دوو شه‌ممه‌, نیسان 29, 2024
frku

بچوکیش بیت ناچاری درۆ بکەیت!

ئاکام ئیبراهیم

Image: Hey Bro

بچوکیش بیت ناچاری درۆ بکەیت؟ بەڵێ! درۆش نەکەیت لە کۆتایدا خۆ هەر گەورە نیت. هەر یەک لە ئێمە خاوەنی پاشخانی ژیانی خۆمانین وەک هەمووان و بەبێ جیاوازی کە دەشێ پاشخانی هەر یەکێک لە ئێمە جیاواز بێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە لێرە بپرسین: ئایە ئەم هەڵگیراوانەی نێو ئێمە چین؟

 تەواوی مرۆڤایەتی هەمیشە خاوەنی دوو گۆشەتێڕوانینە بەرامبەر بە خۆی، کە خودی مرۆڤەکە خۆیەتی، یاخود تەواوی ئەو ساتانەی لە تەمەنێکی بچوکەوە ترس و تۆقان لە هەموو ئەوانەی پیرۆزکراون بە ئاین و بە کۆمەڵگاکاندا، لە کۆتایدا ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ بچوکەکان ناڕاستی گوتنە لە پاش دەستتێوەردان لە پیرۆزییەکان، خۆ ئەگەر ئاگاییەکی نەبێت لەم پیرۆزییەش تێنەگەیشتن و تێنەفکرینی بەرامبەر بۆ ئەم کارە خۆی لە خۆیدا پەنابردنە بەر ڕێڕەوێکی دیکە ئەمەش وا دەکات سەرەنجام ئەم مرۆڤە پەنا بەرێتە بەر گۆڕانکاری لە گوتن و تێگەیاندنی بەرامبەر. بەڵام، هەمیشە وەک مرۆڤێکی پەراوێزخراو لە ئایدۆلۆژیا جیاوازەکان لە کۆمەڵگا کراوەکاندا دەڕوانین، دەشێ ئەمە تەنها هەستپێکردنێک بێت، هەروەها دەشێ ئەمە واقعی ئینسانەکەش بێت، بەڵام بە هەستپێکردن بەم پەراوێزبوونە، ڕوبەڕوبوونەوەی خۆیەتی کە ئەمەش هەستکردنە بە بچوکبوونەوە، یاخود هەستکردن بە لێوارەکانی گونجان لەگەڵ چواردەوردا، کە ئەمەش مرۆڤ پەلکێش دەکات بەرەو گوتنی ناڕاستی. دەشێ ئەم ناڕاستییەش لە پێناو بەدەستهێنانەوەی خودی خۆی بێت، یان ئەوەتا کە پەراوێزخراوە لەدەست چووە، تەواوی وشە و دەربڕینەکان بۆ بەدەستهێنانەوەی متمانەی خۆیەتی، چونکە مرۆڤ هەر ئەوەندەی هەستی بە وێڵبوونی کرد لە کۆمەڵگاکەیدا هەر ئەو ساتەیە کە هەست بە کەمبوونەوەی خۆی دەکات، بۆیە پەنابردنە بەر ناڕاستی گوتن ئەوە بە ئامانجگرتنی دڵی بەرامبەرە بۆ گونجاندنیان لەگەڵ کەسەکە، تاوەکو وەک یەکێکی جیاوازتر لەوەی کە هەبووە لە ڕابردوودا بەدەر بکەوێت، ئەمەش هانی تاک دەدات بۆ زیاتر بەدەستهێنانی گوفتی ناڕاست تا لە بازنەی نەبوون پەڵبکێشێتە دەرەوە و بیسەلمێنێت بوونی هەیە لە چواردەوریاندا وەک هەموو تاکێک و بگرە زیاتریش، لەم ڕوانگەیەوە کەسایەتی ئەو مرۆڤە بەرەو هەڵدێرێکی نوێ ڕێگە دەگرێ. ئەوەش وا دەکات ڕێڕەوی ژیانی لەم گوزەرەدا جیاوازتر بێت لە ڕابردوو تاوەکو هەرگیز جارێکی دیکە هەست بە پەراوێزبوونی خۆی نەکات لە کۆمەڵگادا، چونکە ئەم پەراوێزبوونەی لە کۆمەڵگادا بەبێ ویستی خۆیەتی، نەک لە چوارچێوەی ویستەکانی خۆیدا بیەوێت دوورەپەرێز لەم کۆمەڵگایەدا بژی! ئەم بێ ویستییەش مرۆڤ لە ڕێچکە سەرەتاییەکەی خۆی پەلکێشی دەروازەیەکی نوێ دەکات.

Check Also

کورتە گفتوگۆیەک سەبارەت بە چەمکی جێندەر

د. شه‌ونم یه‌حیا و ناسك سعید ناسك سعید: هه‌ركاتێك چه‌مك و زاراوه‌یه‌كی نوێ دێته‌ ناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *