د. نەوزاد جەمال
*****
فەیلەسوفی روسی-ئینگلیزی ‘ئایزیا بەرلین[1] لە وتارێکی((1953 شێوازی بیرکردنەوەی ‘ژیژکئاسا’ و ‘رێویئاسا’ لای فەیلەسوف و نووسەرەکان پۆلێندەکات. میتافۆر/خوازەی بیرکردنەوەی ‘ژیشک’ و ‘رێوی’ لە شیعرێکی دێرینی یۆنانی ‘ئەرشیلۆکوس’ وەرگرتووە.

ئەگەرچی، ‘بەرلین’ ئەو خوازەیەی تەنها وەک گەمەیەکی زمانەوانی خستووەتەڕوو، بەڵام دواتر بەجیدی باسی لێکراوە[2]. بیرۆکەکەی ‘بەرلین’ بەسادەیی بریتییە لە پۆلێنکردنی بیرمەند و نووسەرەکان بەسەر دوو دەستەدا:ژیشکەیی بیرکردنەوە و نووسین. واتە کەسێ کە جیهان لە چاویلکەی یەک بیردۆز و پێناسەوە دەبینێ و لێکدەداتەوە. ئەفلاتون و لوکرێتیۆس، دانتێ، پاسکال، هیگڵ، دۆستۆیڤسکی، نیچە، ئیبسن، پرۆست بە پلەی جیاواز هەموویان ژیژکیین[3].
بەڵام، رێویی لەبەرئەوەی بیرکردنەوەی ئاسۆییە، بیری فراوانە. بەهۆی ئەوەی لە سۆنگەی ئەزموونگەلێکی جیاوازە سەیری جیهان و رووداوەکان دەکات. جیهان لەیەک بۆتە یان بە یەک چاویلکە سەیرناکات. هێرۆدۆت، فەیلەسوفی یۆنانی ئەرستۆ، مۆنتێین، ئیراسموس، شکسپیر، مۆلیێر، گۆتێ، پوشکین، بالزاک، جۆیس ڕێویهزرن، نموونەی ئەم شێوازە بیرکردنەوەن.
کەواتە، خەسڵەتی ریۆی فرەزانە، بەڵام ژیژک تەنها یەک شتی گەورە ئەزانێت و لە هاوینە-لێنز-ی یەک سەیری جیهان و رووداوەکان دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا ئەکرێ ریۆیی فێڵباز و زۆرزان بەرامبەر بە ژیژک بدۆڕێت.
جیاوازیەکی گەورە لە نێوان ئەوانەی کە هەموو بابەتێک بە یەک دیدی “ناوەندیی”ەوە دەبەستنەوە و کەم تا زۆر بە”یەک سیستەم”ی یەکگرتوو لە جیهان و بابەتەکانی تێدەگەن. بەدەربڕینێکی تر، یەک بنەمای گشتگیریان لەبەرچاوە کە لێوەی هەموو دیاردەکانی پێ بخوێننەوە.

بەڵام، بیرکردنەوەکەی تر بەدوای چەندین ئامانج کە رەنگە دژبەیەک و پێکەوە ناپەیوەستدا دەگەڕێن. هۆکارەکەش پاڵنەری دەروونی یان فیزیۆلۆجییە. لەوانەیە ئەم جۆرەیان هیچ بنەمایەکی ئاکاریی و جوانناسییان نەبێت.
لەبەئەوەی سەرقاڵی بابەتی جیاوازن، مێشکیان پەرشوبڵاوە و لە یەک پنتدا ئۆقرەناگرێت و تەنانەت ناشتوانن بیرکردنەوەکان پێکەوە گرێبدەنەوە. بۆیە خەسڵەتی ئەم بیرکردنەوەیە پەرتبوون و شپرزەییە.
بێگومان، هەر ‘بەرلین’ خۆی دان بەوەشدا دەنێت کە رەنگە ئەم پۆلێنکردنە سادە و رواڵەتییانەبێت. چونکە، هەموو دابەشکردنیکی دووانەکی-دایتۆمی- ئەگەر فشاری بخرێتەسەر، دەبێتە شتێکی دەستکرد و فێرگەئاسا و تەنانەت بهێودەش. بەڵام، لەبەرئەوەی، ئامانجی سەرەکی ئەو بریتییە لە شرۆڤەکردنی بیروهزری ‘تۆلیستۆ’ی رۆماننوسی روس[4] ئەو تاوتوێیە دەکات.
کرۆکێکی تری لێکدانەوەکەی بەرلین جیاوازیکردنە لەنێوان دیدێکی فرەڕەنگ-پلۆرالیست- بۆ جیهان، لەگەڵ یەک رەهەندییانە بیرکردنەوە لەبارەی بەهاکان و سیاسەتەوەیە.
هەڵبەت، لە جیهانی ئەمڕۆی میدیا و تۆڕەکاندا، ئەم دوو مۆدێلەی بیرکردنەوە بەرچاودەکەون. بیرکردنەوەی پسپۆڕ و شارەزاکان ئەو جۆرەیە کە بەئاسانی دەکەونە تەڵەی سنوورداری مەودای توێژینەوەکانیانەوە و بەپاساویی پسۆڕی ورد، وێنەگەورەکە بزردەکەن.
هاوکات، رۆژنامەنووس، میدیاکار یان ناپسۆڕەکان کە لە زۆر بوار و بابەت دەدوێن، باز بەسەر ووردەکاریی و جیاوزییەبنەڕەتییەکاندا دەدەن، دواجار بە هەندێ سەرنج و بۆچوونی سەرپێی بابەتەکە گەڵاڵە دەکەن. بەمەش، وردەکاری بنەڕەتی بابەتەکە لە دەستدەچێ کاتێ تەنها وێنە گەوەرەکە زەق دەکرێتەوە.
بەرای پێشەکی نووسی کتێبەکە، فەیلەسوفی سەردەم ‘میخایل ئیگناتیف’؛ هەرگیز ژیژکەکەی ‘بەرلین’ توانای سازانی لەگەڵ جیهانی دەوروبەرییدا نییە. چونکە، ئامانجی زانین لای ئەو یەک شتی گەورەیە تەنها کە بە هۆیەوە لەبەرامبەر واقیع سازش ناکات و دڵخۆش نییە. بەردەوام لە دیدی خۆیدا، فۆرمێک بە واقیع دەدات وەکیتر توانای هزرئۆقرەیی-فۆکسخستنەسەر- لەسەر بابەتێک هەیە. بەڵام؛ رێوییەکە پتر بەلایەوە گرنگە چی بزانێ و چی دڵخۆشی دەکات و بەردەوام لە سۆراخی ئەوەشدایە.
هەڵبەت، جیاواز لەم پۆلێنکردنە ‘جۆهن بۆوڵ’ کە نووسەرێکی ترە، بیرکردنەوە بەسەر ‘کوندەپەپوو(پێشتر هیگڵ فەیلەسوفی پێچواندووە) و ‘پشیلە’دا پۆلێندەکات: کوندەپەپوو، دانا، نەبینراو و نادیارە، بەڵام پشیلە بەردەوام لە دەوروپشتدایە، خۆیمان تێهەڵدەسوێ و خەریکی مڵومۆشە.
سەرەڕای سادەیی ئەو پۆلێنکردنەی شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤ، تێدەگەین کە ناکرێ رەهایانە سەیری بیرکردنەوەکان بکەین و فرەیی لە شێوازی بیرکردنەوەدا وەک راستییەک پەسەندبکەین.
[1] Isaiah Berlin 1909-1997.
[2] Jahanbegloo, Ramin (1992). Conversations with Isaiah Berlin. Halban Publishers. p. 188. ISBN 1870015487. OCLC 26358922
[3] THE HEDGEHOG AND THE FOX: An Essay on Tolstoy’s View of History • Isaiah Berlin Princeton University Press Princeton University Press 2013
[4] THE HEDGEHOG AND THE FOX: An Essay on Tolstoy’s View of History • Isaiah Berlin Princeton University Press Princeton University Press 2013
Images: https://pixabay.com/fr/
- BiancaVanDijk
- Alexas_Fotos
- moshehar

د. نەوزاد جەمال
دکتۆرا لە فەلسەفەی رەخنەگەرایی کانت


 transcultures ترانسكولتوور
transcultures ترانسكولتوور
				 
						
					 
						
					 
						
					