەسەر فەیسبوکە؟ واتە لەپێش هەموو شتێک لە خۆت تێبگە بۆئەوەی بتوانیت لە دەوروبەرت تێبگەیت. خۆت و بابەتەکانت هەڵسەنگێنە تاکو بتوانیت کەسانی تر و بابەتکانیان هەڵسەنگێنیت. ئەمە زۆر گرنگە بۆ پتەوکردنی پەیوەندی.

فەیسبوک داهێندراوی ساتێکی ئاڵۆزە کە تاکەکان بەرەبەرە لەیەک دادەبڕێن، چ بە هۆی بژێوی ژیان، چ بە هۆی دووری مەودا و چ بە هۆی دابڕانی کات. بێگومان تەکنەلۆژیا ئەو دۆخەی دروست کردووە، بەڵام هەر بەخودی تەکنەلۆژیاش ئەو کێشەیە چارەسەر دەکرێت. وەک ئەوەی چەندین تۆڕی کۆمەڵایەتی و تەلەفونی وەکو واتسئاپ و ڤایبەر و تێلێگرام و هتد.

لەبنەڕەتدا فەیسبوک تۆڕێکە بۆ بەستنەوەی ئەو پەیوەندییانە، ئیدی دواتر چۆن ئامانجەکە گۆڕاوە بۆ لێدان و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر خوو و خواست و حەزی تاکەکان و کۆنتڕۆڵکردنیان، ئەمەیان ئاکامی بەکار‌هێنانی هەڵەیە و لایک دانانە لەسەر بابەتی کەسێک، بەبێ ئەوەی خوێندرابێتەوە و بزانیت چ ئاکامێکی لێ دەکەوێتەوە!

گرنگە بزانین کە فەیسبوک پانتاییەک نییە بۆ مێبازی و نێربازی و منداڵبازی، بۆ ئەوە نییە خەڵکی پێ بشکێنینەوە، بۆ ئەوە نییە سووکایەتی بە بیروڕای کەسانی تر بکەین تەنانەت ئەگەر هاودژی بیروڕای ئێمە بن. زۆرچاک دەکرێت بزانیت چۆن گفتوگۆ دەکەیت و خۆت نەخەیتە ئاستی نەفامی و نەزانینی کەسێک و لاسایی لایکی دڵڕەقی و بێڕیزی و نەزانین بکەیەوە!

 ئامانە ئامۆژگاری نین، ئەگەر وەهاش دەرەکەون، بەڵکو گرنگە بزانین چۆن بابەت بۆ کەسێک دەنێرین، بۆ کێی دەنێرین و بۆ؟ ڕەوانەکردنی بابەت بۆخۆی بابەتێکە دەبێ لەسەری بوەستین. بێجگە لەوەی، کات و شوێنی ئەو کەسە لەبەرچاو بگرین کە لێی دەژی. لەپێش هەموو شتێکیش، کورتە پێناسەیەک لەسەر کەسەکە بزانین پێش ئەوەی داوای هاوڕێیەتی لێ بکەین! کە تۆ هیچ شتێک نەخوێنییەوە چۆن دەزانیت بۆ ئەو کەسەت بە هاوڕێ هەڵبژاردووە!؟ یاخود بۆ پێتخۆشە ببیە هاوڕێ لەگەڵی!؟ ئامانجت چیە لەوە؟ سەیری پیشینەی کەسەکە بکە و خۆت مەخە ناو کەڵکەڵەی ئەوەی کەسێک بناسیت بەبێ ئامانج. هاوڕێیەتی زۆر خۆشە، زۆر بەکەڵک و بەسوودە ئەگەر بزانین بۆ و کەسەکە کێیە!؟ ناکرێت هەموو چرکەیەک بە کەسەکە بڵێت چۆنیت و ئەویش ئەگەر پێت نەڵێیت چۆنیت واتە کەسێکی لووتبەرزە. ئەمە هەمووی پابەندە بە نەخوێندنەوەی بابەتەکان و هەموو کەسێک گرنگە بزانێت چۆن کاتی دابەشکردووە بەسەر سەرقاڵییەکانی و کارەکانی.

ئەگەر دەمانەوێ فەیسبوک و تۆڕی کۆمەڵایەتی تر قووتمان نەدەن، با ئێمە فریا بکەوین قووتی بدەین و بزانین چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکەین.  

Check Also

كاریگه‌ری تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌سه‌ر ژیانی تایبه‌تی

له‌م سه‌رده‌مه‌دا تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، وه‌ك فه‌یسبووك، تویته‌ر، ئینستاگرام … هتد بوونه‌ به‌شێك له‌ ژیانی زۆرینه‌ی خه‌ڵك. له‌رێگه‌یانه‌وه‌ ده‌توانین هاوڕێی نوێ بدۆزینه‌وه‌، گفتوگۆبكه‌ین، راوبۆچوونی خۆمان بنووسین، وێنه‌ و ڤیدیۆی ژیانی تایبه‌تی بڵاوبكه‌ینه‌وه‌... ئا لێره‌وه‌ ئیشكالییه‌ته‌كه له‌ چه‌ند روویه‌كه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *