هەینی, تشرینی یه‌كه‌م 31, 2025
frku

ئەپوکالیپس، دوێنێ و سبەینێ

بەیان سەلمان


پێشەکیی

”ئەپوکالیپس، دوێنێ و سبەینێ” پێشانگایەکە کە لە کتێبخانەی نەتەوەیی فەڕەنسا (BnF) لە ٤ی شوبات تا ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ لە بەشی فرانسوا-میتران بەڕێوە دەچێت. بوارێکە بۆ خوێندکارانی کورد لە فەرەنسا لە نزیکەوە بیبینن و خوێنەرانی کورد بە نێوەندی ئەم نووسینەوە ئاشنای بن.

ئەم پێشانگایە تێڕوانینی ئەپوکالیپس دەکات، هەم وەک چیرۆکێکی ئایینی و هەم وەک خەیاڵکردنەوە لە کۆتایی جیهان، لە ڕێگەی بەرهەمگەلێکی کۆکراوەی دەوڵەمەند لە بواری هونەری، ئەدەبی و سینەماییدا، لە تەک چەندین کۆنفرانس و ئاخافتن کە ڕەنگدانەوەی ئەو دیدگای ئەپوکالیپسە درێژ دەکەنەوە. بیچگە لە نمایشی چەند فیلمێک کە لە دەوری هەمان بابەتە، لە نێوانیاندا فیلمی ”جیهان و لەش و شەیتان” کە فیلمێکی زانستی خەیاڵی دوای ئەپوکالیپسە، لە ساڵی ١٩٥٩ لەلایەن (ڕاناڵد ماکدۆگال) دەرهێنراوە. چیرۆکەکەی بە ڕەنگدانەوەی نیگەرانییەکانی ئەو سەردەمە هەژمار دەکرێت، لەوانە ترس لە شەڕی ئەتۆمی و گرژیی ڕەگەزپەرستیی نێوان مرۆڤ.

پێناسە :

”ئەپوکالیپس” وشەیەکی پەنهان و ترسناکە، وشەیەکە کە باس لە کۆتایی جیهان دەکات. دوو هەزار ساڵە کە دەنگدانەوەی بەسەر کولتوور و کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکاندا هەر ماوە. بەتایبەتی کاتێک کارەساتێکی گەورە ڕوودەدات و تا ئێستاش بە هۆی مەترسی گۆڕانی ژینگە دڵەڕاوکێی دواڕۆژ بەردەوامە. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕیشەی ئەم وشەیە کە بە ڕەچەڵەک یۆنانییە بە واتای وەحی، ڕۆشنبینیی دێت، واتایەکە کە دواتر مەسیحییەکان وەریانگرت. لە دەقی ”ئەپوکالیپس” کە کۆتایی کتێبی ئینجیل بەوەیە، حەزرەتی (یۆحەنا) باس لە سەرهەڵماڵین دەکات لەسەر شانشینێکی ئەبەدی کە باوەڕداران لە مەلەکوتی ئاسماندا یەکدەخات.

خاڵە سەرەکییەکانی پێشانگاکە:

بابەتی سەرەکی : پێشانگاکە لە دوو لایەنەدا باس لە ئەپوکالیپس دەکات: یەکێکیان باس لە (ڕۆشنبینیی) دەکات. ئەویتریان لایەنی کارەساتە، بە مەبەستی (کۆتایی جیهان). هەردوو بابەتەکە لێکۆڵینەوەیە لە بارەی ئەم چیرۆکەی (ئینجیل)، چۆن کاریگەری لەسەر هونەر و ئەدەب و کولتووری ڕۆژئاوا هەبووە لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە تا ئەمڕۆ.

ڕەوتی پێشانگاکە :

–   ئەو دەستنووسانەی لە دەوری ڕۆشنبیینینن : ئەم بەشە سەردانکەران دەخاتە ناو دەقی ئەپوکالیپسی حەزرەتی یۆحەنا، لە ڕێگەی نمایشکردنی ئەو دەستنووسانە، کە بەسەر فەرشی هەڵواسینەوەن (وەک وێنەکێشانی بەناوبانگی شاری ئانجێە Angers)، وێنەکێشانەکانی (ئەلبریخت دورەر)، و بەرهەمگەلێکی تری سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاست.

کارەساتەکان : ئەم بەشە نیشانمان دەدات کە چۆن بە درێژایی سەدەکان ئەپوکالیپس کاریگەری لەسەر هونەرمەندەکان کردووە. ئاڵۆزییەکان تەنها ناگەڕێنەوە سەر کۆنترین سەدەکان، بەڵکو لە هەر دەمێکدا کاریگەریی زۆری هەبووە لەسەر ئەوەی چۆن هونەرمەندان ڕووبەڕووی کۆمەڵ و کات و ڕووداوەکان وەڵامی خۆیان داوەتەوە یاخود پرسیاریان لەلا وروژاوە.

لە سەدەی هەشەهەم، هونەرمەندێکی وەک (ویلیام بلەیک) تێبینی ئەو ئاڵۆزییانەی کردووە و بەسەر بەرهەمەکانیەوە تیشکی داوەتەوە؛ بەتایبەتی بەسەر نووسراوە ئاینییەکاندا. ئەو هێما و دڵەڕاوکێیەی لەو کارانەیدا دەرخست، ڕێگای لەسەر سەردەمێکی نوێ کردەوە و هونەرمەندانی دواتریش سوودیان لە ئەزموونی وەرگرت و کاردانەوەی تا سەدەکانی داهاتوو بەردەوام بوو.

لە سەدەی بیستەم، بەتێپەڕین بە دوو جەنگی جیھانی و بەرزبوونەوەی ڕێژەی توندوتیژی سیاسی و هەڵوەشانەوەی بەهاکان، بزووتنەوەی تر دەرکەوتن. بەرزترین وێناکردن بە کارەسات هاتە ئارا و دیدگایەکی ڕەش تایبەت بە کۆتایی جیهانی سەری هەڵدا. (ئۆتۆ دیکس) لە بەرهەمە هەڵکوڵێنەکانی و تابلۆکانی ئێکسپرێسیۆنیستیدا، ئەو مەترسیی و هەڕەشانەی شەڕ بە توندوتیژییەکی ڕووت و قوت نیشان دەدات، جیهانێکی وێرانە دەورووژێنێت کە پێدەچێت مرۆڤایەتی مەحکوم بێت بە لەناوبردنی خۆی. ئێکسپرێسیۆنیستە ئەڵمانییەکان لای خۆیانەوە دڵەڕاوکێی سەردەمەکەیان گواستەوە بۆ وێنەگەلێک کە ڕەنگدانەوەی زەبر و زەنگی بەکۆمەڵ بوو.

لە هونەری هاوچەرخدا، بیرۆکەی کارەسات هێشتا ئامادەیە، چ بۆ وروژاندنی هەڕەشەی ژینگە بێت، یان قەیرانی سیاسی و یان مەترسی تەکنەلۆژی. بەم شێوەیە هونەرمەندانی بواری بینراو و ڤیدیۆ و هونەرمەندانی ئەکتەر، ئەو مەترسیانەی ئێستا و شوێنی مرۆڤ لە جیهانێکی بەردەوام لە گۆڕاندا دەخەنە ژێر پرسیارەوە.

–   ڕۆژی دوای : ئەگەر ئەپوکالیپس زۆرجار پەیوەستە بە لەناوچوونەوە، بەڵام بەڵێنی نوێبوونەوەی لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت. ئەم بەشەی پێشانگاکە ئەوەمان دەخاتەڕوو کە چۆن ئەپوکالیپس لە شێوازی نوێ و هاوچەرخدا بینراوە، بەتایبەتی لە ئەدەب، سینەما و هونەرە بینراوەکان، لەگەڵ تیشک خستنە سەر هیوای جیهانێکی نوێی دوای کارەسات. ئەم بەشە وێناکردنێکی هاوچەرخ و مۆدێرنی کۆتایی جیهان دەخاتەڕوو، بە تایبەتی ئەو چیرۆکانەی دوای کارەساتەکە ڕوون دەکەنەوە، لە نێوان بێهیوایی و هیوای دەستپێکردنەوە.

