دوو شه‌ممه‌, نیسان 29, 2024
frku

”بۆچی ژن بەشداریی فیکری کەمە، یاخود وەبەرچاو نییە؟” لەژێر ئەو ناونیشانە تەوەرێکمان کردۆتەوە و بانگەشەی نووسەران و هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە لە خۆیاندا ڕادەبینن تەنانەت چەند دێڕێک لەو بارەوە بنووسن.

نیان عەبدوڵا کوردی (مامۆستا)

Image: Stefan Keller

ئەگەر ئاوڕێک لە ڕابروو بدەینەوە تێبینی دەکەین، نەبوونی هوشیارکردنەوەی رۆشنبیری، ئاراستەکردن، باوکسالاری، گرنگیدان بە رەگەزی نێر و رێگەپێدانیان لە هەموو بوارەکاندا وایکردووە کە و چاوپۆشی لە هەڵەکانیان بکرێت. بەپێچەوانەی رەگەزی مێ، ئەمان بە ترساندن و تۆقاندنیان، بەرێگەپێنەدانیان، بەبیانوی ئایینی ئیسلام هەست و نەستیان کپ دەکرێن. ناهێلن ئارەزوەکانیان دەربڕن، بەبیانوهێنانەوەی دیاردەی کۆمەڵگایش سەرزەنیشت دەکرێن و تەنها لەسەر کۆمەڵێک بواری دیاریکراو رادەهێندرێن. لە ئێستاشدا، بەهۆی گرنگیدان بە تۆڕەکۆمەلایەتییەکان و بەکارهێنانی تەنها بەشێوەیەکی سنوردار هانیان دەدات کە بەشێوەیەکی جوان دەرکەون. تا ئێستا چ شاعیرێکمان دی هۆنراوەیەک لەسەر ئافرەتێکی ناشرین بنوسێت؟ ئەمانە و زۆر شتی تر وادەکەن کە زیاتر سەرقاڵی جلو بەرگ و نەشتەرگەری جوانکاری بن. بێجگە لەوەش، ئە ژنانەی دەچنە سەر کار، یان پەروەردەی منال دەکەن، بەکڕینی ئوتۆمبیل فریویان دەدەن، کە لەبنەڕەتدا پیاوان بۆ بەرژەوەندی خۆیان و کەمکردنەوەی ئەرکیان بەو کردارە هەڵدەستن. بەو جۆرە ژن ناپەرژێن بچنە کۆڕ و کۆبونەوەی رۆشنبیری، یان بخوێننەوە! لە باشترین دۆخدا، لەبەر دوورکەوتنەوەیان زۆرتر هانا بۆ وەرگێڕان دەبەن. ئەو بەشە کەمەیش کە بوێرن رووبەڕووی ئاستەمەکان دەبنەوە و گوێ نادەن بە رەخنەو توانج و سەرزنەشتنکردنی کۆمەلگا. دواجار هەر ئەوانەش دەتوانن ئەو بەربەستانەی رێگە لە گەشە و پێشکەوتنیان دەگرێت بیشکێنن. ئەو ژنانەش مۆدێلێکن کە پەیڕەو بکرێن، بەڵام لاسایی نەکرێنەوە. 

ترێ محمود (میدیاکار)

Image: StockSnap

سەبارەت بەپرسیارەکەت؟ پێویستی بە وەڵامێکی درێژ هەیە. بۆ؟

چونکە فاکتەرەکان زۆرن، لەوانە  کاتێ  ژن  لە کۆمەڵگایەگی  پیاوگەرادا بن،  چۆن دەتوانن بەشداری و چالاکی و ئامادەبوونی هەبێت؟ لەلایەکی ترەوە، کۆڵەکەی ماڵبێت بۆ خزمەتی پیاو مناڵ و ڕاپەڕاندنی کاروباری ماڵ، بەگشتی و بەتەنیا لەڕووی داراییەوە نا، ئەوەش دیسان ڕیگردەبێت لەبەردەم ئەو شۆڕشە فیکریەدا کە بمانەوێ لەڕێگای بەشداریمانەوە خۆدەوڵەمەند بکەین. بەڵام، کە داراییەکی سەربەخۆش نەبێ، ئەمەش دیسانەوە ڕێگرە. سەرباری هەموو ئەمانەش، ژن بۆخۆی ئەو ئیرادە بەهێزەی  هەیه گەر بییەوێ، بەهەموو ئاسانکاریەکان وەک سۆشیاڵ میدیا بەگشتی، هێشتا ژنانێک هەن نایانەوێ خۆیان ماندوو بکەن، ڕۆژانە هێندەی بەگرتنی وێنەی (سێڵفی)یەوە کات دەکوژن و سەردانی سەنتەرەکانی جوانکاری و نەشتەرگەری بۆ لوت و لێو و ڕوومەت دەکەن، گرنگی بەخوێندنەوەو فرەڕەهەندی بابەتەوە نادەن کە لە ماڵەکەی خۆیدا دەتوانێ ئەمە بکات.

ئەوە، هەم لەبەردەم ئیرادەی تاکەکەسی، هەم لەسەر شۆڕشی فکری  ژن مەترسییەکی گەورە درووست دەکات. بەتایبەتی، مەبەستم لە باشورە. لە ڕابردوودا، گەر ژنان تفەنگێکیان ببینیایە سڵیان لێ دەکردەوە، بەڵام ئێستا خەباتی ژنانی ڕۆژئاوا بۆتە سیمبولی خەباتی ژنان  لە جیهاندا. کەوایە، بەڵێ دەتوانین لەڕووی فیکرییەوە خۆدەوڵەمەند بکەین. گەر بمانەوێ بەو هەژارییەوە چیدی ڕووبەڕووی ئەو فەزا جیهانگیرییە نەبینەوە. سەرباری ئەمانەش ناوەناوە ژنانێک دەرکەوتوون کە دەتوانین بڵێین بەڵێ، ئەمانە توانیویانە ئەو شۆڕشە بکەن و سەرکەون بەسەر ئەو کولتوورە لاوازەی بۆ ژن بۆتە گەورەترین بەربەست تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش.

بەناز سەعید

Image: Ryan McGuire

بەڕاى من پياويش بەشداریی فيكريان كەمه، نەك هـەر ژن، بەڵام ژن بەڕادەيەكى زياتر لەبەرئەوەى لەسەرەتاى چاوهەڵهێينانييەوه له كۆمەڵگەى داخراوه، ئازاد نیە، زياتر به كاروبارى ناو ماڵە و منداڵ بەخيوكردن سەرقاڵە و…هتد.

Check Also

کورتە گفتوگۆیەک سەبارەت بە چەمکی جێندەر

د. شه‌ونم یه‌حیا و ناسك سعید ناسك سعید: هه‌ركاتێك چه‌مك و زاراوه‌یه‌كی نوێ دێته‌ ناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *