هەینی, تشرینی یه‌كه‌م 31, 2025
frku

گرتنی چرکەکان، لە بەرهەمەکانی شەهد شێروانی

بەیان سەلمان


شەهد شێروانی خوێندکاری باڵای هونەری دیزاین و تەلارسازییە لە پاریس. لە ساڵی ٢٠٠٥ لە شاری (لوبێک) لە ئەڵمانیا لەدایکبووە، لە دایک و باوکێکی کورد، تاقانەیە و تا تەمەنی ١٦ ساڵی هەر لەوێ ژیاوە. لەو تەمەنەدا، چووەتە وڵاتی (دوبەی) لە کەنداو، لەوێ دوو ساڵ پێش ئەوەی بڕوانامەی دەرچوونی بەدەست بهێنێت بەسەر بردووە.

شەهد شێروانی لە ساڵی ٢٠٢٢ براوەی (خەڵاتی گلامۆر)ە بۆ گەنجان کە لە کەرستەی سووڕێنەری (ڕیسایکل) بەرهەمەکەی دروست کردووە، سەبارەت بە خۆی دەڵێت، ”هونەر بە هەموو جۆرەکانییەوە، هەمیشە بە قووڵی سەرنجی ڕاکێشاوم. بەڵام لە (دوبەی) بوو کە توانیم ئەم خولیایە بەدی بهێنم بە بەدەستهێنانی یەکەم ئەزموونە پراکتیکییەکانم لە هونەرە بینراوەکان، دیزاینی مۆدە و نمایشی هونەری، زۆر بە خێرایی بوونە مایەی سەرنجم، بە تایبەتی لە بواری کاری سینەما و ئەو هەڵبژاردنە هونەریانەی دەبنە پێکهاتەیەک بۆ دروستکردنی فیلمێک؛ لەوانەش جلوبەرگ، دەرهێنانی فۆتۆگرافی و سینۆگرافی. بە تامەزرۆییەوە بۆ قووڵکردنەوەی زانیارییەکانم، بەرنامەیەکی کورتم لە ناوەندی سانت مارتان بۆ دیزاین و بەرهەمهێنانی تەلەفزیۆن و فیلم پەیڕەو کرد، تا بتوانم تێگەیشتنێکی قووڵتر لە دیزاینی بینراو و گێڕانەوەی سینەمایی گەشەپێبدەم.”

شەهد ئەمڕۆ لە پاریس دامەزراوە، لە بواری دیزاینی مۆدە دەکۆڵێتەوە. پاریس بۆ ئەو دەرفەتێکە بۆ گەڕان بە دوای داهێناندا. لە هەمان کاتدا هەستی وردەکاری و ئەو پێکهاتانەی لەبەر چاون گەشە پێ دەدات تا ئەو بوارە تەواو بکات. بەڵام، خواستی شەهد تەنیا لە مۆدەدا ناوەستێت. ئامانجی فراوانکردنی بوارەکانی تریشە کە شارەزایی تێیاندا پەیدا دەکات. پتر هەوڵ دەدات بەرەو بوارە هونەرییە جیاوازەکانی تریش بچێت، بە دروستکردنی پردێک لە نێوان سینەما، دیزاین و هونەرە بینراوەکان، بە مەبەستی پەرەپێدانی رێبازێک لە نێوان زانست و داهێناندا.

نوێترین پێشانگای شەهد تیشکی خستە سەر بەسەرچوونی کات، بابەتێکە کە بە تایبەتی ئەو و ئێمە سەرسام دەکات. لە ڕێگەی بەرهەمەکانییەوە هەوڵدەدات ئەو ساتەوەختە زووتێپەڕە بگرێت، واتە گۆڕانی بەردەوامی شتەکان و ئەو شێوازەی کە کات تێگەیشتن و یادەوەرییەکان دەگۆڕێت بە شێوەی خۆی و لە دیدی گەنجێکەوە بخاتە بەرچاو. ئەو بە یاریکردن بە پێکهاتە و ڕەنگ و کۆنتراستەکان، شەفافیەت، ئەم چەمکانە دەکۆڵێتەوە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی بینراو ئەم بیرۆکەیەی تێپەڕین و نابەردەوامی دەرببڕێت. شەهد لەوبارەوە دەڵێت، ”هەندێک بەرهەم دروست دەکەم بۆ ئەوەی تەکنیکەکەی باشتر بکەم. ئەو مادەیەی کە زۆرم پێ باشترە بەکاری بەرم، نیگارکێشانی زەیتییە لەسەر کانڤاس.”

لە دەرەوەی ئەم تەوەرە، کارە هونەریەکانی شەهد لە پەرەسەندنی هەمیشەییدایە. ئەو حەزی لە بابەتگەلی جۆراوجۆرە کە خۆراک دەدات بە سرۆشەکەی و ڕێگەی پێدەدات تاقیکردنەوە لەسەر ڕێبازە جیاوازەکان بکات. هەر بەرهەمێکی نوێی کە دروستی دەکات بۆ ئەو دەرفەتێکە بۆ پاڵاوتنی تەکنیکەکەی و گەڕان بەدوای ڕێگەی دەربڕینی نوێ بۆ هەستەکانی و دیدگای خۆی بۆ جیهان.

تەوەری کاتیی، یاخود بەسەرچوون، بە سروشت، بابەتێکە کە بەرنگاریی دەکات لە تێڕوانینمان بۆ جیهان و ئەو شوێنەی وا ئێمە تێیدا جێگیرین. کاتیبوون، چەمکێکە، کە ناسکیی، ناسەقامگیری و تێپەڕینمان وەبیر دەهێنێتەوە. چەمکێکی بنەڕەتییە، لە ڕێگەی ڕووداوەکان، هەستەکان، پەیوەندییە مرۆییەکان و تەنانەت خودی سروشتەوە دەچێتە ناو ژیانی ڕۆژانەمانەوە. هەم بانگهێشتێکە بۆ تێڕامان لەسەر ئەو شتگەلانەی بەسەردەچن و نامێنن و هەم بانگەوازێکە بۆ کردەوە و هەڵوێست وەرگرتن؛ شێوازێکە بۆ ئەوەی بیرمان بخاتەوە کە هەرچی هەیە بە دەورمانەوە لە جووڵەیەکی بەردەوامدایە.

لە کارەکانی (شەهد)دا ئەم چەمکە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی بینراوەوە دەردەکەوێت. ساتێکی تایبەتن لەو ناسکییە کە دەکڕێ زوو تێکچن و بشكێن. ئەو ماددانەی بەکاریدەهێنێت بە تێپەڕبوونی کات تێکدەچن بۆ زیادکردنی ڕەهەندێکی ئەو جوڵە و گۆڕانکاریەی مەبەستیتی. بە کەمیی بەرهەمەکانی دەوڵەمەندییەکی زۆریان تێدایە، چونکە دەست دەخاتە سەر لایەنی گشتگیر، لە هەمان کاتدا ئازادییەکی گەورە لە ڕادەربڕین پێشنیار دەکات.

بێجگە لەوەی، هێمایەکی زووتێپەڕبوونی کاتیان تێیدا بەدی دەکەین. بۆ نموونە گەمەی ڕووناکی و سێبەر دەتوانن نوێنەرایەتی ئەو تێپەڕ و بە سەرچوونە بکەن، کە ساتێک بەو خێراییە کاڵ دەبێتەوە، یان بەکارهێنانی ئەو ڕەنگەنەی بە پلەی جیاواز ئیشی پێیان کردووە. شێوەی کاڵبوونەوە دەتوانێت ئەو بیرۆکەیە پێشنیار بکات کە هەرچی هەستی پێدەکەین مەحکومە بە نەمان یان گۆڕانکاری. ساتی کاتیی یان بەسەرچوون، وەک ئەزموونێک، تەنیا دیاردەیەکی دەرەکی نییە، بەڵکو هەستێکی ناوەکیشە. ئەوە ئەو ساتەوەختی خۆڕاگرییە کە تێیدا ئاگاداری نابەردەوامیی دەبین، کە هەر چرکەیەکی وەها لەلامان بەنرخ دەبێت کە ناوێرین دەستیان لێ هەڵبگرین و دەمانترسێنێت.

ئەم لایەنە پرسی یادەوەری و زیکریش دەوروژێنێت. چۆن دەتوانرێت شتە کاتیەکان و بەسەرچووەکان بگیرێنەوە؟ چۆن ئەوەی خراپ بووە چاک بکرێتەوە یان هیچ نەبێت بگۆڕدرێن بۆ شتێکی بەردەوامتر؟

هونەر لە ڕێگەی فۆرمە زۆرەکانییەوە، زۆرجار هەوڵدەدات وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە، بە گرتنی چرکەیەکی دیاریکراو یان هەستێکی زوو تێپەڕ. لەمدا هونەر دەبێتە هەوڵێک بۆ درێژکردنەوەی خوڵەک و چرکەکانی ئەو ساتە دیاری کراوە، تەنانەت ئەگەر لە ڕادەی ئاسایی کورتر بێت، بۆ ئەوەی بەرجەستەی بکات، بۆ چاککردنی ئەو ئاستە بینراوەی کە سنووری کات تێدەپەڕێتنێت.

لە کۆمەڵگایەکدا کە پێدەچێت هەموو شتێک لە جوڵەیەکی خێراتردا بێت، هەر وەک خێرایی زانیاری و ئاڵوگۆڕەکان، هەر چرکەیەک کە نزیکە لە بەسەرچوون پێویستە بگیرێت. ئەمانە دەبنە ڕەنگدانەوەی ژیانی خۆمان و پەیوەندیەکانمان بە کاتەوە. ئەم هۆشیارییە دەتوانێت هەم سەرچاوەی خەمۆکی و هەم سەرچاوەی ئارامی بێت. مەبەست لەمە ئەوەیە، ئەگەر هەرچی هەیە لە داهاتوودا بچێتە ناو خانەی تێپەڕبوو و بەسەرچوو، ئەوا لە ئەنجامدا بیرۆکەی ”کاتیی” بانگهێشتکردنێکە بۆ ئەوەی بە تەواوی لە ساتەوەختی ئێستادا بژیت، تا تامی هەر ئەزموونێک بکەیت، بە خۆشیی و ناخۆشییەوە و زۆر بە توندی خۆمانی پێیەوە گرێ نەدەین. بە کورتیی، چونکە ڕاگوزەرە.

لە ڕێگەی کاتییەوە، کارەکانی شەهد بەدوای دوو بۆچوون دەگەڕێن: جوانبینیی ناسکیی ئەو شتانەی کە تێدەپەڕن، هاوکات، هەر لەم پەیوەندییەدا، بەرهەمێک دابهێنێت کە لەبیرنەچێتەوە.

لە کۆتاییدا، ڕەنگە بیرۆکەی کاتیی فێرمان بکات کە شتێک نییە بە ناوی ماوەیەکی نموونەیی (ئایدیاڵ)، بەڵام جوانی لەو گرژیەدا دەبیندرێت کە لە نێوان ئامادەبوون و نائامادەبوونیدایە. لە تەک چۆنێتی هەڵدەبژاردنمان بە هەستکردن بە هەر ساتێک وەک چرکەیەکی تەواو ناوازە و بەنرخ.

Award Winner, Glamour Award:

Check Also

گفتوگۆی نێوان مرۆڤ و ژیری دەستکرد

د. نەوزاد جەمال پ: پێناسەی فەیلەسوفی دەستکرد چییە؟ و: باشترین پێناسە، بەندە بەوەی وەسفی چیدەکەین: …