–  بەرهەمە نمایشاکراوەکان : پێشانگاکە پێکهاتووە لە نزیکەی ٣٠٠ بەرهەم، لەنێویاندا دەستنووسەکانی سەدەکانی ناوەڕاست، تابلۆ، پەیکەر، وێنە، ئامرازی دامەزراو و پارچەی فیلمەکان. لەنێو ئەو هونەرمەندانەی بەرهەمەکانیان نمایشاکراون : (ویلیام بلێیک، گۆیا، ئۆدیلۆن ڕێدۆن، ڤاسیلی کاندینسکی، ئۆتۆ دیکس، ئەنتۆا ئارتۆ، تاسیتا دین، فڕیست لانگ، میریام کان و ئان ئیمهۆف)

–   پرۆگرامی کولتووری : پێشانگاکە بە هاوشانی زنجیرەیەک چالاکییە، لەنێویاندا کۆنفرانس، گفتوگۆ، زیارەت بە هاوشانی ڕێنماکەر و پێشاندانی ئەو فیلمانەی لە دەوروگڕی ئەپوکالیپسن لە بینای (سینەماتێکی فەڕەنسی).

لە ئەدەبدا، چەندین نووسەری جیهانی دوای کارەساتەکانیان نووسیوەتەوە، لە (ماری شێلی) لەگەڵ ”دوا مرۆڤ”، ١٨٢٦ تا (کۆرماک مەکارتی) ”ڕێگاکە”، ٢٠٠٦. چیرۆکی ئەو ڕۆمانانە تەنیا لەسەر مانەوەی مرۆڤایەتی پرسیارگەلێک ناکەن، بەڵکو بەهای بنەڕەتیی لە بەرامبەر ڕووخانی و نەمانی شارستانییەکان دەرەخەن.

لە سینەمادا، ئەم بابەتە هێشتا بەردەوامە، لە بەرهەمە گەورەکانی هۆلیوود (ماد ماکس، منداڵەکانی مرۆڤ، ئینتەرستێلار) تا ئەو فیلمانەی زیاتر تێڕامانێکن لە دوەری بەهای بوونی مرۆڤ لەسەر گۆی زەوی، وەک (مێلانکۆلیای لارس ڤۆن تریێە). ئەم کارانە پرسیار لە پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ داهاتوو و خۆڕاگریی مرۆڤایەتی لە بەرامبەر نەزانین دەکەن.

وێنە گرنگەکانی ناو دەقی ئەپوکالیپس :

وەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد، ئەم دەقە دەگەڕێتەوە بۆ ”ڕۆشنبینینیی” یوحەنا ئەوەی لە زمانی عەرەبیدا بە (سفر الرؤيا) ناسراوە، کە بە نێردراوی خودا دادەنرێت، باس لە زنجیرەیەک ڕۆشنبینی پێغەمبەرانە دەکات سەبارەت بە کۆتایی.

لە کتێبی ئینجیلدا مۆرەکان بە پلەی یەکەم ئاماژەن بۆ ئەو حەوت مۆرەی کە لە کتێبی ڕۆشنبینیندا باسکراون (ئینجل، بەشەکانی ٥ تا ٨). کتێبێک مۆر دەکەن کە تەنها بەرخی خودا، واتە سیمبولی (عیسای مەسیح) شایەنی کردنەوەیەتی.

واتای مۆرەکان بەم شێوەیەن :

هەر مۆرێک کە دەکرێتەوە ڕووداوێکی کارەساتاوی دەستپێدەکات :

 مۆری یەکەم – سوارچاکێک بە ئەسپێکی سپی، زۆرجار بە سەرکەوتن لێکدەدرێتەوە (هەندێک مەسیحی تیا دەبینن، هەندێکی تر دەججال).

 مۆری دووەم – سوارچاکێک بە ئەسپێکی سوور، هێمای شەڕە.

 مۆری سێیەم – سوارچاکێک بە ئەسپێکی ڕەش، نوێنەرایەتی برسێتی دەکات.

 مۆری چوارەم – سوارچاکێک بە ئەسپێکی زەرد، بەرجەستەی مردن دەکات.

 مۆری پێنجەم – ڕۆحی شەهیدانی قوربانیی داوای دادپەروەری دەکەن.

 مۆری شەشەم – هەڵچوونە گەردوونییەکان: بوومەلەرزە، دادانی تاریکی، ئەستێرە کەوتن.

 مۆری حەوتەم – بێدەنگییەک لە ئاسمان سەروەرە کە بەدوایدا حەوت کەڕەنا حوکمەکانی یەزدان توندتر ڕادەگەیەنن.

بۆیە مۆرەکان هێمای پێشچوونن بەرەو دادگایکردنی کۆتایی و ئاشکرابوونی پلانی یەزدان. بەو واتایە ماوەیەکی پاککردنەوە و گواستنەوەی پێش کۆتایی زەمان و دامەزراندنی حوکمڕانی خودا دیاری دەکەن.

ئەپوکالیپس بەو ڕۆشنبینینە دەست پێدەکات کە خودا لە ڕێگەی فریشتەیەکەوە دەیگوازێتەوە بۆ حەزرەتی (یوحەنا) لە شێوەی کتێبێکدا. یەکەمین و سەرنجڕاکێشترین ڕۆشنبینینی ئەوەی تایبەتە بە (کوڕی مرۆڤ) واتە حەزرەتی مەسیح، لە ناوەڕاستی حەوت مۆمدانی زێڕیندایە: قژی وەک بەفر سپییە، چاوەکانی داگیرساون، دەمی بە شمشێرێکی دووفاق کون کراوە. لە ئەمەوە حەزرەتی (یوحەنا) فەرمان وەردەگرێت کە ئەوەی دەیبینێت بنووسێتەوە بۆ حەوت کڵێسای ئاسیای خواروو. لەم ڕۆشنبینینەدا ئەو کەسایەتییە گەورانەی کە دەردەکەون : خودا لەسەر تەختەکەی، کە لەلایەن بیست و چوار پیرەوە و چوار بوونەوەرە زیندووەکە دەپەرسترێت، هەورەها ئەو کتێبەی حەوت مۆرەکەی هەیە و کە تەنها (بەرخەکە) دەتوانێت بیشکێنێت. کە لێرەدا هێمایە بۆ حەزرەتی مسیح و قوربانی دانی بە جەستەی. بە کردنەوەی چوار مۆری یەکەم، چوار سوارچاک، یەک لە دوای یەک ئازاد دەکات، ئەوەی پێنجەم شەهیدەکان ئاشکرا دەکات، ئەوەی شەشەم بوومەلەرزەیەکی توندوتیژ و یەک لە دوای یەک کارەساتەکانی لێدەکەوێتەوە. کردنەوەی مۆری حەوتەم خولێکی نوێ دەستپێدەکات، ئەویش خولگەی حەوت کەڕەناکەیە.

لە ”وەحی، یان ڕۆشنبینی ٨-١١” حەوت فریشتە حەوت کەڕەنا لە خودا وەردەگرن. هەر جارێک فریشتەیەک کەڕەنایەک لێدەدات، ڕووداوێکی کارەساتبار یان ڕەمزیی ڕوودەدات، کە بانگەوازێکە بۆ حوکمەکانی یەزدان لەسەر جیهان. لێرەدا کورتەیەک لە ڕۆڵی ئەو حەوت کەڕەنایە ڕوون دەکەینەوە :

1. یەکەم کەڕەنا : تەزرە و ئاگر تێکەڵ بە خوێنە و دەکەوێتە سەر زەوی و سێیەکی دار و ڕوەکەکان دەسوتێنن.

2. دووەم کەڕەنا : کێوێکی گەورەی ئاگرین فڕێ دەدرێتە ناو دەریاوە و سێیەکی بوونەوەرە دەریاییەکان دەکوژرێت و سێیەکی کەشتیەکان لەناو دەچێت.

3. سێیەم کەڕەنا : ئەستێرەیەک بە ناوی ”ئەفسەنتین” لە ئاسمانەوە دەکەوێتە خوارەوە و سێیەکی ئاوە زوڵاڵەکان ژەهراوی دەکات.

4. چوارەم کەڕەنا : تاریکی سێیەکی ڕۆژ و شەو و ئەستێرەکان داگیر دەکات، هاوکات هەڵۆیەک پێشبینی ئەو بەدبەختییانە دەکات کە هێشتا وا دێن.

5. پێنجەم کەڕەنا (یەکەم ”نەهامەتی”) : ئەستێرەیەک کە لە ئاسمانەوە دەکەوێتە خوارەوە چاڵی بێقەرار دەکاتەوە، چی بوونەوەری دڕندە و شەیتانە ئازادیان دەکات و بۆ ماوەی پێنج مانگ ئەشکەنجەی مرۆڤ دەدەن.

6. شەشەم کەڕەنا (دووەم ”نەهامەتی”) : چوار فریشتە ئازاد دەکرێن بۆ کوشتنی سێیەکی مرۆڤایەتی لەلایەن لەشکرێکی سوارچاکانەوە.

7. حەوتەم کەڕەنا (سێیەم ”نەهامەتی”) : شانشینی هەتاهەتایی و حوکمی کۆتایی خودا ڕادەگەیەنێت، لەگەڵ دیاردەی ئاسمانیی وەک کردنەوەی پەرستگای خودا لە ئاسمان.

ئەم کەڕەنایانە هێمای دەسەڵات و زایڵەی هۆشداریی یەزدانن بۆ مرۆڤایەتی، لە هەمان کاتدا سەرکەوتنی کۆتایی خودا بەسەر خراپەدا ڕادەگەیەنن.

پوختە:

ئەپوکالیپس دەقێکی دەوڵەمەندە بە هێماسازیی، بە درێژایی سەدەکان بە شێوەی جۆراوجۆر لێکدراوەتەوە، ئەم لێکدانەوەیەش بەپێی بۆچوونە تیۆلۆژی و کولتوورییەکان شیکراوەتەوە. شوێنێکی گرنگی لە دیدگای پێغەمبەرایەتی کتێبی ڕۆشنبینیدا داگیرکردووە. مۆرەکانیش هێمای زنجیرەیەک ڕووداون کە کۆتایی زەمەن ڕادەگەیەنن، کە مرۆڤ ڕووبەرووی تەنگانە و کارەساتە، بەڵام جێبەجێکردنی پلانێکی یەزدانیشە. هەر مۆرێک قۆناغێکی حوکمدان و گۆڕینی جیهان ئاشکرا دەکات، تیشک دەخاتە سەر دووانەی نێوان لەناوچوون و هیوای ڕزگاربوون. ئەم مۆرانە بانگهێشتی بیرکردنەوەیەکی قووڵ دەکەن لەسەر سروشتی خراپە و دادپەروەری یەزدان و بەڵێنی نوێبوونەوە. ئەوەمان بیردەخەنەوە کە تەنانەت لە ناوەڕاستی مەترسیدا، بڕوا و هیوا دەتوانێت سەرهەڵدات و مرۆڤایەتی بۆ سەردەمێکی نوێ ببات کە دادپەروەریی سەروەر دەبێت.

سەرچاوەکان:

Dossier de Presse de BnF : « Apocalypse Hier et demain »

Site BnF: https://www.bnf.fr/fr

Références bibliques principales : سەرچاوەی سەرەکی ئینجیل

  • Livre de l’Apocalypse (Révélation) – Chapitres 5 à 8
  • Apocalypse 5 : La vision du livre scellé et de l’Agneau qui seul peut l’ouvrir.
  • Apocalypse 6 : L’ouverture des six premiers sceaux.
  • Apocalypse 8 : L’ouverture du septième sceau et le début des trompettes.

Livres et études théologiques : کتێب و توێژینەوەی ئاینیی

  1. Pierre Prigent – L’Apocalypse de Saint Jean (2000)
  2. Jean Delorme – L’Apocalypse : Lecture d’un livre de crise (1998)

Check Also

ئاهەنگ و ئازادی، هونەرمەند ڕۆژین حاجی حوسێن

بەیان سەلمان هونەری ئەبستراکت بەوە پێناسە دەکرێت ”بزووتنەوەیەکی جیهانییە کە بەسەر تەواوی سەدەی بیستەمدا زاڵە. …