هەستکردن بە تاوانی وێژدان چی لێ دەکەوێتەوە؟

ئاکام ئیبراهیم

Image: ElisaRiva

ویژدان مرۆڤە، مرۆڤیش تاوانە لەگەڵ یەکەمین چرکەساتی هەڵهاتنی خۆر لە ڕۆژی یەکەمی مانگی شوباتدا، بۆ ساتێکی کەم خەیاڵم لەسەر ئەو ڕابردووە نیشت کە هەمیشە هەستکردن بە ئازار تێیدا شادی بوو، هێدی هێدی هەستم با ئاوابوونی ئەو ئازارانە دەکردن کە ئەگەر لە چەندساتێکی کەمدا لە خۆمدا فەراهەمم دەکردن، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوون بەم یادگارییانەدا، زلەیەک لە بن گوێم ڕا درا! ئەو زلەیە، زلەی ژیان بوو، زلەی هەستکردن بە ئازارێکی ڕاستەقینە، کە مرۆڤ بەڕاستی تووشی ڕاوەستان دەکات لە ژیاندا.  هەندێ سات هەن مرۆڤ دەکەوێتە خەوێکی قوڵەوە لە ناو ژیانیدا، دەشێ بەرەنگاری دژوارییەکانی ژیان ببێتەوە، کە مەرج نییە بەرەنگارییەکان بەرامبەر مرۆڤێک، یاخود ماددەیەک بێت، دەشێ بەرامبەر خودی خۆی بێت کەسەکە، وەها لێکی بداتەوە کە قوڵترین ئازارە مرۆڤ بەرەنگاری دەبێتەوە! چون مرۆڤ تاکە شتێک دەیوەستێنێ، ئەوەش ئازاری ویژدانە کە لەهەمبەر ناڕەواییەک، کارێکی نابەجێ، یاخود تاوانێکی بەجێماودا مرۆڤ تووشی دەبێت لە ئاست کەسەکان. دەشێ تەواوی چرکەساتەکانی یادگەی لەسەر دۆخێکی وەها ڕاوەستێت کە ئەم شوێنگەیە دژوارترین سیناریۆی ناو هزری کەسەکەیە و هەرگیز لەم بازنەیە تێناپەڕێت. دەشێ ئەم مرۆڤە ڕوانگەی لەبەرامبەر کەسەکان بە شێوەیەک بگۆڕێت کە نەتوانێت کۆنتڕۆڵی بکات، چونکە ملکەچی یادگەی بووە، لە ڕابردووشدا ئەم فشارە دەروونییە ئازارێکی سەخت دەخوڵقێنێت و مرۆڤ تێیدا چەق دەبەستێت تا ئەو ساتە بڕ دەکات کە لە نهێنییەکدا دەیهێڵێتەوە بەرامبەر خۆی. لەوانەیشە ئەم فشارە درێژبڕی لە تەمەنی کەسەکەشدا بکات، هاوکات هەستکردنی بە تاوانباربوون لەبەرامبەر ڕابردوویەک، هاوکات زیندانی دەبێت لە ڕابردووی خۆیدا کە هیچکات ناتوانێ لەم زیندانە وەدەربێت تاوەکو خودی ئەوەی هەستیپێکراوە ئازادی بکات.

ئازاری ویژدان لە پاش گۆڕانی کەسێتی ڕوودەدات، مرۆڤ لە قاڵبێکی دیکەی ژیانییەوە هەنگاوێکی نوێی بەرەو قۆناغێکی نوێ داوە لە ژیانیدا، ئەمەش وا دەکات ئەو هەستەی لەلا بەرهەمبێت. لە ڕاستیشدا هەستکردن بە تاوانیش هێندە دژوار نییە، چونکە مرۆڤ هەر ئەوەندەی لەو قۆناغەی تێیدا دەژی کەمێک باڵاتر تێبفکرێ دەتوانێت ئازاری ویژدان تووشی خۆی بکات، یاخود خۆی تووشی هەڵدێرێکی سەخت بکاتەوە لە ژیاندا کە ئەم تاوانکارییەی لە ناخیدا هەستی پێدەکات دژوارترە لە خودی تاوانێک کە ئەنجامی دەدات.  لە بەرامبەر ئەم دۆخە سەختەدا، بۆ چەند ساتێک لە هەمان ئێوارەدا بەرامبەر ئاوێنەی سەر باڵکۆنەکەی ماڵەوەماندا دەوەستم و دەڵێم: “ڕەنگە مرۆڤ لە چاوقایمیدا بێت نەتوانێت تێبفکرێ، چون زۆرێک لە ئێمە بە چەشنی (ئادەم)ین، واتە تا ئەو ساتەی دەستمان لە سوتاندا جێ نەمێنێ هەست بە تاوان ناکەین! ئێمەی مرۆڤ خوومان بە تاوانێکەوە گرتووە کە لە پاش پەشیمانیمان خەریکە گەرومان لە ئازاردا دەدڕێ و ئیدی ئەو هاوارەی نێو سینەمان کە تا ئیستا خەفەمان کردووە بەبێ ویستی خۆمان دەرەپەڕێتە دەرەوە. ڕەنگە ئەم هاوارە وێرانکارییەکی لێ بکەوێتەوە، چ بەرامبەر خودی خۆمان، چ بەرامبەر تاکەکانی نێو کۆمەڵگادا. مەبەست لەم وێرانکارییەش تەواوی ئەو بارە دەروونیەیە  کە لە پاش پەشیمانی و هەستکردن بە ئازاری ویژدان، مرۆڤ لەو دۆخەدا دەوەستێنێت.





ئاکام ئیبراهیم

Check Also

ئەگەر لە بازنەیەکی سەرووی خۆمانەوە لە جیهان بڕوانین/ بەشی یەکەم

د.مەدیحە سۆفی گۆی زەوی لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی سەختی کێشەی جۆراوجۆردایە، کە ئیدی دەستی مرۆڤ ناتوانێت بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *